ئایا ساتەوەختی ترامپ کۆتایی لیبڕاڵیزمە؟

ئایا ساتەوەختی ترامپ کۆتایی لیبڕاڵیزمە؟


ئایا ساتەوەختی ترامپ کۆتایی لیبڕاڵیزمە؟

یوواڵ نوا حەراری
و\ ئەردەڵان فەرەجی


مرۆڤ زۆرجاران بیری خۆی نەک لە سەر بنەمای ڕاستییەکان، ژمارە و یان خشتەکان، بەڵکوو لە سەر بنەمای چیرۆکێک ڕێک دەخات و تا چیرۆکەکە سادەتر بێت، قبووڵ کراوترە. ئەو چیرۆکەی کە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوو بە سەر ئێمەدا زاڵ بووە هەر ئەو شتەیە کە ڕەنگە بشێت ناوی بنێین لیبڕاڵیزم. ئەم چیرۆکە چیرۆکێکی سادە و سرنجڕاکێش بوو کە ئەمڕۆ بەرەو لەناچوون دەڕوات و تا ئێستاش چیرۆکێکی نوێ ئەم بۆشاییەی پڕ نەکردووەتەوە. لە بەرامبەردا دۆناڵد ترامپ سەری هەڵداوە

بە شێوەیەکی سادە، چیرۆکی لیبڕاڵ دەڵێت کە ئێمە بەرەو جیهانبوونێکی سیستەمە سیاسی و ئابوورییەکان دەڕۆین، بەهەشت لە سەر زەوی بنیات دەنێین، یان لانی کەم ئاشتی و ئاسوودەیی بۆ هەمووان دابین دەکەین. ئەم چیرۆکە، بە هەندێک جیاوازییەوە، هەم لە لایەن جۆرج دەبلیۆ بووشەوە و هەمیش لە لایەن باراک ئۆباماوە قبووڵ کرابوو و مژدەی ڕۆیشتنی مرۆڤایەتی بەرەو کۆمەڵگایەکی ئازاد بە بازاڕی ئازاد و قەوارەی سیاسی دێمۆکراتیکی دەدا

سیناریۆی ئەم چیرۆکە تا دێت بەرەو بێ ئیعتبار بوون دەچێت. ئەم دابەزینی متمانەییە بە قەیرانی ئابووری ساڵی ٢٠٠٨ وە دەستی پێکرد. ئەو خەڵکانەی کە لە دەیەکانی نەود و دوو هەزاردا وایان بیر دەکردەوە کە یاساکانی یارییەکە ئیزنی ئەوەیان پێ دەدات ئایندە و داهاتوویەکی باشتر بۆ خۆیان ڕێک بخەن، لەپڕ بە ترسەوە هەستیان کرد کە فریو دراون و سیستمەکان بۆ ئەوان کار ناکەن. بەهاری عەرەبی بوو بە زستانی ئیسلامی. ڕژیمە ستەمکارەکانی مۆسکۆ، ئانکارا و ئۆرشەلیم خەریکن لە پێناو بەرژەوەندی ناسیۆنالیزمی توندڕەو و توندڕەوی ئایینی دەستبەرداری بەهاکانی لیبراڵ_دێمۆکراسی دبن. تەنانەت لە سەنگەری سەرەکی لیبڕاڵیزم، خەڵکی ڕۆژئاوای ئۆرووپا سەرقاڵی پێداچوونەوە بەم چیرۆکەدان. لە ئێستادا شەپۆلێک لە بێ هیوایی ڕێی لە وڵاتی ئێمە کەوتووە. وڵاتە یەکگرتووەکان بە وتاربێژی و هەندێک جاریش بە هێزی چەک، جیهانی خستووەتە ژێر گوشاری چیرۆکی لیبڕاڵیزمەوە. هەندێک لە شارۆمەندانی ئەمریکایی کە لە بەڵێنە باق و بریقەکانی دەیان ساڵەی دەسەڵاتداران بێ هیوا بوون، لەم میانەی ترس و سەرسامی نوخبەی دەسەڵات ڕەنگە ڕێگەیان بۆ چوونی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆشکی سپی خۆش کردبێ.

