بزووتنەی کوردستان وبەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی "پەتای کرۆنا"

عادڵ محەمەدی

لەماوەی چەندمانگی رابردوودا ئەوەی بووتە گرفتی گەرە و وەکوو کێشەی مرۆڤایەتی لەم سەدساڵی چاوی لێدەکرێت "پەتای کۆرۆنا"یە. چۆنیەتی دەسپێکی ئەم پەتایە و شۆنی سەرهەڵدان و شێوەی بەرەوڕووبوونەوەی هەمووان ئاگاداری هەین و مەبەستی ئەم وتارەش باسکردن لەبواری پزیشکی و ئابووری و ئەوانە نییە. لەو کاتەوەکە بەڕەسمی بوونی ئەم پەتایە لەئێران و بەتایبەتی لە کوردستان پشتڕاست کراوەتەوە بەرەنگاربوونەوەی خەڵکیش بەجیددی دەستیپێکردووە و دۆخێکی تایبەت لەکوردستان دەستی پێکردووە.
لەسەرجەم وڵاتانی پێشکەوتوو، دوواکەوتوو و تەنانەت دیکتاتۆر و تۆتالیتار و دێمۆکرات کەتووشی ئەم پەتایە بووبێتن، حکومەت ئەرکی سەرەکی خۆی کە پاراستنی ئاسایش و سڵامەتی هاوڵاتیان بێت بەجێگە هێناوە و هەوڵی داوە ڕێگە نەدات زیانی گیانی و ماڵی زۆر لەخەڵکەکەی بکەوێت. لەمانەش دابینکردنی نەخۆشخانەی تایبەت، خاوێنکردنەوەی شەقام و کۆڵانەکەن بە دەرمان و کەرەستەی تایبەت، کەرەنتینەکردن و دابینکردنی پێداویستی خەڵکی بۆ مانەوە لەماڵ و یارمەتی ماڵی بۆشارۆمەندان بەبێ جیاوازی و زۆریتر دەکرێت ناوی لێ ببردرێت.
بەڵام بە پێچەوانە کۆماری ئیسلامی وەک مێژووی خۆی ئەمجارەش نیشانیدا کە هیچ بایەخێک بۆ گیانی شارۆمەندانی دانا نێت و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و قەیرانی ئابووری و گەندەڵی کاربەدەستان و گەمارۆکان و... گرینگییەکی زۆرتریان بۆ دەسەڵات داران هەیە.
کۆماری ئیسلامی دەیهەوێت بە خۆڵ کردنە چاوی خەڵکەوە وا پیشانی بدات کە کەم و کوڕییەکان و نەزانکاری و گەندەڵی و بێ بەرنامەیی و تەنانەت نەبوونی نەخۆشخانەی تایبەت، دەوا و دەرمان و دەسکێش و ماسک بخاتە ئەستۆی گەمارۆکانی ئەمریکا دژی چالاکییە گوماناوییەکانی ئیران و کاربەدەستانی تاران زۆری لەسەری مانۆڕ دەدەن بۆ ئەوەی وەکوو دەرفەتێکی کاتی بۆ کردنەوەی دەرگایەک بۆ دەرباز بوون لەو هەموو قەیرانە بەکاری بێنن. سەرەڕای داخوازی خەڵک و کۆمەڵگای پزیشکی و نێونەتەوەیی بۆ کەرەنتینەکردنی شارەکان، بەڵام کۆماری ئیسلامی بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە کە هیچ شوێنێک دانەخراوە و هەڵناگرێت  بە هۆی قەیرانە ئابوورییە ئاڵۆزەکانییەوە یارمەتی خەڵکەکەی خۆی بدات. واتە ئەم ڤیرووسە ئەوندەی دیکە عەیب و عار و ڕوانگەی دوژمنکارانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە خەڵکەکەی خۆی و هەموو مرۆڤایەتی دەرخست.  
لەکوردستان ئەوەی زۆر بەرچاوبوو ڕێکخستن و بەڕێوبەری دەسبەجێی ئەم قەیرانە بوو کە لە لایەن خەڵکەوە هەر زۆر زوو خۆی نیشاندا. دەسبەکارکردنی کارگەکانی درووسکردنی ماسک و دەسکێش بۆ کادری دەرمانی نەخۆشخانەکان و خەڵکی ناوچەکان،  رێکخستنی کومیتەی گەڕەکەکان لەشارەکان، مانەوەی خەڵک لەماڵەوە و ڕێگەنەدان بەسەفەری نەورۆزی لەشار و ناوچەکانیترەوە بۆ شار یان لادێکان، کۆکردنەوەی یارمەتی ماڵی بۆ بەڕوبەری ئەم پرۆگرامە نەنووسراوە و دیاریکردنی ئەرکی کەسەکان و دەبەکارکردنی هەرکەسە و لەشۆنی خۆی دەتوانێت سرەنجی هەر کەسێک بەتەیبەتی لەبواری سیاسی و دەروونناسی کۆمەڵایەتیyەوە بۆخۆی ڕاکێشێت.
