عەلی خامنەای، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری
ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵک لە شاری (قم)
وتی: ((نابێ بهێڵین سەرکەوتنەکانی کۆماری ئیسلامی لە بیر بچێتەوە، دەیان سەرکەوتن
لە نیزام بووە و ئێمە دەبێت ئەم سەرکەوتنانە بە خەڵک ڕابگەینین و بیری ئەو کەسانەی
بهێنینەوە کە لە بیریان کردووە)).
خامنەای باسی لە کێشەکانی خەڵک و بژێوی ژیانیان کرد و
وتی هەندێک کەس جۆرێک باس لەم کێشانە دەکەن کە گوایا هیچ سەرکەوتنێک لە نیزام دا
نەبووە.
ئەم وتانەی خامنەای لە حاڵێکدایە کە لە سەرەتای هاتنە
سەرکاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و هەروەها لە چەند ساڵی ڕابردوو گوشار و ئاڵۆزی زۆر
لەسەر خەڵکی ئێران بووە و تا ئێستاش هەر بەردەوامە.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەرەنجامی توێژینەوە جۆراوجۆرەکان
لە بارەی باروودۆخی ئێرانی ڕەتکردەوە و وتی کە ئەم توێژینەوانە ڕاستی نەتەوەی
ئێران نییە و کۆمەڵێک خەڵک لە ڕووی غەرەزەوە ئەم توێژینەوانە دەکەن.
شایانی باسە لە حاڵێکدا کە سەرکووتی سیاسی و لەبەند
کردنی خەڵک و بێدەرەتانی زیندانیانی سیاسی بەردەوامە، خامنەای لە ڕوبەڕو بوونەوەی
کۆماری ئیسلامی لەگەڵ نەیاران و ڕەخنەگەران دیفاعی کرد و وتی:((کۆمەڵێک هەن کە بە
شێوەی ڕاستەوخۆ دژ بە کۆماری ئیسلامی دەوەستن و نیزام هیچ چارەیەکی نییە جگە لەوەی
کە بە تووندی وڵامیان بداتەوە))، خامنەای زیادی کرد: کۆمەڵێک خەڵک لە سەر تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکان و سۆشیال میدیا خەریکی بە لا ڕێگە بردنی گەنجەکانن و نابێت ئەم
دەرفەتەیان پێ بدرێت.
ئهم بابهته 261
جار خوێنراوهتهوه