خەرمانەی خەبات و ئاخێزی ئەمجارەت ڕۆژهەڵات

ئەردەڵان فەرەجی


کوردستان سەنگەری پۆڵایین و هەمیشە ئاوەدانی خەبات بۆ ئازادی ئەم ڕۆژانە شانۆیەکی دیکەی خولقاند. شانۆی پێشەنگی و بوێری و مافخوازی. گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە نەریتی هەوێنی پێشکەوتنخوازانەی خۆی، جەماوەری و بوێر دژی داگیرکەری چل ساڵەی خۆی وەستایەوە. سڵی نەکردەوە لە باتووم و تۆپ و گوللە و قەمچی و هەڕەشە

شەقامی خرۆشاند و دەنگی ئاپۆرەی جەماوەری وەزاڵە هاتووی خەڵکی ئێرانی لە گەرووی کوردستانەوە بە گوێی جیهاندا دا. هەر لە بۆکانی بووکی شارانەوە تا سنەی سوور تا مەریوانی داهێنەر، تا جوانڕۆی جوان شیرین، تا ورمێی دەلال تا سەقزی سەربەرز و کرماشانی کوردانەم هەر هەموو یەک دەنگ هاواری وەستانەوەی دژی زۆرداری و بەشمەینەتییان وتەوە.

کوردستان جارێکی دیکە ئاسۆی دواڕۆژێکی گەش و ڕوونی  نەخشاندەوە بۆ مرۆڤی ئەم دەڤەرە، لەم قڕووپەپەی جیهان، لەم بێ دەنگی و ژاوەژاوی ڕۆژاواو و ڕۆژهەڵاتەی مۆسکۆ و واشینتۆن و بروکسێل و بێرلین، تارانیش هاتە شانی، دەنگی دلێری هەڵبڕییەوە، دەنگی وەستانەوە بەرامبەر بە زۆرداری و ئەمجارە ١٠٠ دەستەخوشکی ئێرانی بە کۆرس بۆیان ساندەوە

چل ساڵە بە تاق هاوارت کرد، دەنگت نووسا، بەڵام بڕستت نەبڕا، هەستانەوە سروشتی تۆیە کوردستان، ژیلەمۆی تۆ، سکلی سووری هەستانەوە و بووژانەوەی کوردستان، ئاخێزی ئەمجارەت پیرۆز کوردستان.

خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و خەڵکی ئێران، ئەمجارە پاش چل ساڵ خۆیان لە کۆڵان و شەقام و سەرجادەکان بینییەوە، یەکتریان دۆزییەوە.

دەسەڵاتی تاران دامامکی فڕێ دا و ڕووت و قووت خۆی نواند، دزێو و درۆزن، نگریس و شووم، بکوژ و چاوسوور. ئەو دەسەڵاتەی ئاگر و ئاسن وڵامیەتی بە دادخوازی جەماوەر شەقی تێکەوتووە، ئیستمرارتەڵەب و ئیسلاحتەڵەب ساغ دەبنەوە، هەندێکیان پاڵیان وەدەوڵەت و دەسەڵاتەوە داوە و ڕیسوا بوون و یان گەڕانەوە بۆ باوەشی گەل. ئیتر بۆ پوتینیش زەحمەتە ڤێتۆی سەر ئیسلامیستەکانی دەسەڵاتدار لە تاران بکات.

قەیرانە چارهەڵنەگرانە ئاڵۆز و لە هەژمار نەهاتووەکان و بەم ئاخێزە نوێیەوە پشتی چەماوەی دەسەڵاتی ناکارامە، نەزان و گەندەڵی ئیسلامی ئەوندەی تر چەماندەوە. دەسەڵات و دەوڵەتی مەفلووک ساڵانێک دەستی بردۆتە سفرە و دڵ و جەرگی خەڵکەوە، ئەمجارە تەماحی لە گیرفانی بەتاڵی خەڵکی هەژار کرد، ڕوونە ئەم کەمتیارە هارە برسییە زۆری نەماوە. دوور نییە ئەو ڕۆژەی لە بەردەم دادگەی داد خوازی جەماوەر چۆک دا بدا، بۆ هەمیشە بارگە و بنەی بەری و بڕوا و ڕزگاریان بێت ئەو گەلەی شایستەی باشترینەکانە

مێژووت کوردستان، مامۆستایە و دەرس و وانەت وەرگرە، ڕۆڵەی ژیر و وریا، خوێن گەرم و ئازا، هەوێنن بۆ سەرکەوتن، ئاسۆ ڕوونە ڕۆژهەڵات

دەنگ هەڵبڕە، قیبلەم، دەنگ هەڵبڕە ڕۆژهەڵات،

 سەرهەڵبڕە کوردستان

 ئازادی و ئازایەتی هەر لە خۆت جوانە ڕۆژهەڵات


ئاخێزی ئەمجارەت، نموونەی گشت شارانی ئێرانی

بۆت دەڵێمەوە ڕۆژهەڵات ئەو بەرزە شێعرەی هیرانی؛

قەلبی من گەر چەشنی لالە بێت و نەوتی تێ بکەن،

ئاگری دوژمن بێتە گیانم وەک چرامم پێ بکەن،

شەق شەقی کەن گۆشت و ئێسقان، یەک بە یەک خوێی تێبکەن،

بێ ترس دێمە مەیدان و حوکمی ئازادیم دەوێ،

گەر نەسووتێم و نەخنکێم، چۆن هەژارم سەرکەوێ؟ 

دەچمە ناو جەرگی هەژاران و شان بە شانی وەک براو

ڕۆح و لاشەم ئێش دەکات بۆ میلەتێکی حەق خوراو 

ببمە خاک و خۆڵەمێش تا با هەژارم پێبگا

با بسووتێم بەڵکە گەنج و لاوەکانم تێبگا

بێتە مەیدان و خوێن برێژی تا حەقی خۆی پێ بگا

تا بزانە غەرقی خوێنە کێ حەقی وی خواردووە،

 دەرکەوێ دوژمن تا زووە



 



PM:11:15:01/12/2019




ئه‌م بابه‌ته 2421 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