هەڕەشەكان سنوورەكانی هەرێمی كوردستان تۆكمەتر دەكەن

وەحید كەماڵی ئیلامی

جیاواز لە مێژووی دووسەدساڵەی تێكوشان و خەباتی نەتەوەی كورد بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی لە چواربەشەكەی وڵاتمان و ماوەیەكی زۆر دان بەخۆداگرتن بەهیوای ئەوەیكە نەتەوەكانی سەردەست لەچوار وڵاتە داگیركەرەكەی خاكی كوردستاندا هەستی برایەتی و یەكسانی و پێكەوە ژیانیان لا دروست بكرێت بەڵام بەداخەوە چەمكی برایەتی و داوای یەكسانی و پێكەوە ژیان تەنها لای نەتەوەی كورد بەها و قیمەتی هەبوو و هەیە و سیستەمی داگیركەری سەربەنەتەوەكانی سەردەست و كۆمەڵگەی سیاسیان هیچكات نەیانتوانی یان بیریان لێنەكرد و یان لەخۆبایی بوون و چەمكی شۆڤینیزم دەرفەتی ئەوەیان پێنەدا كە بتوانن چی لە ئاستی دەسەڵات و سیاسەت یاخود لە ناخی كۆمەڵگا و نۆخبەكانیان هەنگاو هەڵگرن بەرەو ئاراستەی ئەم ئاواتە و بەپێچەوانە و بەتایبەت لە عێراقی بەناو فیدراڵدا دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژیكی فراوانخوازی شیعی شوێنی سیستەمی دیكتاتۆریی مۆنارشیكی گرت و ئەوەی دەسەڵاتی بەعس بە بیری نەهات ئەمان بەسەر كوردیان هێنا لە چوارچێوەی عیراقدا.
لە ئێستاكە و دوای هەوڵێكی زۆری كورد لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتەكانی دوای بەعس لە بەغدا بەداخەوە كولتووری سیاسی و ڕێبازی فراوانخواز و سەركوتكەری زاڵ لەسەر كەسایەتی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق نەیتوانی لە پەیامی نەتەوەی كورد و باقی پێكهاتەكانی عێراق تێبگات و لە ئەنجامی نەگۆڕینی چەشنی دەسەڵاتداری، عێراق و نەتەوەكان و كەمینەكانی تووشی ئەزموونی تاڵی داعش و برا داعش بوون و ژیانی هەمووان كەوتە بن كاریگەریی نێگەتیڤی ئەم دەرئەنجامە و  نەتەوەی كورد لە عێراق زۆرترین باجی دا تا پەتای داعشیزم لە عێراقی نادیموكرات و بەناو فێدرال نەمێنێت و بووبە بەربەستی سەرەكی لە بەرامبەر ئەم شاڵاوە نەهامەتیە و لەكۆتاییدا هەم توانی خۆی بپارێزێت و هەم بووبە پارێزەری عێراق و ناوچەكە و تەنانەت هەموو وڵاتانی ئەورۆپی و ئەمریكی.
زیاتر ناچمە ناو وردەكاری و باس لە زۆر شتی دیكە ناكەم چونكە هەموو دونیا دانیان ناوە بە ڕۆڵی نەتەوە و ڕۆڵە قارەمانەكانی كورد لەپێناو پاراستنی مرۆڤایەتی لەبەرانبەر سۆنامیی دژەمرۆڤی ئیسلامیی داعشی و ڕاستەوخۆ ئەڕۆمە سەر بابەتی گشتپرسیی سەربەخۆیی و ڕەهەندەكانی و هەڕەشەكانی هەندێ لایەن لەناو عێراقی بەناو فیدراڵ و باقی وڵاتانی داگیركەری خاكی كوردستان لە بەرانبەر ئەم پرسەدا...