بۆچی خەڵک متمانەیان بە چیرۆکی لیبڕاڵ نەماوە؟ وڵامێک ئەمەیە کە ئەم چیرۆکە لە ڕاسیتدا فریو بووە و لە جیاتی ئاشتی و ئاسوودەیی، لیبڕاڵیزم جگە لە توند و تیژی و هەژاری شتێکی تری بەرهەم نەهێناوە. هەڵبەت دەکرێت زۆر بە ئاسانی ئەم وڵامە ڕەت بکەینەوە. لە ڕوانگەی مێژووییەوە ئاشکرایە کە مرۆڤایەتی لە ئاشتەواییترین و خۆشگوزەرانترین سەردەمی مێژووی خۆی دا دەژیت. لە سەرەتاکانی سەدەی ٢١ بۆ یەکەمین جار لە مێژووی مرۆڤایەتی، خەڵکێکی زۆرتر لە زێدەخۆری دەمرن تا لە برسان، خەڵکێکی زۆرتر بە خۆکوژی دەمرن تا لە شەڕ و جینایەت و تیرۆریزم. (بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان)

وڵامێکی تر بۆ نەمانی متمانەی خەڵک بە چیرۆکی لیبڕاڵی دەکرێت ئەمە بێت کە خەڵک زۆرجاران بیر لە داهاتوویان دەکەنەوە تا دەسکەوتەکانی ڕابردوویان. کاتێک دەوترێت کە ئەوان بە ڕێژەی باووباپیرانیان لە قات و قڕی و تاعوون و شەڕ نامرن، خەڵک ئەم دەسکەوتانە ئەژمار ناکەن، بەڵکوو بیری قەرزەکانیان دەکەونەوە، بێ هیوایی و خەونە وەدی نەهاتووەکانیان بیر دێتەوە. کەسێک کە پیشەکەی (سەرچاوەی داهاتەکەی) بە داخرانی کارگە و کارخانەیەک لە دەست دەدات، ناتوانێت بەوە ئەرخەیان بێت کە ئیتر وەک ڕابردوو لە برسان، لە سیل و بە شەڕ نامرێت

کرێکارە بێکار کراوەکان مافی خۆیانە لە داهاتوو و ئایندەیان نیگەران بن. چیرۆکی لیبڕاڵ و لۆژیکی سەرمایەداری و بازاڕی ئازاد، وای کردووە لە خەڵک چاوەڕوانی گەورەیان بێت. لە بەشی دووەمی سەدەی بیستەم هەر جیلێک لە شارەکانی هۆستۆن، شانگهای، ئیستانبول و یان سائۆپائۆلۆ لە خوێندنی باشتر، چاودێری پزشکی باشتر و داهاتی ڕاستەقینەی زۆرتر لە دایک و باوکیان بەهەرەمەند بوون. بە پێچەوانە لە دەیەکانی داهاتوو بە لەبەرچاوگرتنی ئاوێتەیی کارەساتە ژینگەییەکان و دەستێوەردانی تەکنۆلۆژیای نوێ، نەوەی گەنج ئەگەر بتوانێت دۆخی ئێستای بپارێزێت شانسێکی گەورەی دەبێت. خەڵک لە کاتی ژیان کردن لە دۆخێکی بێ وێنەی ئاشتی و ئاسوودەیی، متمانەی خۆیان بەرامبەر بە تواناییەکانی سیستەم بۆ گەیشتن بە چاوەڕوانییەکانیان لە دەست دەدەن و لە داهاتوو بێ هیوا دەبن



ئەگەر یان وڵامی سێهەم ئەمەیە کە خەڵک کەمتر لە نوشست و گرفتە ماددییەکانیان و زیاتر لە دابەزینی هێزی سیاسی خۆیان نیگەرانن. شارۆمەندانی ئاسایی لە سەرتاسەری جیهان هەست دەکەن دەسەڵاتی سیاسیان لێ سەندراوەتەوە. لە کاتێکدا کۆمەڵێک وڵاتی زۆرتر بە ڕەوتی بە جیهانی بوونی سەرمایە، شمەک و زانیاری گیرۆدە دەبن، دەوڵەتەکانی لەندەن، ئاسینا، برازیلیا و تەنانەت واشینتۆنیش بۆ فۆڕم پێ دان بە داهاتووی وڵاتەکانی خۆیان کەم هێزتر دەبن. جگە لەوە بە ئەگەری زۆرەوە لە سەدەی ٢١ دا زۆێک لە کێشە گەورەکان، جیهانی و ناوچەیین و لە بەرامبەر ئەم کێشانەدا دامەزراوە سیاسی نەتەوەییەکانی بە میرات وەرگیراو لە سەدەی نۆزدەهەم ناتوانن وڵامدەرەوە بن

تەکنۆلۆژیا کێشەیە بۆ بازاڕی کار و هەڕەشەیەکی وێرانکەرە بۆ خەڵکی ئاسایی و دەوڵەتە نەتەوەییەکان. لە سەدەی نۆزدەهەم و بیستەمدا، پیێشکەوتن لە چوارچێوەی شۆڕشی پیشەسازی هاوکات بەرهەمهێنەری ترسیش بوو هەر لە کانەبەردەکانی خەڵووزی دیکێنزییەوە بگرە تا کێڵگەکانی تایەی کۆنگۆ و گەشەی بەرچاوی چین، بەڵام سیاسەتمەداران و شارۆمەندانی ئاسایی ئەو سەردەم هەوڵیان دەدا شەمەندەفەری پێشکەوتن لە سەر ڕێڕەوێکی کەم مەترسیدارترەوە ڕێ بکات. لە کاتێکدا تەکنۆلۆژیا لە گێڕی یەکەوە بۆ گێڕی چوار خێراییەکەی گۆڕیبوو، ڕەوتی خێرای سیاسەت لە سەردەمی مەکینەی هەڵمەوە گۆڕانێکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە. شۆڕشی تەکنۆلۆژی لە ئێستادا بەخێراییەکەی زۆرەوە لە سیاسەت تێدەپەڕن.  

