سازدانی؛ سۆران ئازەربار
نیشتمان، خاک و وەتەن بریتین لە سرووشت و ژینگە و ئەو شوێنەی کە خەباتی بۆ دەکەین لە ڕاستیدا سرووشت و ژینگەیە. ئەگەر ئەو سرووشت و ژینگەیە بەرەولەناوچوون بڕوات، خاک و نیشتمانێکمان بۆ نامێنێ.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات/ لە ماوەی پێنج شەش مانگی ڕابردوو دا و بە دوای سەرهەڵدانی ڤیرووسی کۆرۆنا، ژیانی ئاسایی مرۆڤ لە زۆر شوێن و جیگای ئەم گۆی زەوییە وەستا. زۆرێک لە پسپۆڕان و شارەزایان لەو بڕوایەدان کە ئەم پشووە ناچارییەی کە مرۆڤ وەریگرت، کاریگەی گەورەی لە سەر سروشت و بە گشتی ژینگەی دانا. لە لایەکی دیکەوە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کەمترین بایەخی بە ژینگە نەداوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە هۆکاری سەرەکی وێرانی ژینگەی وڵاتیش بووە. لە لایەکی دیکەوە لە کوردستان پرسی ژینگە لە لایەن دەسەڵاتەوە بە دیدێکی ئەمنییەتی و سیاسییەوە سەیر کراوە و وێرانکاری و کاولکاری زۆرتر بووە. حیزبە کوردستانییەکان و لەوانە کۆمەڵە بە تایبەتی گرنگی تایبەتی بە پرسی ژینگە و ژینگە پارێزی داوە. بۆ شرۆڤەی پرسی ژینگە لە جیهان، ئێران و کوردستان و ڕۆڵی حیزبەکان و تاکەکانی کۆمەڵگا لەو بارەیەوە، وت و وێژێکمان سازداوە لەگەڵ بەڕێز دوکتور مەنسوور سۆهرابی پسپۆڕی بواری ژینگە.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ لەگەڵ هاتنی کڕۆنا، قەیرانێکی گەورەی ئابووری هەموو جیهانی تەنیەوە، داخران و لەکارکەوتنی کارخانە و ناوەندە گەورەکانی بەرهەمهێنان و کەمبوونەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی لە جیهان، بووە هۆی دابەزینی بەرچاوی بەرهەمهێنانی گازی (دی ئۆکسیدی کەربۆن و گوڵخانەیی)؛ وەک یەکەم پرسیار، کڕۆنا تا چەندە توانیویەتی خزمەت بە ژینگە و سرووشت بکات؟
د. مەنسوور سۆهرابی؛ هەر وەکوو ئاگادارن بە هاتنی قەیرانی کۆرۆنا ئابووری جیهان توشی ئاڵوگۆڕ هاتووە و گرفتی بۆساز بووە. قەیرانی ئابووری لە جیهان بووەتە هۆی ئەوەی کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەرییەکی باشی بۆسەر ژینگە هەبێت. دەبینین بەهۆی کۆرۆنا گەشتووگوزار کەم بووەتەوە ئەوەش وایکردوە پیسبوونی هەوا کەم بێتەوە. بەهۆی ئەوەی ئەوکارگانەی کە مادەی پیسیان هاوردەی ژینگە و سرووشت دەکرد کارەکانیان زۆر کەم بووەتەوە یان ڕاوەستاوە. خۆی پیسبوون کەمتر بووەتەوە هەتا ئەو گازانەی کەوا تەئسیریان لە سەر تەخریبی چینی ئۆزۆن هەبوو وەکو «سی ئێف سی» ـەکان، مەسرەفیان کەمتر بووەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی لە هەندێک ناوچە ببینین کە لایەی ئۆزۆن بەرەو باشی بچێتەوە؛ بە گشتیی قەیرانی کۆرۆنا کاریگەرییەکی باشی هەبووە بۆ ژینگە لە لایەکەوە، لە لایەکی دیکەشەوە چاو لێبکەین، بۆنموونە دەبینین لە هەندێک ناوچە خەڵک بۆئەوەی کە پاکو خاوێنی بپارێزن ئاوێکی یەکجار زۆریان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی دەستیان زوو زوو بشۆن، ئاوی زۆر بەکار هێنراوە، زیاتر لە ئاستی نۆرماڵ و تەنانەت زیاتر لە ئاستی پێویستیش، پێویست ناکات ئەوەندە ئاو مەسرەف بکرێت کاتێک کە تۆ دەست دەشۆیەوە، ئەوکاتەی کە سابوون لە دەستت دەدەی، پێویست ناکا ئاوەکەش هەر بێت. دەبینین کە مەوادی شیمیایەکی زۆر بە بیانووی ئەوەی کە دەیانەوێت وڵات زدی عفونی بکەن بەکار هێنراوە، ئەوە زۆر مەترسیدارە بۆ ژینگە کە کاریگەری و کارلێکی نیگەتیڤ و نەرێنی دەبێت بۆ ژینگە.