نەتەوەی كورد و هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان دوای ئەو هەموو ئەزموونە كە بوویانە لەگەل دەسەڵاتی ناوەند بەتایبەت لەدوای پرۆسەی ئازادیی عیراق لەساڵی 2003 بەدواوە لەكۆتاییدا گەیشتووتە ئەو قەناعەت و باوەڕە كە دەبێ بیرێكی جیدی لە پاشەڕۆژی خۆی بكات و هەر بەو شێوەیە كە لە "جارنامەی مافی مرۆڤ و یاسای گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان"دا ئاماژەی پێدراوە، ئەمە مافێكی سەرەكیی هەموو نەتەوە و كیانێكی ئەتنیكیە كە بتوانێت ئایندە و پاشەڕۆژی خۆی دیاریبكات. ئێستا كوردیش دوای ئەو هەموو نەهامەتی و هەوڵ و تێكۆشان و ئەزموونە وەك زۆر نەتەوەی دیكە بڕیاری لەسەر ریفراندوم داوە و لە 25ی ئەم مانگە گشتپرسیی سەربەخۆیی بەڕێوەدەچێت. كورد ئەمە بە مافی خۆی دەزانێت و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دژایەتیی دەكات، لەولاوەش كۆماری ئیسلامی و توركیا و سووریاش دژایەتیی ئەم بڕیارە دەكەن و وڵاتانی ئەورۆپا و ئەمریكاش بە ڕواڵەت داوای دواخستنی ئەم پرۆژەیە دەكەن.
بێگومان بە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بەشێكی گرینگی جوگرافیای سیاسی و دیموگرافیای وڵاتی دەسكردی عیراق دەبڕدرێت و ئەم بابەتە كاریگەریی ڕاستەخۆ لەسەر هاوكێشە و سیاسەتەكانی ناوخۆ و دەرەوەی ناوەندی دەسەڵات لە عیراق دەكات و تەنانەت هاوسەنگیی هێز و سەفبەندییە سیاسی و سەربازییەكانی ناوچەكە تا ڕادەیەكی بەرچاو دەگۆڕێت.
جیاواز لە سوریا كە ئێستاكە لە عەرزی واقیع پارچە بووە و دەسەڵاتێكی نامەركەزیش لە ڕۆژئاوای كوردستان دروستكراوە و ئەم بەشە لە خاكی كوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو سەقامگیریی زیاتر و تۆكمەتر دەڕوات و دەبێ چاوەڕێبین تاكوو ببینین چارەنووسی باقی خاك و دەسەڵات لە سوریا بەرەوكوێ دەڕوات و بە چ شێوەیەك دابەش دەبێت، دەمێنێتە دوو وڵاتی توركیا و كۆماری ئیسلامی ئێران كە هەبوونی كورد لەم وڵاتانە و بەتایبەت ئەوەیكە هەڵكەوتەی جوگرافیا و دیموگرافیای كورد لەم دوو وڵاتەدا دەوڵەمەندترین بەشی خاكی ئێستاكەی ئەم وڵاتانەن لە ڕووی نەوت و گاز و ئاو و... لە زۆر بواری دیكەشدا ناوچە كوردنیشینەكانی ئەم دوو وڵاتە بایەخ و گرینگیی ستراتژیكیان هەیە و بێگومان شەپۆڵی سەربەخۆبوونی باشووری كوردستان ڕاستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر شۆڕشی كورد لەم دوو وڵاتە داگیركەرە و هیچ نەبێت كوردی ئەم وڵاتانەش لانیكەم دەتوانن بیر لە بابەتێك وەك گشتپرسی بكەنەوە. بۆیە، رێفراندومی هەرێمی كوردستان وەك بۆمەلەرزەیكە كە ئەم دوو وڵاتەش دەهەژێنێت  بەتایبەت كۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی ئەوەیكە خاكەكەی جوگرافیای نیشتەجێبوونی لانیكەم شەش نەتەوەی داگیركردووە هەر لە ئێستاوە لەرز نیشتووە لە گیانی لەبەرئەوەی نەتەوەكانی دیكەی ئێرانیش وەك ئازەرییەكان, بەلووچەكان، سیستانییەكان، عەرەبەكان، قەشقاییەكان، توركمانەكان