بە پێی ڕاگەیەنراوی ئاماری ئێران، ڕێژەی هەڵاوسانی ١٢ مانگی ڕابردووی گەیشتۆتە ٤٠٪٠٤
ئەم نرخە لە چاو مانگی ڕابردوو نزیکەی ٣٪ بەرز بۆتەوە.
بە پێی شاخسەکانی نرخی شمەک و خزمەتگوزارییەکان بنەماڵە ئێرانییەکان کە لە لایەن ئەم ناوەندەوە بڵاو کراوەتەوە، دۆخانیات و سیگار ١٢٣ ٪ بەرز بۆتەوە.
گرووپە خۆرادن و خواردنەوەییەکان، مۆبل و پێداویستییەکانی ماڵ و هەروەها گەشت و سەیران و چالاکییە کولتورییەکان لەو گرووپانەن کە لە چاو ساڵی ڕابردوو زۆرترین بەرزبوونەوەیان تۆمار کردووە.
لە گرووپی گشتی "خواردن و خواردنەوە و سیگار” زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخ لە چاو مانگی ڕابردوو (جۆزەردان) تایبەتە بە هێلکە، ماست و شیر.
بەرزبوونەوەی نرخی شمەکەکان لە ساڵی ڕابردووە و هاوکات دابەزینی نرخی تمەن و گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی توندتر بۆتەوە کە ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی کە دۆخی ژیانی خەڵکی ئێران بەرەو خرابپتر بوون بچێت.
کۆتاییەکانی نەورۆزی ساڵی پار ١٣٩٧، نرخی هەر ١ کیلۆ گۆشتی مەڕ بە ئێسقانەوە نزیکەی ٤٩ هەزار تمەن بوو کە لەم ساڵدا بۆ سەروو ١٠٠ هەزار تمەن بەرزبوویەوە.
نرخی بەرزی ٤٠٪ هەڵاوسان لە مانگی پووشپەڕدا لە کاتێکدا ڕاگەیەنراوە کرێ ماڵ و نرخی کڕینی زەووی و خانووبەرە لە چاو ساڵی پار زۆر بەرزبۆتەوە.
حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتبووی کە؛ بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی ڕێگاو بان و شارسازی لە بەشی نیشتەجێ بوون و کرێ بە شێوەی مام ناوەند لە تاران کرێ خانوو ٣٠٪ بەرز بۆتەوە کە ئەم ژمارەیە هیوا بەخشە، هەڵبەت دڵخواز نییە، بەڵام بە هاوتا کردنی لەگەڵ باقی ئەو نرخانەی کە ڕادەگەیەنرێت، جیاوازی زۆری هەیە.
ئەوە وا دەکات کە خاوەنماڵەکان وایان بۆ باشتر بێت کە بە هۆی دابەزینی نرخی سوودی بانکی لە جیاتی رەهنی تەواو، کرێی زۆرتر وەربگرن.
بە پێی ئامارە ڕەسمییەکان، زیاتر لە ٦ میلیۆن بنەماڵە واتە ٢٦٪ خێزانە ئێرانییەکان کرێ نشینن.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو نرخی تمەن بۆ ژێر ١١ هەزار تمەن بەرز بۆتەوە، بەڵام ئەم بەرزبوونەوەی نرخی تمەنە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر کەم کردنەوەی نرخی شمەک و کرێ خانوو نەبووە.
سندووقی نێونەتەوەیی دراوی جیهانی دەڵێت کە قورس بوونەوەی گەمارۆ نەوتییەکانی ئەمریکا دژی ئێران هەڵاوسان لەمساڵدا بۆ سەروو ٥٠٪ دادەبەزێت.
ڕێژەی هەڵاوسان لە سوومالی بەر گۆڕانکارییە سیاسییەکان ٥٧٪ ڕاگەیەنرا.
هەر ئەم سندووقە لە ڕاپۆرتێکدا نرخی گەشەی ئابووری ئێران لە ساڵی ٢٠١٩دا ـ٦٪ پێشبینی دەکات.
ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سامانە سەرزەمینی و ژێرزەمینییەکان، بەڵام سیاسەتی چەوت و هەڵە و دزی و تاڵان و تەرخان کردنی سەروەتی خەڵکی ئێران بۆ پرۆژە شەڕەنگێزی و ئاژاوەگێڕییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و لە جیهان، ئەم ڕۆژ ڕەشییەی تووشی خەڵکی ئێران کردووە.
ئهم بابهته 2435
جار خوێنراوهتهوه