وردەکاریی تازە لەسەر کوژرانی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە ڕاپۆرتی ساندەی تایمز‌دا

وردەکاریی تازە لەسەر کوژرانی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە ڕاپۆرتی ساندەی تایمز‌دا




دوای شەش مانگ لە کوژرانی "ژینا (مەهسا) ئەمینی" گۆڤاری "ساندەی تایمز"ی بەریتانی ڕاپۆرتێکی توێژینەوەیی بڵاوکردەوە، و ڕەهەندە نوێیەکانی پێوەندی‌دار بەو ڕووداوانەی بوونە هۆی کوژرانی ئەم کچە گەنجەی ڕوون کردووەتەوە.

ژینا (مەهسا) ئەمینی، کچێکی گەنجی تەمەن ٢٢ ساڵان، خەڵکی شاری سەقز کە لەگەڵ بنەماڵەکەی‌دا بۆ سەفەر و دیدار لەگەڵ خزمەکانیان چووبوونە تاران لە لایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادەوە دەستگیر کرا و بۆ گرتووخانەی "وزەرا" گوزرابووەوە.

ڕۆژی چوارشەمە، ٢٣ی خەرمانان بە هۆی لێدان و کوتەکەوە لە لایەن "مەئموورەکانی هێزی ئینتزامی"یەوە چووە کۆماوە و پاشان گۆزرایەوە بۆ نەخۆشخانە
.

لە ڕاپۆرتی توێژینەوەیی ساندەی تایمزدا پشت‌ڕاست‌ کراوەتەوە کە لە کاتی گواستنەوەی بۆ گرتووخانەی وەزەرا چەند جارێک لە سەری دراوە، هەروەها ٤٥ خولەک دوای لە هۆش چوونی، بەرپرسانی ئینتزامی ڕێگریان کردووە لەوەی پێوەندی بە فریاگوزارییەوە بکرێت.

"سەجاد خوداکەرەمی" و "لوئیز کالاگان"، نوسەرانی ئەم ڕاپۆرتە نووسیویانە کە ئەم کچە گەنجە تەنیا چەند خولەک دوای ئەوەی لەگەڵ براکەی و دوو کچی خزمیان لە وێستگەی میترۆی شەهید حەقانی هاتبوونە دەرەوە، لە لایەن پۆلیسی ئەمنییەتی ئەخلاقەوە دەستگیر کرا.

ئەم ڕاپۆرتە پشت‌ڕاستی دەکاتەوە کە ئەو هێزانە، بە هۆی ئەوەی کە " ژینا (مەهسا) ئەمینی "بەدحیجابی"، دەستگیریان کردووە.

"ئێران‌وایەر" لە هەمان ڕۆژە سەرەتاییەکان‌دا، لە وتووێژێک‌دا لەگەڵ برای ئەم کچە گەنجە، لە ڕاپۆرتێک‌دا لە زمانی ئەوەوە نووسی کە جێگەی شین بوونەوە و لێدان لەسەر جەستەی ژینا (مەهسا) دەبینرێت و ئەوان دڵنیا بوون لەوەی کە لە شوێنی پۆلیسی ئەمنییەتی ئەخلاقی یان لە کاتی دەست‌بەسەر بوونی‌دا توندوتیژی جەستەیی گەلەڵ‌دا کرابوو.

لە ڕاپۆرتەکەی ساندەی تایمز، کە بە شێوەی ڕۆژانە ڕووداوەکانی پێوەندی‌دار بە کوژرانی ژینا (مەهسا)ی ڕووماڵ کردووە، پشت‌ڕاست کراوەتەوە کە هێزە ئەمنییەتییەکان پێیان وتبوو کە بۆ ئامادە بوون لە وانەیەکی یەک کاتژمێری‌ "ڕاهێنانی حیجاب"‌دا بۆ بنەکەی پۆلیسی ئەمنییەتی ئەخلاقی دەگوازرێتەوە، بەڵام بەرەنگاری دەست‌بەسەر بوونی دەبێتەوە و داوای لە هێزەکانی پۆلیس کردبوو لەبەر ئەوەی لە تاران "نامۆن، و شارەزای هیچ شوێنێک نین. براکەم لە من بچووکترە و ئەویش شارەزای شوێنەکە نییە و ئێمە ون دەبین" با ئەو بڕوات.

