ئانتۆنیۆ گوترێش، سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راپۆرتێکدا کە تایبەتە بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، ئاماژەی بە زیاد بوونی رێژەی سێدارە لەم وڵاتەدا و جەختی کردەوە کە زۆربەی ئەم لەسێدارە دراوانە نایاسایی بوون و هیچ شەفافییەتێکی تێدا نییە.
گووترێش لە درێژەی راپۆرتەکەیدا بە پێی ئەو بەڵگانە کە لە لایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە ئامادەکراون، باسی لەوە کرد کە رێژەی سێدارە لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاو ساڵی ٢٠٢١ی زایینی زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٣١٠ کەس کە لەم نێوەدا ١٤کەسیان ژن بوون. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی ٢٦٠ کەس لە سێدارە دراون.
هەروەها سکرتێری رێکخراوە نەتەوە یەکگرتووەکان زیادی کرد کە لەم راپۆرتەدا زۆربەی لەسێدارە دراوان پەیوەندییان بە مادە هۆشبەرەکان بووە، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا باسیان لە ٥٥ کەس کردووە.
جێگای ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی چەند حەفتەی رابردوودا هاوکات لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی خەڵک دژ بە حکوومەتی ئێران، دەیان کەسیان لەسێدارە داوە تاوەکوو لەم رێگەیەوە بتوانێت رێگر بێت لە بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان.
ئهم بابهته 483
جار خوێنراوهتهوه