ئێنتێرنێت دەرخەرێکی باشە بۆ دەرک پێکردنی ئەم جیاوازییەی نێوان تەکنۆلۆژی و سیاسەت. لە ئێستاداسۆشیال میدیا" بەشێکی گرنگی ژیان، ئابووری و ئاسایشی ئێمە پێک دێنێت. بەم حاڵەشەوە لە سەرەتای پێکهاتن، دیزاین و تایبەتەمەندییە بنەڕەتییەکانییەوە  بە داڵانی ڕەوتێکی سیاسی دێمۆکراتیک دا تێنەپەڕی. ئایا تا ئێستا دەربارەی فۆڕم و دیزاینی سۆشیال میدیا کەس دەنگی داوە؟ بڕیارە دەرکراوەکان لە لایەن دیزاینەرە سەرەتاییەکانی سۆشیال میدیاوە دۆخێکی لێ کەوتووەتەوە کە ئەمڕۆکە ئینتێرنێت بووەتە ناوچەیەکی ئازاد و بێ یاسا. ئەم گرفتە بووەتە هۆی کەم بوونەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتان، تێپەڕاندنی سنوورەکان، ئاڵوگۆڕی بازاڕی کار، بەزاندنی هەرێمی تاکەکەسی و تەنانەت بووەتە مەترسییەکی ئەمنییەتی جیهانی. دەوڵەتان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان باسی زۆریان دەربارەی پێداچوونەوە بە قەوارەی ئینتێرنێت دا دەکەن، بەڵام کیسەڵەی دەوڵەت ناتوانن بە کەروێشکی تەکنۆلۆژیا بگاتەوە.



لە دەیەکانی داهاتوودا، ئێمە ڕەنگە شۆڕشی هاوشێوەی ئینتێرنێت ببینین کە تێیدا تەکنۆلۆژی بێدەنگ و ڕەنگ زەبری زۆرتر لە سیاسەت بوەشێنێت. بۆ وێنە زیرەکی دەستکرد و بیۆتەکنۆلۆژی، نە تەنیا دەتوانێت کۆمەڵگاکان و ئابووری، بەڵکوو تەنانەت لەش و مێشکی ئێمەش بگۆڕن. بەمحاڵەشەوە ئەم بابەتە زۆر بە زەحمەت لە هەڵبژاردنەکانی ئێستای سەرۆک کۆماری ئەمریکا دێتە بەر باس. (لە یەکەم دیبەیتی کلینۆن-ترامپ باسەکە لەسەر کێشەی ئیمەیلەکان بوو، سەربارەی باس دەربارەی بێکاری، هیچ کام لە بەربژێرەکان باسیان لە پتانسیێڵی کاریگەری ئۆتۆماسیۆنەکان لە سەر بێکاری نەکرد.)

دەنگدەرە ئاساییەکان ڕەنگە زیرەکی دەستکرد دەرک پێ نەکەن، بەڵام ئەوان هەست دەکەن کە میکانیزمە دێمۆکراتیکەکان ئیتر هێزیان پێ نابەخشن. لە ڕاستیدا ئەم دەنگدەرانە، بۆرکراتیکەکانی برۆکسێل یان لۆبییەکانی واشینتۆن بە نوێنەری بڕیاردەر دەربارەی گرینگترین پرسەکانی خۆیان و منداڵەکانیان نازانن، بەڵکوو لە لایەن ئەندازیار، سەرۆکی کۆمپانیاکان و زانایانەوە ئەم بڕیارانە دەدرێت کە زۆر بە زەحمەت لە کارلێکەری بڕیارەکانیان تێدەگەن و نوێنەرایەتی کەسیش ناکەن. ئەم دەنگدەرانە چونکا ناتوانن بیانبینن و یان بیانکەنە بەردەنگی خۆیان، دەیانەوێت بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێت زەبر لەم سیستەمە بدەن. لە بریتانیا ئەم دەنگدەرانە پێیان وابوو هێز ڕەنگە بۆ یەکێتی ئۆرووپا گوازرابێتەوە و هەر بۆیەش دەنگیان بەبریکزیت" دا. لە وڵاتە یەکگرتووەکان ئەم دەنگدەرانە پێیان وابوو دەسەڵاتی قۆڕغ کراو لای نوخبەی دەسەڵاتە و سوور بوون لەوەی شەقێک لەم سیستەمە هەڵبدەن تا بیسەلمێنن کە هێشتا قسەیەکیان بۆ وتن هەیە. ترامپ گونجاوترین بەربژێرە بۆ ئەم کارەیە، ڕێک بەو هۆیەی کە بەربژێری ناوبراو بۆ نوخبەی دەسەڵاتی ئەمریکا قبووڵ کراو نییە. ئەو بۆ سەلماندنی ئەوەی هێشتا خەڵک دەسەڵاتیان هەیە، زۆر گونجاوە وەلەو ئەوەی کە لە ئاراستەی ئاژاوە و جەنجاڵیش دا بێت