هەروەها ئەم ڕاپۆرتە، لێدوانەکانی "ئەمجەد ئەمینی"، باوکی ژینا (مەهسا)ی سەبارەت بە لێدان و کوتانی کچەکەی لە ناو ماشێنی گەشتی ئیرشاد‌ی پشت‌ڕاست کردووەتەوە.

ئەمجەد ئەمینی لە هەمان ڕۆژە سەرەتاییەکان‌دا وتی ئەو کچانەی کە لەگەڵ کچەکەی ئەودا دەست‌بەسەر کرابوون، لێدان و کوتانی کچەکەیان بە دەستی هێزە ئەمنییەتییەکان پشت‌ڕاست کردبووەوە.

ڕۆژنامەی ساندەی تایمز لە زمانی شایەتحاڵێکەوە کە هاوکات یەکێک لەو کچە دەستگیرکراوانەی ناو ماشێنەکەی گەشتی ئیرشاد بووە دەنووسێت، ژینا (مەهسا) ویستی هەستێت، بەڵام یەکێک لە هێزەکان گرتی و دواتر یەکێکی دیکە لەو هێزانە دەستی بە لێدان و کوتانی کرد و بە مست بە سەری‌دا کێشا. ژینا (مەهسا) دوای کەمتر لە کاتژمێرێک لە گرتووخانە دۆخی تەندورستی تێک دەچێت و لە هۆش دەچێت و دوای دواکەوتنێکی زۆر، بە دۆخێکی ناجێگیرەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە.

دوای شۆڕشی ١٣٥٧، کوژرانی ژینا (مەهسا) ئەمینی دەستپێکی درێژترین ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بووە کە لە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١، تا ئێستا بەردەوامە.

لە ڕاپۆرتی ساندەی تایمز‌، هاتووە کە پۆلیسی ئەمنییەتی ئەخلاوی ٤٥ خولەک دوای لەهۆش چوونی ژینا (مەهسا) ئەمینی، پۆلیس گاڵتەیان پێکردووە و بە "ئەکتەری بالیوود" ناویان بردووە و لە پێوەندی گرتن بە فریاگوزارییەوە خۆیان بوارد، لە حاڵێک‌دا ئەو ژنانەی دەستگیر کرابوون داوایان کردبوو پێوەندی بە فریاگوزارییەوە بکرێت.

هەروەها ئەم ڕاپۆرتە بە ئاماژە کردن بە "هەوڵە بێ‌وچانەکانی ڕژیم" بۆ دامرکاندنەوەی تووڕەیی گشتی، دەنووسێت بەرپرسان بانگەشەیان کردووە ژینا (مەهسا) ڕێک لە پێش کاتژمێر ٨ی شەو‌دا لە هۆش چووە و دوای ئەوە خێرا پێوەندیان بە فریاگوزرییەوە کردووە. پۆلیسی تاران سێ ڕۆژ دوای دەستگیر کردنی ئەم کچە گەنجە بەر لەوەی گیانی لەدەست بدات لە ڕاگەیەندراوێک‌دا، تۆمەتەکانی لێدان و کوتانی بە "بانگەشەی میدیا دژبەرەکان" وەسف کرد و بانگەشەی کرد نەخۆشی پێشوەختی بووە و دوای "جڵدەی دڵ"، لە نەخۆشخانە خراوەتە ژێر چاودێری و چارەسەرکردنەوە.

بنەماڵەی ئەمینی سەرەڕای گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیم، ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی تارانیان ڕەت کردەوە و وتیان تا ئەو کاتەی ژینا "مەهسا)یان خستە ناو ماشێنی گەشتی ئیرشادەوە سڵامەت بووە و هیچ کێشەیەکی نەبووە.

باوکی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە وتووێژێک‌دا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا وتبووی ئەگەر سکاڵاکەیان لە دۆسیەی کوژرانی ژینا (مەهسا) بەئەنجام نەگەیێت، لە ڕێگەی دیکەوە، لەوانە لەگەڵ بنەماڵەی کوژراوان‌دا، بەدوادا چوون بۆ ئەم بابەتە دەکات.

ژینا (مەهسا) ئەمینی سێ ڕۆژ دوای دەست‌بەسەر بوونی، نزیکەی کاتژمێر ١٥:٣٠ ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان، گیانی دەست دا.







ئه‌م بابه‌ته 287 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:02:33:14/03/2023