سەبارەت بە مەسەلەی کۆرۆنا ئەوەی کە زۆر گرینگە ئەوەیە کە دوای قەیرانی کۆرۆنا، مرۆڤ هەڵسووکەوتی لە گەڵ ژینگە چۆن دەبێت؟! ئەگەر مرۆڤ بتوانێت لە پرسی کۆرۆنا وەکوو دەرسێک کەڵک وەربگرێت و پاشماوەی کاولکارییەکانی مرۆڤ لە سەر ژینگە کەم بێتەوە، بۆ داهاتوو زۆر باشە ئەگەر نا مرۆڤ بۆ ئەوەی کە ئەو قەیرانە ئابوورییە کەمتر بکاتەوە واتە بتوانێ قەرەبووی ئەو خەسارانە بکا کە لێی کەوتووە و زیاتر لە ئاستی نۆرماڵ کاریگەری خراپی لەسەر ژینگە دابنێ، ئەوە قەیرانەکە لە ئەسڵدا قوڵتر دەبێتەوە؛ لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین ئەو قەیرانە لە دوو ڕەهەندەوە دەتوانرێ چاو لێ بکرێت؛ جا بۆیە ئەگەر ئێمە کۆرۆنا وەکو فورسەت و دەرفەتێک چاو لێبکەین دەتوانین ئەو دەرسەی لێ وەربگرین کە دیتمان بەکەمکردنەوەی مودیریەتی غەڵەتی سەرزەمین یان بڵێین بە کەمکردنەوەی پیسبوونی سەرزەمین دەتوانین ژینگەیەکی خاوێن تر و پاکترمان هەبێت کە وەکوو عەرزم کردن پێویستی بەوە هەیە کە مرۆڤ دوای کۆرۆنا چۆن هەڵسووکەوت لەگەڵ ئەو مەسەلەیە بکات؛ هیوادارم کە ئەو مەسەلەیە نەبێتە هۆی ئەوەی کە قەیرانەکانی ژینگەیی قوڵتر ببنەوە.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ زۆرێک لە بیرمەندانی جیهان، لە کۆنەوە پرسی ژینگەیان داوەتە بەرباس و بۆی بە خەم بوون. بۆ وێنە کارڵ مارکس قەیرانی ژینگە، وەک یەکێک لە قەیرانە گەورەکانی مێژوو ناو دەبات کە داوێنگیری دونیای سەرمایەداری دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەموومان شایەدی هەڵسووکەوتی نابەرپرسانەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی بواری بەرهەم هێنان بووین. کۆرۆنا و ئەم کاریگەریانەی کە لەسەر ژینگە دایناوە، دەتوانێ هەڵوێستی وڵاتان و بە تایبەت وڵاتە پیشەسازییەکان لە هەمبەر ژینگە و پێشگرتن بە گەرمتربوونی هەر چی زیاتری گۆی زەوی، بگۆڕێ؟
د. مەنسوور سۆهرابی؛ دیارە ئەوەی کە قەیرانی ژینگەیی قەیرانێکی گەورەیە لە مێژوودا ڕاستە بە تایبەت کە لە سەرەتاکانی سەدەی ۲۰ هەتا ئێستا یانی لە سەد ساڵی دواییدا ئەو قەیرانانە زۆرتر بوون و قووڵتر بوونەتەوە، بەڵام پێویستە بەڕوانگەیەکی دیکەشەوە چاو لە قەیرانەکە بکەین، واتە ئێمە هەر بە دیدی ئیدئۆلۆژیک چاوی لێنەکەین؛ بۆنموونە ئێستا وڵاتی چین کە وڵاتێکە بەنیسبەت ئیدئۆلۆژیەوە یا لەڕووی نەوعی سیستمی بەڕێوبەریەوە، خۆی بە وڵاتێکی کۆمۆنیست