دیمەن سوهرابی
پرچم ناهۆنمه‌وه
بڕیارە ببێته ڕووبارێک له خوین،
من هه‌زار ساڵه له پاپووڕی ته‌وسه‌نی دونیا که‌وتووم
بۆنی په‌نجه‌ره و خاکی وڵاتیش ده‌مێکه به سه‌رمدا نه‌هاتووە،
ده‌مێکه به‌سه‌رمدا نه‌هاتووه پێبکه‌نم
یا له ناو جاده‌کاندا بحیلکینم،
من سه‌دان ئه‌سپی سه‌رکه‌شی کوردستانم له چاومدا هه‌ڵگرتوه بۆ کاتی خۆی،
دونیا هه‌روا نامێنێ
ئه‌ویش به سه‌ریدا دیت
رێک چۆن دیکتاتۆڕه‌کان به سه‌ریاندا دێت
پێبکه‌نه
لاشه‌ی له‌تکراوی دیکتاتۆڕه‌کان هه‌رگیز له شوێنێک نانێژرین
ئه‌مه خه‌یاڵی کچه نۆ ساڵه تازه بوکه‌که‌یه
بڕیارە له‌شی ببێته قه‌ڵغانێک له شه‌هوه‌ت،
ئه‌و ده‌ستی بوکه‌ڵه‌که‌ی ده‌گوشێت و له کۆڵانی سه‌لاخخانه سه‌رخۆش
ده‌بێته سێڵاو.
دونیا هەروا نامێنێت
پڕچم ده‌بڕمه‌وه
بڕیارە سبه‌ی بدرێم له دار
من سه‌دان باڵنده‌ی ئەوینداری وڵاتم
له قورگ دا حه‌شار داوه
سه‌رده‌می ئێمه‌ش ده‌گات
له‌گه‌ڵ په‌ره‌سێلکه‌کان بگه‌ڕێینه‌وه
باوش به مافی خاک دا بکه‌ین و
گۆرانیەکی کۆن بۆ سەربەستی بچڕین.
من سەدان درەختی سەرسەوزی کوردستان لە سەرمدا دەشەکێتەوە
پێبکه‌نه
دیکتاتۆڕه‌کان له به‌هه‌شتیش چه‌قه‌ره ناکه‌ن
ئه‌مه ئاواتی کچه دزراوه‌که‌ی شه‌نگاڵ بوو
له پرێسکه‌ی خاڵی کۆچدا بۆی هه‌ڵڕشتم،
ئەو پێش گوڵداەکانی بەر پەنجەرە سەوز بوو.
من سه‌دان کێو و شاخی وڵاتم به کۆڵمه‌وه هه‌ڵگرتووه
پێ ده‌که‌نم
ڕۆژ له شاخاویه‌کاندا هه‌ڵدێت.