"ئینقلابی فەرهەنگی"، پیلانێک دژی پێشکەوتن

"ئینقلابی فەرهەنگی"، پیلانێک دژی پێشکەوتن 



 

عادڵ محەمەدی


 

ئینقلاب یان شۆڕش گۆڕانکارییەکی بنەمایی،   وەرسووڕانێکی گەورە و سەرەکییە لە ژیانی کۆمەڵگادا.

لە ڕوانگەی کۆمەڵناسانەوە، ئینقلاب بە لە ناوچوونی نیزامی کۆمەڵایەتی کۆن و دواکەوتوو و جێگیر بوونی لەگەڵ نیزامێکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای داواکارییەکانی ڕۆژ پێناسە دەکرێت.

گرینگترین قۆناغ لە پێگەیشتنی ژیانی کۆمەڵگا ئینقلابە چوونکە کۆمەڵگای مرۆڤەکان تەنیا لە کاتی گۆڕانگاری نەزمی مەوجود دا دەتوانن ئاڵووگۆڕ بەسەر بارودۆخی مەوجودیش دا بهێنن.

دەتوانین ئینقلاب بە چەندین لقی جۆراوجۆر دابەش بکەین و لە هەمووی ئەم ئینقلابانەدا مەرجی سەرەکی بۆ گەیشتن بە دەرەنجامی شیاو، پێکهێنانی گۆڕانکارییە.

پرۆسەی هاتنەئارای ئینقلابێک لە هەر بوارێکدا هاوسەنگە و پێویستی سەرەکی و یەکەمین هەنگاو بۆ دەستپێکی چالاکییەکی ئینقلابی هەست کردن بە ناڕەزایەتی لە باروودۆخی مەوجود و خوازیار بوون بۆ باشتر کردن و گۆڕانکاری ئەو بارودۆخەیە  و دەتوانین ئینقلاب لە هەر تاکێک تا کۆمەڵگا پێناسە بکەین.

خولیای پێگەیشتن و پێشکەوتن لە هەر مرۆڤێک دا شوێنێک حاشا هەڵنەگرە و هەموومان ژیان لە ڕوانگەی ڕوو بە پێگەیشتن و بەرەو پێشچوون دەبەین، لەم هەوڵ دانە دا هەر کات لەگەڵ ناتەبایییەک کە دەبێتە هۆکاری دەرەنجامێک لە هەوڵ دان نەگەین، بیر لە گۆڕانی نەزمی مەوجود لە چالاکییەکانمان دەکەینەوە و هەوڵ دەدەین نیزامێکی نوێ و پێشکەوتوو جێگیر بکەین.

ئەم کۆمەڵە بیرۆکە و چالاکییانە کە لە قەوارەی ژیان گشتی و ژیانی تاکەکەسی و یان کۆمەڵایەتی هەر کەس و کۆمەڵگایەک بوونی هەیە دەتوانین بە پێناسەی ئینقلاب بزانین.

ئینقلاب و شۆڕشی ڕاستەقینە گۆڕانکاری هەمەلایەنە و بنەمایی لە نیزامی مەوجود (سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتووری، ئابووری و ئەگەری هەیە ئیدۆلۆژیک بێت) کە لە دونیای ئەمڕۆدا زۆرتری ئینقلابەکان بە شوێن گۆڕانکاری لە نیزامی سیاسی دان و لە چەندین بابەتی دیکەدا لە ئاکامی گەیشتن بەم گۆڕانکارییە پێکدێن، بەڵام خاڵی جێگای بیرکردنەوە ئەوەیە کە لە ئەگەری گۆڕانکاری لە هەر یەک لە ساختارەکاندا بە بێ ئینقلابی کلتووری، یەو ئینقلابە مەحکووم بە دۆڕان دەبێت و بە زوویی ناتەبایی ساختاری نوێ لەگەڵ کلتووری نەگۆڕدراو، جێگا بۆ ناکۆکی و پێکهاتنی گۆڕانکارییەکی دیکە درووست دەکات.

