راپۆرت/ ئاسۆی رۆژهەڵات
ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێکەوتی ۵ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کرد کە بەرپرسەکانی ئیسرائیل بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکایان راگەیاندووە کە بەرپرسیارییەتی کووشتنی حەسەن سەیاد خودایی، فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی لە ئەستۆ گرتووە.
حەسەن سەیاد خودایی، تەمەن ٥٠ساڵ، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و جێگری یەکەی ٨٤٠ی سوپای قودس بوو کە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی یەکی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، بە تەقەی دوو کەسی نەناسراو لە یەکێک لە گەڕەکەکانی تاران لە پێش ماڵەکەی خۆیدا لە نێو سەیارەکەی کوژرا.
شایانی باسە کە بە وتەی بەرپرسانی زانیاری و نیزامی ئیسرائیل، یەکەی ٨٤٠ی سوپای پاسداران بەرپرسیاری رفاندن، تیرۆر کردنی شارۆمەندانی دەرەکی و بەتایبەت بەرپرسان و شارۆمەندانی مەدەنی ئیسرائیلیە لە سەرتاسەری جیهان و سەیاد خودایی جێگری ئەم یەکەی سوپای پاسداران بووە.
جێگای ئاماژەیە کە گرژی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران چووەتە نێو قوناغێکی نوێیەوە و ئەم گرژییە لە ساڵانی پێشوو زۆر بەرچاو تر بووە، لە چالاکییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەتوانین ئاماژە بە رێکەوتی ١١ی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی کە گرووپێک لە هێزەکانی مووساد لە (انبار متروکە در منگقە ێنعتی شورآباد تهران) لە ماوەی کەمتر لە ٧کاتژمێر بەڵگەکانی سەبارەت بە چالاکی و درووست کردنی بومبی ناوەکی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان گواستەوە بۆ ئیسرائیل.
بنیامین نێتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کە بە بۆنەی سەرکەوتنی هێزەکانی مووساد لە گواستنەوەی بەڵگە نهێنییەکانی بومبی ناوەکی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچوو، ئاماژەی بە نێوی مۆحسن فەخری زادەی مەهابادی دا و رایگەیاند کە ئەم نێوەتان لە بیر نەچێت.
رێکەوتی ٧ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی، مۆحسن فەخری زادە، کە بە باوکی پڕۆژەی ناوەکی ئێران دەناسرا، لە شاری ئابسەردی سەر بە دەماوەند لە هەوڵێکی پێشوەختدا کوژرا و میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و جیهان باسیان لەوە کرد هێزێک کە پێکهاتبوو لە مەئموورانی ئیسرائیلی و ئێرانی لە رێگەی چەکی ئێلێکترۆنیکی و بە بێ بوونی هیچ تاکە کەسێک لە شوێنی رووداوەکە کوژرا.
یەکێکتر لە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی بوو کە هێرشی سایبێری کردە سەر بنکەی ناوەکی نەتەنز و زیاتر لە سەدان سانتریفیووژی درووست کردنی بومبی ناوەکی ئێرانی لەکار خست.
رێکەوتی ٢٥ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، چەندین هەواڵ و کوورتە ڤیدیۆ بڵاو کرایەوە کە دەنگێک لە نزیک بنکەیەکی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران بیستراوە و دواتر میدیاکان بڵاویان کردەوە کە ئەم هەوڵە لە لایەن ئیسرائیلەوە بووە و لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بە ئاکام گەیندراوە.
دواتر رەمەزان شەریف، وتەبێژی سوپای پاسداران، لە وتووێژێکی رۆژنامەوانیدا دانی بەوە دانا کە ئیسرائیل هێرشی بۆ سەر بنکەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کرماشان ئەنجام داوە.
لە نوێترین چالاکییەکانی مووساد لە ئێران دەستبەسەر کردن و لێپرسینەوەی یەکێک لە ئەندامانی هێزی ٨٤٠ی سوپای قودسی پاسدارن بە ناوی مەنسوور رەسووڵی، خەڵکی شاری ورمێ بوو کە پیلانی تیرۆر کردنی سێ کەس لە دەرەوەی ئێرانی پێ راسپێردرابوو لە رێکەوتی ٩ی گوڵانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لە میدیاکان بڵاو کرایەوە کە ناوبراو لە لایەن هێزەکانی سەربە مووساد لە نێو خاکی ئێراندا دەستبەسەر، لێپرسینەوە و دواتر ئازاد کراوە. جێگای ئاماژەیە کە مەنسوور رەسووڵی راسپێردراوی حەسەن سەیاد خودایی بوو بۆ ئەنجام دانی ئەم پیلانەی یەکەی ٨٤٠ی سوپای پاسداران.
شەڕی ئیسرائیل دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەک لەم راپۆرتەدا باسی لێکرا دەرکەوتووە کە ئیسرائیل رخنەی زۆری کردووەتە سەر دام و دەزگا و بنکە نهێنییەکان، بنکەی درووست کردنی بومبی ناوەکی و شوێنە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاو ساڵانی پێشوو زیاتری کردووە و تەنانەت تاوەکوو پشت درگاکانی بەیتی رەهبەری رۆیشتووە. بە پێی ئەو هەواڵ و زانیارییانە کە ئەم دواییانە بڵاو کرایەوە ئیسرائیل زۆربەی چالاکییەکانی خۆی لە نێو خاکی ئێراندا چڕتر کردوەتەوە.
ئهم بابهته 443
جار خوێنراوهتهوه