ئاوڕدانەوەیەک لە ڕەهەندەکانی شۆڕشی ژینا

ئاوڕدانەوەیەک لە ڕەهەندەکانی شۆڕشی ژینا



ن
ووسەر/ کاردۆ میری


خەبات لە پێناو ئازادی بۆ خۆی وشیاری بۆ جەماوەر دەستەبەر ناکات چونکە کۆمەڵانی خەڵک بەردەوام لەژێر هەژموونیی ئایدۆلۆژیای حاکماندان. بۆ بەگژداچوونەوەی وەها دۆخێک و دوورگرتن لە شکست، پێویستە لە دەروونناسیی جەماوەردا بەدوای ڕەگ و ڕیشەکانیدا بگەڕێین. بیروباوەڕ و بەهاکان کۆمەڵێک وەهم و خەیاڵ نین و بۆخۆیان هێزێکی سیاسی یەکگرتوو پێکدێنن. پێش ئەوەی جەماوەری شۆڕشگێڕ پەنا بۆ هێز ببات بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی دەسەڵاتدار، دەبێت ئەو دەسەڵاتە لە ڕووخساری ڕۆحی و مانای خۆی داماڵێ و هەژموونەکەی پووچەڵ بکرێتەوە و لە شوێنیدا دژە هەژموونێکی جیاواز کە لەسەر بنەمای بەها و بیروباوەڕی جیاواز دامەزراوە، دابنرێت. گواستنەوەی کۆمەڵگا بۆ ئازادی، ڕووداوێک یان زنجیرەیەک ڕووداو نییە، بەڵکو پرۆسەیە و بەو پێیەش مێکانیسمی تایبەت و کاتی پێویستە.

بۆ ئەم لێکدانەوەش پێویستە تێگەیشتنێک لە چەمکی سەرەتایی "خەڵک" بەدەستەوە بدرێ. کۆمەڵانی خەڵک بریتین لەوانەی کە لە کایەی گشتیدا خۆیان بەرهەم دێنن و خۆیان لە قاڵب دەدەن و بە دەربڕینێکی ڕوون خۆیان بە "خەڵک" ناودەبەن و بە ئەکتی سیاسی-کۆمەڵایەتی پێگەی دیاریکراو مسۆگەر دەکەن. ئەوان خۆیان پێناسەی کردارەکانی خۆیان دەکەن؛ "خەڵک" لە فۆرمەتێکی سیاسیدا هێزی سەربەخۆن بەرانبەر هەر دەسەڵاتێکی ڕەها و پاوەنخواز. سەربەخۆن لە هێماکانی حکومەت و نوێنەرایەتی فرەیی و فرەچەشنی دەکەن لە ڕەگەز، ئایین و نەتەوەدا. "خەڵک" بە بوونی خۆیان لە شەقامدا جێبەجێکاری سەروەریی جەماوەری و ئەکتی سیاسین. بەم جۆرە "خەلک" سەربەخۆیی خۆی لە ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان ڕادەگەیەنێت و لە پانتایی سیاسەتدا خۆی پێناسە دەکات.

کوشتنی ژینا دوای دەستگیرکردنی لەلایەن "گەشتی ئیرشاد"ەوە خاڵی وەرچەخان بوو لە پڕۆسەی تێپەڕاندنی دۆخێکی نەخوازراودا و هەروەها ڕەوتی خەباتێک کە چەندین دەیە لە بەرانبەر دەسەڵاتی داپڵۆسێنەری کۆماری ئیسلامیدا بە شێوازی جۆراوجۆر لە ئارادا بووە. ئەم قۆناغەی ناڕەزایەتی سەرتاسەری ناتوانرێت لە پرسی ژن و حیجابی زۆرەملێدا کورت بکرێتەوە، بەڵکو بە ڕاشکاویی دژایەتی بۆ تەواوی ئایدۆلۆژیای حکومەتی دەرخست. چەند هێزێک ڕۆڵیان هەیە لە وروژاندنی ئەو ناڕەزایەتیانە، کە دەتوانرێت ڕوون بکرێتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێ. لە هەموویان کاریگەرتر، خەڵک و هێزە سیاسییەکانی کورد بوون کە بە ئەزموونی خەباتی چەندین ساڵەیان، وەک داینامۆ و بزوێنەری ئەم شۆڕشە دەرکەوتن. بەو چەشنەش دەسەڵاتیان خستە بەردەم بزووتنەوەیەکی تەواو و چاوەڕواننەکراو کە بە زووترین کات لە سنوورەکانی کوردستان تێپەڕی و لە فۆرمی شۆڕشێکی سەرانسەریدا خۆی پێناسە کرد.

