بەرێوەچوونی کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران

بەرێوەچوونی کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران


کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بەشداری بەرپرسانی یەکەمی حیزبەکانی بەشداری ناوەندی هاوکاری و هەروەها هەیئەتەکانی بەشداری ناوەند بەرێوەچوو.

سەرلەبەیانی رۆژی هەینی٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر ١٧ی سپتامبری ٢٠٢١ی زایینی، کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بەشداری بەرپرسانی یەکەمی لایەنەکان و هەروەها هەیئەتەکانی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەریوە چوو.

سەرەتای کۆبوونەوەکە لە لایەن" کاک محەممەد نەزیف قادری" بەرپرسی هەیئەتی ناوەندی هاوکاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ رێز گرتن لە شەهیدانی ٢٦ی خەرمانانی(میکۆنووس) و هەموو شەهیدانی کوردستان چەند ساتێک بێدەنگی راگەیەنرا ودواتر وێڕای بەخێر هاتنی میوانە بەرێزەکان، بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەی خستە بەر نەزەری بەشداربووان وپاش پەسەندی دەستووری کار، داوای لە بەڕێز " کاک مستەفا هێجری " لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی دەورەیی ناوەند کرد کە لەو بارەوە باسەکەین پێشکەش بکەن.

ناوبراو سەبارەت بە مژار وبابەتەکانی کۆبوونەوەکە راپۆرتێکی پێشکەشی بەشداربووان کرد کە مژاری سەرەکی بریتی بوو لە هەرەشەکانی فەرماندەرانی سپای پاسداران و تۆپباران کردنی ناوچە سنووریەکان و بنکەکانی هێزی پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵات.

بەشدارانی بەڕێزدوای تاوتوێ کردنی باس و بابەتەکان ڕا و سرنجی خۆیان خستە بەر نەزەری هەمووان و لە کۆتاییدا کۆمەڵێک بریار و ڕاسپاردەی گرینگ و عەمەلی دەسنیشانکرا و هەروەها سەبارەت بە هێندێ پرسی نیشتمانی پەیوەندیدار بە لایەنەکانی دیکەوە ئاڵ و گۆڕی بیر و ڕا کرا و بڕیاری پێویستیش لەو بارەیەوە درا.

لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیبۆ سەر هەرێمی کوردستان و بنکە و بارگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوورەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵات وهەروەها نائەمن کردنی ئەو سنوورانە بە هۆی تۆپخانەکانی رژیم و پەهبادە ئینتحارییەکانی سپای پاسدارانی و پێک هێنانی کەشی ترس و دڵەراوکێ بۆ دانیشتووانی ئەو سنوورانە و کۆمەڵانی خەڵکی ئەو دەفەرە.

کۆبوونەوە ویڕای مەحکووم کردنی سیاسەتی چەوت و نابەرپرسانەی بەرپرسان و فەرماندەرانی سپای تیرۆریستی پاسداران و پێک هێنانی فەزایەکی پڕ لە مەترسی بۆ سەر خەڵکی ئەو ناوچانە، داوای لە ڕای گشتی کرد کە ئەم کردەوە نابەرپرسانەی کۆماری ئیسلامی مەحکووم بکەن و لە بەرانبەر سەرەرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی کە دەستێوەردانی ئاشکرا و پێشێل کردنی سەروەری خاکی هەرێمی کوردستانە بێدەنگ نەبن و سنوورێک بۆ ئەو کارە نامرۆڤانەی دیاری بکرێ.

کۆبوونەوە وێڕای سپاس و پێزانینی خۆی لە هەموو ئەو حیزب و لایەن و کەسایەتیانەی کە لە بەرانبەر ئەم هێرشانەی رژیمی کۆماری ئیسلامی و نائەمن کردنی کەشی سیاسی کوردستان، هاودەردی و پشتیوانی خۆیان لە بزووتنەوەی مافخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان و پشتیوانیان لە ناوەندی هاوکاری کردووە، پێزانینی خۆی دەردەبڕێ و سپاسیان دەکات و هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەوان بە بایەخەوە چاو لێدەکات.

ناوەندی هاوکاری سپاسی هەموو ئەو رێکخراو و کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییانە دەکات کە بە شێوازی جۆراوجۆر داکۆکیکاری مافی مرۆڤن و لەو ماوەیەدا پشتیوانی خۆیان لە بزووتنەوەی کورد و هێزی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕیوە و هەروەها پێزانینی خۆی لە پەیوەندی بە هەموو ئەندامانی تێکۆشەری هێزە سیاسییەکانی کوردستان، بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە لە نارەزایەتی دەربرین بە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی پشتیوانی بزووتنەوەی مافخوازی کورد بوون دەکات.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا راپۆرتی کاری ٢ کۆبوونەوەی هەیئەتەکانی ناوەند سەبارەت بە ٢ پرسی گرینگ لە لایەن هەیئەتی راسپێردراوە باس کرا و کۆبوونەوەکە وێڕای دەسخۆشی و ماندوو نەبوون لە هەیئەتەکان جەختی کردەوە بۆ هەر کام لەو دوو بابەتە ناوەند رێو شوێنی پێویست دیاری بکات.

کۆبوونەوەکە پاش ٢ کاتژمێر کۆتایی پێهات.

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی

١٧ی سپتامبری ٢٠٢١ی زایینی


ئه‌م بابه‌ته 157 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:07:04:18/09/2021