بەرز بوونەوەی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان لە ئێران گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی

بەرز بوونەوەی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان لە ئێران گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی


ئاسۆی رۆژهەڵات/ بەرزبوونەوەی رێژەی خواردەمەنییەکان و پێداویستییەکانی خەڵک لە ئێران، یەکێک لەو بابەتانەیە کە بە وتەی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر قاچاخی کاڵا و کەلوپەل لە سەر سنوورەکانەوە بۆ دەرەوەی وڵات، کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لەسەر بازاڕ و نرخی پێداویستییەکان هەبووە.

حوسێن ئەشتەری، فەرماندەی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی ئێران رایگەیاندووە: ((ئەگەر خەڵک هەست بە کەمی کاڵایەک دەکەن، رەنگە لەسەدا ١٠٪ی پەیوەندی بە قاچاخی ئەو کاڵایە لە سنوورەکان بێت، ئەویش بە وشیاربوونەوەی هێزەکانی پۆلیس پێشی پێ گیراوە، بەڵام زیاتر لەسەدا ٨٠٪ی هۆکاری کەمی کاڵا بەداخەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەر قۆرخکاری. لە کۆگاکان و هەندێک لە فرۆشگاکان، پێداویستییەکانی خەڵک قۆرخ دەکەن، بۆیە دەبێت زۆرتر چاودێری ئەو بابەتە بکەین)).

شایانی باسە کە ناوەندی کۆنترۆڵی بازاڕی ئێران دەڵیت، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵی هەتاویدا، ١٣تریلیۆن و ٧٤٦ملیار تمەن کاڵای قورخکراو دەستیان بەسەردا گرتووە و ٩٠٨٩دۆسیەی قۆرخکاریی تۆمار کراوە. لەم ئامارە پارێزگای ورمێ زیاتر لە ١٠ملیار، سنە ١٣ملیار و پارێزگای لوڕستانیش نزیکەی ٩ملیار تمەن کاڵای قۆرخکراوی بووە.
جیگای ئاماژەیە کە زۆرترین کاڵا قۆرخکراوەکانیش برێنج، چای، رۆن، شەکر، هێلکە و ئارد بوون.

بە پێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، لە یەک مانگی رابردوودا نرخی هەندێک لەو پێداویستییانەی کە زیاتر قۆرخ دەکرێن لەسەدا ٦٥٪ بۆ لەسەدا ٢٤٥٪ زیادیکردووە و هەندێک لەو پێداویستییە سەرەکییانە لەنێو بازاڕدا کەمن و دەستکەوتنیان دژوارە.







ئه‌م بابه‌ته 137 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:48:05/07/2022