ئێکۆسایدی ژینگەی کوردستان، بەنداوی کانی سێو وەک نموونە

ئێکۆسایدی ژینگەی کوردستان، بەنداوی کانی سێو وەک نموونە



کاردۆ میری

بیرۆکەی ناساندنی تاوانی ئیکۆساید وەک تاوانێکی نێودەوڵەتی بۆ یەکەمجار لە دەیەی حەفتای سەدەی ڕابردوودا پێشنیارکرا. سەرەڕای ئەمەش، ئەم بیرۆکە سەوزە نەیتوانی ببێتە نۆرمێکی تاوانکاریی نێودەوڵەتی، ئەویش بەهۆی دژایەتی هەندێک حکومەتی زلهێز و ملنەدانی کۆمپانیا بازرگانییە گەورەکان و ئەو ڕاستییەی کە گوتاری گەشەسەندنی ئابووری بەسەر گوتاری مافە ژینگەییەکاندا زاڵ بوو. لە کاتی داڕشتنی یاسای دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا (1998)، تەنها "ئیکۆسایدی جەنگ" وەک یەکێک لە نموونەکانی تاوانەکانی جەنگ بە تاوان ناسرا، کە هەروەها لەگەڵ چەندین مەرج و سنووردارکردندا دەهات، بەجۆرێک کە بە کردەوە، لێپێچینەوە و دادگایی کردنی تاوانبارانی ئیکۆساید نزیکە لە مەحاڵ. دەرئەنجامی ئەمەش بێ سزا مانەوەی ئەنجامدەرانی ئیکۆسایدە لە هەموو جیهان و بەردەوامبوونی هەنگاو بە هەنگاوی لەناوچوونی ژینگە و سەرچاوەکانی ژیانە. بۆ کۆتایی هێنان بەم بێ یاساییە ژینگەییە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئیکۆساید لە کاتی ئاشتیدا و ئاساییدا، وەک توندترین و گرنگترین تاوانی ژینگەیی بزانێت و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم تاوانە بخاتە ژێر دەسەڵاتی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان.

لە ئێستادا تەنها لە یەک مادەی یاسانامەی ڕۆم دا ئاماژەیەکی ڕوون بە زیانگەیاندن بە ژینگە هەیە سەبارەت بە تاوانەکانی شەڕ. لە ماددەی هەشتەمی ئەم یاسانامەیەدا ئەم کارانەی خوارەوە بە تاوان دەناسرێن: "ئەنجامدانی هێرش بە ئەنقەست بەو زانیارییەی کە هێرشێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ژیان یان زیان بە هاوڵاتیانی مەدەنی یان زیانگەیاندن بە ئامانجە مەدەنییەکان یان زیانێکی بەرفراوان و درێژخایەن و توند بە ژینگە."

لە ساڵی ٢٠١٠ پارێزەرێکی بواری ژینگە بە ناوی پۆلی هیگینز پێشنیاری کرد کە یاسای ڕۆم هەموار بکرێتەوە بۆ ئەوەی تاوانی زیان گەیاندن بە ژینگە بگرێتەوە. ئەم پێشنیازە پێشکەش بە کۆمیسیۆنی یاسای نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا کە بەپێی ئەرکی خۆی بەرپرسیارە لە پێشخستنی پەرەپێدانی یاسای نێودەوڵەتی. خاتوو پۆلی هیگینز لەم پێشنیارەدا پێناسەی ئیکۆسایدی بەم شێوەیە کردووە: "زیانی بەرفراوان، لەناوچوون یان لەدەستدانی ئیکۆسیستەمی ناوچەیەکی دیاریکراو، جا بە هۆکار و بە دەستی مرۆڤ بێت یان هەر هۆکارێکی دیکە، تا ئەو ڕادەیەی کە سوودوەرگرتنی ئاشتیانەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە تووشی کەمبوونەوە و کێشە بکات."

