بەرز راگرتنی رۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە

بەرز راگرتنی رۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە

راپۆرت/ جوانە تەیمەسی



رۆژی سێشەممە رێکەوتی ۳۱ی جۆزەردانی ساڵی ۱٤۰۱ی هەتاوی، لە بارەگای ناوەندی کۆمەڵە، رێوڕەسمی پڕ شکۆی رۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە و هەروەها بەرز راگرتنی یاد و ناوی هاوڕێی رابەر و یەکەم گیانبەختکردووی نێو ریزەکانی کۆمەڵە کاک سەعید موعینی ناسراو بە "خانە" بەڕێوە چوو.

بە بەشدرای هاوڕێیانی سەرکردایەتی، کادر، ئەندامان، پێشمەرگە و لایەنگرانی کۆمەڵە رێوڕەسمی رێز لێنان لە ۳۱ی جۆزەردان رۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە بەڕێوە چوو.

سەرەتا رێوڕەسمەکە بە سروودی بانگەواز سروودی فەرمی کۆمەڵە دەستیپێکرد و پاشان بۆ رێز لێنان لە گیانبازی و فیداکاری سەرجەم گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان و کۆمەڵە بەتایبەت هاوڕێی رابەر کاک سەعید موعینی چەند ساتێک بێ دەنگی راگیرا.
دواتر پەیامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە بۆنەی ۳۱ی جۆزەردان، لە لایەن هاوڕێ عەبدوڵڵا ئازەربار، ئەندامی دەفتەری سیاسی کۆمەڵە پێشکەش بە بەشداربووان کرا.
رێوڕەسمی رۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە بە خوێندنەوەی ژیاننامەی هاوڕێی رابەر کاک سەعید موعینی و سروودی شۆڕشگێڕانە درێژەی کێشا.

شایانی باسە بوەترێ بە بۆنەی ۳۱ی جۆزەردان لە لایەن ناوەندی پەروەردە و فێرکاری  کۆمەڵە پیشانگایەکی وێنە لە سەر مێژووی کۆمەڵە و پێشمەرگەی کۆمەڵە کرایەوە.

هەروەها دو کتێب لە سەر ژیاننامەی بەڕێزان، مامۆستا عومەر عەسری تێکۆشەر و خەباتگێڕی دێرینی کوردستان و هەروها بیرەوەرییەکانی هاوڕێ عەبدوڵڵا عەزیمی ناسراوە بە"مامە عەودە" کەوتە بەر دیدەی خوێنەران و بەشداربووانی رێوڕەسمی رۆژی ۳۱ی جۆزەردان کە لە لایەن ناوەندی پەروەردەی کۆمەڵە ئامادە کرابوو.






ئه‌م بابه‌ته 403 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:05:22/06/2022