لە دوور ڕا دێ
دەنگێ
ئاشنا بە گوێ
دەنگی سوارچاکێ
دڵپاکێ
بێ باکێ
لە زامی دڵ و
برینی دەست و
شکاوی ئاوێنەی بزە دەدوێ.
بژاکێکی ڕەنج چەشتوو
وەک چەوساوان ئارەق ڕشتوو
لەگەڵ کرێکار، کرێکار
لەگەڵ جوتیار، جوتیار
خەمی دڵی ھەژار دیتوو
پێنووسی زمان و
جەوھەرەکەی ڕەنجی ھەژاران
لەسەر پەڕی دڵی دەنووسی.
ناخ و دڵی پڕ خەمی
پڕ بوو لە هیوا بۆ گەلەکەی
هیوا بوو بۆ مافی چەوساوان و ڕزگاری کوردستان بوو.
ھەڵقوڵاوی دەردی ھەژاران
ڕوواو لە ئاو
کاک دوکتور مۆمێک بوو بۆ ڕووناکی و دڕ دانی شەوەزەنگ
حەکیم و ھەتوان بوو
بۆ برینی دڵ و جەستەی لێقەوماوان
ھەڵقوڵاوی ناخی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
دێتەوە گوێم دەنگی پێی شۆڕەسوارێکی موکوریان
دەنگی ھەی ئەسپی ھێرشی سەر داگیرکەران
دەیتۆقان زراوی زەروی نیشتیمان
تا سەر ئێسقان دژی سنوورە سەپاوەکان
دەیشێوان ئازاری دەستکردی نەیاران
ڕۆژێک لە باشوور و ڕۆژێک لە ڕۆژھەڵاتی کوردان
پێی خستبووە سەر ملی ئەفلەق و مەندیل ڕەشان
دەجەنگا دژی ھەژدیھای پێنج سەران.
بۆنێک دێ ئاوێتەی بۆنی مێخەک و ڕەیحان
کاک دوکتور ڕواوەتەوە لە گەڵ ھەڵاڵەی کوێستان
باریبۆوە لە گەڵ بەفری زستان
ڕوابۆوە لە هەیبەتی گەزیزەی بەھاران
ھاتەوە ناو دڵمان
بووە بە خوێن و ھەناسەمان
بووە بە مانگ لە ئاسمانی ھیواکان
ڕێچکەیەک بوو شکاو لە سەر سەھوڵ و ڕەنوی بەفری ساردی ڕێی ڕزگاری
کە خەوی خۆشی دوژمنی دەھاڕی
ببووە خوێندنگەی ئازادی ژیان
دەبریسکاوە بزەی لە قەراغ چیاکان
لە بۆنی گوڵی لێوی بزەی و
وانەی پڕ لە گەرمی ھیواکان
چەن گوڵێکی چنی سیروان
لە باخی وانەی سەرکردەی ھیواکان
سەربەرز مردن ،مردن بۆ ژیان
٣/١١/٢٠١٩
ئومێد سیروان