بە قوبادی جەلیزادە بڵێن: ڕوونیی مەترسیدارە!


د. ڕێبوار سیوەیلی

1. من ئەگەر ڕەخنەگری شیعر بوومایە، نامەیەكم بۆ قوبادی جەلیزادە دەنووسی و تیایدا پێمدەگووت: ئەوەندە نەنووسێت!، پاشان وردتر بۆم ڕووندەكردەوە، كە: ئەوەندە ڕوون نەنووسێت.. ڕوونیی مەترسیدارە. نەك لەبەر ئەوەی هەمووكەس ناتوانێت ڕوون بنووسیت، بەڵكو لەبەر ئەوەی ڕوونیی ڕای گشتیی دروستدەكات و پەردە لەسەر سەرپۆش و ماسكی ئەوانیتر، كە بەبێ ماسك ناتوانن بدوێن، هەڵدەماڵێت.

2. پێمدەگوت: قوباد گیان، ڕووننووسین و بەدەنگێهنانی هەموو شتێك لە شیعردا، مەترسیی دروستدەكات، زمانبەخشین بە كەر و كۆتر و پەپوولە، وەكئەوەی بەشێكن لە بوون، جیهان وەك فرەیی و هەمەڕەنگییەك دەخاتە ڕوو، كە ئەوانە تووڕە و جاڕس دەكات، هەردەم دەیانەوێت جیهان یەك ڕەنگی هەبێت و ژیانیش هەر ئەوە بێت كە خۆیان بەهەشت و دۆزەخیان بۆ وێناكردووە. پیشمدەگووت: ئازیزم، ڕوونیی لە نووسیندا دەرگاكردنەوەیە لەسەر ژیان و گێڕانەوەی بەهایە بۆ مرۆڤ وەكئەوەی مافی تێگەیشتنی هەیە، نەك تەنیا گوێگرتن و ملكەچبوون. تۆ كە ڕووندەنووسیت خزمەت بە ڕۆشنگەریی و لە دژی جەهل و تاریكی دەئاخڤێی.. تۆ بە ڕووننووسی، لە دژی تەڵقین و كاسبوون دەنووسیت و گوێ و چاوی گشت لە ئاست ژیاندا دەكەیتەوە. تۆ ژەهرێك بە ئاراستەی خۆشویستنی جیهاندا دەڕێژیت، كە تامی چووكلێت و بۆنی ڕیحانەی لێدێت. ڕووننووسین خەباتێكی ڕزگاریبەخشانەیە بۆ ئاراستەكردنەوەی نووسین لە پەیوەندیی بە دنیاو كردنەوەی گرێ كوێرەكانی، نەك ڕیزكردنی وشە.

 3. ئەوانەی ڕوون دەنووسن، دەتوانن پێمان بڵێن كە جیهان و دەوروبەر و شتەكان ئەوەندەش ترسناك و مەترسیدار نین، كە نەوێرین لێیان نزیكبینەوە. شیعر هەمیشە ئەو بوێرییەمان دەداتێ كە نەك هەر باسی هەموو شتێك بكەین، بەڵكو هەموو شتێكیش بكەینە هونەر و كۆی ئەو دەمامكانەی لێداماڵین، كە لەڕێگەیانەوە تاریكی و تەم دەكرێنە ئامرازێك بۆ ئەوەی بەهۆیانەوە، مرۆڤ دوور بخرێتەوە لە تێگەیشتن. ڕوونیی تێگەیشتن وەدەست دێنێ وتەمڕەوێن و ئاشكراكەرە. 

4. دەمگوت قوباد، تۆ مەترسییت لەسەر ئەوانەی نایانەوێت ژیان وەكخۆی ببینرێت و جوانیی ئومێد دروستبكات. تۆ دەچیتە نێو ئاژەڵ و باڵندەكانەوە و پێماندەڵێی بۆچی پشیلە كلكی پەڕیی و سەگ لاقی شكا و كەر چاوی كوێر بوو؟! تۆ چیتداوە لە كوێربوونەوەی كانی و ڕووتبوونەی درەخت و شكانی هێلكەكانی مریشك.. ئاخر كەی ئەمانە بابەتی ئاوڕدانەوە و لالێكردنەوەن لە شیعردا.. تۆ خەریكی شیعر لەگەڵ جەوهەری خۆی، ئاشتدەكەیتەوە و دێوی جەنگ و شەڕانییەت دەسڵەمێنیتەوە. 

