رەئیسی فەرمانی پەسەند کردنی تەواوی لەچکی زۆرەملی دا

رەئیسی فەرمانی پەسەند کردنی تەواوی لەچکی زۆرەملی دا



هاوکات لەگەڵ هەڵسووکەوتە نەشیاوەکانی گەشتی ئێرشاد لەگەڵ ژنان بە هۆی پۆشش، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، بە نیشانەی پاڵپشتی لە هەربابەتێک کە "ترویج فساد سازمان یافتە در جامعە اسلامی" ناولێبرد، بە نووسینگەی شۆڕای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی فەرمانی دا بۆ ئەوەیکە لەگەڵ هاوکاری کردنی هەموو ناوەندە حکومەتییەکان، پەسەند نامەی "عفاف و حجاب"ی  سال ۱۳٨٤ بەجێبهێنن.

ئیبراهیم رەئیسی لە کۆبوونەوەی شۆڕای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی کە پێداچوونەوەیان بە راپۆرتەکانی دام و دەزگا جیاوازەکانی سەبارەت بە باروودۆخی کۆمەڵایەتی پەیوەندیدار بە پرسی "حجاب و عفاف" دەکرد وتی: پەرەپێدانی گەندەڵی لە کۆمەڵگای ئیسلامی و ئینقلابی هەوڵێکی رێکخراوە و پیلان داڕژاوە و بە سەرمایە دانانێکی یەکجار زۆر و بەرچاو بە ئاکام دەگەیندرێت.

رەئیسی زیادی کرد: نەیارانی ئێران و ئیسلام بە کەڵک وەرگرتن لە کەناڵە بەربڵاوەکان، ماهوارە، سوشیال میدیا بە بڵاو کردنەوەی فەساد و گەندەڵی، سەقامگیری فەرهەنگی و بناغەکانی بەهای ئایینی کۆمەڵگایان کردوەتە ئامانج.

شایانی باسە کە لەم ساڵانەی رابردوودا هاوکات لەگەڵ دەستپێکی فەسڵی گەرما گەشتی ئێرشاد بە بەردەوامی لە گەڕەکەکان، مەیدانەکان، ناوەندەکانی شت کڕین بە شێوەی ئاگاداری و دەستبەسەر کردنی ژنان و کچان بە تۆمەتی "عدم رعایت کامل حجاب اسلامی" دەکەن.
هاوکات لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەزاران کاربەر بە هۆی بوونی گەشتی ئێرشاد لە ناوەندەکانی شت کڕین، گەڕەکانی تاران بەتایبەت و شارەکانی دیکەی ئێران و دەستبەسەر کردنی زۆرێک لە ژنان و کچان ناڕەزایەتی خۆیانیان دەربڕی.






ئه‌م بابه‌ته 113 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:11:06/07/2022