زەروورەتی پەرەپێدان بە بزووتنەوە جەماوەرییەکان و ناساندنی خەباتی مەدەنی

عادڵ محەمەدی




ساڵانێکی زۆرە لەنێوان چالاکانی سیاسی و نوخبەکانی کۆمەڵگای کوردستانی رۆژهەڵات لەدەرەوەو ناوخۆی وڵات، باسێک لەسەر گونجاو بوونی جووڵانەوەی مەدەنی (لەڕووانگەی ئەوانەوە خەباتی مەدەنی) بۆ بەرەنگار بوونەوەی کۆماری ئیسلامی لەئارادایەو ئەمەش بووتە هۆی سەرلێشێواوییەکی زۆر بۆخەڵکی کۆمەڵگاو تەنانەت بەشێک لە ئەندامانی ئەحزاب. لەمێژووی هاوچەرخدا ئەوەی بوونی هەبووە یان بزووتنەوەی جەماوەری بووە یان جووڵانەوەی مەدەنی کە جیاوازی زۆریان هەیەو لەهەمان کاتیشدا دەکرێت زۆر لەیەک پیشان بدرێت. بۆ روونترکردنەوەی ئەم باسە هەوڵدەدرێت بە پێناسەی بزووتنەوەی جەماوەری و جووڵانەوەی مەدەنی(هەمان خەباتی مەدەنی کەباسی دەکەن) باسەکە روونتر بکەینەوە.

بزووتنەوەی جەماوەری

لە روانگەی زانستی کۆمەڵناسیەوە، هەر جۆرە تێکۆشان و چالاکیەکی جەمعی و بە کۆ بۆ گەییشتن بە ئاکامێکی هاوبەش یا دەستەبەرکردنی ئامانجێکی هاوبەش کە لە رێگەی سازمانگەلێکی نافەرمیەوە ببێت، بزووتنەوەیەکی جەماوەریە. بزووتنەوە جەماوەریەکان دەتووانن کاریگەری راستەوخۆیان لە سەر گۆڕینی یاسا و چالاکی ئورگانهای فەرمی حکومەتەکان هەبێت و ئەمەش بە پێی رێژەی بەشداربووانی کۆمەڵگا گۆڕینی بە سەردا دێت. بزووتنەوەیەکی جەماوەری کاتێک بوونی هەیە کە کۆمەڵێک لە تاکەکانی کۆمەڵگا لە رێگەی رێکخستنێک(نهێنی یان فەرمی)ەوە بیانهەوێت گۆڕانکاری بە سەر دۆخێکی تایبەت لە کۆمەڵگا دروست بکەن. بزووتنەوە جەماوەریەکان جیاوازی تایبەتیان لە گەڵ کاردانەوەیەکی جەمعی ئەویە کە ماوەی چالاکیان کورت نیە و تەمەنێکی زۆرتریان ئەبێت و لە بەر ئەوەی رێکخستنێکی بەرنامەداڕێژراوی لە پشتە، تایبەت بە بۆنەیەک یان کێشەیەکی تایبەت نیە. بۆ نموونە نارەزایەتیەکانی پاش مەرگی هاوڵاتییەکی کورد لە مەهاباد لە بەر ئەوەی کاردانەوەیەکی جەمعی بوو و رێکخستنێکی بزووتنەوەیی لە پشت نەبوو تەمەنی لە چەند رۆژ نەڕۆشتە سەرترەوە و کۆتایی پێهات.

بزووتنەوە جەماوەریەکان دەتووانن لە دوو دەستەدا خۆیان ببیننەوە. ١-بزووتنەوەیەکی گۆڕانکار و ریفۆرمخواز کە بە تەمای گۆڕانکاری لە دۆخێکی تایبەت و دیاری کراوە، ٢-بزووتنەوەیەک کە ئەیهەوێت ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە سیستەمی دەسەڵات و ئیدارەی کۆمەڵگا بەدی بێنێت. بزووتنەوەی جەماوەری دەتووانێت هەرکام لە بزووتنەوەکانی؛ ژنان، خوێندکاران، لاوان، کرێکاران و هەر تەیفێکیتری کۆمەڵگا کە لە دەور بیرۆکەیەکی تایبەت و بۆ دەستەبەر کردنی مافێکی دیاریکراو چالاکی هەبێت، لەخۆ بگرێت. بیرۆکەیەکی نارەزایی جەمعی لە ٤ قۆناغدا دەتووانێت ببێت بە بزووتنەوەیەکی جەماوەری.

١-قۆناغی ناڕەزایی؛ لەم قۆناغەدا کردەوەیەکی دەسەڵاتی ناوەند لە نێوان جەمعێکی تایبەتدا نارەزایی درووست دەکات.

٢-قۆناغی بزوێنەر؛ پاش درووست بوونی هەستی ناڕەزایی، دەستەیەک لە خەڵکی کۆمەڵگا لە دەوری یەک کۆدەبنەوە و باسی جێددیتر لە نێوانیان دێتە ئاراوە و کەس یان کەسانێک وەکوو رەهبەر یان رێکخەر، سەرهەڵدەدەن.

٣-قۆناغی قاڵبڕێژی؛ لەم قۆناغەدا سیستەمێکی بەرنامەداڕێژدراو و بە بوونی پەل و لقی دیاری و دیاری کردنی ئەرکی تایبەت بۆ کۆمیتە و کەسەکان دێتە ئاراوە.