پێناسە دەکات، چین زۆرترین کاریگەری لەسەر پیسبوونی هەوا هەیە واتە وڵاتی چین ساڵانە بیست و چوار لە سەدی تەولیدی دی ئۆکسیدی کەربۆن هی وڵاتی چینە و دوای ئەوە ئەمریکا ۱۲لە سەدە واتە وڵاتی چین نزیکەی دو ئەوەندەی ئەمریکا ڕۆڵی هەیە لە پیسبوونی هەوادا؛ وەکوو خۆتان ئاگادارن کە زۆربەی زۆری پڕۆژە پیشەسازییەکان لەوڵاتی چینن و وڵاتی چینیش بەشێوەیەکی زۆر خراپ بۆ ژینگە سودیان لێ وەردەگرێ وە کاریگەری زۆر خراپی لە سەر ژینگە هەبووە؛ بۆیە من پێموایە ئاوا سەیری ئەم باسە نەکەین، بەڵام دیارە کە نەوعی مودیریەتی ئێستای مرۆڤ و زەوی گرفتی هەیە. ناتوانین بڵێین کە سوسیالیزم یا کۆمۆنیزم یا هەتا سەرمایەداری کۆتایی مێژوویە، یانی ئەوە نییە کە مرۆڤ بەهەموو ئەو سیستمە باشانەی کەوا مومکینە هەبێت بەدەستی هێناوە و زیاتر لەوانەشی کە نییە، ڕەنگە مرۆڤ پێویستی بێت کە سیستمی نوێ بدۆزێتەوە لەدونیای نوێ دا؛ لەدونیایی داهاتوودا هۆشە مەسنوعییەکان دێنە ئاراوە ، گۆڕانکاری زۆر بنەڕەتی بەسەر هەم هەڵسوکەوتی مرۆڤ هەم بە سەر ژینگە دادێ وەخۆی پێویستە بەلای منەوە لەباری فەلسەفییەوە بتوانن جۆرێک فەلسەفە وئیدۆلۆژی نوێ بدۆزینەوە بۆئەوەی کە مرۆڤ بە ئاسوودەیی تر بژی و کەمترین کاریگەری خراپی لەسەر ژینگە هەبێت.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ زۆرێک لە لێکۆڵەرانی بواری ژینگە لەو بڕوایەدان کە کۆرۆنا کاردانەوەی سرووشت بوو بە وێرانکارییەکانی مرۆڤ لە ژینگەدا، بە بڕوای ئێوە پەیوەندی مڕۆڤ و سرووشت لە جیهانی دوای کۆرۆنا گۆڕانکاری بەسەر دێت؟ یا وەک ڕابردوو مرۆڤ بەردەوام دەبێت لە هەوڵە تێکدەرانەکانی بەرانبەر ژینگە؟
د. مەنسوور سۆهرابی؛ کاتێک کە ئێمە دێین دەستکاری ژینگە و سروشت دەکەین و ئەو دەستکارییانە ئەوەندە زۆرە، سرووشت بەرەنگار دەبێتەوە دەبینین ژینگە کە لەو قەیرانەدا خەریکی خۆژیاننەوەیە، بەڵام ئەوەی کە زۆر زۆر گرینگە مەسەلەی ئەخلاقی ژینگەیی و مەسەلەی هەڵسووکەوتی مرۆڤ دوای کۆرۆنایە کە چۆن دەبێت؟! واتە ئەوەیکە مرۆڤ دەیەوێ چی بکات. ئەگەر بەڕێوەبردنی زەوی بگەڕێتەوە سەر ئەو حاڵەتەی کە بۆ قەرەبووکردنەوەی خەسارەکان، فشارێکی یەکجار زۆر بێنێتە سەر سرووشت کە لە توانای سرووشت دانەبێ ڕەنگە قەیرانەکان زۆر قوڵتر بکا، بەڵام ئەگەر مرۆڤ فشاری کەمتر بۆ سرووشت بێنێ و خەساری کەمتری لێدا دەتوانێ زیاتر بمێنێتەوەو زیاتر کەڵکی لێ وەربگرێ و ژیانێکی ئاسودە و پایەدارتری هەبێ و لەو ڕوانگەی ئەخلاقی ژینگەیی پڕۆژەکان بەڕێوەبەرێ و سیستمە ئابوورییەکان بباتە شوێنێک کە کەمترین کاریگەری نەرێنیان لەسەر ژینگە و سروشت هەبێ، پێموایە کە دەتواندرێ دەسکەوتێکی گەورە بێ، وەک عەرزم کردن مەسەلەیەکی دوو لایەنەیە.
