راگەیاندنی کۆمەڵە بە بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیان کردنی خاڵۆ میرزا حسێن پەناھی




بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمڕۆ ھەواڵی ماڵئاوایی لە ژیان کردنی کاک میرزا محەممەد حسێن پەناهی ناسراو بە "خاڵۆ مێرزا" باوکی ھاوڕێیانی گیانبەختکردوو ئەشرەف و ڕامین حسێن پەناھی و ھاوڕێیانی پێشمەرگە و  تێکۆشەرمان لە ڕیزەکانی کۆمەڵە  ڕەفێق و ئەمجەد حسێن پەناھیمان پێ گەیشت. خاڵۆ میرزا لەکاتێکدا بە جێمانیھێشت کە چەند ڕۆژ لەمەو پێش سێھەمین ساڵیادی لە سێدارەدانی هاوڕێی گیانبەختکردوو ڕامینی کوڕی بەرز و بەرێز ڕاگرت. 

خاڵۆ میرزا کەسایەتیەکی خۆشەوێست و جێگای متمانەی خەڵکی ناوچەی بان لەیلاخ و قوروچیا بوو و وەک زۆربەی باوکانی شۆڕش ئەویش لەو باوکە تێکۆشەرانە بوو کە ساڵەھایە خەمی گیان لە دەستدان و زیندانی و دووری لە منداڵەکانی لەسەر دڵ مابۆەوە و ئازیزترین رۆڵەکانی پێشکەش بە بزووتنەوەی رەوا و شۆڕشگێڕانەی کوردستان کرد. سەرەڕای ئەوەی کە  بە بەردەوامی گۆشاری ھێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر خۆی و بنەماڵەی بوو بەڵام ھیچ کات چۆکی دانەدا و شێلگیرانەتر لە جاران لە خزمەت بە ئەنجام گەیاندنی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد بوو. 
بە داخەوە ئەم پیاوە تێکۆشەرە، مەرگ مەودای نەدا کە لە بەرە بەیانی ئازدیدا وێرای کوڕەکانی لە پێشمەرگایەتی یاد و ناوی شەھیدان ئەشرەف و ڕامین بەرز رابگرن و ئەمڕۆ چووارشەممە لە تەمەنی 82 ساڵیدا لە نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە  دڵە گەورە و مێهرەبانەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت و بەجێمانی هێشت.

کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی ھاوڕێیانمان ڕەفێق و ئەمجەد و سەرجەم بنەماڵەی حسێن پەناھی و ئاوایی قرۆچیا و ناوچەی بان لەیلاخ ئەکات و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان ئەزانین. 

یادی ئازیزی کاک میرزا محەممەد حسێن پەناهی ناسراو بە "خاڵۆ مێرزا" بەرزو بەڕێز بێ.

سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
15/08/2021

PM:08:21:15/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 589 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