ئەمە یەکەمجار نییە کە چیرۆکی لیبڕاڵیزم تووشی قەیرانی متمانەی گشتی دەبێتەوە. لەو کاتەوەی کە ئەم چیرۆکە بە جیهاندا بڵاو بوویەوە، لە نیوەی سەدەی نۆزدەهەمەوە چەندین جار ناچار بە قبووڵی قەیرانی سەردەمیانە بووە. یەکەم قۆناغی جیهانگیری بە ڕێبەڕی لیبڕاڵیزم حەمامی خوێنی جەنگی جیهانی یەکەمی لێکەوتەوە. کاتێک کە دوێلی ئیمپریالیستی لە شەڕی دەسەڵات ڕێگەی پێشکەوتنی جیهانی کورت کردەوە. ئەم ساتەوەختە دەکرێ ناوی بنێین ساتەوەختیفرانس فێردیناند". بەمحاڵەشەوە لیبڕاڵیزم بەهێزتر لە پێشوو بە چواردە خاڵەکەی ویلسۆن، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و خرۆشانی ئابووری دەیەی بیست لەم کێژاوە سامناکە بە سەلامەت دەرباز بوو

پاش ئەوە ساتەوەختە هیتلەر سەریهەڵدا، کاتێک کە لە دەیەی سی و سەرەتای دەیەی چل، فاشیزم بۆ خەڵکانێکی زۆر سەرنجڕاکێش بوو. فاشیزم، لیبڕاڵیزمی بە هۆی خراپەکاری لە هەڵبژاردنی سرووشتی (هێشتنەوە ئاشتی) و هۆکاری لێکترازانی مرۆڤایەتی، سەرزەنشت دەکرد. فاشیستەکان هۆشدارییان دادا کە ئەگەر بە هەموو مرۆڤەکان بەها و دەرفەتی یەکسان بۆ منداڵ خستنەوە بدرێت، هەڵبژاردنی سرووشتی دەوەستێت و مرۆڤە باشترەکان لە ئیقانووسێک لە مرۆڤە ئاساییەکان دا نوقم دەبن. هەر بۆیە پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بە جۆری مرۆڤی باشترەوە دەوەستێت و هەموو مرۆڤایەتی لەناو دەچێت. لە تێپەڕین لەم ساتەوەختە، لیبڕاڵیزم لە بەرامبەر فاشیزمدا نەرمی نواند.

لە نێوان دەیەکانی پەنجا و حەفتادا لیبڕاڵیزم لە لای چەپەوە لەگەڵ ساتەوەختیچ گیڤارا" بەرەوڕوو بوویەوە. لە کاتێکدا فاشیستەکان چیرۆکی لیبڕاڵیان بە نەرمەلیقە و ڕزیو هەڵدەسەنگاند، سۆسیالیستەکان، لیبڕاڵیزمیان بە بەخشینی گەڵای هەنجیر بە سیستەمە بێ بەزەیی، چەوسێنەر و ڕگەزپەرستانەکانی سەرمایەداری جیهانی تۆمەتبار دەکرد. بۆ سۆسیالیستەکان دەربڕینیئازادی" لە لایەن لیبڕاڵەکانەوە هاوتایە لەگەڵ داکۆکی لەخاوەندارییەتی"، داکۆکی لەمافی تاکەکەس"ی و هەموو ئەو شتانەی کە تاک پێی خۆشە، بە داکۆکیکاری پاراستنی مڵک و تایبەتمەندییەکانی چینی مامناوەند و باڵای کۆمەڵگا پێناسە دەکرێت. ئازادی هەڵبژاردنی خانوو لە کاتێک دا کە توانایی ماددی نییە بۆ کڕینی و یان ئازادی خوێندنی زانستگا لە کاتێکدا کە پارەی چوونت بۆی نییە، ئازادی سەفەر و گەشت لە کاتێکدا کە توانای کڕینی ئۆتۆمبیل بوونی نییە، چ تایبەمەندی و چ مانایەکی هەیە؟ خراپتر لەوە بە هاندانی خەڵک بۆ تاکگەرایی، لیبڕاڵیزم خەڵک لە یەکتر دوور دەخاتەوە و ئەگەری یەکگرتوو بوونیان دژی دەسەڵات و سیستەمە سەرکوتگەرەکان لە ناو دەبات. لە ئەنجام دا نابەرابەری لە کۆمەڵگادا ڕێکخراو و بەردەوام دەبێت