لە دیسامبری ساڵی ٢٠١٩ لە هەژدەهەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی دەوڵەتانی ئەندام لە یاسانامەی ڕۆمدا، هەردوو حکومەتی سەربەخۆی ڤانواتو و ماڵدیڤ لە لێدوانە فەرمییەکانیاندا داوایان کرد ئیکۆساید بە یاسانامەی ڕۆم زیاد بکرێ. تاوانەکانی دیکە کە لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوونی بۆ دەکرێ بریتین لە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ، جینۆساید و تاوانی دەستدرێژی.

لە ئێستادا زیاتر لە هەموو سەردەمێکی تر گرنگیی ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکان وەک فاکتەرێکی دەستنیشانکەری دواڕۆژی نەتەوەکان دەخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە و سەرنج دەخرێتە سەر ڕۆڵی ئەم سەرچاوانە لە هاوکێشە ستراتژیکەکاندا. کوردستان لە بەرهۆکاری ژئۆپۆلیتیکی و هەڵکەوتەی جۆگرافی خۆی و بە سەرنجدان بەوەی نەتەوەیەکی بندەست و داگیرکراوە و لە ڕیزی میللەتانی بێ دەوڵەتدایە بە شێوازێکی نائاسایی و نهێنی و زۆر جاریش تەنانەت بە ئاشکرا ژیان و خاک و ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکانی بە شێوەی پلان داێژراو تووشی مەترسی و خەسار و لەناچوون دەبێ. سەبارەت بەو پڕۆژانەی لەسەر ئاستی وڵاتێکی دیاریکراو گەڵاڵە دەکرێ و دەچنە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە پێویستە پێشوەخت زانیاری ورد و پوخت بدرێتە ڕای گشتی و بەتایبەت خەڵکی ئەو ناوچانەی ژیان و ئابووری و ژینگەیان ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەم چەشنە پڕۆژانەوە. واتا مافی دەستڕاگەیشتنی خەڵک بە زانیاری ژینگەیی مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ بەشداریکردنی کاریگەرانەی گشتیی لە بڕیارەکانی دەسەڵات و چاوەدێریی چالاکییەکانی حکومی و کەرتی تایبەت.

دەرئەنجامە زیانبارەکانی لەناوبردنی ژینگە، گرنگیی زانیاری بە وەخت و تەواو بۆ هەڵبژاردنی هۆشیارانەی بژاردەکان دەردەخات. لەم بارەوە بەڵگەنامە یاساییە نێودەوڵەتییەکان مافی مرۆڤ، ئازادی زانیاری و ئەرکی ئاگادارکردنەوەی جەماوەر لە لایەن حکومەتەکانەوە لەخۆدەگرێت. لەم پێوەندییەدا، لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسیەکان، جاڕنامەی ماف، میساقی ئەفریقا بۆ ماف و ئەرکەکانی گەلان و بەتایبەت پەیماننامەی ئارهوس (١٩٩٨)، دەستڕاگەیشتن بە زانیاری وەک مافێکی دان پێدانراو جەختی لەسەر کراوەتەوە. پێویستی بە یاسانەکراوی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری زیاتر لە بواری ژینگەدا بووەتە هۆی پێکهێنانی ڕێککەوتننامەی ئارهوس. بەڵام ئایا یاسای بڵاوکردنەوە و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ئازاد دەتوانێت پێداویستییەکانی خەڵک سەبارەت بە پرسە ژینگەییەکان بە شێوەیەک دابین بکات کە لە ڕێککەوتننامەی ئارهوسدا ڕەنگدانەوەی بووە؟ دەرئەنجامەکان ئەوە دەردەخەن کە یاسای بڵاوکردنەوە و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ئازاد، بە هۆی قەدەغەکردنی زۆر لەسەر پێدانی زانیاری بە بیانووی جۆراوجۆر و لەژێر ناونیشانی "نهێنی" دا، وەڵامدەری نیگەرانیی کۆمەڵگا نیە لە سەردەمی تەقینەوەی زانیاریدا.

