ئاسۆی رۆژهەڵات/ دوو ناوەندی مافی مرۆڤ راپۆرتێکیان
سەبارەت بە سەرکووتی تووندوتیژانەی پاییز و زستانی ساڵی رابردوو لە شاری جوانڕۆ
بڵاو کردەوە کە ئاماژەی بە "کوژرانی ٨هاووڵاتی بەتایبەت منداڵێک"
کردووە.
سایتی نافی مرۆڤی کوردستان و کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران
ئەم راپۆرتەی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٥ی خەرمانان، لە نزیک بوونەوە بە ساڵوەگەری
دەستپێکی ئاخێزی سەرانسەری ژن، ژیان، ئازادی لە ژێر ناوی "جوانڕۆ؛ ئاگری شەڕی
حکوومەت لەگەڵ دەستی خاڵی و سەنگەری تووڕەیی خەڵک" بڵاو کردەوە.
جوانڕۆ یەکێک لە شارەکانی کوردستانی ئێرانە کە هەر
لەسەرەتای دەستپێکی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکان و لە رەنگدانەوە بە کوژرانی ژینا
ئەمینی لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە، هاتنە سەرشەقامەکان و ناڕەزایەتی خۆیانیان دەربڕی.
ئەم دوو ناوەندی مافی مرۆڤه رایانگەیاند کە راپۆرتی سەد
لاپەڕەییان، دەرەنجامی "سەدان رەسم و ڤیدیۆ و هەروەها وتووێژ لەگەڵ ٣٨کەس لە
شایەت حاڵانی بەرچاو و بنەماڵەی گیانبەختکردووان و برینداران و دەستبەسەر
کراوەکانی شاری جوانڕۆیە."
شایانی باسە کە جگە لە کوژرانی ٨هاووڵاتی، بەتایبەت
منداڵێک، لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی جوانڕۆ، بە پێی ئەم راپۆرتە، لە روودانی
ئەم سەرکووتانە،"لانیکەم ٨٠ کەس بەتایبەت منداڵان بە سەختی بریندار بوون."
هەروەها لەم راپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە جگە لە نەهێشتنی
دەرمانی پزیشکی بۆ چارەسەری بریندارەکان، ٨٩کەس بەتایبەت ٢٦منداڵ بە شێوەی سەرەخۆ
دەستبەسەر و زۆربەیەکیان، بەتایبەت منداڵان ئەشکەنجە و دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە
سەر.
ئهم بابهته 181
جار خوێنراوهتهوه