ئینقلابی کلتووری

بۆ جێگیر بوونی نیزامێکی نوێ لە هەر بوارێکدا (سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی)، بێ متمانە پێویستی کەسرەستە و کەلووپەلی نوێ دەبین کە پەسەند کردن و چۆنیەتی هەڵسووکەوت و کەڵک وەگرتن لەم کەرەستە و پێداویستییانە کلتوورە.

ئینقلابی کلتووری هەوڵ بۆ ڕاهێنان و پەروەردەکردن، بارهێنان، بردنە سەرەوەی ئاستی وشیاری، نوخبە پەروەری و ڕاگرتنی پێشینە کلتووریەکان کە ڕەسەنی و پێناسەی هەر کۆمەڵگایەکە لە خۆی دەگرێت و هەر بەم هۆیەوە گرینگییەکی زۆری لە دەرەنجام وەرگرتن و مانەوەی ئینقلابە سیاسیم ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە.

بە تێپەڕ بوونی کات و هەر ئەوەی کە لە جیهان دا بوونی هەیە لە بواری فۆڕم و شێواز، کاریگەری و بەرهەمدانەوە تووشی گۆڕانکاری دەبێت و ئەمە بە هۆی تایبەتمەندی موتەغەیری جیهانە.

کەرەستە و کەلووپەلە کانی دەورووبەریش هەر بەو شێوازە موتەغەیر بوون.

لە گۆڕانکاری نیزام و ساختاری سیاسی هەر کۆمەڵگایەک دا چۆنیەتی بەکارهێنان و کەڵک وەرگرتن لە کەرەستە و کەلووپەلە نوێ کان و پێناسەی ئەوان لە لای تێگەیاندنی نەزمی نوێ دەبێت پێش لە بەرهەم دانەوەی گۆڕانکارییە سیاسییەکان پێبگەیێنین ئەگێنا بە پێچەوانە نەبوونی هاوئاهەنگی و هارمۆنی کەسەکان و بەشەکانی کۆمەڵگا لەگەڵ نەزمی نوێ جۆرێک دوو دوگانگی کە دەبێتە هۆکاری گۆڕانکاری بەرهەم دێنێت کە گرینگی و دەوری کاریگەری چاکردنی کلتوور و یان ئینقلابی فرهەنگی نیشان دەدات.

ئینقلابی کلتووری ئێران

بە کۆمەڵێک لە ڕووداو و پێشهاتەلان لە پەیوەندی لەگەڵ نیزامی ڕاهێنانی باڵا لە کۆماری ئیسلامی (نظام آموزش عالی در جمهوری اسلامی) بە تایبەتی لە ساڵەکانی ١٣٥٩ تا ١٣٦٢ی هەتاوی دەوترێت کە بە ئاکامی سڕینەوەی ئۆستادان، مامۆستایان و خوێندکارانێک کە لە ڕوانگەی حکوومەتی ئاخووندیەوە "غەرب زەدە" پێناسە دەکران، بەڕێوە چوو.

ئینقلابی کلتووری ئاکامی ئیسلامی سازی زانکۆ مۆدێڕنەکان و لەناوبردنی پەرژینی دوو نیزامی ڕاهێنانی باڵای تایبەتی حەوزەوی و زانکۆیی بوو.

بە سەرکەوتنی ئینقلاب، زانکۆکان کرانەوە، بەڵام زانکۆکان ببونە جێگایەک بۆ چالاکی سیاسی.

گرووپە جۆراوجۆرەکانی خوێندکاران بە خولیا گەلی ئایینی، مارکسیستی و... لە زانکۆکاندا چالاک بوون و ئەم گرووپە خوێندکارانە، هەر کامەیەک ئۆفیس و دیوەکانی زانکۆکانیان بە دەستەوە گرتبوو و لە ئیختیاری پێکهاتەی خوێندکاری سەربەخۆیان دابوو. لە ئاوا باروودۆخێکدا، زانکۆکان لە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵ دا نەبوون.

یەک ساڵ لە دوای ئینقلاب، زانکۆکان ببونە ناوەندی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی دژ بە کۆماری ئیسلامی و شوێنێک بۆ هاوڕێ وەرگرتنی تەشکیلاتی ئەم گرووپانە هەر بۆیە دەرکردنی گرووپەکان لە زانکۆکان بە مەبەستی دابڕانی دەماری حەیاتی ئۆپۆزسیۆن و لە هەمان کاتدا بوارێک بۆ لابردنی بەربەستەکان بە مەبەستی پاکردنەوە و پاڵاوتنی ئۆستادان و مامۆستایانێک بوو کە حکوومەتی ئێران ئەوانی بە "غەرب زەدگی" تۆمەتبار دەکرد.

ئاکام و مەبەستی ڕژیمی ئاخووندی لە ئینقلابی کلتووری، گۆڕانکاری و هاوسەنگ کردنی  تەواوی کەرتی ڕاهێنانی وڵاتی ئێران بە زانکۆ و قورابخانەکانیشەوە بوو.

کۆماری ئیسلامی بە داخستنی زانکۆکان، ماوەیەکی کاتی بۆ سەرکووتی دژبەران و لەناوبردنی ڕیزی ئۆپۆزسیۆنی خوێندەوار کە خۆی بۆ بەرەنگاری هەموو لایەنە لەگەڵ ڕژیم تەیار دەکرد درووس کرد و مێشکە بیرمەند و پرسیار کەرە کانی کۆمەڵگای فەلەج کرد.

کۆماری ئیسلامی بەناوی شۆڕشی فەرهەنگیەوە دووئامانجی سەرەکی هەبوو کە یەکێکیان کورت ماوەو یەکیان درێژماوەبوو. ئامانجی کورتماوە رێگەنەدان بەرێکخستنی لایەنە دژبەرەکان و سەرهەڵدانی ناڕەزایی لەزانکۆکان کەدەیتووانی سەرجەم کۆمەڵگەی ئێران بەخۆیەوە بتلێنێتەوەو ببێت بەکێشەیەکی مەزن بۆ کۆمارێک کە تائەوکات ریشەی خۆی لەو وڵاتەدا قایم نەکردبووەو دەسەڵات بەرەو رووی پرسیاری خەڵک بکاتەوە. ئامانجی درێژماوەش سەرجەم سیستەمی پەروەردەی وڵاتی یەکدەست دەکردەوەو هەمووانی لەچووارچێوەی ئایدۆلۆژی دینی حکومەتدا پەروەردە دەکردو مێشکی پرسیارخولقێنی لەبەین دەبردو ئەوەی هەبوو "خودی و غەیر" دەبوو.

دەسەڵاتدارانی ئەوکات و بەرنامەدارێژەرانی نزیکی خۆمەینی بە کۆپیگرتن لە شۆڕشی فەرهەنگی ١٩٦٦ی چین کە نزیک بە ١٠ساڵ درێژەی هەبوو، بەرنامەیەکی ١٠ساڵەیان بۆ سەپاندنی ئۆتۆریتەی ئیسلامی و بەجۆرێک خەلافەتی شیعەی خۆیان کەدوواتر ناوی "ولایت فقیه"یان بۆی هەڵبژارد، داڕژاندبوو. راگەیاندنی ویلایتی خۆمەینی یان دوواتر خامنەیی بە سیستەمی پەروەردەی ئەوکاتی ئێرانەوە رێگەپێنەدراو بوو لەبەرئەوەی ئەومامۆستاو خوێندکارانەی بەسەرجەم کتێب و نووسراوەی گەورە نووسەران و بیرمەندانی تائەوکات ئاشنابوون و کۆمۆنیسم، سوسیالیسم، لیبرالیسم و ناسیۆناڵیسمیان دەناسیەوەو مێژووی وڵاتانیتریان خوێندبووەو، ئەوەیان نەدەپەزێراو خەڵکیان لە قوتابخانەو زانکۆ ئاگەداری مەترسییەکانی هاتنی ئەم سیستەمە دەکردەوە.