پرۆژەی بەنداوی کانی سێو و هەڵکەندنی تۆنێلێک بۆ گواستنەوەی ئاو لەم بەنداوەوە بۆ گۆلی ورمێ بە درێژیی ٣٥ کیلۆمیتر بە ڕواڵەت بە ئامانجی بووژانەوەی دووبارەی گۆلی ورمێ پێناسە کراوە و چووە فازی جێبەجێکردنەوە. لێرەدا مەبەست خستنە سەر باس و لێکۆڵینەوەی هۆکارەکانی وشکبوونی گۆلی ورمێ نیە، بەڵام بە کورتی سیاستە هەڵەکانی ساڵانی پێشوو هۆکاری دامودەزگاکانی ڕژێم هۆکاری سەرەکی ئەو کیشەیەن لەوانە: گەرمبوونی ڕێژەیی پلەی گەرما، درووستکردنی لە ڕادەبەدەری بەنداو لە سەر ڕووبارەکان، کەڵک وەرگرتنی زۆر لە ئاو بە مەبەستی کشتوکاڵ، درووستکردنی ڕێگای پەڕینەوە لە سەر گۆلەکە و چەندین سیاسەتی نەشیاوی دیکە.

بە پێی ئامانجی دیاریکراوی ئەم پلانە، دەبێ ساڵانە بارستای ٦٢٣ ملیۆن میتری سێجا ئاو لە بەنداوی کانی سێوەوە بەرەو گۆلی ورمێ بەڕ بکرێ و بەم شێوازە هەوڵی بوژاندنەوەی گۆلەکە بدرێ. پلانەکە لە سێ پرۆژە پێک دێت:

١. بەنداوی کانی سێو

٢. بەنداوی بادیناوێ و کاناڵی گواستنەوەی ئاو بۆ پشت بەنداوی کانی سێو

٣. تۆنێلی گواستنەوەی ئاوی بەنداوی کانی سێو

٤. کاناڵی سەرئاواڵەی نەغەدە بۆ گۆلی ورمێ

نمایەک لە شوێنی پڕۆژە

بەنداوی کانی سێو لە جۆری بەنداوی خاکی بە کرۆکی گڵەسوورە (clay core) کە لە بەری خوارەوەی گوندەکانی گرداشەوان، ڕێکاوێ، کاسەکەران و سۆغانلوو ساز کراوە. درێژی بەنداوەکە ٨٥٠ میتر و و بەرزییەکەی لە سەر بناغەوە تا تاجەکەی دەگاتە ٥٨ میتر. قەبارەی مەتریاڵی خاکی پێویست بۆ جێبەجێ کردنی زیاتر لە دو و نیو ملیۆن میتری سێجایە کە هەمووی لە خاکی زەوییە کشتوکاڵییە بە پیتەکانی گوندەکانی دەورووبەری بەنداوەکە هەڵگیراوە. هەڵبەت ئەمە ئەو خیز و چەوە ناگرێتەوە کە لە قەبارەیەکی بەرچاودا هەڵیراوەتەوە و کۆنکرێتی پێ بەرهەم هێنراوە.

دوابەدوای دەسپێکی پرۆسەی ئاوگیری و داخستنی دەربییجەکانی بەنداوەکە لە ئاخرەکانی هاوینی ساڵی ٢٠٢٠دا، بێجگە لە مەزرا و باغ و هەروەها دارستانەکانی پشتی بەنداوەکە کە پێشتر دارەکانیان بڕیبۆوە، دوو ئاوایی کاسەکەران و سۆغانلوو بە تەواوی بن ئاو کەوتن و خەڵکی ئەو دوو گوندە و دیکەی گوندەکانی دەوروبەر کە پشتاوپشت لەو ناوچەیە ژیابوون و زەوی و باغەکانیان کەوتبۆوە بن ئاو و بۆ بژیوی ژیان هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی دیکەیان نەبوو، بە ناچار ئەو مەڵبەندەیان بەجێهێشت. جێی ئاماژەیە کە پردی ڕێکاوێ کە هۆکاری بەستنەوەی گوندەکانی ناوچەکە بە شاری پیرانشار بوو، دوای پڕبوونی کۆگای بەنداوەکە، بە تەواوی وە بن ئاو کەوت و بەمجۆرە هاتوچووی خەڵکی ئەو گوندانە تووشی کێشە هاتووە و هەروەها مەودای گواستنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان لە چاو جاران ١٥ تا بیست کیلۆمیتر زۆرتر بووە.

