لەیادی ٥٠ ساڵەی دامەزراندنی کۆمەڵەدا...


عادڵ محەمەدی

 

 

خەزڵوەری ساڵی ١٣٤٨ هەتاوی ٦ گەنجی خوێندکاری زانکۆکانی تاران پاش بیرکردنەوەو باس و تێڕامانێکی زۆر، لەدۆخێکی گرینگی ناوچەیی و بەتایبەتی لە نەبوونی هێزێکی چەپی کاریگەر و دڵسۆز لە کوردستاندا، بڕیاری دامەزراندنی تەشکیلاتێکی نهێنیاندا کە دوواتر بەکۆمەڵە ناسرا. نزیک بە ١٠ ساڵ خەباتی نهێنی و ژێر زەوینی ئەم ڕێکخراوە تووانی لەبوواری کەممی کادری بەکەیفییەتی باش پەروەردە بکات و رۆژ بۆ رۆژ بەهێزتر ببێتەوە. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە ئارای دۆخی نوێ لەم وڵاتەدا و بەگیانبەختکردنی یەکێک لە دامەزرێنەران (حەمەحوسێن کەریمی) کۆمەڵە ناچار بوو خەباتی عەلەنی خۆی ڕابگەینەت و لەژێر ناوی «کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران» درێژە بە خەباتی خۆی بدات.

کۆمەڵە وەکوو هێزێکی چەپ و خاوەن بیرۆکەی نوێ لە سەرەتای عەلەنی بوونییەوە تووانی پێگەیەکی تایبەت لە ناو کۆمەڵگای کوردستان بۆ خۆی بدۆزێتەوە. جیاوازی کۆمەڵە و هەر هێزێکیتری گۆڕەپانی خەباتی سیاسی کوردستان لەوەدایە کە بە لەبەرچاوگرتنی بنەما و بنچینەی بیرۆکەی چەپ، لە هەمان کاتدا بەردەوام گۆڕانکاری لە سیستەم و شێوەی مودیرییەتی ناوخۆیی حیزبەکەیدا دێنێتە ئاراوە. مێژووی کۆمەڵە ئەو راستیەمان بۆ دەردەخات کە داڕێژانی پرۆگرامی داهاتووی کۆمەڵە بەردەوام گوێگری خواستی کۆمەڵگای کوردستان بووە و لە ئەگەری شکست هێنانی هەر پڕۆژەیەکدا بە بێ هیچ ترسێک پێداچوونەوەی لە هەڵەکانی خۆی کردووەتەوە. بۆ نموونە دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وەکوو خاڵێکی لاواز بوو لە مێژووی کۆمەڵەدا و لە ساڵی ٢٠٠٠ زایینی بە خوێندنەوەیەکی دروست هەوڵی ساغکردنەوەی ئەو هەڵەیە هاتە ئاراوە. کۆمەڵە وەکوو هەر حیزبێکی سیاسی دونیا، خاوەنی سیستەمێکی مودیرییەتە و هەر بەم بۆنەشەوە پێویستی بە کەڵک وەرگرتن لە سەرجەم لقەکان و نەزەرییەکانی زانستی مودیرییەت هەیە.

هەر سازمان و سیستەمێکی مودیرییەتی بەردەوام پێویستی بە گۆڕانگاری بنەڕەتی و داهێنان هەیە. هێزی ڕکابەری ناوچەیی و دونیایی، وای کردووە هەموو سازمان و سیستەمێک دووای ١٠ ساڵ لە چۆنییەتی شێوە و سیستەمی کاری خۆیدا، گۆڕانکاری بێنێتە ئاراوە. ئەمە بە جۆرێک دەبێت کە هەر سازمانێک خاوەنی سیستەمێکی سەقامگیر بۆ ماوەی چەند دەیە نەمێنێت و تەنیا ئامانجەکەیە کە ناگۆڕدرێت، بەڵام سیستەمی مودیرییەتی بەردەوام لە گۆڕاندایە. لە مودیرییەتی نوێی ئەمڕۆدا یەکێک لە سەرکیترین ئەرکەکانی رەهبەری هەر سازمانێک گۆڕانکاری و بەڕۆژکردنەوەی سیستەمی کارییە بۆ گەییشتن بە ئامانج. رەهبەری و مودیرییەتی سازمانی، زانستێکی کارامە و حاشا هەڵنەگری ئەمڕۆکەیە بۆ سەرکەوتن و بەرەو پێشچوونی هەر حیزب و سازمانێک. مودیرییەتی سازمانی پێویستی بە تواناسازی کەسەکانی بازنەی مودیرییەتی هەیە و ئەمەش دەبێت بە هاندانی یەکەیەکەی بەشداربووان و بەڕێوبەرانی سیستەمەکە، سپاردنی ئەرک و چاودێری بەردەوام و داڕژاندنی چارت و بەرنامەیەکی دیاری کراوی ماوەدار، لە لایەن رەهبەری سیستەمەکەوە جێبەجێ بکرێت. لە لایەکیترەوە گرنگترین هۆکاری بەهێزبوون و بەرەوپێش چوونی هەر سازمان و سیستەمێک «سەرچاوەی مرۆڤی»ـە. کەوابوو هەڵدان و گەشەکردنی هەر سازمانێک لە  ڕاهێنانی بەردەوام و سپاردنی ئەرک بەپێی توانای کەسەکاندا خۆی دەبینێتەوە و رەهبەری بە یارمەتی پسپۆڕ و شارەزاکانی بواری مودیرییەتی و سەرچاوەی مرۆڤی ناو بازنەی حیزبەکە هەنگاوی بەهێزتر و قاییمتر بەرەو پێش هەڵدێنێتەوە.

