ساڵوەگەڕی ژینا، خاڵی تۆقینی دەسەڵات یان هیوای ناڕازییەکان

ساڵوەگەڕی ژینا، خاڵی تۆقینی دەسەڵات یان هیوای ناڕازییەکان


سامان ریشەساحێب

بزووتنەوەی ژینا ژیلەمۆی تووڕەیی و بێزاری تەنیوی نێو نەوەیەکە کە بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هاتە مەیدانەوە.

پێشەکی:

مەرگی ژینا ئەمینی، کچە کوردێکی ژیکەڵانەی خەڵکی شاری سەقز کە لە سەر دەرکەوتنی چەند تاڵ لە پرچی لە لایەن گەشتی ئێرشادەوە بە شێوەیەکی وەحشیانە گیانی لە دەست دا، بووە هۆی ئاگری خۆڵەمێش و هەڵگیرسانی ئاخێزێکی بەرین دژ بە کۆماری ئیسلامی کە لەمێژووی ئێران بێ وێنەیە. شۆڕشی ژینا تێپەڕی لە بزووتنەوە ناوبەناوەکانی شەقامەکان و تابۆکانی هەرچی زووتر شکاند و بووە کەڵە بزووتنەوەیەکی سەرانسەری و تا ئاستی شۆڕش هاتووە.

ئاخێزێک کە بە هۆی بوونی بەرچاوی ژنان و لاوان بە درووشمی ژن،ژیان، ئازادی و کوردستان چاو چرای ئێران و ئەسڵی نیزام ئامانجە، توانی پردی نێوان ئیتنیک و رەگەزەکان بشکێنێ و بە گشتگیر بوونی، پشتیوانیەکی بێ وێنە و رای گشتی بە لای خۆیدا رابکێشێ کە لە چاو بزووتنەوەی سەوز و ئاخێزەکانی بەفرانباری 96 و خەزڵوەری 98ی هەتاوی بێ وێنە و جیاواز بوو.

لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران، هاودەنگ و یەکدەست دژ بە داگیرکەر راوەستان و دەنگی ناڕەزایەتی خۆیانیان بەرز کردەوە. ئەوان ورەی خۆیانیان بۆ نەمانی حکومەتی ئیسلامی ئێران روونتر لە جاران و لە سەر شەقامەکان بە شانۆ کێشا و کچان و کوڕانی ئازادیخواز نیشانیان دا کە لە "تۆپ، تانک و موسەلسەل" هیچ باکێکیان نییە و بۆ رزگاری وڵات گیان لە سەر دەست هاتنە مەیدان.

خاڵی سەرەکی جیاوازی ئاخێزی شۆڕشگێرانەی ئەم یەک ساڵەی رابردوو لە گەڵ بزووتنەوەکانی پێشتر، درووشمە تابۆشکێنەکان بوو کە لە لایەن خەڵکەوە دەوترانەوە، لەم ئاخێزەدا کە دوای کوشتنی بە ئەنقەستی حکومەتی ژینا سەری هەڵدا، هەر زۆر بە خێرایی چوارسنووری وڵاتی تەنی و ئیتر داخوازییەک لە سەر چاکسازی ئیداری یان ناڕەزایەتی دژ بە بەنزین و شت و مەک نەبوو، بەڵکوو جەماوەر هەر لە سەرەتاوە مەرگ بۆ دیکتاتۆر و نەمانی کۆماری ئیسلامیان بانگەواز و خوازیار کرد. درووشمەکان تا ئەوپەڕی لابردنی حکومەت پێشیان گرت و داوکارییەکان بە خێرایی گۆڕانی بەسەر هات و جەماوەر خوازییاری هاتنەسەرکای حکومەتێکی سێکۆلار و لائیک_یان کرد.