دەیان خواست و داخوازی ڕەوای خەڵک کە بە درێژایی ساڵەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ناخ و زەینی جەماوەردا کەڵەکە ببوو و پەنگی خواردبۆوە. ئەو داویانەی نە تەنها بێ وەڵام مابوونەوە بەڵکوو هەمووکات و لە ڕاپەڕینەکانی پێشوودا بە توندترین و دڕندانەترین شێواز سەرکوت کرابوون. ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتدار کە بڕیار بوو دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و کۆمەڵگایەکی بێ چینایەتی و حکومەتی چەوساوەکان بهێنێتە ئاراوە، ئەمڕۆ لە ژێر ئاڵای ئاییندا جۆرەها نایەکسانی و نادادپەروەری و هەژاریی بەسەر خەڵکدا سەپاندووە. حکومەتێک کە پێداگری لەسەر گەرەنتیکردنی شەرعیەتی خۆی دەکات نەک بە پشتبەستن بە دەسەڵاتی گەلەکەی بەڵکو بە ئاماژەدان بە بنەچەیەکی پیرۆز و ئیلاهی، تەنیا بێزاری گشتی بەرامبەر بە "بابەتی پیرۆز"پەرە پێداوە. ئەو جیاکاری و سەرکوتکردنانەی کە بە ناوی ئایینەوە دژ بە نەتەوە و مەرام و ئایینەکانی دیکە کراون، باری لایەنی نەرێنی هۆکارەکانیان قورستر کردووە.

هەموو جۆرە ئایدۆلۆژیایەکی ناسیۆنالیستی و مەزهەبی لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا بەشێک لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیان بە گوتاری خەباتی دژە ئیمپریالیستی یەکخست، تا پرسی حیجابی زۆرەملێی ژنان چووە خانەی ئەوەی پێ دەگوترا "بەرژەوەندی یەکێتی نەتەوەیی". بەڵام ئەمڕۆ، بە سەپاندنی "کۆلۆنیالیزم لە سنوورەکاندا" بەسەر زۆرینەی خەڵکدا، هێشتا ئاگایی گشتیی لە گەشەکردندایە. مەبەست لە دیاردەی " کۆلۆنیالیزمی نێو سنوور " هەمان ئەو سیاسەتەیە کە ڕۆژانە هەڕەشە لە ژیانی ئابووری و سیاسی کۆمەڵانی خەڵک دەکات بۆ قازانجی تاقمێکی دیکە. سیاسەتێک کە هەندێک بە "هاوڵاتی" و هەندێکی تریش بە "ناهاوڵاتی" دەزانێت، سیاسەتێک کە بەردەوامی و بوونەکەی پشت بە دوورخستنەوەی زۆرینەی خەڵک لە ناوەندەکانی ئابووری و سیاسی دەبەستێت بۆ گەرەنتی کردنی بەرژەوەندییەکانی مافیای دەسەڵات.

ژینا هێمای تێپەڕاندن و گۆڕینی دۆخێکی پڕ لە سووکایەتی تەواوە. بە بێ ئەوەی بزانێت پێنج پێکهاتەی گرنگ و تێکەڵاوی سیستەمی سەرکوتی سیستماتیکی ئەمڕۆی کۆمەڵگای نمایش کرد: یەکەم: ژن بوو. دوو: بە بیانووی حیجابەوە دەستگیرکرا. سێیەم: کاتێک لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کرابوو، بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە کراو و لێیدرابوو. چوارەم: خەڵکی یەکێک لە بێبەشترین و چەوسێنراوەترین ناوچەکان واتا کوردستان بوو، دواجاریش دوای مردنی، ماشێنی سەرکوت ڕووی کردە سازکردنی سیناریۆ و بڵاوکردنەوەی درۆ بۆ پاساودانەوە.

ژینا ژن بوو، ئێمەش کە لە ژێر سایەی سیستەمی بە پیرۆزکراودا ژیاوین، دەزانین کە ژن بوون لەم سیستەمەدا خۆی لە خۆیدا زەلیلکەر و کەمتر نییە لە جوولەکە بوون لە ئەڵمانیای نازیدا. حیجاب یەکێک لە یەکەم ئامرازەکانی سەرکوتکردن و زەلیلکردنی ژنان بوو هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری ئاخوندەکانەوە. دوایەش بە ڕوونی دەرکەوت کە مەبەست لەم حیجابە پاراستنی کەرامەتی ژنان و ئاکاری کۆمەڵگا نیە. چۆن دەتوانین کەرامەتی کەسێک بپارێزین بە ناچارکردنی کارێک کە حەزی لێی نییە بەڵکوو یەکێک لە کۆڵەکەکانی سەپاندنی هەژمونی و دەسەڵاتی ڕژیم بوو.

