"کارەساتێک بە ناوی ژن بوون لە ئێراندا"

باشترین سزا بۆ خومەینی ئەوەیە، بیکەی بە ژن و ناچاری بکەی لە ژێر سایەی دەسەڵاتەکەی خۆیدا بژیت!
"مادۆنا"

کیژان مێهرەبانی

قسە و باس و چیرۆکی زۆرمان بیستووە دەربارەی ئەو زوڵم و چەوسانەوانەی بەرامبەر بە ژنان لە ئێرانی دەکرێت. زۆر بیسراوە کە چۆن ژنانی ئەو وڵاتە لە ژێر سایەی یاسا و ڕێسا دواکەوتوو و سەدە ناوەڕاستییەکانی کۆماری ئیسلامی دەچەوسێنەوە. سنوور بۆ ئەو چەسانەوانەش تەنیا بە بوارێک نییە و ژنان لە بوارەکانی ئابوووی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئایینی و مەزهەبی و ... دەچەوسێنەوە. 
لە کۆمەڵگای ئیسلامی پیاو سالاری ئێران، هەموو ئەو نابەرابەریانە و ئەو زوڵمانەی بە ژن دەکرێت لە ڕێی  ئایین و شەرعی ئیسلامیدا کراون بە یاسا و لە لایەن بەڕێوەبەرانی ڕژیمی ئیسلامییەوە جێ بە جێ دەکرێن. واتە لە ڕێگەی شەرعەوە ڕەوایی بەو بێ مافی و چەوسانەوانەی ژنان دراوە. 
ئەم پاڵپشتە یاساییەی کە کۆماری ئیسلامی لە بێ مافی و چەوسانەوەی ژنان، کولتوورێکی پیاوسالارانەشی بە دوای خۆیدا هێناوە کە زۆرێک لە پیاوانی گوش کراو بە یاسا و کولتوورە بێ مافی ژنان بە شایستەی ژنان و چەوسانەوەیان لە لایەن پیاوانە بۆ خۆیان بە ڕەوا دەبینن. 
واتە لە سیستمی سیاسی و یەکەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی چەوسانەوەی ژنان بە یاسایی کراوە و بە یاسا "ژن" وەک "مرۆڤی پلە دوو" پێناسە کراوە. 
کاریگەری چل ساڵەی زاڵ بوونی یاسا ئیسلامییەکان لە ئێران سەرەنجام وای لە بەشێکی بەرچاو لە پیاوانی کۆمەڵگای ئێران کردووە کە ژنان مرۆڤێکی پلە دوون و یان بەشێکن لە سەرمایە و موڵکی ئەوان و شێوازی هەڵسووکەوتیان لەگەڵ ژنان، هاوشێوەی هەڵسووکەوتیانە لەگەڵ مڵک و سەرمایەکانی خۆیان. 
لە سەردەمی ئێستا و لەم قۆناغە لە ژیانی مرۆڤایەتی کە وشیاری تاکی کۆمەڵگا چ لە ئاستی ئێران و چ لە ئاستی نێودەوڵەتییدا بە هۆی پێشکەوتوویی تێکلۆلۆژی و سانایی گواستنەوەی زانیاری لێ کەوتووەتەوە، ئاگایی ژنان لە سەر مافەکانیان و لە لایەکی دیکەوە جێ بە جێ کردنی یاسا کۆنەپارێز و شەرعییەتی ئیسلامی ململانێیەکی قووڵی کولتووری و سیاسی لێ کەوتووتەوە.
 یەکێک لەو بوارانەی کە کاریگەی گەورەی لە سەر ژنان لە بەردەوامی پێشێل کاراییەکانی مافی ژنان بووە لە ئێران، پەروەردەکردنی کوڕان و کچانی وڵاتی ئێران بە پێی ستانداردەکانی سیستمی خوێندن بووە. کۆماری ئیسلامی بە کەڵک وەرگرتن لە سیستمی پەروەرە و جێگیر کردنی شەریعەتی ئیسلامی لە توێی کتێبە دەرسییەکان گەورەترین کاریگەری نەرێنی لە سەر پەروەردەی لاوان و نەوەی نوێی ئێران بووە بە کولتوری پیاوسالارانە. 