5. تۆ ترسناكیت، چونكە ئەوەی لە شیعری ئێمەدا بە سووك و هیچ تەماشا دەكرێت تۆ دەیخەیتەوە ناو شیعر و بەمەش پەیوەندیی شیعر بە میراتی خۆی و زمانی ئێمەوە، دروستدەكەیتەوە، شتێك كە ساڵەهایە لێی دابڕاوین و شیعری ئێمە ئەوەندە زەینیی و میكانیكی و خۆپەرست بۆتەوە، كە هیچ پەیوەندییەكی بە سرووشت و ژیان و دەوروبەرەوە نەماوە.. زمانی ئێمە لێوڕێژە لە شیعرێك، كە ڕەنگدانەوەی سەردەمەكەی لەسەرە و ڕەگاژووخوازانە و تاكڕەهەندانە دەڕوانێتە جیهان. بێگومان كاتێك فەندەمەنتاڵیزم دەبێتە ڕوانگەی باو، شیعریش فەندەمەنتاڵیستیانە دەبێتەوە. تۆ دێیت لە شیعردا ئەم ڕوانگەیە تێكدەشكێنیت و شیعر دەكەیتەوە دەریچەی ڕزگاری و پەیوەندیكردنەوە بە ژیان و جیهانەوە.. تۆ مەترسیداریت، چونكە لە جیاتی ئەوەی بە مرۆڤایەتیدا هەڵبڵێی و شكۆی ئەو لە سەركەوتنەكانیدا بەرجەستە بكەیت، دێیت و باخچەیەكی ئاژەڵان دروستدەكەیت و لە ڕوانگەی ئەوانەوە باس لە دۆڕانەكانی مرۆڤ لەم جیهانەدا دەکەیت. بە زمانهێنانی ئەو بوونەوەرانەی هەمیشە وەك خاشاك و پەراوێزی شەڕ ویناكراون، سەندنەوەی هەر سەنتەریزمێكە لە مرۆڤ و دروستكردنی سەنتەرێكی دیكەیە كە تیایدا ئاژەڵ و فڕەندەكان دێنە گۆ. تۆ لە جیاتی ئەوەی جیهان وەك جێیەك بۆ بەرزكردنەوەی شكۆی مرۆڤ بخەیتە ڕوو، دێیت و شكۆ لە مرۆڤ دادەماڵیت و دەستەكەوتە شارستانییەتەكەی، كە ئامێری جەنگە، لە ڕوانگەی پەڕەسێلكەوە هەڵدەسەنگێنیت..

6. ئەمە شیعرە، بەڵام شیعرێكی مەترسیدار. بەڵام ئەمە چارەنووسی شیعریشە، وەكچۆن بەدرێژایی مێژوو جیهانژینی بە مرۆڤانەكردووە، ئێستا دەبێت ئاژەڵانەی بكاتەوە.. ئەمە ئەو پنتە بوو كە (نالی)یش هەنگاوی گەورەی لێوە هەڵهێنا، كاتێك ویستی مرۆڤ بە ئاژەڵ بكاتەوە و بیری بخاتەوە لەگەڵ كەر یەك جەوهەری هەیە و تەنیا لە شێوەدا جیاوازن.

7. ڕوونیی دەمانباتەوە سەر ئەسڵی شیعر و دانسقەیی جیهان و پەیوەندیی نێوانیان.. ڕوونیی ڕوانگە دەگۆڕێت، لە جیهانێكدا كە ئیتر ڕوانگەگۆڕین قەبووڵ ناكات.. بۆیە ڕوونیی دووژمنت بۆ دروستدەكات.. 


 حاجی لەقلەقل

شیعری: قوبادی جەلیزادە

----

شەڕ ،

دەستی لە ئێمەش نەپاراست›

ئەمن ، کلکم پەڕی- پشیلە

ئەمن ، لاقێکم شکا - سەگ

ئەمن ، چاوێکم کوێر بوو – کەر


شەڕ

بەزەیی بە ئێمەشدا نەهاتەوە؛

من، کوێربوومەوە - کانی

من، گەڵاو لقم گڕی گرت - درەخت

من، بە زرمەی بۆمب، هەردوو

گوێم کەڕبوو – پەپوولە


شەڕ،

زگی بە ئیمەش نەسووتا ؛

ئەز، ژێیەکانی قورگم وەرین - قومری

ئەز ، هێلانەکەم تێک درا - پەڕەسێلکە

ئەز لە کولانەکەمدا ، هێلکەکانم شکان – مریشک


دڵی بۆ ئێمەش نەتلیسایەوە ؛

شەڕ.



PM:10:53:15/02/2020




ئه‌م بابه‌ته 2634 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