و تەنانەت تاڵێشییەكان دەتوانن لەم ئەزموونەی هەرێمی كوردستان كەڵك وەربگرن و داوای مافی نەتەوەیی و چارەنووسی خۆیان بكەن؛ كەواتە كۆماری ئیسلامی ئێران خۆی وەك زەرەرمەندترینی ئەم بابەتە دەبینێت. ئەمە جیاواز لەوەیكە لە بواری سیاسەتی فراوانخوازیی دەرەوەش گورزی كوشندەی بەردەكەوێت، دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بكەین كە دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران بەهەموو توانای خۆی هەوڵی لەباربردنی پرۆژەی گشتپرسی بدات و ئەگەریش لەمەدا سەرنەكەوێت بێگومان هەوڵی ئەوە دەدات كە لە ڕێگای دیپلۆماسی بووە یان شەڕ و ئاژاوەنانەوە قۆناخی دوای گشتپرسی و ئەنجامەكانی بەلاڕێدا ببات. ئەمانە لەلایەك و بگەڕینە سەر هەوڵی دەسەڵاتی ناوەندیی عیراق بۆ بەڕێوەنەبردنی گشتپرسی:
ئەوەی تا ئێستا بەغدا كردوویەتی لە دژی ڕیفراندۆم تائێستاكە سەرنەكەوتووە و هەوڵەكانی توركیا و ئێرانیش بێئەنجامبوون و لێدوانی سیاسیەكانی عیراق بەتایبەت شیعەكانی سەر بە ئێران و هەڕەشە سەربازییەكان و لەم دواییەشدا بڕیاری تاكلایەنەی پەرلەمانی عیراق، هیچیان ئەنجامیان نەبووە لە دواخستنی بڕیاری گشتپرسی لە هەرێمی كوردستان و دەبێ چاوەڕێی شتی دیكە تەنانەت هێرشی سەربازی بۆسەر خاكی كوردستان بەتایبەت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ببین كە وا دیارە كورد پێشوەختە خۆی بۆ ئەم بابەتە ئامادە كردووە.
سەرەڕای هەموو هەڕەشە و گوڕەشە دیپلۆماسی و سیاسی و سەربازییەكانی بەغدا و تاران و تەنانەت جاروبار ئەنقەرە، دەبێ بزانین هیچكام لەم وڵاتانە لە هەلومەرجێكدا نین كە بتوانن بچنە ژێر باری قورسی شەڕ لەگەڵ هەرێمێك كە هێزی هاوپەیمان لە پشتییەتی و لەلایەكی دیكەوە هێشتا هەرێمی كوردستان لە یاسای 36 دەرەجەی دژە فڕینی ئەنجومەنی ئاسایش دەرنەهاتووە و هەر هێرشێك بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان تاوانی سەختی بەدواوە دەبێت.
وڵاتانی ئێران و توركیا بۆخۆیان زۆر كێشە و ململانێی ناوخۆییان هەیە هەم لەناو دەسەڵات و هەم لەگەڵ نەتەوەكانی نێو چوارچێوەی وڵاتەكانیاندا و بەغداش هێشتا نەیتوانیوە تەنانەت خۆی لە تەقینەوە ڕۆژانەكان بپارێزێت و بەشێكی زۆری شیعەكانیش (ئەوانەی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا هەماهەنگ نین) مەزەندە ناكرێت كە خۆیان بخەنە نێو گەمەكانی كۆماری ئیسلامی و بێشك هەوڵی ئەوە ئەدەن خۆیان بپارێزن لە ڕیسكێكی ئاوەها كە شەڕی ڕاستەوخۆی كورد بكەن هەرچەن بە ڕواڵەتیش دژی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بن.
 ڕاستە تا ئێستاكە وڵاتانی ڕۆژاوا و ئەمریكا پشتگیریی بڕیاری گشتپرسیان نەكردووە بەڵام لەهەلومەرجێكی وەهادا هەرچەشنە هێرشێكی سەربازی بۆسەر هەرێمی كوردستان هێرشی ڕاستەوخۆیە بۆسەر بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانیان و بێگۆمان دەرفەتێكی ئاوەها بە هیچ لایەنێك نادەن.