ئەمە جیا لەوەی باڵادەستییەکی ڕەهای بۆ پیاوان لە باری دەروونییەوە چەسپاندووە، متمانە بە خۆبوونی لە ژنان دابەزاندووە و ئەمە خۆی ڕەنگە گەورەترین و سەرەکی ترین کێشەی ژنان بێت لە ئێران. 
دۆخی ژنانی ئێران لە هەر نەتەوە و ئایین و ئایین زایەک بێت، دەردی هاوبەشیان چەوسانەوە و بێ مافییانە لە سایەی دەسەڵاتی ئایینی و پیاوسالارانەی کۆماری ئیسلامیدایە. 
ئەم دۆخە لە ژیانی ژنانی ئێران، لە ڕوانگەی هەر مرڤێکی ئازادیخوازێک کارەساتە.
ژنانی کورد ئەگەرچی لەو بێ مافییە لەگەڵ باقی ژنانی دیکەی ئێران هاوبەشن، بەڵام بە چەندین قاتێکی تر لە چاوباقی ژنانی دیکەی ئێران دەچەوسێنەوە. 
سەرباری چەوسانەوەی ڕەگەزی بە هۆی ژن بوونیانەوە، ژنانی کورد زوڵم و ستەمێکی دیکەشیان لێ دەچێت کە ئەویش بریتییە لە چەوسانەوە و بێ مافی نەتەوەییە. 
بە دوای دروست بوونی ئێران و سیستمی دەوڵەتی مۆدێرن لە سەردەمی ڕزا خانی میرپەنج کە بنەمای دەوڵەتی ئێران لە سەر بنەمای نەتەوەی فارس بنیات نا، واتە باقی کەمایەتییە نەتەوەییەکانی دیکەی ئێران (کورد، تورک، بەلووچ، عەرەب و ....) دەبوون بە شارۆمەندانی پلە دووی ئەو وڵاتە.
لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی و پاش ڕووخانی پاشایەتی ڕژیمی تازە بە دەسەڵاتگەیشتوو بە درێژەدان بە سیاسەتی "نەتەوەی باندەست" (فارس)، دینی باندەستیشی پێڕەو کرد. واتە دینی ئیسلام و لە ئایینی ئیسلامدا ئایینزای "شیعە" و لە مەزهەبی شیعە لقی "ئەسناعەشەری" (١٢ ئیمامی) و لە شیعەی ئەسناعەشەریش فیرقەی "ویلایەتی فەقیهی" کردە دینی ڕەسمی لە وڵات.
بۆیە ژنانی کوردی سونیش و یان هەر ئایینێکی دیکەی جگە لە شیعەی ئەسناعەشەری بە سێ ستەمیان پێ ڕەوا دەبینرێت. یەکەم بە هۆی ژن بوونیانەوە، دووهەم بە هۆی کورد بوونیانەوە، سێهەمیش بە هۆی ئایینەکەیانەوە. 
دەستەبەر کردنی مافەکانی مرۆڤ بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگای ئێران بە هەموو پێکهاتە ئینتیکی، ڕەگەزی، ئایینی و چینایەتییەکانیانەوە لە گرەوی گۆڕینی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدایە.
وشیاری تاکی کۆمەڵگا و لە سەروو هەموویانەوە ژنان (ئەو هێزە لە بن نەهاتووەی نیوەی کۆمەڵگای ئێران) زامنی سەرکەوتنی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی ئێرانە بۆ دابین کردن و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دادپەروەر.


ئه‌م بابه‌ته 2860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:09:22:15/11/2019