ئایا کورد دەتووانێت لەئۆپۆزیسیۆنی سەراسەریدا رەهبەری بکات ؟


بە چاوخشاندنێک بەسەر دۆخی هەنووکەی کۆمەڵگای ئێران و رێژەی ئازادی تاک و بەکۆمەڵ و بەلەبەرچاوگرتنی چۆنییەتی هەڵسووکەوتی دەسەڵات لەگەڵ خەڵک و هەرواها رووداوەکانی چەند دەیەی پێشووی ئێران لە لایەک و دەسپێکی دەوری نوێی ناڕەزاییەکان لە زستانی ٩٦ کە بەشداری بەرینی خەڵک و گۆڕینی درووشم پاش چەند رۆژ روولە دەسەڵات و گەییشتنی ئەمشەپۆلە ناڕەزاییە بەزۆربەی شارەکانی ئێران لەلایەکیترەوە و هەروەها قیرانە یەک لەدووای یەکەکانی دەسەڵات لە سیستەمی بەڕێوەبەری وڵات، دزی و گەندەڵی رۆژلەدووای رۆژی کاربەدەستانی حکومەتی و هەڵاتنیان بۆ وڵاتە رۆژئاواییەکان، ملمانێی ناوخۆیی لایەنەکانی دەسەڵات بۆ بەشی زۆرتر و تاڵانی ئاسانتری سامانی ئەو وڵاتە. هەروەها گۆشەچاوێکیش بە هەوڵەکانی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لەدەرەوەی بازنەی دەسەڵات کە بە ئۆپۆزیسیۆن پێناسە دەکرێن، لەوانە بەرنامەو پرۆژەکانی کوڕی شای پێشووی ئێران و لایەنە سەراسەریەکانیتر کە تا پێش رووداوەکانی ساڵی ٨٨ لەڕاستیدا بوونیان لەدوونیای واقیعدا نەمابوو، پێویسی رووانینێکی نوێ و داڕژانی پرۆگرام و بەرنامەیەکی نوێ بۆ کورد و لایەنەکانی لەهەرکات روونتر دیار دەبێت.

ئەوەی ئاشکرایە هەم دەسەڵات و هەم دژبەرە سەراسەریەکانی سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆ ملمانیەکی گەورە لەمانگەکانی داهاتوودا و لەماوەیەکی پێشەوە سازماندهی و هەوڵ بۆ رێکخستنی هێزی مرۆڤی لە هەردوولاوە روون دیارە. لەپاش شۆڕشی گەلانی ئێران لەساڵی ٥٧ی هەتاوی تا بەئەمڕۆ ئەمە دیاردەیەکی بێ هاوتایەو یەکەمجارەکە بەم شێوەیەو بەجیددی هەست دەکرێت گۆڕانکاریەک دەتووانێت لەئارادا ببێت. هەرلەم ماوەیەدا لایەنەکوردستانیەکانیش هەنگاوی باشیان هەڵهێناوە کە سەرەڕای ئەوە زۆرکەمە بەڵام دەتووانێت دڵخۆشکەر بێت. پێکهێنانی ناوەندی هاوکاری لایەنەکان هەنگاوێکی باشە کە دەتووانێت زۆر دەسکەوتی بەدوواوە ببێت بەڵام بەمەرجێک خۆباوەڕی لەم ناوەندەدا بتووانێت قسەی یەکەم بکات. ناوەندی هاوکاری پێویستی بە دارژانی ستراتێژیەکی نوێ و مافخوازانەی زۆر بەرزهەیە بۆ ئەوەی کە هەرلەئێستەوە بەر بەدووپاتبوونەوەی مێژوو بگیردرێت و دیسانەوە کورد لەسەر کەمترین ماف(خودموختاری) خەبات نەکات و بەشداری هاوکێشەکان بێت. بۆ دیاریکردنی گرینگترین پێویستی لە ستراتێژی نوێی کورد و ناوەندی هاوکاری چاوێک بە ئۆپۆزیسیۆن و دۆخی لایەنەدژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا دەخشێنین کە زۆریش پێویستە.