کۆمەڵە خاوەنی پێگەیەکی گەورەی جەماوەرییە لە کۆمەڵگای کوردستاندا و ئەمەش بە شەهادەتی مێژووی ساڵەکانی خەباتی کۆمەڵە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە. لە ساڵەکانی پاشەکشەی هێزی پێشمەرگە لە شارەکانی کوردستان و زاڵبوونی دەسەڵاتی خۆسەپێنەری کۆماری ئیسلامی بە سەر ناوچەکەدا، بەرنامەی هەڵەی دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیست زەربەیەکی گەورەی لە ڕەوتی ڕوولە گەشە و هەڵکشانی کۆمەڵەدا. لە پاش هاتنەدەرەوەی کۆمەڵە لە حیزبی کۆمۆنیست پڕۆژەی ساغکردنەوەی حیزبەکەمان، بە هۆی گرفتی ناوخۆیی و دابڕانی بەشێک لە ئەندامان، مەجالی بە ئاکام گەییشتن، بەوجۆرەی کە چاوەڕووانی دەکرا بۆی نەڕەخسا. ئەمڕۆکە و پاش تێپەڕبوونی نزیک بە ٢دەیە، کۆمەڵە پێویستە وەکوو مێژووی پڕ لە شانازی خۆی، بە گەڕانەوە بۆ هێزی ئینسانی و جێگە و پێگەی جەماوەرییەکەی بەرنامەیەکی زانستی بۆ گەشە و بووژاندنەوەی خەبات لە کوردستان و رەهبەری شۆڕشێکی نوێ بگرێتەبەر.

بەهاتنی سیستەمی نوێ پێویستە کەسەکانیش خۆیان لەبوواری زانستییەوە بەڕۆژ بکەنەوە و ئەمەش بووە بەهۆکاری جێمانی بەشێک لە کەسەکان لە ڕەوتی ڕوولە گەشەی ئەو سیستەمە، بەڵام ئامانج و سیستەمی گەییشتن پێی، بەردەوام گرینگترە لە تاکەکەسەکان. لە کۆمەڵەدا تابە ئەمڕۆ ئەم خاڵە نەیتووانیوە کۆسپ بێت لەڕێی بەڕۆژ بوونەوەو نوێبوونەوەدا. کۆمەڵە پێویستە بە چاوخشاندنێک بە ڕابردوو، هەر سێبەشی تەشکیلاتی هەنووکەیی لەوانە؛ نهێنی، عەلەنی کوردستان و عەلەنی دەرەوەی وڵات بەرەو ئاراستەیەکی ئەمڕۆژیتر ببات و بۆ ئەم مەبەستەش تێچووی هەمەجۆرەی وەئەستۆ بگرێت.

بەشی نهێنی و ڕێکخستنی ناوخۆیی شار و لادێکان بەردەوام خاوەن گرنگییەکی تایبەت بووە بۆ کۆمەڵە. بڕوای تەواوی کۆمەڵە وەکوو حیزبێکی چەپ بە هێزی جەماوەری و بزووتنەوە جەماوەرییەکان هۆکاری ئەم گرنگییە بووە و نزیک بە ٩ ساڵ چالاکی نهێنی کۆمەڵە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە ئەزموونێکی باشی بە کادر و چالاکانی ئەو کاتی کۆمەڵە بەخشی. رەهبەری جووڵانەوە و چالاکییە جەماوەرییەکان لە بەشێک لە شارەکانی کوردستان لە سەردەمی شۆڕشی ٥٧ گەلانی ئێران لە لایەن کادرەکانی ئەو سەردەمەی کۆمەڵەوە بوو بەهۆی ئەوەی کە پاش عەلەنی بوونەوەی چالاکییەکان، جەماوەرێکی بەرچاو راستەوخۆ پەیوەست بن بە ئەم حیزبەوە. پاش پاشەکشەی کۆمەڵە و هێزە سیاسییەکان لە شارەکانی کوردستان بەرنامە و پلانی کۆمەڵە بۆ ڕێکخستنە ناوخۆییەکان بوو بە بەرنامەیەکی تەدافۆعی و زۆرتر لەوەی کە بیر لە گەشەی هیزی نهێنی خۆی بکاتەوە بەدووای پاراستنیەوە بوو. بە درێژەدا چوونی ماوەی نەبوونی ڕاستەوخۆی کۆمەڵە لە ناوخۆ و پاشان کێشە و گرفتە سازمانییەکان و ناتەبایی لە نێوان رەهبەری ئەو کاتی کۆمەڵە لە سەر سیاسەتەکانی کۆمەڵە و دوواتر دابڕانەکان، لەڕاستیدا تەشکیلاتی نهێنی ناوخۆی کۆمەڵە لە بازنەگەلێکی زۆر بچووکدا پێناسە کرا.

