ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان بەردەوامە

ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان بەردەوامە

ئاسۆی رۆژهەڵات: ئەمرۆ سێ شەممە ۱٥ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاویی مانگرتنی گشتیی کاسبکاران، خوێندکاران، کرێکاران و شۆفیر بار هەڵگرەکان لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ئێران و بە تایبەت کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ دووهەمین ڕۆژ بە شێوەی چڕ و پڕ درێژەی هەیە.

بە پێی زانیارییەکانی ئاسۆی ڕۆژهەڵات، لە شارەکانی سنە، ئیسلام ئاباد غەرب (شائاباد) کامیاران، بۆکان، تکاب، مەریوان،  سەقز، مهاباد، روانسەر، ئیلام، کرماشان، ورمێ، دێولان، دیواندەرە، پاوە، جوانرۆ، شنۆ، قروە، ئابدانان، سرابڵە، کوزەران، ئابدانان، بانە، دزج مەرگەوەڕ شارۆچکەی کانی دینار، موچش و چەندین شارو شاروچکەی دیکە مانگرتن تا ئەم کاتە بەردەوامە.

هاوکات لەگەل مانگرتنی کاسبکاران، خوێندکارانی زانکۆکانی، کوردستان، علووم پزیشکی، ئازاد، فەرەهنگ و هونەری و زانکۆی فەنی سنە لە مانگرتن دایە.

هاوکات کرێکارانی پترۆشیمی لە سنە پێی ناوەتە دووهەمین ڕۆژ و هەروەها شۆفیر بار هەڵگرەکان لە سنوورەکانی شێخ سڵە و باشماخ بە شێوەیەکی بەرین پشتیوانیان لە مانگرتنی سەراسەری کردوە.

ئەم مانگرتنە لە سەر بڕیاری پێشوتری چالاکانی سیاسی، پیشەیی و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ رۆژەکانی ١٤، ١٥ و ١٦ی سەرماوەز راگەیندرابوو.

جێگای ئاماژەیە لە شارەکانی مەهاباد و سەقز بۆ چلەی دوو کەس لە گیانبەختکردووانی ئاخێزی جەماوەری بە ناوەکانی فەریدوون فەرەجی و زانیار ئەبووبەکری کۆبونەوەی ناڕەزایەتی بە بەشداری بەرینی جەماوەر لە سەر گڵکۆی گیانبەختکردووان بەڕێوە چوو.

شایانی باسە بە پێی ئەو ویدیۆ و وێنە گەلەی بە دەستی ئاسۆی ڕۆژهەڵات گەیشتووە لە تەواو شارەکانی کوردستان کەشێکی ئەمنی زاڵە و دادستانی و هێزی ئینتزامی دەستیان داوەتە هەڕەشە و گوڕەشە لە مانگرتوان و دەستیان داوە بە پلۆمپی ژمارەیکی بەرچاو لە دوکانی کاسبکاران. سەرەڕای ئەوەیش بە شێوەی بەرین خەڵک ئامادەیی خۆیان بۆ دەسپێکردنی ناڕەزایەتیی جەماوەری بۆ رۆژی چوارشەممە ١٦ی سەرماوەز لە شارەکانی کوردستان و ئێران دەربڕیوە کە هاوکات رۆژی جیهانی خوێندکارانە.

ئه‌م بابه‌ته 669 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:05:09:06/12/2022