لەو ڕووەوەی کە لیبڕاڵیزم و سەرمایەداری دوو ڕووی یەک دراون، زۆرێک لەم ڕەخنانەی چەپ جەماوەری بوونەتەوە. لە کاتێک دا کە لیبڕاڵیزم لەگەڵ ئیمپراتۆری ڕەگەزپەرستانەی ئۆرووپایی پێناسە دەکرێت، بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەکان و دژە ئیستعمارییەکان لە سەرتاسەری جیهان چاویان لە مۆسکۆ و پێکەن بوو. لە ساڵی ١٩٧٠ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی ١٣٠ ئەندامی بوو و تەنیا ٣٩ ئەندامی لیبراڵ دێمۆکراسی بوون. دەسەڵاتە ئیستعمارییە کۆنەکان لەگەڵ لیبڕاڵ دێمۆکراسی بوونە یایەنی تایبەتی پیرە ئیمپریاڵیستە سپی پێستەکان کە شتێکی ئەوتۆیان بۆ پێشکەش کردن بە جیهان و تەنانەت گەنجەکانی خۆشیان نەبوو

لیبڕاڵ دێمۆکراتەکان بەگشتی لە لایەن چەکە ناوکییەکان دەربازیان بوو. بە پێی دۆکتۆرینیلەناوبردنی تەواوی بەرامبەرەکان"ی ناتۆ، چاوەڕوان دەکرا هێرشەکانی یەکێتی سۆڤییەت بە هێرشێکی ناوکی وڵام بدرابایەتەوە. لە پشت ئەم دۆکتۆرینە مەترسیدارە، لیبڕاڵ دێمۆکراسی و بازاڕی ئازاد توانیان لە دوایین سەنگەری خۆیان درێژە بە ژیان بدەن و خەڵکی ڕۆژئاوا دەرفەتی چێژ وەرگرتنیان لە شۆڕشە سێکسییەکانی دەیەی ٦٠، ماددە هۆشبەرەکان، ڕاک ئەند ڕۆڵ و هەروەها مەکینەی جلشۆرین و سەلاجە و فریزێر و تەلەفزیۆن پێ درا. بەبێ چەکی ناوکی، نە بیتێڵز، نە وودستاک و نە سوپرمارکێتەکانی لێوانلێو لە شمەک بوونیان نەدەبوو. لە ناوەڕاستەکانی دەیەی هەفتادا پێ دەچوو کە تەنانەت سەرەڕای چەکە ناوکییەکان، داهاتوو هی سۆسیالیزم بێت. لە مانگی ئاپریلی ١٩٧٥ خەڵکی سەرتاسەری جیهان لە تەلەفزیۆنەوە بینەری هەڵاتنی دوایین یانکییەکان بوون لە سەربانی باڵوێزخانەی ئەمریکاوە لە سایگۆن (پێتەختی وڵاتی ڤییەتنامی باشوور) و زۆرێک لەو بڕوایەدا بوون کە ئیمپراتۆری ئەمریکا بەرەو داڕمان دەڕوان.

لەڕاستی دا ئەمە کۆمۆنیزم بوو کە ڕووخا. لە دەیەی هەشتا و نەود، چیرۆکی لیبڕاڵیزم دیسانەوە لە زبڵدانی مێژووەوە خۆی هەڵکشاندە دەرەوە و هەوڵیدا خۆی خاوێن بکاتەوە و جیهان داگیر بکات. سۆپرمارکێتەکان سەلماندیان کە چەند ئەوندەی گولاگەکان (ئۆردووگای کاری زۆرەملی ڕووسیا) بەهێزترن، چیرۆکی لیبڕاڵیزم سەلماندی کە هێور و نەرم و خۆڕێکخەرترە لە هەموو نەیارەکانی. لیبڕاڵیزم بە ڕەچاوکردنی هەندێک لە باشترین بیرۆکەکانی ئەوان (لەوانە خوێندن و پەروەردەی خۆڕایی دەوڵەتی، پزیشکی و تەندروستی و خۆشگوزەرانی و ئاسوودەی بۆ جەماوەر) بە سەر ئیمپراتۆرییە کلاسیکەکانی فاشیزم و کۆمۆنیزمدا سەرکەوت. لە سەرەتاکانی دەیەی نەود، هەندێک لە بیرمەندان و سیاسەتمەدارەکانکۆتایی مێژوو "یان بە لێبڕاوییەوە ڕاگەیاند و ئیدیعای ئەوەیان کرد کە هەموو پرسیارە گەورە سیاسی و ئابوورییەکانی ڕابردوویان وڵام داوەتەوە و تەنیا چیرۆکی لیبڕاڵ بە بازاڕی ئازاد، مافی مرۆڤ و دێمۆکراسییەکەیەتی کە بەسەر جیهاندا حوکم دەکات.

