لە رۆژانی رابردوودا پاش بڵاوبوونەوەی راگەیەنراوی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران سەبارەت بە دەستگیركردنی ژمارەیەك پێشمەرگەیان لە ناوخۆی كوردستان لەكاتی راپەڕاندنی ئەركی رێكخستن و تەشكیلاتیدا، هێرشێكی بەربڵاو لەلایەن دەزگای ئیتلاعاتو دامودەزگاكانی كۆماری ئیسلامی بڵاوكرایەوە كە چالاكی ئەو پێشمەرگە گیراوانەی بە پیلانی وڵاتانی دەرەوە و پەیوەندییان لەگەڵ ئیسراییل بەستەوە.
تۆمەت بەخشینەوە و تۆمەتباركردنی هەر دەنگێكی ئازاد و هەر رەوتێكی خەباتكاری كوردستان بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیكە یەكێك لە سەرەكترین كار و پیشەكانی كۆماری ئیسلامی بووە و لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا بە دەیان جار حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و بزوتنەوەی رەوای خەڵكی كوردستانی بە "دەستی دەرەكی" و "هاوپەیمانی ئەمریكا و ئیسراییل" و .. تۆمەتبار كردوە.
هەڵمەتی ناڕەوای ئەمجارەی كۆماری ئیسلامی لەكاتێكدا كە ئەم رژیمە سەرەڕای قەیرانی ناوخۆیی و ناڕەزایی بەرینی توێژە جیاجیاكانی خەڵك كە خوازیاری نەمانی ئەم رژیمەن، بارودۆخی دەرەكیشی توشی قەیرانێكی گەورە بووە كە بۆی چارەسەر نابێت، هەر لە بابەتی دەستڕاگەیشتن بە چەكی ئەتۆمی تا دەستوەردانی لە وڵاتانی ناوچەكە و بڕەودان بە سیاسەتی هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامی توشی قەیرانی جیدی بووە. بەم دواییانەش لێدانی ناوەندە ئەتۆمی و موشەكییەكان و، كڕینی ژمارەیەك كەسی پلەبەرز لە هێزە ئەمنییەكان و باقی دامودەزگاكانی ئێران لەگەڵ ئیسراییل، بووەتە هۆی ئەوەی رژیم بۆ سەندنەوەی ئابروی لەدەستچووی خۆی جارێكی دیكە سیناریۆسازی بكات و ئەمجاریش ئەم سیناریۆیە تۆمەت لێدان لە بزوتنەوەی كوردستان و حیزبەكانی رێكخست.
ئێمە وەك ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران ئەم سیناریۆسازی و تۆمەتە بێ بنەمایانەی كۆماری ئیسلامی بەتوندی رەتدەكەینەوە و بە مایەی داماوی و بێ دەرەتانی دەسەڵاتدارانی رژیمی دەزانین. لەلای هەمووان ئاشكرایە كە كورد و بزوتنەوە رەواكەی هەڵقوڵاوی ناخی ئەو ستەم و بێ مافییەیە كە لەماوەی تەمەنی كۆماری ئیسلامیدا لەكوردستان پەیڕەوكراوە و سازكردنی بوختان و درۆ و تۆمەتی بێ بنەما بۆ سەر بزوتنەوەی كورد و حیزبەكانی بێجگە لەمایەپوچبوونی ئەم رژیمە زیاتر نیە.
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
29/7/2022
ئهم بابهته 404
جار خوێنراوهتهوه