راپۆرتێک لەسەر باروودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران

راپۆرتێک لەسەر باروودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران




ئاسۆی رۆژهەڵات/ ئەوەی لەم راپۆرتەدا ئاماژەی پێدراوە، پێشێلکاری مافی مرۆڤە لە دەستپێکی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاویە، شایانی باسە کە ئەم راپۆرتە پێک هاتووە لەم چەند خاڵە کە بریتین لە: سێدارە، ئازادی رادەربڕین، زیندانی، کەمایەتیە میللی و ئایینەکان، مافی منداڵ، ژنان و کرێکاران.

اعدام؛ لە دەستپێکی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی تاوەکوو ئێستا، ٦٩کەس لەسێدارە دراون و ئەمە پێشێلکاری مافی ژیانی تاکە کەسی لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوەیە، بە پێی راپۆرتی ناوەندە نێونەتەوەییەکان، ئێران لەگەڵ بەرواردی سێدارە، پلەی یەکەمی لەسێدارە دانی شارۆمەندانی خۆی لەدۆنیادا هەیە.

ئازادی رادەربڕین؛ لە مانگی گەلاوێژدا، شەرمین حەبیبی، نازیلا مەعرووفیان، فرووغ تەقی پوور، مەرزیە فارسی، دونیا حسەینی، عەلی ئەسغەر حەسەنی راد، نەرگس سەرداری، مێهدی و مەجید نیک عەهد، موژگان ئیلانلو، ١٣ کەس لە گیلان، زیبا قولیچ خانی، محەممەد وەزیری، ئارەش و شەهناز قەنبەری، پوویا دانا، شاکر بووری لە ئابادان، حەبیب مووسەوی لە گورگان و چەندین چالاکوانی مافی مرۆڤ و ژنان لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها لە نزیک بوونەوە بە ساڵوەگەری کووشتنی ژینا "مەهسا" ئەمینی، شەپۆلی بەرینی دەستبەسەر و هەڕەشە زیادی کردووە، حەسەن دەرئۆفتادە و ماردین دەرئۆفتادە، باوک و برای کۆمار دەرئۆفتادە، یەکێک لە گیانبەختکردووانی ئاخێزی سەرانسەری ژن، ژیان، ئازادی، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار کرا.

شایانی باسە کە، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە ماڵی ئیلاهە عەسکەری لە تاران، محەممەد سوڵتانی لە ئەراک و ئۆمید مەزڵووم لە مەهاباد.

زیندانی؛ شایانی باسە کە لەم مانگەدا چەندین زیندانی لە زیندانەکانی لاکانی رەشت، تاران لە رێگەی خواردنی حەب و بڕینی رەگی دەست دەستیان داوەتە خۆکوژی.

هەروەها سامان یاسین "سەیدی"، لە دەستبەسەر کراوانی ئاخێزی سەرانسەری ژن، ژیان، ئازادی لە نەخۆشخانەی رازی بۆ زیندانی رەجایی شاری کەرەج گواسترایەوە، گواستنەوەی سامان یاسین بۆ نەخۆشخانەی رازی بە هۆی باروودۆخی نالەباری دەروونی بوو. سامان یاسین لە نەخۆشخانە دەست و پای بە تەختی نەخۆشخانەکە بسترایەوە، هەروەها بە هۆی ئەوەیکە رێگەی بە واکسێنێک کە نەیدەزەانی بۆچیە، کەوتە بەر لێدانی هێزە ئەمنییەکانەوە.

جێگای ئاماژەیە کە چەندین زیندانی لە ماوەی دەستبەسەر بوونی خۆیاندا و لە پاڵ کێشەی هەر رۆژەی زیندان ناچار دەبن بۆ گوێبیستی داخوازییەکانیان دەست بەنە مانگرتن.

دەرمان و چارەسەری پزیشکی هەروەها لە گرینگترین خاڵی پێشێلکاری مافی زیندانیان لە ئێران دێتە هەژمار.

کەمایەتییە میللی و ئایینەکان؛ ئێتنیکەکان هەروەها لە مانگی گەلاوێژدا لە ژێر گووشارێکی یەکجار زۆری هێزە ئەمنییەکان بوون و تەنانەت دەستبەسەر و لێپرسینەوەیان لێکراوە.

مافی منداڵ؛ لەم مانگەدا، باوکێک لە شاری رەی کچێکی ١٠ساڵانی خۆی بە کابڵی کارەبا دایە بەرد لێدان و بووی بە هۆی کوشتنی ئەم منداڵە، بکووژەکە ئێستا لە زیندانە.

هەروەها رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٣ی گەلاوێژ، تەرمی منداڵێکی ٨مانگان لە گۆمێکی بابۆلررود سەربە مازەندران لەلایەن ئەو شارۆمەندانە کە خەریکی راوە ماسی بوون دۆزراوەتەوە.

سێ مێرمنداڵ لە شارەکانی شنۆ و بۆکان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

دوو مێرمنداڵ لە یاسووج، لە رێگەی خۆهەڵواسین و خواردنی حەبەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

ژنان؛ لە مانگی گەلاوێژدا، ژنێک لە شارستانی پاکدەشت لە تاران بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا.

ژنێک لە قۆم بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا.

هەروەها بەرپرسی گشتی دادی پارێزگای "خراسان جنوبی" رایگەیاند کە لە دەستپێکی ئەمساڵەوە تاوەکوو ئێستا بۆ ١٤٥شارۆمەند بە هۆی لابردنی حیجاب دۆسیەی دادوەری درووست کراوە.

هەروەها ژنێک لە ئەسفەهان بە هۆی لابردنی لەچکی زۆرە ملی و ئاگر تێبەردانی ئاڵای کۆماری ئیسلامی و بێ رێزی بە ئیمامی سێهەمی شیعەکان دەستبەسەر کرا، و هاوکات ڤیدیۆیەک لە دانپێدانانی زۆرەملی ئەم شارۆمەندە لە کاناڵە فەرمییەکان بڵاو کرایەوە.

کرێکاران؛ لە دەستپێکی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی تاوەکوو ئێستا، ١١٠ کرێکار بە هۆی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کار لە شارە جۆراوخۆرەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون.

ئێران لە پاراستن و ئەمنییەتی شوێنی کار بۆ کرێکاران لە نێوان وڵاتەکانی جیهاندا پلەی ١٠٢ی بۆ خۆی تۆمار کردووە کە ئەمە پلەیەکی یەکجار کەمە.

لەم مانگەدا، بە هۆی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کار ٦٩کرێکار بریندار و ٤١کرێکار گیانیان لەدەستدا.

هەروەها کۆڵبەری کە پیشەیەکی سەخت و پڕ مەترسییە و خەڵک ناچارن بۆ بژێوی ژیانی خۆیان دەست ببەن بۆ ئەم کارە پڕ مەترسییە و ساڵانە دەیان کەس بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی سەرسنوور، تەقینەوەی مین و بەربوونەوە لە بەرزاییەکانی شاخەکان بریندار دەبن و گیانیان لەدەست ئەدەن.






ئه‌م بابه‌ته 170 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:01:24/08/2023