رەمزی ژینا سەرهەڵدان و راوەستانی ژنی ئێرانی لە بەرامبەر رژیمی دواکەوتوو و بەشێک لە کۆمەڵگای پیاوسالارانەیە کە هێشتا ناتوانێ ئەو راستەیە قبۆڵ بکات کە ژن و پیاو یەکسانن. ناتوانێ یەکڕیزی و دەست لە نێو دەست نان، سروود سەرهەڵدان، سەماکردن و وتنەوەی هاوکاتی درووشمی ژن، ژیان، ئازادی کچان و کوڕانی لاو و خوێندەوار و بە گشتی داخوازییەکانی نەوەی نوێی کۆمەڵگا هەست پێ بکات و فارس گوتەنی "حەلاجی"یان بکات. ئەو نەوەیەی کە توانی کەڵک وەرگرێ لە جوانیەکانی ژیان و هەڵسەنگاندنی لە گەڵ وڵاتە ئازاد و دیمۆکراتیەکان و گەشە بکات و جۆرێکی دیکە لە ژن، ژیان، ئازادی بکاتەی هێمای ژیانی داهاتووی.

بە درێژای مێژوو خەڵک بە شێوەگەلی جۆراوجۆر خەباتیان کردووە، هیچ هەنگاوێک بێ لەمپەڕ نییە و هیچ دەربازبوونێکیش لە رووبار بە بێ تەڕ بوون نابێت، کەسێک هەنگاو لە رێگا هەڵدەگرێ پێی لە بەرد دەکەوێ و رەنگە رێگاکەش بە هەڵە بڕوات، بەڵام گرینگ گەڕانەوە و رەخنەگرتنە لە پڕۆسەکە و دۆزینەوەی رێگای ئاسۆ روونترە بۆ هەنگاوی دواتر.

رژیمی خوێن مژ، گۆڕستانەکانی بەربڵاوتر کرد، گۆڕ غەریب و بێ ناونیشانەکانی کە بوونە هۆی رەنج و ئازاری دایکان و باوکانی ئەم وڵاتەی وەکوو برینێکی تاڵ و قورس لە کلتوری ئیسلامی خۆی گونجاند. سەرەڕای هەموو ئەم نەهامەتیانە بەڵام، ئەمە خەڵکە هەر ماون و راوەستاون، زیندوو لە سیمای رۆلەکانی خۆیان کە بەهەزاران ئاواتیان هەبووە لەو بارودۆخە دژوار و هەژاریە رۆڵەکانیان پێبگەیێن و هیچ درێغیەکیان لێ نەکەن.

خاڵەکان:

لە دەستکەوتەکانی ئەم راپەرینە جەماوەرییە دەتوانین ئاماژە بە بەردەوامی یەکگرتوویی و هاوئاهەنگی لە نێوان نەتەوەکان و هەموو چین و تویژەکان بکەین کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەموو کات لێی ترساوە.

خاڵێکی دیکەی راپەرینی ۱٤۰۱، زەق بوونەوە و ئاشکرابوونی ئەو هەموو زۆڵم و چەوساندنەوەی دژ بە ژنان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران بوو روو بە دونیای دەرەوە و تارادەیەکی زۆر چەمکی لەچکی زۆرە ملێ کاڵ بووەتەوە و مەسئەلەی ژن بووە بە واقێعێکی ئەمر.

بابەتی شووناس و نەتەوە لەم راپەڕینە سەر لە نوێ بووە داخوازییەکی رەوا، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە ئاکسیۆنە جەماوەرییەکانی وڵاتان لە پاڵ ئاڵای نەتەوەکانی دیکە سەلمێنەری ئەو راستەیە بوو کە کورد فاکتەرێکی زۆر بە هێز و سەرەکییە لەهەر ئاڵوگۆڕێک کە دواتر دێتە ئاراوە لە ئێرانی دوای نەمانی رژیمی کۆماری ئیسلامی.

لە تایبەمەندییەکانی دیکەی ئەم راپەڕینە دەتوانین بەشداری و پشتیوانی بێ وێنەی هونەرمەندان و کەسایەتییە ناسراوەکانی کۆمەڵگای ئێران و تەنانەت دەرەوەی ئێرانیش ئاماژە پێ بدەین.