مەرگی ژینا دڕندەیی سیستماتیکی پۆلیس و هێزەکانی جێبەجێکاری یاسای دژەمرۆڤی ڕژیمی نیشان دا. جگە لەمانە، نوێنەری خەڵکی پەراوێزخراوی ئەم کۆمەڵگایەش بوو؛ کوردستان؛ شوێنێک کە کۆلبەراران و کوشتنیان بە تاوانی هەوڵدان بۆ دەستخستنی پاروو نانێک بیردەخاتەوە. هەر هاوڵاتییەک کە تووشی لانیکەم یەکێک لەم دۆخە نەخوازراوانە هاتبێت، هاوسۆزى لەگەڵ ژینادا هەیە: ئەو ژنانەی تەنها لەبەر ڕەگەزەکەیان هەراسان دەکرێن، کچانێک کە چەندین جار تامی ئازاردانی گەشتی ئیڕشادیان کردووە. ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی کە بەهۆی دژایەتی کردنی سیستەمی حکومەتەوە سەروکاریان لەگەڵ پۆلیس بووە، دەستگیرکراون یان ڕوانەی زیندانەکان کراون، زۆر باش دەزانن لەوێ چی دەکەن بۆ سووکایەتی و شکاندنی کەرامەتی ئینسان. سیستەمێک لەسەر بنەمای درۆ و گەندەڵی کە هەر شتێک دەکات بۆ پاساودانی خۆی و لە کۆتاییدا، زۆرێک لە هاوڵاتییان کە بەهۆی ئەم دۆخە، ڕۆژانە زیاتر و زیاتر پەراوێز دەخرێن و بە کەمترین هەژمار دەکرێن، سووکایەتیی گشتی، هاودەنگی و هاوسۆزی لە نێو خەڵکدا دروست کرد، کە هەموو لە تەوژمی تووڕەیی ڕۆژانی شۆڕشی ژینادا توانیمان بیبینین.

کوشتنی ژینا هەنگاوێکی دیکە بوو بۆ ئاساییکردنەوەی خراپەکاری. بەڵام ئەنجامێکی تەواو پێچەوانەی بەدەستەوە دا. سووتاندنی لەچکە وەڵامێک بوو بۆ ئەم سووکایەتی کردنە سیستماتیکە. دەرئەنجامی فەرمانکردن بە خواوەندی شەستەکان بۆ گەڕانەوە بۆ سەر شەقامەکان و سەرکوتکردن، خرۆشانێکی گشتی چاوەڕواننەکراو بوو.

دوو تەوەری سەرەکی کە ناڕەزایەتییەکان لە دەوری پێکهاتبوون بریتین لە: ناڕەزایەتی بەرانبەر حیجابی زۆرەملێ و دڕندەیی پۆلیس. یەکەمیان هەڵگری داواکارییە بۆ ئازادی و دووەمیان داوای گەڕانەوەی کەرامەتی پێشێلکراوە. هەردوو ئەم فاکتەرانە لە ژیانی سیاسیدا بوونیان نەبوو. بەڵام هەردووکیان لە نزیکەی هەموو دروشمەکانی ئەم بزووتنەوەیەدا ئامادەیییەکی ڕوون و بەرچاویان هەیە. "ژن، ژیان، ئازادی" دیارترینیانە. ئەم دروشمە ئەوە دەردەخات کە بەشێکی زۆری ئەم کۆمەڵگایە لە کۆماری ئیسلامی تێپەڕیون.

تەوژمی ناڕەزایەتییەکان بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە داواکاری گۆڕانکاری بنەڕەتی بەهێز و جیددییە. دۆخی حکومەت و کۆمەڵگای ئەمڕۆ لە ئێراندا دەتوانرێت بە تێکەڵەی بەردەوام لە توانا و خواست ڕوون بکرێتەوە: حکومەت دەیەوێت بەڵام چیتر ناتوانێت. کۆمەڵگا دەیەوێت، بەڵام هێشتا دەبێ بەردەوام بێت. حکومەت دەیەوێت کۆمەڵگا بکاتە ئەو ڕەنگەی کە خۆی دەیەوێت، بەڵام شەرعیەتی لەدەست داوە و بە ئاشکرا تەنها پشتی بە هێز و توندوتیژی تەواو بەستووە. لەگەڵ هەر شەپۆلێکی ناڕەزایەتیدا، ئارەزووی ڕزگاری زیاتر مومکین دەبێت. لە کۆتاییدا گۆڕانی کاتێک ڕوودەدات کە سیستەمی سەرکوتکردن لەیەکتر هەڵوەشێتەوە؛ بابەتێک کە واوێدەچێ بە لەبەرچاوگرتنی ئازایەتی نەوەی نوێ و لاوازی حکومەت زیاتر لە پێشوو مومکین بێت.

