کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەرێوەچوو

کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەرێوەچوو


رۆژی 1ی خەرمانانی 1401، (23ی ئاگۆستی 2022) بە بەشداری بەرپرسانی یەکەمی حیزبەکان‌و بە میوانداری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.

سەرەتای کۆبوونەوەکە بەڕێز کاک عومەر ئێلخانیزادە، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان وەک بەرپرسی دەورەیی ناوەند پاش بەخێرهاتنی میوانان، پیرۆزبایی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکانی لە هەئیەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
دواتر دەستوری کاری کۆبوونەوە لەلایەن کاک عومەرەوە خرایە ڕوو و وەک دەستپێک گفتوگۆیەک لەسەر بارودۆخی ئێران و کوردستان بەتایبەتی دۆسیەی بەرجام و ئاسەوارەکانی رێکەوتن یان رێنەکەوتنی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ئێران و رۆژئاوا کرا. هەروەها شەڕی ئۆکراین و کاریگەریی درێژکەوتنەوەی ئەو شەڕە گفتوگۆی لە بارەوە کرا. لەو بوارەدا هەم هاوڕایی هەبوو، هەمیش بۆ هەموو ئەگەرەکان بڕیار درا کە ئامادەگی و یەکگرتویی ناوەندی هاوکاریی لە هەموو بوارەکاندا زۆرتر بکرێ و بۆ پوچەڵ کردنەوەی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی و پارێزگاری لە بەرژەوەندیەکانی بزوتنەوەی کوردستان.

لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیەک لەسەر داواکاریی ژمارەیەک چالاکی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بۆ دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ ناوەندی هاوکاری کرا. لایەنەکان پاش دەربڕینی نەزەر و بۆچوونی خۆیان وەک سیاسەتی ناوەند و دانانی ئەولەویەت بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئەو لایەنانەی لە قبوڵی پرسی کورد نزیکن و ساحێب پێگەی کۆمەڵایەتین، باسکرد و بڕیار درا هەنگاوی جیدیتر لەو بوارەدا هەلگیرێ. 

هەموان پێشوازییان لە دیالۆگ لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کرد.
لەتەوەرێکی دیکەدا قسەوباسێک لەسەر کۆمەڵێک کار و راسپاردەی ناوەند بۆ کاری نێودەوڵەتی و تاوتوێکردنی چەندین بەڵگەنامەی کاری ناوەند کرا و بڕیاری پێویستی لەبارەوە درا. 

لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پێشنیاری ژمارەیەک رێکخراوی مەدەنی بۆ دەستنیشانکردنی رۆژی 12ی خەرمانان کە رۆژی ئێعدامی بەکۆمەڵی 59 لاوی شاری مەهابادە وەک رۆژی زیندانی سیاسی خرایە بەرباس و بەشداربووان پەسەندیان کرد کە ئەو رۆژە وەک رۆژی زیندانی سیاسی کورد بە فەرمی بناسرێت.







ئه‌م بابه‌ته 366 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:36:25/08/2022