مرۆڤ پێویستی بە ئەخلاقێکی تازەیە ئەخلاقێک کە بتوانێ کاریگەری هەبێت لەسەر هەڵسووکەوتی مرۆڤ لە گەل سروشت و ژینگە. ئێمە خۆمان بەشێک لە سرووشت ببینین نەوەک ئەربابی سروشت واتا بڵێین ئەو دونیایە دروست کراوە بۆئەوەی ئێمە چێژی لێوەربگرین بەویستی خۆمان هەر جۆرێکمان پێخۆشبێت سودی لێوەر بگرین و ئێمە ئەشرەفی مەخلوقاتین، ئەوە تێزێکی خەتەرو هەڵەیە، پێویستە کە مرۆڤ خۆی لە سیستمێکدا بدۆزێتەوە ئەو سیستەمە لە ناو سروشتدا کار دەکات و هاوئاهەنگە و هاوتەریبە لەگەڵ سروشت و مرۆڤ خۆی وەک بەشێک لەو سروشتەدا ببینێتەوە. کاتێک کە ئەو دیدە هەبێت دەتواندرێ کاریگەرێکی ئەرێنی هەبێ. بەڵام ئەوەی کە ئێستا هەیە و ئەو قەیرانانە ی خەڵق کردووە وڵاتانی زلهێزو سەرمایەدار وڵاتانی کە وەکو ئەمریکا یان وڵاتانی تر بەو ئەخلاقە ژینگە ییەی کە پێویستە نەگەیشتوون. و پێویستە ئاماژە بەوە بدەم کە مرۆڤ هەنگاوی باشی هەڵێناوە بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو، ئێستا مرۆڤ نزیکتر بووەتەوە لەوەی کە بتوانێ ئەخلاقێکی ژینگەیی لەداهاتوودا بە دەست بێنێتوو پایبەند بەو ئەخلاق و ئوسولە بێت و هەموو یاساکانیش بەپێی ئەو ئەخلاقه دا بڕێژرێن و پێکەوە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە پێی ئەو ئەخلاقە ژینگەیانە بتوانن ڕێکەوتنامەیەک ببەستن کە وڵاتان تێیدا ناچار بکرێن کەپابەندی ئەو ڕێکەوتنامانە بن. بەبۆچوونی من ئەو بابەتی ئەخلاقی ژینگە زۆر گرینگە لەو بوارەدا.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ حیزبە سەوزەکان و ئێن جی ئۆکان تا چەندە ئەم هەلەیان قواستۆتەوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگای جیهانی لەگەڵ درووشمەکانی خۆیان بۆ پاراستنی ژینگە و پێشگرتن بە گەرم بوونی هەرچی زیاتری گۆی زەوی هاوئاراستە بکەن؟ یا بە واتایەکی دیکە ڕێکخراو و حیزبە سەوزەکان تا چەندە لەم فورسەتە کەڵکیان وەرگرتووە بۆ بەرەوپێش بردنی ئامانجەکانی خۆیان؟
