بەردەوامی مانگرتنی دوو چالاکی سنەدیکای کرێکاری لە زیندانی ئەوین

بەردەوامی مانگرتنی دوو چالاکی سنەدیکای کرێکاری لە زیندانی ئەوین


ئاسۆی رۆژهەڵات/ کەناڵی تێلێگرامی سەندیکای کرێکارانی کۆمپانیای واحێدی "اتوبوسرانی" تاران و دەوروبەر ئاماژەی بە باروودۆخی نالەباری جەستەیی (رەزا شەهابی) و (حەسەن سەعیدی) دوو ئەندامی زیندانیی ئەم سەندیکایە، بەهۆی بەردەوامی مانگرتنیان لە خواردن هەستی نیگەرانی دەربڕی.
بە پێی ئەم راپۆرتە، رەزا شەهابی رۆژی شەممە لە بیستەمین رۆژی مانگرتنی خۆی پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ بنەماڵەیدا بوو کە زۆر کوورت بووە، گوایا تەنیا ئامانجیان ئەوە بووە کە بە بنەماڵەی شەهابی بڵێن رەزا هێشتا دەتوانێت قسە بکات.
هەروەها حەسەن سەعیدی، یەکێکتر لە ئەندامی زیندانیی ئەم سەندیکایە، رۆژی شەممە لە دەیەمین رۆژی مانگرتنی خۆیدا لە باروودۆخێکی نالەباری جەستەیی لە ژووری تاکە کەسی زیندانی ئەوین تێپەڕاند.

جێگای ئاماژەیە کە رەزا شەهابی لە ٢٢ی مانگی گوڵان و حەسەن سەعیدی لە یەکی جۆزەردانەوە دەستبەسەر کراون و بە پێی ئەو راپۆرت و هەواڵانە کە سەندیکای کۆمپانیای واحێد بڵاوی کردوەتەوە بەوەی کە لێپرسینەوەکان لەوان کۆتایی پێ هاتبوو، هەوڵی لێکۆڵەرەکان بۆ ئەوە بووە کە دان بە سناریۆی دژ بە رێخکراوە سەربەخۆکان بنێنن، ئەم دوو چالاکوانە سێنفیان جارێکی دیکە ناردە ژووری تاکە کەسی و لێپرسینەوەکان لە دوو حەفتە پێش سەرلەنوێ دەستیپێکردەوە.
 بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، رەزا شەهابی سێ حەفتە لەوە پێش رایگەیاندووە کە لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە بەردەوامی دەستبەسەر بوونی خۆی کە قەرار وابوو درێژە نەکێشێت، و هەروەها پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لە زیندان دەست دەکات بە مانگرتن لە خواردن و وتبووی: ((عمودی بە زندان آمدەام، افقی هم از زندان خواهم رفت)).

سەندیکای کرێکارانی کۆمپانیان واحێدی پاس لێخوڕینی تاران و دەوروبەر جەختیان لەوە کردوەتەوە کە شەهابی و سەعیدی، دوو شۆفێری پاس،  تەنیا بە هۆی چالاکی سەندیکایی و کرێکاری دەستبەسەر کراون و بە شێوەیەکی بەردەوام لە لایەن بنکە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ژێر گوشارێکی یەکجار زۆردا بوون بۆ ئەوەیکە دەست لەم چالاکییانە هەڵبگرن.







ئه‌م بابه‌ته 121 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:09:57:03/07/2022