بەڵام مێژووی کۆتایی پێ نەهات و پاش ساتەوەختی فرانس فێردیناند، هیلتەر و چ گیڤارا، ئێمە خۆمان لە ساتەوەختی ترامپدا بینییەوە. لە ئێستادا، چیرۆکی لیبڕاڵ خۆی لە بەرامبەر ڕکابەرێکدا کە خاوەنی ئایدۆلۆژییەکی یەکگرتووی وەک ئیمپریالیزم، فاشیزم و کۆمۆنیزم نابینێتەوە. ساتەوەختی ترامپ گاڵتەجاڕییەکی نهیلیستییە (nihilistic).  دۆناڵد ترامپ هیچ ئایدۆلۆژیایەکی نییە، وەک ئەو خەڵکانەی کە دەنگیان بە بریکزیت دا لە بەریتانیا کە هیچ بەرنامەیەکیان بۆ ئەو بریتانیایەی کە شەقی تێکەوتووە، نییە

لە لایەکەوە، ڕەنگە ئەمە دەرخەری قەیرانێکی کەم هێزتر بێت لەچاو باقی قەیرانەکانی ڕابردوو و لە کۆتایی ئەم خولەشدا، خەڵک دەستبەرداری چیرۆکی لیبڕاڵی نەبن، چونکا ئەوان هیچ چیرۆکێکیان بۆ جێگرەوەی نییە. ئەوان ڕەنگە لەڕووی تووڕەییەوە زەبر لەم سیستەمە بوەشێنن، بەڵام شوێنکی دیکەیان نییە و سەرەنجام بگەڕێنەوە سەر چیرۆکی لیبڕاڵ

بەڵام ئەگەرێکی دیکەش بوونی هەیە کە گەڕانەوە بۆ دواوەوەیە. خەڵک بۆ دۆزینەوەی شوێنێک بۆ حەوانەوە، پەنا دەبەنەوە بەر چیرۆکەکانی ڕابردوو و لەوانە چیرۆکی ناسیۆنالیزم و یان چیرۆکی ئایینی کە لە سەدەی ٢٠ دا پەراوێز خرابوو، بەڵام هەرگیز بە تەواوی دەستبەرداری نەببوون. بەدڵنیاییەوە ئەم دیاردەیە لە هەندێک شوێن و لەوانە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تێیدا توندئاژۆیی و بناژۆخوازی ئایینی ڕوو لە زیاد بوونە، هاتووەتە ئاراوە. بەمحاڵەشەوە لەگەڵ هەموو ژاوەژاو و تووڕەییەک کە هەیانە، بزووتنەوەگەلی هاوشێوەی دەوڵەتی ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک جێگرەوەیەکی جیددی بۆ چیرۆکی لیبڕاڵیزم نین، چونکا ئەوان هیچ وڵامێکیان بۆ پرسیارە گەورەکانی سەردەمی ئێمە نییە

ئەو کێشە و گرفتانەی کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە داهاتوودا لەگەڵیان بەرەوڕوو دەبێتەوە دەکرێت ئاوا دەست نیشان بکرێن؛ کاتێک کە زیرەکی دەسکرد لە زۆر بواردا پێش کاریگەری زیرەکی مرۆڤ کەوتووە لە بازاڕی کاردا، چی ڕوودەدا؟ کاریگەری سیاسی چینی بێکەڵک کەوتووی ئابووری چی دەبێت؟ پێوەندی مرۆیی و خێزانی چ ئاڵوگۆڕێکی بە سەردا دێت؟ کاتێک کە بە تەکنۆلۆژیای نانۆ (nano) وپزیشکی زیندووکەرەوە" وای لێ دێت هەشتا ساڵەیی دەبێتە پەنجا ساڵەیی ئەمڕۆ، چی بە سەر سندووقی پاشەکەوتی خانەنشینی دێت؟ کاتێک مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگەی بایۆتەکنۆلۆژی دەتوانێت کۆرپەلەکانی خۆی دیزاین بکات (designer babies) و گەورەترین کەلەبەری نێوان هەژار و دەوڵەمەند ڕێکبخات، کۆمەڵگای مرۆیی چی بە سەر دێت؟ زەحمەتە وڵامی ئەم پرسیارانە لە ئینجیل و قوئاندا بدۆزینەوە. ئیسلامی ڕادیکاڵ، یەهوودی ئۆرتۆدۆکس و یان مەسحییەتی بناژۆخواز ڕەنگە مزگێنییەکی دڵنیایی بەخش بن بۆ تۆفانی تەکنۆلۆژیای جیهانی، بەڵام بۆ تێپەڕین لە سۆنامی سەدەی ٢١، ئێوە پێویستان بە نەخشەڕێیەکی باش و سۆکانێکی بەهێز هەیە.