بەنداوی کانی سێو

جگە لە ژێرئاوکەوتنی خانوبەرە و زەوی و رەز و باغ، کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە دەشتی پیرانشاردەرەنجامێکی گرنگی دیکەی ئەو پرۆژەیە کە دەتوانێت چەندین کاریگەریی نەرێنی ژینگەیی و کۆمەڵایەتی-ئابووری لێکەوێتەوە لەوانە وشکبوونی کانیاوەکان، لەناوچوونی خاکی کشتوکاڵ، کەمبوونەوەی ڕووبەری ژێر چاندن و لە ئەنجامدا کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە و دواجار کۆچی خەڵکی بە هۆی کەمبوونەوەی سەرچاوەی داهاتی خەڵکەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرچاوی داهاتی زۆرینەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە کشتوکاڵە و ژیانیان بەندە بە ڕووبار و ئاوە ژێرزەمینییەکانی ناوچەکەوە.

وەک لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، بوومەلەرزە لە پێوەری بچووکدا یەکێکە لە پرۆسەکانی جیۆفیزیکی تایبەت بەو ناوچانەی کە بەنداوی تێیدا دروست کراوە. بە دروستکردنی بەنداو و کۆگایەکی گەورەی ئاو، قورساییەکی نوێ دێتە سەر زەوی بن دەریاچەی بەنداوەکە. بەڵگەکانی ئێستا ئەوە پیشان دەدەن کە کۆگای ئاوی پشت بەنداو دەتوانێ ببنە هۆی چەندین بومەلەرزە بە قووڵایی کەم بەهۆی زیادبوونی باری بەکارهێنراو لەو ناوچانەی لەسەر هێڵی هەستیاری بوومەلەرزە هەڵکەوتوون. ئەم دیاردەیە بۆ یەکەمجار بە دروستکردنی دەریاچەی مید (Mead) لەسەر ڕووباری کۆلۆرادۆ لە ساڵی ١٩٣٥دا بەدیکرا. لێکۆڵینەوە لەم چەشنە بوومەلەرزەیە لە سەر ٢٠ بەنداوی گەورە لە جیهاندا ئەنجامدراوە و ئەم دیاردەیە بە تەواوی سەلمێندراوە. کێشەیەکی مەترسیدار کە بە هۆی ئەم چەشنە بوومەلەرزەیە دێتە ئاراوە بریتییە لە پاڵنان یان توندکردنەوەی بوومەلەرزە سروشتییەکان لە پێوەری گەورەدا و تەنانەت پێش خستنی کاتی ڕوودانی بوومەلەرزە سروشتیەکان.

بەنداوی بادیناوێ بە بەرزیی دە میتر لەسەر چۆمی بادیناوێ ساز کراوە و ئاوی پشتی ئەم بەندە بە کاناڵێک بە درێژیی ٤.٥ کیلۆمیتر دەڕژێتە بەنداوی کانی سێوەوە. بۆ دروست کردنی کاناڵەکە ڕووبەرێکی بەرچاو لە مەزرا و بەتاتبەت باغەکانی بادیناوێ و ئەو زەوییە کشتوکاڵیانەی دەکەونە بەری چەپی ڕێگای پیرانشار- سەردەشت بە تەواوی لەناوچوون. لادان لە ڕێڕەوی سروشتیی ڕووباری بادیناوێ تۆپۆگرافیای ناوچەکەی گۆڕیوە و لەوەش گرنگتر کەمبوونەوەی بەرچاو و زیانبەخشی ڕێژەی حەقئاوی زەوییە چێنراوەکان دەوروبەر و خوارەوەی سنووری ڕووبارەکەی بەدواوە بووە.