لە ئاستی ناوخۆیی هەرێمی كوردستانیشدا هەرەزۆری خەڵك و هێزە سیاسیەكان و تەنانەت هێزی تۆكمەی پێشمەرگەش بەهەموو توانایكەوە لەگەڵ سەربەخۆیین و بەهیچ شێوەیەك لەم مافە سرۆشتییەی نەتەوەی كورد پاشگەز نابن و دیارە ئەو لایەنە ناوخۆییانەش كە لەگەڵ ئەم بڕیارەدا نین بێگومان بەرژەوەندیی خۆیانی تێدا نابینن یان بیر لەوە دەكەنەوە ڕەنگە بە سەربەخۆیی كوردستان بەرژەوەندی و ڕەواییان بكەوێتە مەترسیەوە بۆیە ئەوانیش بە مافی خۆیانی دەزانن كە لەگەڵ گشتپرسی نەبن و دژایەتیی دەكەن و بە بڕوای نووسەر هەبوونی ئەم دەنگەش شتێكی ئاساییە و ئەم شتە لەو وڵاتانەدا دەبیندرێت كە هەنگاویان هەڵگرتبێت بەرەو دیموكراتییەت.
با كورد جارێكی بەجیدی لە خۆمان و لە دراوسێیەكانمان پرسیار بكەین بۆ دەبێ هەموو كات كورد خۆی لەگەڵ بەرژەوەندی و سیاسەتی ناوەندەكانی دەرەوەدا بگونجێنێت و بە گوێرەی ویستی ئەوان بڕیار بدات؟ با بۆ جارێكیش بووە ئەوان خۆیان ڕاست بكەن و گوێ لە داخوازەكانی نەتەوەی كورد بگرن. با ئەوانیش تۆزێك شعووری تاریخی و دیموكراتی و مرۆڤانەیان هەبێت و پابەندی مافی نەتەوەكان بن. با ئەوانیش بۆ جارێك بووە هەنگاو لە ڕێگای مافی مرۆڤ و نەتەوەكاندا هەڵگرن و لە جیاتی دژایەتی و نكۆڵیكردن لە مافی نەتەوەی كورد، ڕێگاخوشكەر و هاوكاربن بۆ گەیشتنی نەتەوەی زۆڵم لێكراوی كورد بەمافەكانی. با ئەوانیش بۆجارێك بووە پابەندبن بە جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان كە بۆخۆیان واژوویان لەسەر كردوە و ئەندامێن.
ئەوەی كە دیارە ڕۆژانی داهاتوو بۆ هەموو تاك و لایەنێك چارەنووسساز و یەكلاكەرەوەیە و تا ئێستا سیگناڵەكانی دەور و پشتی كورد زۆریان هەڵگری هەڕەشە و مەترسین بەڵام ئەوەی كە دەبینرێت كورد خۆی لەهەموو كاتێك ئامادەتر دەبینێت و هێزی كۆمەڵگە و هێزی سەربازیی كورد بەهەر هەڕەشە و گوڕەشەیەك زیاتر لەیەك نزیك دەبنەوە و هەڕەشەكان زیاتر دەبنە هۆكاری یەكگرتوویی نەتەوەی كورد و لایەنەكانی نێوماڵی كورد.