د. مەنسوور سۆهرابی؛ ئێن جی ئۆکان و حیزبە سەوزەکان دیارە کە ئەوان کاری خۆیان دەکەن و خەریکن کە خەڵک ئاگاداری ئەو قەیرانانە دەکەنەوە، بەڵام گرینگترین شت ئەوەیە کە دەبێ حیزبەکان و ئێن جی ئۆکان خۆیان ئاپدەیت و نوێ بکەنەوە، فێری ئەخلاقی ژینگەیی و پابەند بوون بە ئەخلاقی ژینگەیی بن بۆ ئەوەی بتوانن کاریگەریەکی گەورە لەسەر کۆمەڵگا دابنێن و ئەخلاقی ژینگەیی فێری کۆمەڵگا بکەن لەو ماوەیەشدا ئەوەندەی من ئاگاداربم کاری باشیان کردووە بۆ ئەوەی کە بتوانن خەڵک ئاگادار بکەنەوە لەسەرجەم وڵاتانی دونیا، پیموایە کاریگەرییەکی باشیان دەبێ ئەگەر بۆخۆیان خۆیان نوێ بکەنەوە و بگەنە ئەو ئاستە لە ئەخلاقی ژینگەیی کە ئاماژەمان پێکرد.
بە بڕوای من یەکەم کار ئەوەیە کە حیزبە سیاسییەکان گۆڕانکارییەکی مۆدێڕن لە چوارچێوەی تەشکیلاتی خۆیاندا پێکبێنن و بتوانن شوێنێک لە ئاستی بەڕێوەبردنی سەرەوە بۆ ژینگە بکەنەوە، یا ڕاوێژکاری ژینگەیان هەبێ یا تەنانەت کەسێک بۆ کاروباری پرسی ژینگە دیاری بکەن، هەر چەند من پسپۆڕی ئەم بوارە نیم(سیاسی) بەڵام بۆ نموونە ئەگەر شێوەی بەڕێوەبردنی حیزب شورایی یا مۆدێلێکی بەم شێوەیە بوایە ئەوە دەتواندرا یەکێک لە شوراکان بۆ کاروباری ژینگە دابندرێت یا هەر شێوە مودیرییەتێکی دیکە کە ببێ جێگایەک بۆ ژینگە بکاتەوە. ئەگەر ئەوەش نەبێ ئەوە دەتوانن ڕاوێژکاری ژینگەییان هەبێت. دەبێ حیزبەکان بەو قەناعەتە بگەن، ئەو جێگایەی کە خەباتی بۆ دەکەن لە ڕاستیدا سرووشت و ژینگەیە. واتە ئەوەی کە ئێمە وەکوو نیشتمان، وەکوو خاک و وەتەنی دەناسین هەر ئەو سرووشت و ژینگەیەیە، ئەگەر ئەو سرووشت و ژینگەیە قەیرانی بۆ پێش بێت و بەرەو ئاراستەی لەناوچوون بڕوات، ئەو خاک و نیشتمانەی کە ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین ڕزگاری بکەین، نامێنێ. هەر ئەوە بە جۆرێک بە نیسبەت مەسەلەی کوردستان و ڕۆژهەڵات، بە نیسبەت وڵاتەکانی دیکەش هەر وایە.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ وێرانکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر ژینگە لە کوردستان زۆر زیاتر بووە بە نیسبەت بەشەکانی دیکەی ئێران، لە دروست کردنی بەنداو و گواستنەوەی ئاوی کوردستان بۆ شارە گەورەکانی ئێرانەوە بگرە تا لەناوبردن و تاڵانکردنی ئاسەوارە مێژوویی و سەیرانگە و سووتانی دارستانەکان، کە بەردەوامی ئەم دۆخە قەیرانێکی گەورەی ژینگەیی بۆ کوردستان بەدواوەیە، ڕێگاکانی پێشگرتن بەم قەیرانە چین و پێویستە لەم قۆناغەدا چالاکانی ژینگەپارێزی و ڕێکخراوەکان چۆن هەڵسووکەوت بکەن؟
