ڕاگەیاندنی سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بە بۆنەی: ماڵاوایی لە ژیان کردنی پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە هاوڕێ محەممەد باب ناسراو بە " لالە حەمە "




بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە رایدەگەێنین،  پاش ماوەیەک بەرەنگاری سەخت لەگەڵ نەخۆشین ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی گەلاوێژی ساڵی  ١٤٠١ی هەتاوی دڵی ڕوخساری ناسراویی ناوچەی مەریوان، تێکۆشەری دێرینی نێو بزووتنەوەی کوردستان و پیشمەرگەی دێرینی نێو ریزەکانی کۆمەڵە هاوڕێ محەممەد باب ناسراو بە "لالە حەمە" بۆ هەتا هەتایە لە لێدان کەوت و کۆڕی هاوڕێیان و بنەماڵەی گەورەی کۆمەڵەی خەمبار کرد.
ماڵی لالە حەمە و دایە ئامین مەنزڵی ئارامی و دڵگەرمی پیشمەرگە بوو، شەهید بوونی هاوڕێ ڕەحیم باب ڕۆڵەی خۆشەویستی لالە حەمە و دایە ئامین کە لە دەیەی شەستی هەتاویی لە پاش ئەشکەنجە و ئازاری زۆر لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی ئازیزی بەخت کرد، ببوە هۆکاری سەرەکی ئەوەی کە ماڵی ئەوان ببێتە کانگای مێهر و پاڵپشتی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە.
سیمای ڕاستەقینەی بنەماڵەیەکی پێشمەرگە و خەباتکار کە گیان و سامانیان بۆ خزمەت بە کۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد تەرخان کردبوو و لە هیچ تێکۆشان و گیانبازییەک سڵیان نەکرد. لالە حەمە کەسایەتیەکی ناسراو و خۆشەویست و تێکۆشەرێکی بە ئەمەگی کۆمەڵە و بەتایبەت ناوچەی مەریوان بوو کە هەر لە سەرەتاکانی ئاشکرابوونی خەباتی عەلەنی کۆمەڵە پاڵپشت و یاری وەفاداری کۆمەڵە بوو.
بە ناویی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە و سەرجەم پێشمەرگە و ئەندامانی کۆمەڵە سەرەخۆشی و هاوخەمی قوڵی خۆمان بۆ بنەماڵەی تێکۆشەری باب و بەتایبەت هاوڕێیانمان لە ریزەکانی کۆمەڵە  رەحمان و شوان باب و سەرجەم بنەماڵە و کەسووکاریان و خەڵکی کوردستان دەردەبڕین و خۆمان بە شەریکی خەمی گەورەی بنەماڵەی تێکۆشەر و ئازیزی باب دەزانین.
یادی ئازیز بەرز و رێگای پڕ رێبوار بێت.

سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٢٤/٠٥/١٤٠١
١٥/٠٨/٢٠٢٢








PM:05:35:15/08/2022




ئه‌م بابه‌ته 402 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