موختار ئەحمەدی
کە خۆر هەڵدێ بۆ توانەی وەرزی سەهۆڵستانی تاریکی،
هەمو تیشکەکان دەبنە خەنجەرو لەگەڕوی قەڵغانی مانەوەی ستەمدا دەچەقێ.
ئەوکاتەی کە کە ستەم دەبێتە ڕەشەباو ، مەچەکەکان کەلەپچە دەکرێتە ملیان ئەوکاتەی سفرەی بەتاڵی ماڵە هەژارێک دەبێتە تەوژم و ورەی هەستانەوە بەفری ستەم چۆڕچۆڕ دەبێتە قەترە ئاوێک و گەرمای خۆری تۆڵە لەدایک دەبێ و چرۆی ئازادی تان و پۆی وڵات دادەگرێ.
ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی نیشتیمان
لە ئیلامی دێرین دروشمی نا بۆ دیکتاتۆری وتەوەو
لەکرماشانی کانگای خۆشەویستی و سەنگەری بەرگری لەبوونی نیشتیمانێکی ڕەنگین دەکات.
فەرهاد و شیرینەکان ئەمجارە لاوک و حەیرانی خۆشەویستی بۆ ئازادی ئەڵێنەوە.
نیشتیمان هەنگاوهەنگاو بەرەو پێش دێت و جوانڕۆو قەڵاکەی خۆڕاگری خۆی بەخوێنی لاوانی ئەستوورتر و ورە پۆڵا بەگژ دوژمندا چوەوە.
خوێن و ئازادی لێرەدا نرخیان بووە بەلفەو دوانەی لەدایک بوونی خەونە ڕەنگین و خۆشەکانی دەڤەری ئازایەتی ئەم سەردەمەو هەستانەوە دەکاتە دروشمی مانەوەی نەتەوەیەک.
سنە وەک نەورۆزەکەی خوێناوی
بێ باک لە هاتوهاواری فڕۆکەو لوورەلووری پڕ لەترسی گورگەکانی شەقامی تاریکی نا بۆ تاریکی و لەبەیک بەئازادی دەڵێتەوە.
لێرەدا هێشتا دەنگی سدیقی کمانگەرو، زمانە ئاگرینەکەی لەگەڕوی لاوانی ئەم شارە پیاسە دەکات و بەدوژمنان دەڵێت هێشتا رۆح و جەستەی ئەو بیرەی لە قوتابخانەی قەتارچیانەوە چرۆی کرد هەرماوەو بەرەو لووتکەی سەرکەوتن دەڕوات.
هێشتا رۆحی پێشمەرگایەتی کچان و کوڕانی هاوشێوەی سووسەن و عەزیمەو خالێدی باباحاجیان و شۆکێی خەیرابادی جوانترین سەمفۆنیای شەقام و کۆڵانەکانی پڕ لەخۆشەویستی سنەن.
لەمەریوانی دایکی سوورەئاڵا
ئاخێزو هەستانەوەی شارێک لە دژی تاریکی
ساڵانێکە بووەتە خوێنی دەمارەکانی شۆڕشێک و
جەستەی نیشتیمانێکی ئازار لێدراوی
بەزیندوویی هێشتووەتەوە.
کاتێک دەنگی کپ دەکرێ قەڵەمەکەی حسەین ی پیرخزری دێتەگۆو لەگەڵ هەژارانی سەرشەقام لەگەڵ سفرەی بەتاڵیان دادەنیشێو دەرسی بوێریان فێر دەکات.
ئەوکاتانەی دەنگی تەقەی داگیرکەران گوێی لاوان کەڕ دەکات کاک فوئاد لە کانی میران و تاڵەسوارۆ بەدەنگی بەرز سروودی دەمی ڕاپەڕینیان بۆ دەڵێتەوەو لاوانیش لەکۆڵان و سەرشەقام بەگژ دوژمندا دەچنەوە.
ئەوکاتانەی تاریکی و سپای لەرزۆکی،
ویست و داخوازیەکان بە گوللە وڵام دەداتەوە
چەکەکەی جەلالی تارین و گوردانەکەی
دەبنە ڕەمزی خۆڕاگری دژی دوژمن،
ئەوکاتانەی خۆینی لاوان لەسەر شەقام دەچۆڕێ ئیتر جەلاد جەلادترەو خوێنمژ خوێنمژتر لەجارانە،
ئەوەی کە ماو هەردەمێنی و باڵا دەکات
داری بەخوێن ئاودراوی ئازادی ئەم گەلەیە.
ئەوەی دەمرێ تاریکیەو کۆمارە پڕلەتاوانەکەی ئیسلامە.
ئەوەی دوێنی تارای ڕەشی بەسەر بووکی یەک مانگەدا کردو
زاوای خەڵتانی خوێنکرد
تازە بە ڕۆح مردووە، بەرگی ئینسانی لەبەر نەماوە
جەستەی وەکو نەخۆشی گولی، گولی ناو کۆمەڵگایەو
ئەوەی شەهید بوو،
بوو بەجوانترین گوڵی ناو گوڵدانی پڕ لەگوڵی سووری باخچەی هەتایی ئەم شۆڕشەو ئێمەیش سەربەرزین بە بوونیان.
ئاخێزی ئەمجارەی ڕۆژهەڵات.
ئەمڕۆ ژن نەک هەرجوانترین بوونەوەرە
نەک هەر لانکەی خۆشەویستین
بەڵکو رێبەری سیاسی شەقام و پاڵەوانی
ئەم ئاخێزەو ڕێنیشاندەری رزگارین.
بوکی موکریان بۆکانی دەلاڵۆکەی هەمیشە لەیاد
پەیمانی ئازایەتی دەیان ساڵە دوپات دەکاتەوەو
پێمان دەڵێ سوارەو شێعرەکانی،
موسیقاو هونەرمەندانی
جوانترین سروودی سەرکەوتنمان بۆ ئامادە دەکەن.
، ئاخێزی بەگژداچوونەوەی داری ستەمی چل سالەی گۆڕستانی تاریکی بوو
کە تادێت لووتکە دەکاتە سەنگەرو باوەڕ دەکاتە چەکی خۆی و هیوا بەئازادی دەکاتە دوا ئامانجی کۆتایی.