پشتیوانی وڵاتان و سیاسەتوانانی رۆژئاوایی لەم قۆناغە و لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ئێران و راپەڕینە جەماوەرییەکەی خاڵێکی وەچەرخانی گەورە بوو کە رۆژانە زۆرتر و فراوانتر دەبێت و رای گشتی لێ ئاگادارە و روماڵی رووداوەکان دەکەن.

کوردستان:

کوردستان نیشتمانی ژینا ئەمینی و مەکۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دوای یەک ساڵ لە سەرهەڵدانی راپەڕین، لە بەرامبەر تووندترین سەرکووت و ترس و رەشبگیری وەستاوە، لە بزووتنەوەی ژینا هەر لە سەرەتاوە کەرەستەی سەرکووتیان لە پێش گرت، هەر چەند "سەرکووت" وڵامی سەرەتایی و پیشەی هەمیشەیی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە دژ بە هەر جۆرە جوڵەیەک، داخوازی و ناڕەزایەتییەک لە کوردستان.

سەرکوتکردن تەنیا بە مانای ئازار و کوشتنی دڕندانەی خەڵکی بێ تاوان نییە، بەڵکوو رژیم دەیهەوێ ترسێکی قووڵ لە نێو کۆمەڵگادا بخولقێنێ. تەنانەت ئەوانەی وا بە ناڕەزایەتییەکانیش پەیوەست نەبوون لەمەو بەدوا بێ بەری نابن و ئەوانیش بە شێوەگەلی جۆراوجۆر دەبنە قوربانی ئەو فەزا پڕ لە هەڕەشەیە و دەکەونە بەر هێرشی داگیرکەر. بە نزیک بوونەوە لە ساڵوەگەری کوشتنی حکومەتی "ژینا ئەمینی" و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی سەرانسەری، گوشارەکان بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و بنەماڵەی گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا بە شێوەیەکی بێ وێنە زۆر بووە.

هێزە ئینتزامی و فەرماندەکانی بەسیج رۆژی دووشەممە ٦ی خەرمانان لە شاری سنە کۆبوونەوەیەکی ئەمنییان گرتووە کە سێ ساعەتی خایاندبوو و لە ناوەڕۆکی ئەم کۆبونەوەیە هیچ زانیاریەک له بەر دەستدا نییە. بارودۆخی شارەکانی کوردستان زۆر ئەمنیەتی کراوە و شارەکان میلیتاریزە دەکرێن، لە برێک لە شەقامی شارەکان دیوار و سەنگەری بەردی دانراون، هەڕەشە لە کاسبکاران و دوکانداران کراوە کە نابێت پەیوەست بن بە مانگرتن. بە گشتی له ماوەی هەشت مانگدا زیاتر لە ۷۰۰ کەس لە شارەکانی کوردستان دەستبەسەر کراون.

ئەو کاولکارییانە و کردارە دواکەوتووانەی رژیم لەم رۆژانەدا، لە پاڵ میلیتاریزەکردنی گشتی فەزای شارە کوردنشینەکان، بەشێک لە پڕۆژەی سەرکووت و ترس خولقێنەری کۆماری ئیسلامیە. وەک دەیەی شەستەکان لە دەروازی هاتنەژوورەوە سەیترە و تەفتیشیان داناوە. بە ناو مۆبایل و کەرەستەی شەخسی خەڵک دەگەڕێن، کۆڵان بە کۆڵان بە دەنگی حەیدەر حەیدەر و مەرگ بۆ مونافق دسوڕێنەوە و ماڵی خەڵکی ئاسایی بە بێ ئیزن وەرگرتن دەگەڕێن.

