ئاسۆی رۆژهەڵات/ بە بێ لەبەرچاو گرتنی راپۆڕتی ناوەندەکانی
مافی مرۆڤ، چالاکوانانی ژنان و میدیاکانی دەرەوەی ئێران، لە سەرەتای جۆزەردانی
١٤٠٠ی هەتاوی تاوەکوو کۆتاییەکانی جۆزەردانی ١٤٠٢، لانیکەم ١٦٥ژن لە ئێران بە دەستی
کەس و کاریان کوژراون. ئەم ئامارە تەنیا ئەو کەیسانە دەگرێتەوە کە لە میدیا فەرمییەکانی
کۆماری ئیسلامی بڵاو کراونەتەوە، لەم ئامارە ١٠٨ ژن بە دەستی هاوسەرەکەیان
کوژراون.
رۆژنامەی شەرق رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٤ی پووشپەڕ، راپۆڕتێکی
لە سەر ژن کوژی بە دەستی پیاوان کە لە میدیاکان باسیان لێکراوە بڵاو کردەوە کە دەری
دەخات تەنیا لە دوو ساڵی رابڕدوودا لانیکەم چوار ژن لە ئێران بە دەستی پیاوانی نزیکی
خۆیان کوژراون.
بە پێی ئەم راپۆڕتە تەنیا لە سێ مانگی خاکەلێوە، گوڵان و
جۆزەردانی ئەمساڵ کوشتن لە ژێر ناوی "نامووس" لانیکەم گیانی ٢٧ژنی بە دەستی
هاوسەر یان باوکیان گرتووە.
بە پێی ئەو ئامارانە کە کۆمەڵگای پیاوسالاری تێپەڕاندووە
و لە میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی گەیشتووە، لە جۆزەردانی ١٤٠٠ تا کۆتایی جۆزەردانی
١٤٠٢، ١٠٨ پیاو ژنەکانی خۆیان کووشتوە، ١٧ برا کۆتاییان بە ژیانی خۆشکەکانیان هێناوە،
٩ کوڕ دایکی خۆیان کووشتوە و ١٣ باوک گیانی کچەکانی خۆیانیان کوشتووە.
١٩ ژن هەروەها لە لایەن ئەندامی
بنەماڵەیان وەکوو باوکی هاوسەر، برای هاوسەر، کوڕی پوور یا هاوسەری پێشووی خۆیان
کوژراون.
چالاکوانێکی مافی ژنان لە وتووێژ لەگەڵ رۆژنامەی شەرق وتی:
لانیکەم لەم ماوەدا ٢٠٢ بابەتی ژن کوژیمان بووە کە ٢٥ ژن سووتێندراون ٣٥ ژن خۆیان
سووتاندووە، ١٨ژن خۆیان هەڵواسیوە، ٦ژن بوونەتە قوربانی "اسیدپاشی"،
٢٨ژن "متلە" بوون، ٣٢ژن بە تەقەی راستەوخۆ کوژراون، پێنج ژن لە بەرزاییەوە
فڕێ دراونەتە خوارەوە، سێ ژن بە ئەنقەست بە ماشین کوژراون، ١١ژن خەفە کراون و ٣٩ژن
هەروەها بە هۆکاری نادیار کوژراون.
مەجلسی شۆڕای ئیسلامی چەندین مانگە گەڵاڵەیەکی بە ناوی
" بردنە سەرەوەی ئەمنیەتی گیانی"ی پەسەند کردووە، بەڵام لە بەروە پێش
بردنی ئەم گەڵاڵەیە و یاسایی کردنەوەی هیچ هەواڵێک نییە، بە پێێ راپۆڕتە فەرمییەکان
ئەم گەڵاڵەیە لەسەر " بردنە سەرەوەی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی و گیانی" پەسەند
کراوە و بەشێک لەو داب و نەریت و کلتوورانە کە دەبێتە هۆی تووندوتیژی دژ بە ژنان بە
تاوان ناولێبردووە، ئەم بابەتانە دەتوانێت دەستپێکێک بێت بۆ گۆڕینی یاسا لە رێگەی
رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تووندوتیژی دژ بە ژنان، بە تایبەت هەڕەشە کردن بە کووشتن کە
بە وتەی چالاکوانان لە زۆربەی شارەکانی ئێران لە لایەن پیاوانەوە بووەتە " کەرەستەیەکی
گوشار" دژ بە ژنان.
روانینی دژە ژنی لە مەجلیس لەوانەیە پەسەند کردن و یاسایی
کردنی ئەم گەڵاڵەیە وەدرەنگ بخات و ئەم کات بە فیڕۆ دانە دەتوانێت گیانی چەندین
ژنانی دیکە بستێنێت.
ئهم بابهته 275
جار خوێنراوهتهوه