بەندی بادیناوێ

تۆنێلی ڕاگواستن بەشێکی گرنگی پڕژەیە کە ئاوی بەنداوی کانی سێوە بۆ نەغەدە دەگوازێتەوە. دێژیی تۆنێلەکە ٣٥ کیلۆمیتر و پانییەکەی ٥.٥ میترە و بۆ ئاوبەندکردنی ناوەوەی تۆنێلەکە لە پارچە کۆنکرێتی ئامادە کەڵک وەرگیراوە. هەڵکەندنی ئەم تۆنێلە لە دوو سەرەوە واتا لە نزیک گوندی گرداشەوان و هەروەها خوارەوەی سنووری نەغەدە هاوکات بە شێوازی مێکانیزە و بە ئامرازی هەڵکەندنی تۆنێل (TBM) ئەنجام دراوە. هەڵبەت لە تەنیشت ئاوایی گەشتیاریی خورینجەوە تۆنێلکی دیکە هەڵکەندراوە بە مەبەستی دەسڕاگەیشتن بە بەشی ناوەڕاستی تۆنێلە سەرەکییەکە.

بڕێکی زۆر خاک و بەرد بە هۆی هەڵکەندنی تونێلەکە لە دەوروبەری گوندی گردەشوان و خورینج کۆ کراوەتەوە کە بووەتە هۆی پیسبوونی ژینگەی دەورووبەر و بەشێکی ئەم خاک و بەردە بەتایبەتی لە دەوروبەری گوندی گردەشوان ڕۆکراوەتە ناو ڕووبارەکە و بۆتە هۆی پیسبوونی ئاو و لەناوچوونی زیندەوەانی ڕووبارەکە.

زۆرترین کاریگەریی نەرێنی هەڵکەەندنی ئەو تۆنێلە لەسەر ژینگە و کشتوکاڵ و هەروەها ئابووری ناوچەکە، ئەو بەشەیە کە بە زوونە نزمەکاندا تێدەپەڕێ، مەبەست شوێنی چۆم و زەوییە کشوکاڵییەکانە کە زۆربەشیان لە چاڵاوی قووڵ بۆ ئاودێری کەڵک وەردەگرن. ئەم بابەتە لە دەشتی تەنیشت خورینج ڕووی دا و پڕۆسەی هەڵکەندنی تۆنێلەکە بە هۆی دزە کردنی ئاوی ژێر عەرزی تووشی کێشە جدی بۆوە و بۆ ماوەیەک ڕاوەستا، هاوکات بوە هۆی وشکبوونی چاڵاوەکانی ناوچەکە و بەم هۆیەشەوە دەکرێ بڵێین سەلەبەری مەزراکان لەو بەشەدا وشک و بێ کەڵک بوون.

تۆنێلی گواستنەوەی ئاوی بەنداوی کانی سێو

بە پێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان و هەروەها ئەزموونی پڕۆژە هاوشێوەکان لە دیکەی ناوچەکانی ئێراندا، گواستنەوەی ئاو لە سنووری ئاویی ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر ئەزموونێکی شکست خواردوو و زیانبەخشە. سەبارەت بە بەنداوی کانی سێو و تۆنێلی گواستنەوەی ئاو بە درێژیی ٣٥ کیلۆمیتر کە زیاتر سنوورەکانی ناوچەی پیرانشار دەگرێتەوە، ڕەهەندەکانی ئەم زیانبەخشبوونە چەندین لایەنی بەرچاوی تێدا بەدی دەکرێ، بەتایبەت ڕووخانی بنەماکانی ژینگە و سەرەچاوە سرووشتییەکان، لاناوچوونی دارستان و لێڕەوارەکان، کەمبوونەوەی ڕووبەری زەوی ژێر کشتوکاڵ و تێکچوونی خاک و هەروەها کاریگەریی نەرێنی لە سەر ئابووری و ڕێژەی داهاتی خەڵکی ناوچەی پیرانشار.