ئۆپۆزیسیۆن لە زانستی سیاسیدا بەکۆی کەسگەل، سازمان و لایەنگەلێک دەوترێت کە دژ بە حکومەت و چووارچێوەی سیاسی دەسەڵات بن و لەڕێگەی ئەم دژایەتیەوە دەیانەوێت حکومەت بڕووخێنن و سیستەم و دەسەڵاتێکی نوێ بنیادبنێن. بوونی ئۆپۆزیسیۆن پێویستی گۆڕینی هەردەسەڵاتێکە بەڵام بەتەنیایی ناتووانێت بەس بێت. گرووپ و لایەنهای دژبەر بۆڕاگەیاندنی ناڕەزایەتی خۆیان، جووڵەو چالاکی ئیعترازی وەڕێ دەخەن و هەرچەندە ئەم لایەنانە ڕێژەیان زۆرتربێت چالاکیەکانیش زۆرتر دەبێت. ئەحزاب و لایەنە سیاسیەکانی ئێران لانیکەم لەسەر لاپەڕەی کاغەز رێژەیان زۆرە و دەبووا دەربڕینی ناڕەزاییش لەم ساڵانەدا بەردەوام لە ئێران بوونی هەبووایەت. بەشەهادەتی مێژوو و ئەوی خۆمان دەینبینین، هەرلەسەرەتای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تائەمڕۆ ناڕەزایی و بزووتنەوەی مافخواز تەنیا لەکوردستان بوونی هەبووە. لە شوێن و ناوچەکانیتری ئێران ئەوەی بوونی هەبووبێت لەبەر رووداوێکی تایبەت بووەو بۆ ماوەیەکی کاتی و دوواتر حکومەت دەستی بەسەریدا گرتووە.

بۆ درێژەداربوون و نەکووژرانەوەی ئاگری هەر ناڕەزاییەک بوونی ئۆپۆزیسیۆن بۆ رابەری و بەدەستەوەگرتنی شەپۆلی مافخوازی خەڵک پێویستیەکی حاشاهەڵنەگرە. لەکوردستان زیندوو مانەوەی بزووتنەوەی ئازادیخوازی بەهۆی بوونی پێگە و ریشەی ئەحزاب لە ناوکۆمەڵانی خەڵک و رابەریکردنی خەباتەکەیانە. بەڵام لەئێران جگەلە رووداوە تایبەتەکان نەبێت نارەزاییەکی بەردەوام و بزووتنەوەیەکی بەرچاو بوونی نەبووە و ئەمەش دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کە ئۆپۆزیسیۆنێکی واقیعی بوونی نیە. لەڕاستیدا بزووتنەوەی سەراسەری لەبەر نەبوونی رەهبەری بوونی نیە. ئۆپۆزیسیۆنی کوردی خاوەنی پێگەن و تووانای رێکخستنی جەماوەریان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی هەیەو ئەمەش لەمساڵانەی دوواییدا لەچەندین بۆنەو رووداوی تایبەتدا، کۆماری ئیسلامی و لایەنە غەیرەکوردەکانی دژبەری دەسەڵات ئەمەیان بۆڕوون بووتەوە. ئەحزابی کوردستانی بەلەبەرچاوگرتنی نەبوونی فیزیکی لەناوخۆی کۆمەڵگا(مەبەست بنکەو بارەکە و ئیمکانی چالاکی عەلەنیە)، دیسانەوە خاوەن هێز و لایەنگر و پێگەی تایبەت لە کۆمەڵگای کوردستانن. ئەمەش ئەوەمان بۆدەردەخات کە بزووتنەوەی کوردستان خاوەنی رەهبەری و ستراتێژیە بەڵام بۆ ئێران نە رەهبەری و نە ئۆپۆزیسیۆن و تەنانەت نە بزووتنەوەیەکی برنامەدار بوونی هەیە.