زانکۆ لەهەموو وڵاتاندا کانگای جووڵاندنەوەی بیرو هەزری کۆمەڵگابووە بەرەو پێش و لەسەرجەم شۆڕشيکانی مێژوودا پێگەیەکی گەورەی هەبووە. لەئێرانی ئەوساڵانەشدا زانکۆکان بەدەستی دوو بیرۆکەوە بوو کەهەردووکیان دژبەری کۆماری ئیسلامی بوون. یەکەم مارکسیستەکان کە ئەساسەن لەگەڵ بنەماکانی کۆماری ئیسلامی کێشەیان هەبوو و دووای ماوەیەکی کورت کۆماری ئیسلامیان ناسی و شۆناسی تۆتالیتەری ئەو رژیمەیان بۆ دەرکەوت. دووهەم مۆجاهیدەکان کە ئەوانیش خاوەنی بیرۆکەی دینی بوون و هێزی رێکخراوەییان زۆر پتەو بوو بەڵام لەبەرئەوەی کە لەدەسەڵاتدا رێگەیان پێنەدرابووو بەجۆرێک بێبەش کرابوون خۆیان بە بەشخوراو دەزانی و بووبوون بەدژبەری دەسەڵات لەگەڵ ئەوەی کە خۆشیان هەر ئەو سیستەمەیان مەبەست بوو.

هەنگاوەکانی شۆڕشی فەرهەنگی لەئێران یەک بەیەک پلانی لەپشت بووو دووای داخستنی زانکۆ رێگەیان بۆ تێکەڵاو کردنی "حوزه" مەدرەسە دینیەکان و زانکۆکان خۆش کرد کە بەناوی ئیسلامی کردنەوەی زانکۆکان ئامانجیان بەدەستگرتنی سەرجەم سیستەمی پەروەردەبوو. بەهاوردنی مەلاکانی و مامۆستایانی دینی، سیستەمی پەروەردەی ئێران هەرلە سەرەتاییەوە تا بانترین ئاستەکان بوو بە سیستەمی "ولایتمدار" کە هەموو دەرسەکان و پەروەردە لەچووارچێوەی ویلایەتی "ئیمام"دا دەبووو هەموو قوتابیانیش وەکوو سەربازانی ئیمام پەروەردە دەکران. ئەوماوەیەی کە زانکۆکان داخرابوون دەرفەتێکی بۆ دەسەڵات رەخساند تا مامۆستایانی دەرەوەی بازنەی ویلایی، هەرکامەو بە هۆکارێکی دەستکرد یان سزابدات و یان خانەنشینیان بکات.

خومەینی پاش داخستنی زانکۆکان لێژنەیەکی دیاری کرد و ٣ ئەرکی سەرەکی خستەسەر شانیان کە بریتی بوون لە؛

پەروەردەی مامۆستایان و فیلتەرکردنیان بۆدەستبەکارکردن

ئیسلامی کردنەوەی زانکۆکان هەم بوواری دەرسی و هەم دۆخی گشتیی

دەستنیشانکردن و هەڵبژاردنی خوێندکاران

ئەم لێژنە دوواتر بووبە ئۆرگانێکی رەسمی و ناوی شۆرای باڵای شۆڕشی فەرهەنگی ئێرانیان بۆی هەڵبژارد. شۆڕشی فەرهەنگی کۆماری ئیسلامی کە لەکورت ماوەو درێژماوەدا ئامانجی یەکدەستکردنەوەی زانکۆو سیستەمی پەروەردەی ئێران و پاکتاوکردنی دژبەرانی دەسەڵات بوو تووانی بۆ ماوەی نزیک بە ٢٠ ساڵ ئەو ئامانجە بپێکێت. ئەمڕۆکە دیسانەوە هەمووان شاهیدی ئەوەین کە زانکۆ تووانایی ئەوەی هەیە رێکخەری بزووتنەوەیەکی گەورەی ناڕەزایی بێت لەئێران و بەهاتنی ئینتەرنەت و لەبەردەستبوونی دوونیا کپکردنی یەکجاری دەنگی کۆمەڵگای رۆشنبیری بۆ دەسەڵات بەئاسانی ٨٠کانی زایینی نیە. کۆماری ئیسلامی ئەوکات و ئێستاش بەباشی هەستی بە گرینگی خوێندکارو زانکۆ لەهەر شۆڕشێک کردوەو ئەوەی لەدەستی هاتبێت بۆرێگەنەدان بەم توێژەی کۆمەڵگا درێغی نەکردووە.

AM:10:42:03/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 47 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