شەڕی نێوان رۆژنامەی کەیهان و جمهوری ئیسلامی

شەڕی نێوان رۆژنامەی کەیهان و جمهوری ئیسلامی




دوای بڵاو بوونەوەی داخوازی مەسیح موهاجری بەرپرسی بەڕێوەبەری رۆژنامەی ''جمهوری ئیسلامی'' سەبارەت بە وازهێنانی ئیبراهیم رەئیسی لە سەرۆک کۆماری، کاردانەوەی رۆژنامەی کەیهانی لێ کەوتەوە و وتەکانی موهاجری وەک پاساو هێنانەوە بۆ سیاسەتە هەڵەکانی سەردەمی سەرۆک کۆماری روحانی و ئەم نووسینانەی گەوجانە و بێ بایەخ ناو لێبرد.

موهاجری لە ژمارەی رۆژی ١٧ی گوڵانی رۆژنامەی جمهوری، لە بابەتێکدا نوسیبووی کە تەنانەت نان لە کاتی شەڕی نێوان ئێران و عێراق گران نەبوو، هەروەها لە درێژەی بابەتەکەی روو بە ئیبراهیم رەئیسی وتی: بەم فێڵە دڵتان خۆش مەکەن کە میدیاکانی سەر بە دەوڵەت، ڕەخنەگەرەکان وەک دژبەری ئینقلابن و پەیوەندییان بە ئامریکا و ئیسرائیلەوە هەیە.

موهاجری لە کۆتایی بابەتەکەی دا داخوازی پاشەکشەی لە ئیبراهیم رەئیسی لە سەرۆک کۆماری کرد و جەختی لەوە کردەوە کە، ئێستا کە روون بۆوەتەوە ئێوە ناتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن، بۆیە پاشەکشە بکەن بۆ ئەوەیکە خەڵک لەم باروودۆخە نالەبارە دەرباز بن.

رۆژنامەی کەیهان کە لە ژێر چاودێری و بەڕێوەبەری حسێن شەریعەتمەداریە لە ژمارەی رۆژی یەکشەممە ١٨ی گوڵانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لە وڵامی بابەتەکەی رۆژنامەی جمهوری ئیسلامی باسی لەوە کرد کە مەسیح موهاجری دەبێت بەر لە هەموو شتێک بە هۆی بڵاو کردنەوەی لێدوانە مەترسی دارەکانی کە بوەتە هۆی درووست کردنی کێشە بۆ پرسی ئابووری وڵات و خەڵک، لە کۆمەڵگا و حکومەت داوای لێبوردن بکات.

جێگای ئاماژەیە کە رۆژنامەکانی کەیهان، جمهوری ئیسلامی و ئیتلاعات لە ژێر دەسەڵات و چاودێری عەلی خامنەیی دان.






ئه‌م بابه‌ته 610 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:04:35:08/05/2022