د. مەنسوور سۆهرابی؛ من پێموایە بە نیسبەت کوردستان ئەگەر چاو لەو پرسە بکەین حیزبە سیاسییەکان دەبێ هەست بە گرینگی پرسی ژینگە بکەن، لە کوردستانیشدا دەبینین کە زۆر کێشە بۆ وڵاتی ئێمە هاتۆتەگۆڕێ، ئاوی کوردستان بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران دەگوازرێتەوە، بۆ نموونە ئاوی کوردستان لە قوروەوە بەرەو هەمەدان دەڕوات، لە بەنداوی بۆکانەوە دەچێت بۆ لای میاندواو و لەوێوە دەگوازرێتەوە بۆ تەورێز، لەو مەسیرەدا و لە پارێزگای ئازەربایجاندا دەبینین کە ئەو زەمینانەی کە وا شۆرەکاتن و هیچ بەرهەمێکیان نییە ئاویان پێ دەدن و لە کشتوکاڵێکدا کەڵکی لێ وەردەگیرێ کە بەرهەم و بازدەهی نییە. بەلام زۆر جار لە شامات ئاوی پێویست نادرێ بە وەرزیرە کوردەکان. دەبینین لە مەسیری ئەو ئاوە و لە پارێزگای ئازەربایجان سەرجەم شارۆچکە پیشەسازییەکان لە لەو ڕێگایەدا هەڵکەوتوون لە ئیلخچی، لە ئازەرشار، لە بناو، لە تەورێز، سەرجەمیان لەو ئاوە کەڵک وەردەگرن کە لە بۆکانەوە دەچێت. لە هەر چرکەیەکدا پێنج میتری سێ جێ ئاو دەڕوا کە ئێستا دەیانەوێ دوبڵی بکەن و خەریکن کە لە شوێنێکی دیکەشەوە هەر ئەو ئاوە بۆ تەورێز دەکێشن بۆ ئەوەی ١٠ میتری سێ جێ ئاو بچێت.
تەنانەت لە «عەین عەلی» تەورێز کە باغی دەستکرد و دەریاچەی دەستکرد دروست کراوە ئاوەکەی لە جەغاتووە دەچێت و کەڵکی لێ وەردەگیرێ. دەزانین ئەو پرسانە دەتوانێ مەسەلە بێ بۆ حیزبەکان، دەبینین لە زاگرۆس، دارستانەکانی ئێمە لە ناو دەچێت و دەدزرێ، خوڵەکەمان لە دەست دەچێت، دەبینین کە ئاوەکەمان دەگوازنەوە، ئەوە کە دەبینین زەریاچە ورمێ بەرەو لەناوچوون دەڕوا، و بە شێوەیەکی زۆر نادروست مەدیریەت کراوە، هەر لەوێ دەبینین لە قەراغ دەریاچەکە کە بەنداوی حەسەنلو لێدراوە، کەشاوەرزە تورکەکان ئاویان پێ داون، ئابیاری بارانیان پێ داون خەریکی کشتوکاڵن و ناهێڵن ئاو بچێت بۆ دەریاچەی ورمێ و لە زۆر شوێنی دیکەی ناوچە کوردستان بە بیانووی جۆراوجۆر ناهێڵن لە ئاو کەڵک وەربگرن، یانی بە گشتیی دەتوانین بڵێین هەڵاواردنێک هەیە لە بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتەدا، و ئەمە دەبێ گرینگی هەبێ بۆ حیزبەکان مەسەلەن بۆ نموونە ئەگەر پێش بە ڕۆیشتنی ئاو بۆ پارێزگای تەورێز گیرابووایە، خەسارێکی زۆر گەورە لە پارێزگای تەورێز دەکەوت، شارۆچکە پیشەسازییەکان تووشی کێشە دەبوون و قەیرانێکی گەورەی دروست دەکرد.