لە ڕوانگەیەكی دیكە و ڕاستبینانەدا زۆر ئەستەم و دوورە كە وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران دژبەری سەربەخۆیی بێت و بتوانن و بیانەوێت ڕاستەوخۆ لەشكەركێشی بكەن بۆسەر كوردستان چونكە كردارێكی بەم شێوەیە لەڕاستیدا و بە پێناسەیەكی دیكە دەبێتە لەشكەركێشی بۆسەر بەرژەوەندییەكانی خۆیان و دەبنە زەرەرمەندی سەرەكی لە هاوكێشەكەدا و ڕەنگە كردارێك لەم چەشنە ببێتە هۆیەك بۆ سەرهەڵدانی زۆر پتانسیەلی ناوخۆیی و دەرەكی لە دژی و ئەنجامەكەی كیانی كۆماری ئیسلامی بخاتە مەترسی زیاترەوە، بۆیە وەكو تا ئێستا كردوویانە هەوڵی بەڕێوەبردنی شەڕی نیابەتی دژبە كورد دەدەن و شاخ و باڵە دەرەكییەكانیان وەكو میلیشیا شیعەكان و حەشدی شەعبی و داعش و... بەكاردێنن دژی كورد. تەنانەت دەسەڵاتی ناوەندیی عیراقیش لە سەركەوتووترین سیاسەتی سەربازی خۆیدا دژبە كورد مەگەر بتوانێت حەشدی شەعبی و میلیشیاكان هانبدات و ئەرتەشی عیراق لەو ئاست و توانایەدا نییە كە بتوانێت هێرش بكاتە سەر كورد و لەلایەكی دیكەوە تەنانەت ئەگەر بەغدا و تاران تووشی ئەم هەڵە سەربازییە كوشندەیە ببن بێگومان یەكگرتوویی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی هاوپەیمان وەڵامێكی مێژووییان دەبێت بۆیان چونكە لەلایەك هێزی پێشمەرگە كوردستان جیاوازی ناكات لەبەرانبەر هەرلایەنێك كە بیەوێت مەترسی بخاتە سەر ئەمن و ئاسایشی كورد و كوردستان و لەلایەكی دیكەوە هێزی هاوپەیمان میلیشیاكانی شیعەی عیراقی بەتایبەت حەشدی شەعبی بە باڵێك لە تیرۆریزم و دەست و باڵی دەرەكیی كۆماری ئیسلامی دەزانن و تەنانەت نەك لەبەر خاتری كورد بەڵكو بۆ ڕێگری لە گەشەسەندنی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لەناوچەكە و عیراقیش بێت بەهەموو هێزی خۆیان بەرەنگاری هەر هێرشێكی لەو چەشنە دەبنەوە (هەر وەكو هێرشی ئەم دواییەی  هێزەكانی هاوپەیمان بۆسەر ئەرتەشی ئەسەد و میلیشیاكانی حیزبوڵای سەربە ئێران لە نزیك دەیرەزوور لە سووریا). بۆیە، دەتوانرێ بگوترێت كە هەڕەشەكانی بەغدا و تاران زیاتر دەچنە خانەی بلۆفی سیاسی - سەربازیەوە.
لەئێستادا هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەهەموو توانای كوشندەی خۆی و پشتگیریی تەواوی ئاسمانی و زەمینیی هێزی هاوپەیمان لەسەرتاسەری سنوورەكانی كورد لەگەڵ عیراقدا جێگركراون و لە ئامادەباشیی تەواودان و زیاتر لە هەر كاتێك توانای سەربازی و بەرەنگاریان هەیە لەبەرانبەر هەر هێزێكی دەرەكی و ئەزموونێكی بەنرخی سەربازیشیان وەرگرتووە لە شەڕی دژ بە میلیشیا تووندڕەوەكان و سنوورەكانی كورد لەگەڵ عەرەب لەهەموو كاتێك تۆكمەتر و پارێزراوترن بۆیە قەت نابێت بیر لەوە بكرێتەوە كە كورد و خاكی كوردستان (بە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئێدارەی هەرێمیشەوە) و ڕفراندۆم مەترسیی سەربازیان لەسەرە، بەڵكو ئەوەی دەبێتە هۆكاری سەركەوتنی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان زیاتر پەیوەستە بە سیاسەت و دپلۆماسیی سەركردایەتیی كوردەوە لەم قۆناغەدا و هاوكێشەكان كە بە چ شێوەیەك پرۆسە و پرۆژەكە بەرەو پێش دەبات.


PM:07:29:13/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 94 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