لە وڵاتانی پێشکەوتوو کە سیستەمی دیمۆکراتیک حاکمە ئۆپۆزیسیۆن حیزب یان ئەحزابی دژبە حیزبی حاکمن و بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو خۆیان ئامادەدەکەن و لەڕاستیدا لەگەڵ سیستەم یان شێوەی بەڕێوبەری وڵات و دەسەڵات کێشەیان نیە. بەڵام بەرانبەر بە حکومەتە دیکتاتۆرەکان ئۆپۆزیسیۆن خوازیاری ڕووخانی دەسەڵات و گۆڕینی سیستەمی سیاسیە وەکوو ستراتێژی و بەرنامەشی بۆ گەییشتن بە ئامانجەکەی هەیە و رێکخستن و هێزی مرۆییشی بۆی ئامادەکردووە. لە ساڵانی سەرەتایی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لایەنگەلێک وەکوو «موجاهیدینی خەلق» خاوەنی ئەم فاکتانەی سەرەوە بوون کە وەکوو ئۆپۆزیسیۆنێکی ئەوتۆ و جیدی پێناسە دەکران. هەنووکە لەناو دژبەرانی غەیرەکوردی کۆماری ئیسلامیدا هێچ لایەنێک کە ستراتێژی ڕووخان، بەرنامەو پلان بۆ ڕووخاندن، رێکخستنی ناوخۆیی و هێزی مرۆیی بۆ بەرەوپێش بردن و لەکاتی پێویستدا بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی وەکوو چووار خاڵی پێویست بەیەکەوە هەبێت، نابیندرێت. لەڕاستیدا دژبەرانی کۆماری ئیسلامی جگەلە کوردەکان هیچیان خاوەنی هێز و رێکخستنی بەرچاو نین و تووانای بەڕێوەبردنی هیچ ناڕەزاییەکی بچووکشیان نیە.

بزووتنەوەی کوردستان خاوەنی هێزی سیاسیە کە پلان و بەرنامەی تایبەتیان هەم بۆ خەبات دژبەکۆماری ئیسلامی هەیە و هەم سیستەم و شێوەی ئیدارەی خوازراوی خۆشیان بۆدوواڕۆژی پاش رووخانی دەسەڵاتی مەلاکان ئامادەیە. ئەم هێزە سیاسیە تەنیا لەچووارچێوەی ناوێک و دەرکردنی بەیانیەو فەزای دیپلۆماسیدا نیەو خاوەنی ئۆرگانهای جۆراوجۆرە و کەم یان زۆر ئەرکی خۆی بەڕێوەدەبات. خاڵی سەرەکی داخوازیەکانی کۆردستان گۆڕینی دەسەڵات و دامەزراندنی سیستەمی دیمۆکراتیکە کە لەناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا ئەمە بە پێی دۆخی سەردەم گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. جگەلە هێزی سیاسی هێزی چەکدار و پارێزەری بزووتنەوەکەش لە کوردستان هەر لەسەرەتاوە بوونی هەبووە سەرەڕای هەوڵی زۆری کۆماری ئیسلامی بەڵام بەخۆششحاڵیەوە ئەمڕۆکەش پێشمەرگە ئومێد و هیوای خەڵکی کوردستانە. لە بزووتنەوەی ئێراندا جگە لە موجاهیدین کە بۆ ماوەی چەند ساڵ خاوەنی هێزی چەکداربوو و خەباتی چەکداری وەکوو بژاردەیەک لەسەر مێزی بڕیاریاندا بوو، هەنووکە هیچ هێزێکی چەکدار بوونی نیەو کۆماری ئیسلامی تووانی مەترسیەکی گەورە لەسەر خۆی لابات.

ناڕەزاییەکان لە کوردستان بە پێشەنگی هێزە سیاسیەکان و رێکخستنەکانیان لەناوخۆ رێکدەخرێت و بۆهەر رووداو و بۆنەیەکی تایبەت، لەماوەیەکی زۆر کورتدا چالاکی مەزن دەکرێت. لە شوێنەکانیتری ئێران تەنیا لە رووداوگەلێکی تایبەت ناڕەزایی بەبێ رێکخستن و بەشێوەی کاتی سەرهەڵدەدات و ئەمەش لەبەر نەبوونی رێکخستنی لایەنە ئێرانیەکانە لە ناوخۆو هەربۆیەش دەسەڵات بە ئاسانی و لەماوەیەکی کورتدا دەستی بەسەردا دەگرێت. لەڕاستیدا رێکخستنی جەماوەری بۆهەر حیزب و رێکخراوەیەک پێویستی بە پێگە و نفوزی جەماوەری هەیە. ئەمڕۆکە جگەلە کوردستان لەهیچ شوێنێکی ئێران لایەنێک ناتووانێت ئیدعای ئەوەی هەبێت کە میتینگ یان مانگرتن یان جووڵەیەکی مەدەنی پێی رێکدەخرێت. لایەنە سەراسەریەکانی ئێران هەرلە سەڵتەنەت تەڵەب و موجاهیدینەوە تا مەزهەبی و چەپ، رێژەی بەڕێوەبەرانیان زۆرترە لە لایەنگرانیان.