ئەم بڕیارانە بۆ دروشم گەلی وەکدیسانەوە سەروەری ئەمریکا بگەڕێنینەوە" و یانوڵاتەکەمان بدەنەوە"ش ڕاستە. تۆ دەتوانی دیوارێک لە بەرامبەر کۆچبەرە مەکزیکییەکاندا هەڵبچنی، بەڵام ناتواننی دیوارێک بۆ پارێزگاری کردن لە گەرم بوونی زەوی دروست بکەی. ئێوە دەتوانن ڤێست مینسترا لە بروکسێڵ داببڕن، بەڵام ناتوانن شاری لەندەن لە ڕەوتی ئابووری جیهان داببڕن. ئەگەر خەڵک لە ئەنجامی بێ هیوایی، پەنا بەرنە بەر شوناسخوازی نەتەوەیی و ئایینی، سیستەمی جیهانی بە ئاسانی لە بەرامبەر گۆڕانی کەش و هەوا، قەیرانی ئابووری و ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی سەرچاوەگرتوو لە تەکنۆلۆژیای نوێ، زەبری وێ دەکەوێت و دەڕووخێت. چیرۆکە نەتەوەییەکانی سەدەی نۆزدە و ئیمانی سەدەکانی ناوەڕاست نە لە کێشەکە تێدەگەن و نەش ڕێگەچارەیەکیان بۆی هەیە.

نوخبە توقیوەکان لەبریکزیت" و سەرهەڵدانی ترامپ، هیوادارن کە جەماوەر بگەڕێنەوە بۆ عەقڵی سەلیم و چیرۆکی لیبڕاڵ. بەڵام لە ئێستادا وا وێ دەچێت تێپەڕین لە قەیرانی چیرۆکی لیبڕاڵ، زەحمەتتر بێت. دوو هۆکاری یەکگرتووی چیرۆکی لیبڕاڵ کە بریتین لە؛ ئەخلاقی لیبڕاڵی و ئابووری کاپیتاڵیستی، کە بناغەی یەکڕیزی چیرۆکی لیبڕاڵ بوون، لە ئێستادا لە بەردەم هەڵوەشانەوەدان. چیرۆکی لیبڕاڵ لە سەدی بیستەمدا زۆر سرنجڕاکێش بوو چونکا بە خەڵک و دەسەڵاتدارانی دەوت کە پێویست بە هەڵبژاردن لە نێوان هەوڵی ئەخلاقی و هەوڵی زیرەک نییە. داکۆکی لە ئازادییەکان پێویستی ئەخلاقییە و هەمیش پێش مەرجی گەشەی ئابووری. بریتانیا، فەڕانسە و ئەمریکا ئیدیعای ئەوە دەکەن بە هۆی لیبڕاڵیزە کردنی ئابووری و کۆمەڵگاکانی خۆیانەوە، خاوەن خۆشگوزەرانی و ئاسوودەییەکی بەرزن. ئەگەر تورکیا، بڕێزیل و چین دەیانەوێت هەر بەم ڕێژەیە کۆمەڵگایەکی خۆشگوزەرانیان هەبێت، ئەوانیش دەبێت ئەو کارە بکەن. هەڵبەت مەبەستی زۆرینەی بابەتەکان ئەگۆمێنتی ئابووری بوو نەک ئەخلاقی، کە دیکتاتۆر و ستەمکارەکانی بەرەو لیبڕاڵیزم هان دەدا

سەرەڕای ئەمەش لە سەدی ٢١دا چیرۆکی لیبڕاڵ هیچ وڵامێکی ئەوتۆی بۆ گەورترین چالێنجەکانی بەردەممان نەبوو. بۆ وێنە گەرم بوونی گۆی زەوی و ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتییەکانی سەرچاوەگرتوو لە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا. پارێزگاری کردن لە ئازادی مرۆڤەکان ڕەنگە لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە ڕێگە پێدراو بێت، بەڵام ئایا تەنیا پشت بەستن بە ئەرگۆمێنتە ئەخلاقییەکان تەواوە لە کاتێکدا خەڵک گرینگی خۆیان بە ئۆلگاریتم و ڕۆبۆتەکان دەدۆڕێنن؟ لە کاتێکدا ئەم کارە سوودێکی ئابووری بۆ ئەوان نییە، ئایا نوخبەکان و دەوڵەتەکان پارێزگاری لە ئازادی و داواکاری دانە بە دانەیان داکۆکی دەکەن؟ خەڵک بە دروست لە داهاتووی خۆیان دەترسن. تەنانەت ئەگەر دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری شکست بخوات، میلیۆنان ئەمریکایی هەستی وشیاریان پێیان دەڵێت کە ئیتر سیستەم کار بۆ ئەوان ناکات و بە ئەگەری زۆرەوە ئەم هەستەیان ڕاستە