بۆ پەرەپێدان و تەوسعەی «کەمییەتی» (گەشەی چەندایەتی) و چالاکی «کەیفی» (چۆنایەتی) تەشکیلاتی نهێنی پێویستە بەستەر و دەرفەتی گونجاو بدۆزرێتەوە. لە ئەمڕۆدا و بە چاو خشاندنێک بە سەرژمێرە ناوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕێژەی ئێجگار زۆری پەراوێز نشینەکان لە شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بە زقی لە بەر چاوانە. سەرجەم شارەکانی کوردستان خاوەنی گەڕەکی زۆری پەراوێز نشینن و ڕێژەیەکی زۆری خەڵکی کورد ئەمڕۆکە لە سەرەتاییترین کەرەستە و مافەکانی ژیان وەکوو بێهداشت و ئەمنیەت و... بێبەشن. جێی خۆیەتی کۆمەڵە  لەم دەرفەتە بە باشترین شێوە کەڵک وەربگرێت و ئەندامانی نهێنی پاش ڕاهێنان و ئامادەبوونیان بنێرێتە ناو دڵی پەراوێز نشینەکانەوە و ئەمش ڕێک لە ئاراستەی سیاسەت و بەرنامەی پشتیوانی کردنە لە چینە هەژار و بەش مەینەتەکانی کۆمەڵگا. بەرنامەو درووشمی کۆمەڵە وەکوو حیزبێکی چەپ و داکۆکیکار لە سەر مافی کرێکاران و هەژاران ئەو راستییەمان بۆ دەردەخات کە پێویستە جارێکیتر چالاکییەکانمان ببەینەوە ناو دڵی خەڵکی هەژار و کرێکار.

جووڵانەوەی پەراوێزنشینەکانی کوردستان بەمانای جووڵانەوەیەکی راستەقینەی جەماوەرییە و ئەمەش پێویستی بە بەرنامەیەکی ورد هەیە. چینی پەراوێزنشین لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا بەرەوڕووی هەڵاواردنی چەند قاتی دەسەڵاتداران بوونەتەوە و سەرەڕای بێبەری بوونیان لە سەرەتاییترین مافەكانی هاووڵایەتیانی ئێران وەكوو بیمە، دۆخی ستانداردی سڵامەت لەو وڵاتە، مەدرەسە و خوێندگەی گونجاو و هەر مافێكیتر، تەنانەت بوونیشیان لەو دۆخەدا لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە لەبەرچاو نەگیردراوە. دۆخی نالەبار و ڕوولە خراپەی ئەم چینە و رێژەی زۆریان لە پاڵ قەیرانە ناوخۆییەكانی كۆماری ئیسلامی لە ئێستادا، دەتووانێت هۆكاری سەرەكی ئامادەبوونیان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و گونجاوبوونی دەرفەتەكە بێت. ئەندامانی نهێنی کۆمەڵە ئەبێت بە باشی لەم دەرفەتە ئاگادار بکرێنەوە و دواتریش بە بەرنامەیەکی بەردەوام و چاودێری کومیتەیەکی تایبەت، لە ناو پەراوێزنشینەکاندا جەماوەرێک لە دەور خۆ کۆکەنەوە و لە هەنگاوی دووهەمدا بە جووڵانەوەی ئەو جەماوەرە بزووتنەوەیەکی جەماوەری وەڕێ بخەن.

