بەردەوامی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران

بەردەوامی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران

لە ماوەی دوو حەوفتەی رابردوودا ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵکی شارەکانی ئیزە و سووسەنگێردی سەر بە پارێزگای خوزستان کە لە رێکەوتی ١٥ی گوڵانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، بە هۆی گرانی خواردەمەنییەکان دەستیپێکردبوو، گەیشتە پارێزگا و شارەکانی دیکەی ئێران. ناڕەزاتییەکانی مانگی گوڵانی ساڵی ١٤٠١ هەتاوی، بە دوای گران بوونی خواردەمەنییە سەرەکییەکانی بژێوی ژیانی خەڵک لەوانە نان، رۆن، هێڵکە، مریشک و ماکارۆنی دەستیپێکرد و هەر وەکوو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی پێشوو بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی گرتەوە.

دەیان هەزار کەس لە چەندین پارێزگای ئێران لە رێکەوتی ٢٢ی گوڵانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، هاتوونەتە سەر شەقامەکان و لە ناڕەزایەتییەکی سەرانسەریدا درووشمیان دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران سەرهەڵدا، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکوومەت  بۆ سەرکووت کردن و بڵاو کردنەوەی خەڵک تەقەی راستەوخۆیان لێکردن و هێندێک لە خۆپیشاندەرانیان دەستبەسەر کرد.

شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لەم ناڕەزایەتیانەدا وەک نەریتی ساڵانی پێشووی دەسەڵاتی خۆی بۆ بێدەنگ کردنی خەڵک و داخوازییەکانیان دەستی داوەتە داخستن و لاواز کردنی ئینتێرنێتی ئەو شارانەی کە ناڕەزایەتیان بەو باروودۆخە دەربڕیوە. لە نوێترین کاردانەوەی رژیمی ئێران بۆ سانسۆڕی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٥ی گوڵانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسی میدیاکان پێیانیان راگەیاندووە کە مافی بڵاو کردنەوەی هیچ هەواڵ و زانیارییەک سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانیان نییە.

بە پیێ هەواڵەکان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە شار و پارێزگاکانی خوزستان، لوڕستان، چوارمەحاڵ و بەختیاری، یاسووج، دێزفوول، شاری کورد، کرماشان، فەشافوویەی سەر بە پارێزگای تاران، ئیزە، ماهشەهر، ئەهواز، سووسنگێرد، شادگان، حەمیدیە، جوونەقان، شووش، ئەندیمێشک، دروود، نوور ئابادی مەمسنی سەر بە پارێزگای فارس بەرێوەچووە.

شایانی باسە کە لەم ناڕەزایەتیانەدا درووشمی دژ بە عەلی خامنەیی، ئیبراهم رەئیسی، سپای پاسداران و بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێران سەر درا، خۆپیشاندەران لە درووشمەکانیاندا باسیان لەوە کرد کە پیشتیوانی کردنی کۆماری ئیسلامی لە سووریە، حیزبوڵڵای لوبنان، حوسیەکانی یەمەن، حەشدی شەعبی لە عێراق و حەماس بوەتە هۆی ئەوەی کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی هیچ گرینگی و بایەخێک بە دۆخی نالەباری خەڵکی  ئێران نەدات و هەروەها خوازیاری وەستانی پشتیوانی کردن و هەناردنی پارە بۆ ئەم وڵاتانە و هێزە میلیشیاکان کرد.

جێگای ئاماژەیە کە لە ئەم خۆپیشاندانەدا تا ئێستا بە پێی هەواڵەکان پێنج کەس بە ناوەکانی ئومید سوڵتانی لە ئەندیمێشک، پیش عەلی حاجی وەندی لە دێزفوول، حەمید قاسم پوور لە فارسیان، سەعادەت هادی پوور لە هەفشجان و مێهدی ئیسلامی لە چوارمەحاڵ و بەختیاری بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراون و چەندین کەسیش دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە.








ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:18:16/05/2022