ئەم ڕابوونە درێژی هەمان بزووتنەوەیە کە بنکەی گەڕەکەکانی لەشاری سنە بنیات نیاو رەهبەری بەرەنگاری هێرش ئەوکاتی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان کرد. ئەوەی ئەمڕۆ لەکوردستان دەیبینن گەشانەوەی بیری سەردەمیانەی ٤٠ساڵ پێشی رەهبەرانی سازماندەری ئەوکاتەیە کە هەنووکە بووە بە کلتوور و لەمێشکی لاوانی کوردستان ڕەگی داکوتاوە. ڕابوونی ئەمجارەی خەڵک بەڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەخات لەکوردستان ئەگەر دەسەڵاتی ناوەند ناکارەمەیە و حکومەتی کوردی بوونی نییە، بەڵام دەسەڵاتی نەنووسراوی خەڵک لە چوارچێوەی "بزووتنەوەی کوردستان" هەم ڕابەرە و هەم بەڕێوەبەر.
لە ڕوانگەی زانستی کۆمەڵناسییەوە، هەر جۆرە تێکۆشان و چالاکییەکی جەمعی و بە کۆ بۆ گەیشتن بە ئاکامێکی هاوبەش یا دەستەبەرکردنی ئامانجێکی هاوبەش کە لە ڕێگەی سازمانگەلێکی نافەرمییەوە ببێت، بزووتنەوەیەکی جەماوەرییە. بزووتنەوە جەماوەرییەکان دەتوانن کاریگەری ڕاستەوخۆیان لە سەر گۆڕینی یاسا و چالاکی ئورگانە فەرمی حکومەتییەکان هەبێت و ئەمەش بە پێی ڕێژەی بەشداربووانی کۆمەڵگا گۆڕینی بە سەردا دێت. بزووتنەوەیەکی جەماوەری کاتێک بوونی هەیە کە کۆمەڵێک لە تاکەکانی کۆمەڵگا لە ڕێگەی رێکخستنێک (نهێنی یان ئاشکرا و ڕەسمی)ـەوە بیانهەوێت گۆڕانکاری بە سەر دۆخێکی تایبەت لە کۆمەڵگا دروست بکەن. بزووتنەوە جەماوەرییەکان جیاوازی تایبەتیان لە گەڵ کاردانەوەیەکی جەمعی ئەوەیە کە ماوەی چالاکیان کورت نییە و تەمەنێکی زۆرتریان دەبێت و لە بەر ئەوەی ڕێکخستنێکی بەرنامەداڕێژراوی لە پشتە، تایبەت بە بۆنەیەک یان کێشەیەکی تایبەت نییە.
لەم ماوەدا و دووای هاتنی پەتای کۆرۆنا لەکوردستان، بزووتنەوەی خەڵکی توانی زۆرێک لەیاساکان و تەنانەت هێڵە سوورەکانی دەسەڵات بگۆرێت. داخستنی دووکان و بازاڕی شارەکان لەلایەن خەڵکەوە بەهەر هۆکارێک بەردەوام یەکێک لەهێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامی بووە کە ئەمڕۆکە تەنانەت ناتوانێت باسیشی لێوەبکات. ئەم بزووتنەوە لەم ساڵانی دوواییدا دیسانەوە خۆی نیشان داوە  بۆ نموونە هەڵمەتی کۆکردنەوەی یارمەتی و  یارمەتیدانی خەڵک دوای بوومەلەرزەکەی ئۆستانی کرماشانیش رابوونێکیتری بزووتنەوەی جەماوەری کوردستان بوو.
خاڵی مەترسیدار ئەوەیەکە کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە هەوڵی داوە خۆی بکات بەخاوەنی چالاکی و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان و هەنووکەش بەنیازە ئەم بزووتنەوەیە بەلاڕێدا بەرێت. تێکۆشەرانی ئەم بزووتنەوەیە لەناوخۆ بەباشی پێگەی خۆیان دەناسن و قەت لەداوی کۆماری ئیسلامی و کەسەکانی سەر بەدەسەڵات نەکەوتوون. گۆڕینی شۆناسی ئەم جووڵانەوەیە لە "بزووتنەوە" بۆ "چالاکی مەدەنی" ئامانجی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران و دەست و پێوەندییەکانیانە و بەداخەوە چەند میدیای کوردیش لەدەرەوە لەوداوە کەوتوون. ئەوەی جێگەی ئاماژەیە ئەوەیە کە چالاکی مەدەنی ودامەزراوەی مەدەنی لەدەسەڵاتە دیکتاتۆر و تۆتالیتەرەکاندا ناتوانێت بوونی ببێت و لە ئێرانی کۆماری ئیسلامیشدا بەهیچ شێوەیەک بوونی نییە. ئەو ئازیزانەی ئەمڕۆ لەکوردستان لەسەنگەری بەرەنگاری ئەم پەتایەدان و چالاکن، چالاکانی بزووتنەوەیەکی جەماوەرین بەپانتایی کوردستانی ڕۆژهەلات و چالاکی مەدەنی کڵاوی کۆماری ئیسلامییە کە بەنیازە لەسەر هەموومانی بنێت.


PM:10:22:31/03/2020




ئه‌م بابه‌ته 55 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