ئەیمەن زەواهیری، سەرۆکی رێکخراوی قاعیدە کوژرا

ئەیمەن زەواهیری، سەرۆکی رێکخراوی قاعیدە کوژرا


جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، شەوی رابردوو، ٢٠٢٢/٨/٢، لە راگەیاندنێکدا ئاماژەی بەوە دا کە ئەیمەن زەواهیری ، سەرکردەی گرووپی تیرۆریستی ئەلقاعیده لە ئۆپەراسیۆنێکی نیزامیدا لە ئەفغانستان کوژرا.
بایدێن لە درێژەی وتەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە لەم هێرەشەدا، هیچ زیانێک نەگەیشتووەتە بنەماڵەی زەواهیری و خەڵکی مەدەنی، هەروەها دووپاتی کردەوە کە ئەفغانستان هیچ کات نابێتە بەهشتی تیرۆریستەکان.
بە پێی زانیاری میدیاکانی ئەمریکا، ئاماژەیان بەوە داوە کە زەواهیری لە ناوچەی دیپلۆماتیکی شاری کابۆل کراوەتە ئامانج و ئەو خانوویەش  کە تێدا بووە، خانووی سەراجەدین حەقانی وەزیری ناوخۆی تاڵەبان بووە.
شایانی باسە کە سەرکردەی قاعیدە لە رێگەی درۆنێکی تایبەتەوە کوژراوە.
ئەیمەن زەواهیری، لە دایکبووی ساڵی ١٩٥١ی زاییننییە لە میسر و یەکێک لەوە کەسانە بووە رۆڵی گرینگی هەبووە لە دامەزراندنی گرووپە تیرۆریستییەکان لەم وڵاتە. زەواهیری دوای کوژرانی ئۆسامە بێن لادەن دامەزرێنەری رێکخراوی قاعیدە لە ساڵی ٢٠١١وە، بووە دووهەمین سەرکردەی ئەم گرووپە تیرۆریستییە.
جێگای ئاماژەیە کە کۆمەڵێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی سەبارەت بە جێنشینی زەواهیری، باس لەوە دەکەن یەکێک لەو کەسانەی کە دەتوانێت ببێتە سەرۆکی قاعیدە، سەیف عەدڵە کە دانیشتووی ئێرانە.
پێشتر بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندە بوو کە ئێران بووەتە  بنکەی نوێی گرووپی قاعیدە و لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.  یەکێک لە سەرکردەکانی رێکخراوی قاعیدە، بە ناوی ئەبوو محەممەد میسری لە رێکەوتی ٧ی گەڵاوێژ ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی، لە تاران کوژرا.







ئه‌م بابه‌ته 77 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:09:48:02/08/2022