مەبەست ئەوەیە کە ئەو هەڵاواردنانە بوونە هۆی ئەوەی کە کوردستان لە باری پێشکەوتنەوە، زۆر دواکەوتوو بێ، بەڵام بۆ نموونە پارێزگای ئازەربایجان کە بۆخۆتان دەزانن تەورێز یەکێک لە پیشەسازیترین شارەکانی ئێرانە، دەی باشە پرسیار ئەوەیە ئەگەر پێویستە لەو ئاوە بۆ پیشەسازی کەڵک وەربگیرێ و ئاوی زیاتر هەیە، کە بە باوەڕی من نییە و ئاو ئاوە پاشکۆی ئەو سرووشتەیە، پاشکۆی زەریاچەی ورمێ و ئی ئەو جوتیارانەیە کە لە ناوچەکەدا هەن و هی سرووشتە، بەڵام ئەگەر هەشبێ، بۆچی پیشەسازییەکان نایەن لە کوردستاندا بونیاد بنێن؟! بۆ چی ئەو ئاوە بە سەدان کیلۆمیتر دەبەنە جێگایەکی دیکە!؟ بۆ نیروگاکە نایەن لە بۆکان دروست بکەن ئەگەر پێویست دەکا ئاوی پێ بگا!؟ یان شارۆچکەی پیشەسازی وا گەورە کە بتوانێ کاریگەری باشی لە باری ئابوورییەوە بۆ ناوچەکەش هەبێ، بۆچی ئەوە ناکردرێ؟ لە ڕاستیدا وەکوو پێشتریش ئاماژەم پێکرد ئاو لە ئێمە و ئاوەدان کردنەوە بۆ ئەوان، دەبینین کە مەعدەنی زێڕی وڵاتی ئێمە لە تیکاب دەبردرێ و پیساییەکانیشی کە ئارسنیک و موادێکی ئالایەندەی ئاو و خۆڵە بەجێ دەمێنێ، نزیک زیاتر لە سەدا ٩٠ی زێڕ لە ئێران لە کانزا و مەعدەنەکانی کوردستان دەردەهێندرێ بەشێکی لە قوروە، لە لای سەقز و لە لای تیکاب، مەعدەنێک نەبێ کە لە لای جیڕۆفتە ئەگەر هەڵەم نەکردبێ، ئەوانی دیکە هەمووی لە کوردستانە. و هەر لەو جێگایانەی کە زێڕ هەڵدەگرنەوە، بۆ پاڵاوتنی زێڕەکە لە موادێک کەڵک وەردەگرن وەکوو ئارسنیک کە کاریگەرییەکی یەکجار زۆر خراپی لەسەر ژینگە و سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەمینی ئەو ناوچەیە هەیە.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ کۆماری ئیسلامی لەسەرەتای هاتنەسەرکاریەوە نە تەنیا هیچ بەهایەکی بە ژینگە نەداوە بەڵکوو هەمیشە بەربەستێک بووە لە هەمبەر چالاکی هەڵسووڕاوان و ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان، لەم قۆناغەی ئێستادا کە هەموو چالاکییەکی مەدەنی و تەنانەت ژینگەپارێزیش بە چاوێکی ئەمنیەتی و سیاسی لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە سەیر دەکرێت، پێویستە ژینگە وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی چۆن داخوازییەکانی فۆرمولە بکات بۆ پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە؟