تەشکیلاتی ئاشکرای کۆمەڵە کە ناوەندی، دەبیرخانە، هیزی پێشمەرگە، فێرگە و ئۆرگانەکانیتر لە خۆ دەگرێتەوە، ئەمڕۆکە بە هۆکارگەلێک کە هەموومان ئاگەدارین لە کوردستانی باشوورە و بە نیسبەت ساڵەکانی دەیەی ٦٠ داڕمانی زۆری بەخۆیەوە دیووە. بەربەستەکانی حکومەتی هەرێم و بەرژەوەندییەکانی باشور لە پاڵ پاشەکشەی هێزی پێشمەرگە و نەمان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات بە ناچاری، بەشێک لە هۆکارەکانی ئەم داڕمانە بوون، بەڵام ئێمە پێویستە لە دۆخی هەبوودا باشترین کەڵک لە توواناییەکانمان وەربگرین. پێویستە بەردەوام ئەمەمان لە بەرچاو بێت کۆمەڵە وەکوو حیزب ببینین نەک دەسەڵات یان دەوڵەت!  لە حیزبدا گەورەترین فاکتی مانەوە و تۆکمەبوون پاش سیاسەتی دروست و بەڕۆژ بوون، نەزمی سیستەماتیکە. ئێمە لەم ساڵانەدا زۆرتر بە ئازادی و مافە دیمۆکراتیکەکانی ئەندام و پێشمەرگە گرنگیمان داوە کە ئەمەش لە جێگەی خۆی کردەوەیەکی باشە، بەڵام نەزمی حیزبیمانی لاواز کردووە. حیزبێکی سیاسی کە خاوەنی هێزی چەکدار بێت پێویستی بە نەزمێکی نیزامی بە تەواوەتی و بێ کەموو کۆڕیە کە ئەبێت وەکوو یاسا لە فەزای مەقەڕ و بنەکە و بارەگاکان بە کردەوەیی دەریبێنین. ئەندامان و لایەنگرانی دەرەوەی وڵات لە ٣ بواری دیپلۆماسی، کۆکردنەوەی یارمەتی ماڵی، گەیاندنی دەنگی کپ کراوی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ هاواری بێ مافی و داواکارییە ڕەواکانی بە کۆمەڵگای جیهانی(تریبوون) دەتووانن ڕۆڵی گرینگ و تایبەتیان هەبێت. لە ساڵانی رابردوودا کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات لە دیپلۆماسی تووانیوییەتی بە هێز بێت و پێگەی بەهێز بۆ خۆی لەم بواردەا بەدست بێنێت، کە ئەوەش بە هۆی چالاکی چڕوپڕی رەهبەری و هاوڕێیانی ئەو بەشە بووە لە دەرەوەی وڵات.

جێی خۆیەتی کە وێڕای پاراستنی دەسکەوتە دیپلۆماتییەکانی کۆمەڵە، هەمان سەرکەوتن و دەسکەوت و پێگە بۆ ڕاکێشانی ڕای گشتی جیهانی و بە تایبەتی وڵاتانی ئۆرووپایی و ئەمریکای دووپات بکەینەوە.

لەو بۆنە و ڕێ و ڕەسمە نەتەوەیی و حیزبییەکان پێویستە وەک دەرفەتێک بۆ ناساندنی پرسی کورد بە ڕای گشتی جیهانی کەڵک وەربگرین و دۆخی ئەمڕۆی کورد، وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت و ڕۆڵی پێشمەرگەی کوردستان لە شکست پێ هێنانی داعش و مەزڵوومییەتی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا ئەم بوارەی بۆ چالاکانی سیاسی کوردستانی ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی بۆ ئەندامان و کادری حیزبەکان و لە سەروو هەموویانەوە کۆمەڵە لەبارتر کردووە.

بە خەت کردنی چالاکانی سیاسی کوردی ڕۆژهەڵات لە ڕێکخراو و کومیتەکانی دەرەوەی کۆمەڵە دەبێت ئەرکی دانە دانەی کادر و ئەندامانی کۆمەڵە بێت. یەکخستنی مرۆڤی کورد لە بۆنەی گونجاوەکان بکەینە شانۆی ئیرادەی خەڵکی کۆڵنەدەری کوردستانی ڕۆژهەڵات و دەبێت هەر تاکێکی کۆمەڵەیی وەک باڵوێزی نەتەوەکەی بێت لە هەر شوێنێک کە هەیە.

لەم ساڵانەی دوواییدا زوری هەرەزۆری زەختی بەرەوە پێش بردن و بەڕۆژکردنەوەی کۆمەڵە لەسەر شانی چەند کەسی تایبەت بووە کاتی ئەوەهاتووە نەسڵی نوێ و سەرجەم ئەوانەی کە دڵیان بۆ کۆمەڵە لێدەدات بە ورەیەکی بەرزەوە شان بدەنە ژێرباری پێشخستنی کۆمەڵە لەڕێی نوێگەرایی و بەڕۆژکردنەوەی سیستەمی بەڕێوبەرییەوە.

 

بەرزو بەڕێزە یادی سەرجەم گیانبەختکردووانی خەباتی ٥٠ساڵەی کۆمەڵەو هەر شەکاوە بێت ئاڵای سوری کۆمەڵە.


PM:07:51:03/11/2019




ئه‌م بابه‌ته 79 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