گرینگ نییە کە لە مانگی نوامبەر دا کێ سەردەکەوێت، ئەرکمان دەبێت چیرۆکێکی نوێ بۆ جیهان دابڕێژین. هەروا کە پاش شۆڕشی پیشەسازی و گۆڕانکارییە گەورەکانی سەدەی ٢٠ کۆمەڵێک ئایدۆلۆژی نوێ لە دایک بوون، هەرواش شۆڕشەکانی داهاتووی بیۆتەکنۆلۆژی و زانیاری پێویستیان بە ڕامانی نوێ هەیە

لە کتێبیهۆمۆ دیوس، کورتەیەک لە مێژووی داهاتوو" من بەدووی یەکێک لەو ئایدۆلۆژییە نوێیانەدا دەگەڕێم کە هەر ئێستا لەسیلیکۆن والی" لە ئارادایە. ئەگەر چیرۆکی لیبڕاڵ بەڵێنی ڕزگاری مرۆڤی لە ڕێگەی بە جیهانی بوون و لیبڕاڵیزاسیۆن دەدا، ئەوا ئایدۆلۆژییەکی نوێ بەناویگێڕانەوەی-مێتا" (meta­narrative)، بەڵێنی ڕزگاری مرۆڤ لە ڕێگەیئۆلگاریتمی زانیارییە کەڵەکە بووەکان" (Big Data) دەدات. بە لەبەرچاوگرتنی زانیارییە کەڵەکەبووەکان و هێزی بەرزی لێکدانەوەی کامپیۆتێر، ئۆلگاریتمە دیجیتاڵەکان تێگەیشتنێکی باشتریان لە دەروون و خواستەکانی مرۆڤ دەبێت. لەو کاتەدا دەسەڵاتی مرۆیی بۆ ئۆلگاریتمەکان دەگۆڕدرێت و هەڵبژاردنی دێمۆکراتیک و بازاڕی ئازاد و هەروەها دیکتاتۆرە پاوانخوازەکان و ئایەتوڵڵا مێشک ڕەق و وشکەکان وەک چەقۆ و چەخماخی سەردەمی چاخە بەردینەکان بێ ڕەواج دەبن.

ئێمە پێشووتر بستبوومان پسپۆڕان بەڵێنی ئەوە دەدەن لە بوارەکانی خوێندن و پەروەردە کەڵک لە ئۆلگاریتمەکان وەردەگرن (ڕاهێنەریزیرەکی دەسکرد" بۆ هەر قوتابییەک). چارەسەری قەڵەوی (لە ڕێگەی موبایلە زیرەکەکانەوە کە ژەم و جۆری خواردنەکانتان بە بەردەوامی وەبیر دێنێتەوە)، کەم کردنەوەی ڕێژەی غازە گوڵخانەییەکان لە ڕێگەی ئینتێرنێتی هەموو شتێک (internet of things). هەموو ئەم بیرۆکانە لێکەوتەی گەورە و بەرفراوانی دەبێت، هەر لە بێ مەترسییەوە بگرە تا ترسانک و تەنانەت تۆقێنەریش. من بەگومانم لەوەی مێشکەسیلیکۆن والی" یەکان بە ڕاستی بیرێکیان لە لێ کەوتەکانی بیرۆکە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان کردبێتەوە. تەنیا خاڵی بەهێزیان ئەوەیە کە بە شێوەیەکی نوێ بیر دەکەنەوە. کاتێک مرۆڤ توانایی خۆی بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانکارییە خێراکانی دەورووبەری لە دەست دەدات و هاوکاتیش چیرۆکە کۆنەکە دادەڕووخێ، لە هەموو کات خێراتر پێویستی بە شێوازە نوێکانی بیر کردنەوە دەبێت. لە ئێستادا ئێمە هێشتا لە ساتەوەختی بێ هیوایی نیهیلیستی و تووڕەییداین کە خەڵک متمانەی خۆی بە چیرۆکە کۆنەکە لە دەست دەدات، بەڵام چیرۆکی نوێ لە ئاسۆ دەرنەکەوتووە، دەکرێت ئەم دیاردەیە ناو بێین ساتەوەختی ترامپ

سەرچاوە؛ 

https://www.newyorker.com/

https://www.youtube.com/watch?v=XOmQqBX6Dn4

*ئەم وتارە ساڵی ٢٠١٦ مانگێک بەر لە هەڵبژاردنەکانی خولی پێشووی ئەمریکا لە ماڵپەڕی نیویورکێر بڵاو کرایەوە


ئه‌م بابه‌ته 698 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:06:51:24/01/2021