د. مەنسوور سۆهرابی؛ حیزبە سیاسییەکان و ئێن جی ئۆکان دەبێت زیانیاریەکی باشیان لەسەر ئەو باسانە هەبێت بۆئەوەی بتوانن بەرەنگاری ببنەوە، بە شێوەی جۆراو جۆر بۆنموونە خۆپیشان دان بکردرێت یانی بەشێوەی مەدەنی بەشێوەیەک کە خەساری گیانی و کوشتنی بەدواوە نەبێت . ئێمە دەتوانین بەرەنگاری ئەو سیستەمە ببینەوە کە نە هێڵین ئەو هەموو کاولکاریە بەسەر وڵاتەکەماندا بێنێ. ئاوی ئێمە دەڕوات دەتوانین پێشی پێ بگرین بێ ئەوەی کە هیچ مرۆڤێک بکوژرێت وە حیزبەکان دەبێت ئەوانە بکەنە پلان و بەرنامەیان بۆی هەبێ بە باوەڕی من پرسی ژینگەیی ئەو قابیلیەتەی هەیە کە بتواندرێ وەکو هەدەفێکی باش بۆ ڕزگاری نیشتمان هەتا سودی لێ وەر بگیردرێت. لەگەڵ ئەوشدا کە ژینگە کەمان دەپارێزین بتوانین بگەین بە دەستکەوتە نە تەوایەتیە کانمان یانی ئەو قابیلیەتەی تێدا هەیە وە سازماندەهی و مودیریەتی دەوێت وە دەبێت لەو حاڵەتەی کە هەن یان هەبوون بێنە دەرێ وە بێنە خانەیەکی تازەوە. لە کۆتایدا من پێم وایە کە ئێمە دەبێت گرینگیەکی زۆر تایبەت بە مە سەلەی سروشت و ژینگە بدەین وە خۆمان وەکو مرۆڤ بەبەشێک لەو سروشت و ژینگە بزانین وەکو کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت دەرکی ئەوە بکەین کە ژینگەی ئێمە وەتەنی ئێمەیە نیشتمانی ئێمەیە، ڕزگاری نیشتمان بەپێی ئەو ڕزگاری ژینگەیەیە، یانی ئەو خەسارانەی لەسەر ئەو ژینگەیە ئێمە بتوانین کە متری بکەینەوە وەلە داهاتوشدا بتوانین بەشێوەیەکی باش بەڕێوەی ببەین. ئاواتم ئەوەیە کە هەموو حیزبە سیاسیەکان گرینگی بە مەسەلەی ژینگە بدەن وە من پێشنیار دەکەم کە ناوەندی هاوکاری حیزبەکان بەشێک بۆژینگەی کوردستان تەرخان بکات وەکو کۆمسێۆن وەکو مشاور یاوەکو معاونەتێک بیکەنەوە وە بەها بدرێ بەو مەسەلەیە هیوادارم کە لە داهاتوودا هەموو مرۆڤ بە ئاسودەیی بژی قەیرانەکان کەم بنەوە مرۆڤ هەموو لە ئاشتیو ئارامیدا بێت و ئێمەی کوردیش بە دەستکەوتە نەتەوایەتیەکانمان بگەین و بتوانین کە لە چوار چێوەی وڵاتی خۆماندا بە ئاسودەیی بژین و بە باشی بەڕێوەی ببەین و بە فکرو ئەخلاقی ژینگەیی ئێستا و داهاتوویەکی باش بۆخۆمان بێنینە ئاراوە.
ئهم بابهته 2037
جار خوێنراوهتهوه