وەک پێشتریش باس کرا، لەدوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەنداوی کانی سێو و بەتایبەت تۆنێلی گواستنەوەی ئاوی بەنداوەکە، ئاستی ئاوی ژێرزەوی دابەزیوە، لەکاتێکدا ئاوی ژێرزەوی لە ناوچەکە خۆی ڕەوتی دابەزینی بووە لانیکەم بەڕێژەی ٤٣.٣ سانتیمەتر لە ساڵێکدا و ئەمەش قەیرانەکەی توندتر کردۆتەوە. بەو پێیەی یەکێک لە کاردانەوە سروشتییەکانی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی ڕۆنیشتنی زەوییە، لە لایەکی دیکەوە دەشتی پیرانشار کە لە بنەنیشتی جەوان(alluvial) پێکهاتووە و دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی کوارتێرنێر، لێواری باکوور و ڕۆژئاوای دەشتەکە، کە هاوشوێنە لەگەڵ بەشی سەرەوەی بنەنێشت و خیز و چەوی درشت، تووشی ژێرئاوکەوتنێکی لەناکاو بووە. هه ڕوه ها به لەبەرچاوگرتنی زۆرێک له کەلێنەکانی زەوی، لەوانە کەلێنی گشتیی زاگرۆس که به باشووری پیرانشاردا تێدەپەڕێت، پێشبینی ده کرێت که ڕۆنیشتنی زەوی و دروستبوونی قەڵش لەم بەشەی ئەم سنووری ئاوییەدا تووشی زیادبوون بێ. جگە لە مەترسی ژێرئاوکەوتنی زەوی، دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە دەشتی پیرانشار چەندین کاریگەریی نەرێنی ژینگەیی و کۆمەڵایەتی-ئابووری لە شێوەی وشکبوونەوەی کانیاوەکان، لەناوچوونی خاکی کشتوکاڵی، کەمبوونەوەی ڕووبەری ژێر چاندن و لە ئەنجامدا کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی لە ناوچەکەدا و دواجار کۆچی خەڵکی بە هۆی کەمبوونەوەی سەرچاوەی داهاتی بەدوادا هاتووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پیشەی زۆربەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە کشتوکاڵە و ژیانیان پەیوەستە بە بەردەوامیی ڕووباری زێ و ئاوی ژێر زەوی لە ناوچەکەدا.

بە سەرنجدان بەو فاکتانەی سەرەوە و دۆخی ژینگەیی ناوچەکە و دانیشتوانی و هەروەها لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە جێبەجیکردنی پڕۆژەکە چەندین کارەساتی زیانبەخشی ژینگەیی و کۆمەڵایەتی لێکەوتۆتەوە و دەبینین وەکوو دیکەی پرۆژە هاوشێوەکان، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ و بە شێوەی نایاسایی بۆتە پەیمانکار و جێبەجێکاری پڕۆژەکە، دەگەینە ئەو ئەنجامە کە سیاسەتی بە ئەنقەستی تێکدانی ژینگە و ئابووری کوردستان بەشێکە لە سیاسەتە نەگریس و دوژمنانەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هەمان سیاسەتی ئێکۆتێرۆریزم و زەوی سووتاو پەیڕەو دەکا، واتا تاڵانکردن و وێران کردنی بنەماکانی ژیان، مانەوە، ژینگە، سەرچاوە سروشییەکان و بێبەشکردنی خەڵکی وڵاتی داگیرکراو لە سەرچاوە و ئیمکاناتی خۆیان و بە گشتی لەناوبردنی کیانی میللەتی کورد کە زیاتر لە چوار دەیەیە بە پلان، ئاشکرا و شاراوە بەڕێوە دەچێت.




ئه‌م بابه‌ته 270 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:01:24/07/2023