ئێوارەیەک لە مێژووم دا

ئێوارەیەک لە مێژووم دا
ئێوارەیەک لە مێژووم دا

ئەحمەد بازگر

لەو‌ وە‌ختە‌وە،

ئێمە‌ ببووینە‌میوانی

ئە‌و دۆڵە‌ چۆڵ و حە‌ستە‌مە‌!

لەو‌ وە‌ختە‌وە‌،

لە‌ گە‌ڵ بارگە‌ی پێشمە‌رگە‌دا

ژیان ڕووی كردبووە‌ ئە‌و دۆڵە‌!

لە‌و وە‌ختە‌وە‌،

لقی شۆڕی دارە‌كا‌نی قە‌راغ ڕوبار

ببوونە‌ سێبە‌ری سە‌كۆی،

تازە‌ سازكراوی پێشمە‌رگە‌!

لە‌و وە‌ختە‌وە‌،

دوندی لووتكە‌ خۆی مە‌ڵاس دا بۆ چوارچمكی،

دۆشكە‌ی فێرە‌ قاقای ئە‌وین!

لە‌و وە‌ختە‌وە‌،

بناری شاخ،

هە‌واری نوێی لێهە‌ڵدرابوو،

ئە‌شكە‌وتە‌كان،

گیانیان لە‌ دە‌روون گە‌ڕابوو!

پە‌لە‌وە‌ر گە‌ڕابوونە‌وە‌

بۆ هێلانە‌ی

تێك سڕماو و هە‌ڵوە‌شاوی یادگاری كۆن!

شنە‌ی سروە‌ و بسكی داركە‌وت،

مژدە‌یان دە‌دا بە‌ یە‌ك و

گوڵ و گە‌ڵا

بە‌ كۆمە‌ڵ دە‌كە‌وتنە‌ سە‌ما!

لە‌و وە‌ختە‌وە‌،

ڕوبار تێگە‌ی

لە‌ ئاقاری باوی هە‌نگاوی ئێمە‌ دا

شل و كولە‌ و

قە‌وزی سە‌وزی فڕێدە‌دا!

چیای سە‌ركە‌شی ئە‌وبە‌ریش

بە‌ زریان دا

ڕای سپاردە‌ كێوی قە‌ندیل،

بە‌ بە‌فراوی لووتكە‌ی بڵێ،

ئە‌م بە‌هارە‌

لە‌م دۆڵە‌وە‌ بڕژێتە‌خوار!

تا بزانێ

لە‌و كاتە‌وە‌ قە‌ندیل هە‌یە

‌ڕە‌وە‌ز بە‌ ڕە‌وە‌زی شاخی،

ڕە‌فە‌ز بە‌ ڕە‌فە‌زی دۆڵی

مە‌تە‌رێز بووە‌ بۆ پێشمە‌رگە‌ و

تا ئە‌م ڕادە‌ نە‌یبینیوە‌

وە‌ك ڕێبوارانی ئە‌م ساڵی،

ڕوخساری نوێ،

ئاكاری نوێ،

تفە‌نگی نوێ و

ئامانجی بە‌رز لە‌ جە‌نگی نوێ!

بە‌ڵێ دروست لە‌و وە‌ختە‌وە‌

دە‌نگی ژیان

ڕە‌نگی ئە‌م مە‌ڵبە‌ندە‌ی گۆڕی!

هە‌ر بە‌ تە‌نیا

جاڵ جاڵووكە‌ باوی نە‌ما و

هە‌رچی داوی تە‌نراوی بوو

نە‌ما ئاسە‌واری تاری!

ئێوارە‌یە‌ك،

لە‌ پڕ ئاسمان ڕە‌ش هە‌ڵگە‌ڕا!

هە‌وری چڵكن

گە‌واڵ، گە‌واڵ

پاڵیان ڕێك دا و

شۆڕابە‌یان داهێشتە‌سە‌ر

هە‌موو ترۆپكی شاخە‌كان!

خۆر لە‌سە‌ر كە‌ل

بە‌ پە‌لە‌پە‌ل

گشت گزنگی خۆی هە‌ڵوێزنێ و

شۆڕ بۆوە‌ ئە‌و دیوی چیا!

شە‌و وە‌ك شە‌وە‌

پە‌لی كێشایە‌ ئە‌و دۆڵە‌!

هە‌ر هێندە‌ی چاوترووكانێك

بیست و سێ شاخ،

دایان بە‌ چۆكی خۆیان دا!

بیست و سێ كانی وشك بوو،

لە‌ پڕمە‌ی گریانیان دا!

