پەیامی سەرەخۆشی کۆمەڵە بە بۆنەی گیان لەدەستدانی مەلا عەبدوڵڵا عەبدوڵڵاهی

پەیامی سەرەخۆشی کۆمەڵە بە بۆنەی گیان لەدەستدانی مەلا عەبدوڵڵا عەبدوڵڵاهی
پەیامی سەرەخۆشی کۆمەڵە بە بۆنەی گیان لەدەستدانی مەلا عەبدوڵڵا عەبدوڵڵاهی

بەداخەوە ئاگاداربووینەوە «مەلا عەبدوڵڵا عەبدوڵڵاهی» ناسراو بە «مەلا عەوڵا سەرباز» شەوی دووشەممە ڕێکەوتی ٧ی مانگی نوامبەری ٢٠٢٢ی زایینی، لە شاری «گیسێن»ی وڵاتی ئاڵمان، بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لەژیان کرد.
«مەلا عەوڵا» خەڵکی ناوچەی «مەرگەوەڕ» و باوکی پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە هاوڕێ «نەجیبە» کەسایەتییەکی خەباتکار، ناسراو و خۆشناوی شاری ورمێ و ناوچەکانی دەوروبەری بوو کە لە سەردەمی پاشایەتی‌دا لەگەڵ هاوڕێیان «ئیسماعیل شەریفزادە»، «سولەیمان موعینی» و «مەلا ئاوارە» و هەژمارێکی دیکە لە شۆڕشگێڕانی «کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان»یان دامەزراند و بۆ چەندین ساڵ لە شارەکانی تاران و تەورێز تووشی ئازار و ئەشکەنجە هات.
لە سەرەتاکانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، بە لایەنگری لە جووتیار هاتەوە نێو ڕیزی خەبات و وەک کەسایەتییەکی جێگەمتمانە و داکۆکیکار لە مافی خەلک، لە کاتی کێشەوململانێی نێوان سەرۆک عەشیرەکان و خەڵک، بەهۆی داخوازی ڕادەست کردنی زەوی و زارەکانیان،  لە بەرەی خەڵکدا وەستایەوە و پاڵپشتی لە جووتیاران کرد. لە دوای ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی، بوو بە بەربژێری نوێنەرایەتی لە شارەکانی شنۆ و نەغەدە و دوای ماوەیەک هاوکاری کردن لەگەڵ دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەددین حوسەینی، ڕێگای خەباتی لە نێو ڕیزەکانی کۆمەڵەدا دیتەوە و وەک هاوڕێیەکی پێشەنگ و خۆشەویست و، پاڵپشتی هاوڕێیانی کۆمەڵە، لە ناوچەکانی باکووری کوردستانی ڕۆژهەڵات درێژەی بە خەبات و تێکۆشانی دا.
مەلا عەوڵا وەک زۆرێک لە خەباتکاران، بەهۆی گوشار و مەترسی ناچار کرا ڕوو لە کوردستانی باشوور بکا و بۆ ماوەیەک لە شاری سلێمانی نیشتەجێ بوو، دواتر ڕێگای هەندەرانی گرتە بەر و لەگەڵ هاوسەر و کچەکەی تا دوایین ساتەکانی ژیانی لەوێدا مایەوە. وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و دۆستانی مەلا عەوڵا و خەڵکی ورمێ و دەوروبەری بە گشتیی، پەیامی هاوخەمی و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خاتوو حەلیم هاوسەریان، هاوڕێ نەجیبە، هاوڕێ مەلا ڕەحمان شکاک و هاوڕێ خەلیل عەبدوڵڵاهی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.
دڵنیاین ئامانجەکانیان بە زیندوویی دەمێنێتەوە و بەم زووانە ئاواتەکانیان دێتە دی. یادی ئازیزیان هەرمان.


کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندیی
٨ی نوامبەری ٢٠٢٢ی زایینی

ئه‌م بابه‌ته 289 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:05:29:08/11/2022