سووکایەتی بە سوننە مەزهەبەکان لە زیندانی رەجایی شار

سووکایەتی بە سوننە مەزهەبەکان لە زیندانی رەجایی شار


ئاسۆی رۆژهەڵات/ لە رۆژانی رابردوودا دوای ئەوەی قازییەکی تاران سەردانی زیندانی رەجایی شاری کەرەجی کرد و سووکایەتی کردنی بە سوننە مەزهەبەکان، چەندین زیندانیی سوننە مەزهەب لەم زیندانە مانیان لە خواردن گرت.
ئەم زیندانییانە رایانگەیاندووە کە بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سووکایەتییەکانی قازییەکەی تاران بۆماوەی ٣رۆژ مان لە خواردن دەگرن و لە وەرگرتنی هەر ژەمێکی نان خۆدەپارێزن.
عەلی ساڵحی، قازیی تاران، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٩ی پووشپەڕ سەردانی زیندانی رەجایی شاری کەرەجی کرد و لەگەڵ زیندانییەکان وتووێژی کرد.

جێگای ئاماژەیە کە ساڵحی نە تەنیا داخوازییەکانی زیندانیانی سوننە مەزهەبی رەتکردەوە، "بەڵکوو بە شێوەیەکی زۆر راشکاوانە پێیانی راگەیاند کە من دژی هەرجۆرە پێداچوونەوە بە کێشە و گرفتەکانی ئێوەم و بە بیر و بۆچوونی خۆم لەسەر سەخت گرتنێکی زۆر چڕ و پڕ لەگەڵ ئەم زیندانییانە لەسەر قسەی خۆمم".

ئەمە لە حاڵێکدایە کە میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەوانە هەواڵنێری "ێدا و سیما"، لە راپۆرتەکانی خۆیاندا سەبارەت بە سەردانی عەلی ساڵحی رایانگەیاندبوو کە ئەو لە بەرپرسانی زیندانی رەجایی شار ویستوویەتی "بە تاقەت و سەبرێکی زۆرەوە" داواکارییەکانی ئەوان جێبەجێ بکەن.

گووشارەکان و سووکایەتی بۆ سەر کەمایەتییە ئایینەکان و له وانە سوننە مەزهەبەکان لە ئێران لە چووار دەیەی رابردوو هەتاوەکوو ئێستا بەردەوام بووە و رێکخراوەکانی ماڤی مرۆڤ لە راپۆرتەکانی خۆیاندا ئەم بابەتەیان وەکوو پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ناولێبرد.

لە لایەکی دیکەوە مانگی رەشەممەی رابردوو جەلال مەحموود زادە، نوێنەری مەهاباد لە مەجلێس، هوشداری دا کە دەوڵەتی ئیبراهیم رەئیسی خەریکی لابردنی کردنی سوننە مەزهەبەکانە تەنانەت تاوەکوو ئاستی " بەرپرسیاریەتی مەیدانی" لە حاڵی بەڕێوە بردندایە.






ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:09:41:02/07/2022