ڕەگەز و نەتەوەی ژینا دوو هۆکار و فاکتەری کاریگەرن لەم شۆڕشەدا. ڕاستە گەلی کورد کە ئەزموونی زیاتری لە بواری خەباتی کۆمەڵایەتیدا هەیە، بووە پێشەنگی بزووتنەوەکە، بە ڵام سەرەڕای ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە، پێوەندیی گشتیی ناڕەزایەتییەکان، داواکارییەک دەخاتە کارنامەی ناڕەزایەتییەکان کە بریتییە لە بەرزکردنەوەی بۆ ئاستی ناڕەزایەتی دژ بە سەرلەبەری سیستەم و ویست و داواکاریی بۆ ڕووخانی ڕژیم بە جۆرێک کە بەشداریی و هاوپشتیی هه موو نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیشی بەدواوە بوو. ئەوەش یانێ تێکشکانی ئەو فەزایەی کە لەم ساڵانەی دواییدا زیانێکی زۆری بە یەکڕیزی گەلانی ئێران گەیاندبوو و ببووە هۆی دروستبوونی هەموو جۆرە ئایدۆلۆژیایەکی "پان"، کە وەک "ناسیۆنالیزم"ی ناوەندگەرا دەبنە بەربەست و پێش بە ڕێگاکانی دەربازبوون لەم دۆخە دەگرن.

ڕاپه ڕینی ئێستا، هەرچەندە به هۆی پێکهاته و تایبه تمەندییەکانیەوە، دەشێ له بازنەی نوێی ناڕەزایه تییەکانی پێشوودا پۆلین بکرێ، بەڵام لاپەڕەیەکی نوێ و ناوازەیه له مێژووی هاوچەڕخی ناڕەزاییەکان له کۆمەڵگای ئێراندا. پێکهاتە هێزی چالاک، بەردەوامیی ڕاپەڕینی سەرتاسەری، بیرۆکە و بەها نوێیەکان ، ترانسناسیۆنالیزەکردنی بزووتنەوەکە، بەکارهێنانی تاکتیکی فرەچەشن، پێکهێنانی پێیوەندیی سەقامگیری نێوان ئەتنیکەکان، بەشداریی گرووپی ڕێکخراوەیی و سەندیکایی لە ناڕەزایەتییەکاندا، چالاکیی سایبێری شوێن دانەر، گۆڕانکاری لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی سەرپێچی کردنی مەدەنی وەک مانگرتن، بەشداریکردنی گروپە جیاوازە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکان لە کرداری دەربڕینی ناڕەزایەتیدا، ڕاکێشانی سەرنجی جیهانی و سەرنجی میدیای جیهانی، زیادبوون و بەردەوامی گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی و هاوکاتیی هەموو ئەم هۆکارانە و بێگومان ڕەهەندی جوانیناسانەی ناڕەزایەتییەکان، نموونەن بۆ سەلماندنی ئەم ئیدیعایە.

زۆرینەی ڕەهای تێکۆشەرانی بزووتنەوەکانی ئێستا، نە چاوەڕێی بۆمبهاوێژە ئەمریکاییەکانن، نە مرۆڤدۆستانی شەڕخواز ، هەروەها نە بەدوای سیمبولێکی تاک وەک پادشاوەن، نە سەرۆک کۆمارێکی خۆسەپێن. ڕاستگۆیی بانگەشەکەرانی ئۆپۆزسیۆن پەیوەستە بە ڕۆڵی ئەوانەوە وەک لایەنگر و هاوەڵ نەک خۆسەپاندنی خۆبەخۆ. درێژەدان و بەردەوامیی بزووتنەوەکانی ئێستا، وتەبێژەکانی خۆی بەرهەم دێنێ و ئەوانەی پێیان لەسەر زەمینەی واقیعە هەبووەکانە، بە چارەسەری کردەیی دژە نەزمێکی هەنووکەیی لە قاڵب دەدەن. تاکە بەڵێن، تاکە دەرهاویشتەی ژیانبەخش، کە توانای ڕاگرتنی ڕەوتە وێرانکەرەکانی ئێستای هەیە، بەردەوامبوون و بەرزکردنەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە، لەم چوارچێوەیەدا ژینا ئیتر هێمای ژیان نییە، بەڵکو خودی ژیانە.







ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:06:56:08/09/2023