بیست و سێ شوێن لە‌ عە‌رزی ڕە‌ق

لە‌ هە‌یبە‌تی

بیست و سێ تە‌رمی تازە‌ دا

قرچە‌ قرچیان كە‌وتە‌ لە‌شی!

سۆزی گە‌رمی بیست و سێ شیعر

شیعری هێشتا لە‌ دایك نە‌بوو،

دڕیان بە‌ سینگی ئاسمان دا!

وردە‌ شە‌پۆلی سە‌ر ڕوبار

گشتیان ئارامیان لێبڕا و

شێت و سە‌ركە‌ش،

بە‌ردە‌ لووساوكیان دە‌سمی!

ئاو هە‌ڵدێر چووهە‌تا بن گۆم،

هە‌واڵی گە‌یاندە‌ ماسی

بۆیە‌ ئە‌ویش،

پشت لە‌ چە‌م و ڕوو لە‌ئاسمان،

پڕ بە‌ ڕوبار فرمێسكی ڕشت!

دارە‌كانی قە‌راغ ڕوبار

كە‌ چاویان كە‌وت

بە‌ بیست و سێ نسێی خە‌وتوو

چنگیان خستە‌ ناو سە‌ریان و

هە‌موو پرچیان ڕنینە‌وە‌!

پە‌ڵە‌ بە‌پە‌ڵە‌ی كووزە‌ڵە‌ش

كە‌ هە‌ستیان كرد،

ئیتر ناچنە‌ ناو بابۆڵە‌ی

ئێوارانە‌ی، ئاشنایانی

بە‌هارە‌كە‌ی ئە‌مساڵە‌وە‌،

بە‌ پۆل ڕە‌گیان لە‌یە‌ك ئاڵا و

گیانیان بە‌خشی!

گوڵە‌جاڕی ئە‌و بنارە‌

كە‌ گوێ بیست بوون

ئیتر نابن بە‌ میوانی

نێو لێوانی

سە‌ر مێزی كار،

دڕوویان دا لە‌ ڕوومە‌ت و

سە‌ریان ناوە‌!

سە‌وزە‌ڵانی، وایدە‌زانی

ئیتر چی تر

بسكی ئاڵۆز و پە‌شێوی

ڕستە‌ فیشە‌ك شانە‌ی ناكا

زە‌رد هە‌ڵگە‌ڕا و پشووبڕ بوو!

بە‌ڵام هە‌یهات!

لە‌ ناو هاژەی زریان و ڕە‌شە‌بای

ئە‌و ئێوارە‌ ماتە‌مە‌ دا

لە‌ توێی دوو لێوی ساردبۆوە‌ی

نە‌ك دایكە‌ پێشمە‌رگە‌،

پێشمە‌رگە‌ی دایك،

فێنكایی پشووی هە‌ناسە‌

ئوخژنی دە‌خستە‌ گیانم!

لە‌ گە‌ڵ چك چكی سەعا‌تی

دە‌وری بیست و سێ مە‌چە‌كی سڕ

ئە‌و مە‌چە‌كە‌ ئازیزانە‌ی

لە‌ مە‌و بە‌دوا قامكە‌كانیان

قە‌ڵە‌می شووش،

پیتكە‌ی تفە‌نگ،

ڕانامووسن،

بە‌گوێی دڵم دە‌نگم دە‌بیست!

دە‌نگێكی وا

كە‌ زە‌نگوڵە‌ی بلاوێنێ

هە‌ڵی دە‌كردە‌ بای شە‌ماڵ

هە‌رچی تە‌م بوو،

هە‌رچی مژ بوو، هە‌رچی خە‌م بوو

بە‌رە‌و هە‌ڵدێری لە‌ناو چوون تلی دە‌دا!

دە‌نگێكی وا

كە‌ سۆزی دنیا تاوێنی

دە‌بوو بە‌ گڕ

هە‌ر شیتاڵە‌ی

هە‌ورە‌ بۆرە‌كە‌ی ئاسمانی

بە‌رە‌و پە‌سێوێ ڕاودە‌نا و

تیشكی خۆری یە‌خسیر دە‌كرد!

بە‌ گوێی دڵم دە‌نگم دە‌بیست!

دڵی من لە‌و دڵانە‌یە‌،

نە‌ك بە‌ تە‌نیا دە‌نگی دوێنێ و دە‌نگی ئێستا،

دە‌نگی سبەیش ئە‌مڕۆ دە‌بیە‌م!

دە‌نگە‌كە‌ی ئە‌و ئێوارە‌یە‌ش

دە‌نگی دواڕۆژی ڕە‌وتم بوو:

لە‌ دە‌روونما هە‌موو جیهان ببوە‌ نەغمە‌

ئە‌و جیهانە‌ی

داری قە‌راغ هیچ ڕوبارێ

لە‌ هە‌یبە‌تی

تە‌رمی ڕێبواری ژێر نسێی سە‌ری ناڕنێ!