ئەم فاکترانەی سەرەوە کە باسمان لێوەکرد دەتووانن هۆکارێکی باش بن بۆ پێداچوونەوەیەک لە هەڵسووکەوتمان بەرانبەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەری و ناوچەکانیتری ئێران. کورد پێویستە بەباوەڕبەخۆبوونێکی زۆر بەهێزترو جیدیتر لەپێش، بەرانبەربە ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەری ئێران هەڵسووکەوت بکات. بە بڕیاری درووست و ناسینی هێزی واقیعی خۆمان تووانای ئەوەمان هەیە تەنانەت رابەری بزووتنەوەی ئازادیخوازی ئێران بگرینە دەست ئەمەش گەورەترین گەرەنتیە بۆگەییشتن بەمافەکانمان لەدوواڕۆژی ئێران پاش کۆماری ئیسلامی. بەشداریمان لەجووڵانەوەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەتەنیا ناتووانێت دوواڕۆژیش لەدەسەڵات یان گەییشتن بەمافەکانماندا یاریدەرمان بێت. پێویستە هەنگاوێکی مەزنتر لەهەرکات هەڵێنین و ئەو هەنگاوەش سەرەتا باوەڕی قوڵەبەهێزی خۆمان و دوواتر بەدەستەوەگرتنی رۆڵی سەرەکی لەبزووتنەوەی گشتیی ئێرانە.

مانگرتنی گشتی کوردستان بەرانبەر بە لەسێدارەدرانی رامین حسێن پەناهی و لوقمان و زانیار مورادی و مووشەکبارانی بنکەکانی دیموکراتەکان شکۆیی یەکگرتوویی و ئامادەیی خەڵکی ناوخۆی بۆ تێچووی خەبات نیشاندا. رێوڕەسمەکانی نەورۆز و بوونی هێماکانی داخوازی ناوەندی هاوکاری وەکوو گوڵی سور و جامانە لە سەرجەم مەراسمە مەردمیەکاندا، دیسانەوە سەلمێنەری مەشرووعیەتی تەواوی ئەم ناوەندەو هاودەنگی لایەنەکانی کوردستانە. سەرجەم هەنگاوەکانی ناوەندی هاوکاری و داخوازەکانی لەماوەی کەمێک زۆرتر لەیەک ساڵی رابردوودا وەڵامی ئەرێنی ناوخۆی وەرگرتووتەوەو ئەمەش دەتووانێت وەکوو کارتێکی بەهێز بەرانبەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەری و لە دیپلۆماسی و لۆبیگەریدا کەڵکی لێوەربگیدرێت. بەڵام تەجرووبە دەریخستووە بزووتنەوە رزگاریخوازەکان بەردەوام پێویستیان بە نوێکردنەوەی پرۆگرام و بەرنامەکان لەچوارچێوەی ستراتێژی دیاریکراودا هەیەو مانەوە لەچووارچێوەی چالاکی یەکجۆر دەتووانێت دڵساردی و دوورگرتنی خەڵکی بەدوواوە بێت.

کورد پێویستە بۆ گەییشتن بە پێگەی باش لە ئەمڕۆی ئۆپۆزیسیۆن و دووارۆژی دەسەڵاتدا ئاستی داخوازیەکانی بباتە سەرەوە و بەرانبەر بە لایەنە سەراسەریەکان کە خاوەنی هیچکام لەوخاڵانەی کە بزووتنەوەی کوردستانی وەکوو بزووتنەوەیەکی ئەکتیڤ و بەهێز نیشان دەدا نین، راشکاوانەتر داوای مافی خۆی بەشی زۆرگەورەتر لە دەسەڵاتی دوواڕۆژدا بکات. ئەمەش بەرلەهەرشتێک پێویستی بە خۆباوەڕی رەهبەری بزووتنەوەکە هەیە کەلەئێستادا ناوەندی هاوکاری سەرەکیترین رۆڵ دەگێڕێت.


PM:08:43:02/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