ئەوان کوردستان بە "سەری" بزووتنەوەکە دەزانن و دەیانهەوێ بە هەر تێچویەک بۆیان بکرێت ئەم دەنگە کپ بکەن. بەڵام ئەمجار کوردستان بووەتە قیبلەی یەکدەنگی سەرانسەری و چارەنووسی زوڵملێکراوانی لەم نیشتمانە، پێکەوە گرێ داوە. ئەستەمە بتوانن وەک رابردوو بە بێ دەنگی ریشە و بناغەی ناڕەزایەتییەکان و راپەڕین لە کوردستان و سەرتاسەری ئێران وشک بکەن.

کۆتایی:

راستیەک لێرەدا هەیە، کۆمەڵگای ئێران هیچکات ناگەڕێتەوە بۆ پێش شۆڕشی ژینا، رژیم تازە ناتوانێت خەیاڵی دامەزراندنی تاڵبانیزم کردنی کۆمەڵگا ببینێت و بزووتنەوەکانی سەرشەقام قۆناغێکی دیکەی بڕیوە و بووەتە کەرەستەی ( بردنە ژێرپرسیاری) ئەسڵی نیزام.

دوای چووار دەیە لە حاکمیەتی دژە مرۆڤی کۆماری ئیسلامی ئێران، خەڵکی کوردستان بە هەمان ئیرادەی پێشوو و سەرەتای راپەڕینی گەلانی ئێران، زیاتر لە جاران نافەرمانی مەدەنییان کردوەتە کەرەستەیەکی بەهێز دژ بە رژیم. سەرەڕای ئەو هەمووە رووداو و کارەساتە دڵتەزێنانە کە بەسەریان هاتووە و ئێستاش بەردەوامە، بەڵام ئێستاش هەر کوردستان لە پێش چاوی دونیا پێشەنگ، سەنگەری خۆراگری و بەرگری ئازادیخوازانی ئێرانە و تازە خەڵکی کورد بوونەتە شۆڕشگێڕانی پێشڕەوی شۆڕشی ژینا.

گرینگ ئەوەیە، ئێستا، هەموو دونیا دەنگی کورد و هاواریان دەبیستن و ناتوانن چیدیکە گوێ کپ بن. مێژوو دەلێت: هیچ رژیمێک، حکومەتێک نەیتوانیوە بە زۆرە ملێ، دیکتاتۆریەتی، لە سێدارەدان، گرتن، ئەشکەنجەدان درێژە بە مانەوی خۆی بدات. ئەوە هێز و ورەی جەماوەر و چینەکانن کە دواڕۆژ چارەنووسی وڵات دیاری دەکەن. بێگومان ئەم رژیمە مرۆڤ کوژە هەر دەڕوا و سەرکەوتن بۆ ئەو کەسانەیە کە بەبێ راڕایی بەرامبەری وەستان و پێشڕەوی ئاخێزەکەن.

٢٥ی خەرمانان دەرفەتێکی نوێیە بۆ سەرهەڵدانەوەی سەرلەنوێی بزووتنەوەکە، چەسپاندن و فراوانترکردنی دەستکەوتەکان و بە شانۆ کێشاندنی درێژەی ئاخێزەکەیە، لەم قۆناغەدا، دەبێت خاڵەگرینگەکان و ئەرزشە سیاسیەکان لە بەرچاو بگیردرێت. لە تۆی پڕۆسەیەکدا دەتوانین بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی بە ئامانجەکانی بگەیێنین و ئەم بابەتە کورت خایەن نیە و یەک شەوە ناگات بە سەرکەوتنی هەمیشەیی. لەم روانگەوە ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی قۆناغێکی دیکەی بەرەوروبوونەوەی حکومەت و خەڵکە و رەمزی سەرکەوتن پشوو درێژی وبەردەوام بوونی ئەم بزووتنەوەیە، جگە لە پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانی رژیم، خەڵکی راپەڕیو پێویستیان بە هەنگاوی پۆزەتیف و دوورگرتن لە هەڵەکانی رابردووە بە خوێندنەوە لە سەر خەسارناسی چالاکییەکانی رابردوو.








ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:16:07/09/2023