پە‌لكی وە‌ریوی هیچ گوڵی،

لە‌ خوێنی خۆیا ناگە‌وزێ!

سە‌وزە‌ڵانی هیچ بنارێ

لە‌ پێخوستی پۆل پۆلی دڵداران نامۆ نییە‌!

ئە‌و جیهانە‌ی

فرمێسك باوی نە‌ماوە‌ و

بست بە‌ بستی تریقە‌ی قاقا و پێكە‌نینە‌!

ئە‌و ئێوارە‌ بە‌ گوێی دڵم دە‌نگم دە‌بیست!

لە‌ قە‌فە‌سە‌ی هە‌زاران كتێبخانە‌وە‌

لە‌ ناو دێڕی هە‌زاران كتێب

كتێبی ئە‌ستوور كە‌ نە‌سرە‌وتن

لە‌ ناویاندا شە‌پۆل دە‌دا!

لە‌ دە‌ربیجە‌ی

سە‌دان چیرۆكی عە‌شقە‌وە

لە‌ هە‌زاران

گە‌رووی بە‌ مە‌ڵحە‌می خۆشە‌ویستی ساڕێژ بۆوە‌،

دە‌نگی عە‌شقێكی زۆر پیرۆز

لە‌ دڵما دە‌لە‌رایە‌وە‌:

« لە‌سە‌ردە‌مێك

داسی مە‌رگ

گە‌ڕە‌ك، گە‌ڕە‌ك گە‌وزی دە‌گرت لە‌ سە‌ر و ملی نیوە‌گیان

زۆر گە‌ردنی بە‌رز هە‌بوون

داسی مە‌رگیان پێڕانە‌گا!

لە‌ سە‌ردە‌مێك،

ئامێزی دایك دە‌بوو بە‌ گۆڕیچە‌ی ساوا

ئامێزی زۆر دایك هە‌بوو

لە‌حە‌نایان

دێوە‌زمە‌ی مە‌رگ زراوی دە‌چوو!

لە‌ سە‌ردە‌مێك،

ڕە‌شە‌بای نە‌هاتی و ستە‌م

سە‌ری هە‌موو دارستانی

بە‌ودیو دا شۆڕ دە‌كردە‌وە‌،

زۆر نە‌مامی قایم هە‌بوون

پە‌لیان دە‌كرد بە‌ ناو چاویا و

ڕە‌شە‌ بایان لە‌گۆ دە‌خست!

لە‌ سە‌ردە‌مێك،

كۆشكی ئازار،

خشت بە‌ خشتی بە‌ژان و ئارە‌ق دە‌چوە‌ سە‌ر،

زۆر مە‌چە‌كی خڕ و پڕ بوون

لە‌ بێخە‌وە‌ بنكۆڵی بكە‌ن!»

سا ئە‌ی دە‌نگە‌ دڵگرە‌كە‌

لە‌ دە‌روونما بزرینگێوە‌!

تۆ لای‌لایە‌ی شە‌وانی كڕێوە‌ی زستانی

مناڵ بوونم

لە‌ سە‌ر ئامێزی دایكم نی

چاوی خە‌واڵوم لێكبنێی!

مۆسیقایە‌كی ئارام نی

بە‌ بیستنت ئۆقرە‌بگرم!

تۆ دڵبە‌رمی

منیش دڵدارێكی شە‌یدات!

هە‌تا زیاتر بێیە بە‌رگوێم

ئارامم زیاتر لێدە‌بڕێ!

تا زولاڵتر تۆ دە‌بیسم

زیاتر خە‌و لە‌ چاوم دە‌زڕێ!

سا ئە‌ی دە‌نگە‌ دڵگرە‌كە‌!

با ڕێگا هە‌وراز و كووڕ بێ،

با شە‌و سڕ بێ، دنیا كڕ بێ!

ئە‌و جیهانە‌ی تۆی لێوە‌ دێی

دڵبە‌ری هە‌موو ساتێكمە‌!

كوانێ باڵای بیگرمە‌ كۆڵ؟

كوا ئامێزی بمگرێتە‌ خۆ؟

گوڵانی 1367 یان بە‌هاری 1988 سلێمانی

لە‌ یادی هاوڕێیانی شە‌هیدی ئێوارە‌ی 5ی گوڵانی بۆمبارانی كیمیایی دۆڵی بۆتێ بە‌دە‌ست حكومە‌تی بە‌عس.


ئه‌م بابه‌ته 249 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:09:49:14/05/2021