ئاسۆی رۆژهەڵات/ چوار زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی
محمەممەد فەرامەرزی تەمەن ٢٨ساڵ خەڵکی دێولان، وەفا ئازەربار تەمەن ٢٦ساڵ خەڵکی بۆکان،
مۆحسێن مەزڵووم تەمەن ٢٧ساڵ خەڵکی مەهاباد و پژمان فاتێحی تەمەن ٢٨ساڵ خەڵکی کامیاران
زیاتر لە ١٠ مانگە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.
کۆماری ئیسلامی رێکەوتی یەکی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، لە
بەیانیەی وەزارەتی ئیتلاعات رایگەیاند کە چەند کەسێکی بە چەک و تەقەمەنییەوە
لە شاری ئیسفەهان دەستبەسەر کردووە و تۆمەتی ئەوەی لێداون کە ویستوویانە کارگەیەکی
پیشەسازی ئیسفەهان بتەقێننەوە و ئەم چالاکی نیزامییەی پەیوەندی دا بە حیزبی کۆمەڵەوە؛
حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٦ی گەلاوێژ
لە راگەیاندنێکدا بە تووندی ئەم تۆمەتەی رەتکردەوە و ئەم سێناریۆی کۆماری ئیسلامیەی
بە سەرکووتی زیاتر بۆ سەر کوردستان ناولێبرد.
شایانی باسە کە ئەم چوار زیندانی سیاسیە کۆتاییەکانی
مانگی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە لایەن حیزبی کۆمەڵەوە بە مەبەستی چالاکی سیاسی و
تەشکیلاتی رەوانەی شاری ورمێ کران، کە لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بە بێ هیچ جۆرە
چەک و تەنانەت تێکهەڵچوونی نیزامی دەستبەسەر کران و تاوەکوو ئێستا هیچ جۆرە زانیارییەک
لەسەر شوێنی راگرتن و سڵامەتی جەستەیی و دەروونی ئەم چوار چالاکی سیاسیە لەبەردەستدا
نییە.
جێگای ئاماژەیە کە دوای ٨٠ رۆژ بێ سەروشوێن کردنیان،
دانپێدانانی زۆرەملێی ئەم چوار زیندانی سیاسیە لە میدیای فەرمی کۆماری ئیسلامی بڵاو
کرایەوە، تاوەکوو ئێستا ئەم دانپێدانانی زۆرەملیە ٢جار لە میدیای فەرمی کۆماری ئیسلامی
بڵاو کراوەتەو.
لە درێژەی ئەم ١١ مانگەدا بنەماڵەی محەممەد، وەفا، مۆحسێن
و پژمان و هەروەها پارێزەری بنەماڵەکان بە بەردەوامی سەردانی بنکە ئەمنی و دادوەری
شارەکانی کوردستان، تاران و ئیسفەهانیان کردووە بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هیچ
وڵام و زانیارییەک لەسەر شوێنی راگرتن و سڵامەتی جەستەیی ئەم چوار زیندانی سیاسیە
بە بنەماڵەکانیان نەداوە و تەنانەت رێگە بە پارێزەری بنەماڵەکان نەدراوە کە لەسەر
ئەم دۆسیە کار بکات.
ئەم چوار زیندانی سیاسی کوردە ١١ مانگە لە چاوپێکەوتن و
پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان، خزمەتگوزاری پزیشکی و پارێزەری سەربەخۆ کە
مافی سەرەتایی هەر زیندانییەکی سیاسیە بێ بەش کراون.
ئهم بابهته 328
جار خوێنراوهتهوه