٤-قۆناغی بزووتنەوەیی؛ لەم قۆناغەدا و پاش پێوەست بوونی لایەنگران و هاو بیران و ناڕازیانی ناو کۆمەڵگا، رەهبەری ئەم ناڕەزاییە لە شێوەی ئاماتۆرەوە بۆ شێوەیەکی ئیمڕۆیی و عەلەنیتر دەکەوێتە دەستی سازمان یان حیزبی سیاسی تایبەت کە لە سەرەتاوە ئەم ناڕەزاییە جەمعیەی گۆڕیوە بە بزووتنەوەیەکی جەماوەری.

خەباتی مەدەنی و چالاکی مەدەنی

چالاکانی مەدەنی لە دەور ئامانجێکی تایبەت کۆ دەبنەوە و کەمپەین یان ئێن جی ئۆ یان هەر ناوێکیتری لە سەر دانێین پێک دێنن. ئەم کەمپەینانە چالاکیەکانیان بۆ گەییشتن بە دەسکەوتێکی رەوایە کە لە یاسادا رێگەی پێ نەدراوە. کەمپەینێکی مەدەنی تا کاتێک بوونی هەیە کە نەبێت بە سازمان یان رێکخراوەیەکی فەرمی و لە ئەگەری چوونە ژێر باڵی یاسای دەسەڵاتی ناوەندەوە، ئەوە ئیتر بە پێی یاسا دەجووڵێتەوە و ناتووانین وەکوو کەمپەینێک کە وا بۆ گۆڕینی یاسا تێدەکۆشێت، ناوزەدی بکەین. تایبەتمەندی گەورەی کەمپەینی مەدەنی پشت بەستنە بەهێزی کۆمەڵگا بۆ پاشەکشە کردن بە دەسەڵات و ئاساییە کە ئەگەر دەسەڵات خۆی ببێتە سپانسێری ئەم جۆرە کەمپەینانە، ئەوە کۆمەڵگایە کە درێژخایەندا پاشەکشە دەکات و مافی زۆرتری لێ زەوت دەکرێت.

کۆردستانی رۆژهەڵات هەر لە سەرەتای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیەوە نیشانی داوە کانگای جووڵانەوە مەدەنی و سەردەمیەکان بووە و تووانای کەڵک وەرگرتنی لەم شێوەی خەباتە کاتییەی بە باشی هەبووە. لە ئەمڕۆشدا جووڵانەوەی مەدەنی لە کوردستان ئەکتیڤتر و زیندووترە لە شار و ناوچەکانیتری ئێران. لە کۆچی مێژوویی شاری مەریوان و پشتیوانی شارەکانیتر لە چووارچێوی رێپێوان، تا کوو مانگرتنی بەرینی مانگی گوڵانی ساڵی ٨٩ی هەتاوی و کەمپەینیەکانی پاراستنی ژینگە و مانگرتنی بەشکۆی ٢١ی خەرمانانی ئەمساڵ و زۆریتر، هەموو پیشاندەری هەبوونی تووانای جووڵانەوەی مەدەنی لە کوردستانی رۆژهەڵاتە. ئەم شێوە لە خەبات دەتووانێت مەترسییەکی گەورە  بێت بۆ سەر دەسڵاتداران و رژیمی مەلاکان بۆ گەییشتن بە داخوازییەکی کاتی و کۆمەڵایەتی و کۆماری ئیسلامیش بە باشی هەستی بەوە کردووە. سەرەڕای هەوڵای زۆر لە دەیەکانی رابردوودا بۆ چاوترسێن کردنی کۆمەڵگا تەنانەت لەم شێوەی دەربڕینی نارەزایەتی، هەنووکە جووڵانەوەی مەدەنی بوونی هەیە.

بەرنامە و ستراتێژی نوێی کۆماری ئیسلامی بۆ نەهێشتنی جووڵانەوەی مەدەنی لەم ساڵانەی دوواییدا گۆڕانکاری بە سەردا هاتووە و بە جێگەی دژایەتی راستەوخۆ، هەوڵی بەلاڕێ بردنی هەنگاوە مەدەنیەکان دەدات. کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە بە هاوردنی کەسانێک و لە راستیدا درووست کردنی پێناسەی چالاک یان چالاکانی مەدەنی بۆ خەڵکانێکی تایبەت، ببێت بە خاوەنی جووڵانەوەی مەدەنی. ئەم کەسایەتیە مەدەنیە بەڕوواڵەت چالاکانە لە شوێن و کاتی تایبەتدا زۆر بوێرانە وتەگەلێکی پۆپۆلیستی بۆ کۆمەڵگا پێشکەش دەکەن و لە هەمان کاتدا پرۆگرامێکیش بۆ داهاتووی جووڵانەوەی مەدەنی دەخەنە بەر دەست. پرۆگرام و بەرنامەیەک کە خەڵکانی چالاکی راستەقینە و خۆشناوی کۆمەڵگاش لە دەوری خۆ کۆ بکاتەوە و دوواتر هەوڵی بە یاسایی کردنەوەی چالاکیەکانی کۆمەڵگای مەدەنی جگە لە ئەو بەشانەی کە پێوەندی بە دەسەڵاتەوە نەبێت دەدەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوەڕۆکی چالاکی مەدەنی بۆ پاشەکشە کردن بە دەسەڵات و گۆڕینی یاسا و رێساکانی دەسەڵاتداران لە بابەتگەلێکی تایبەتە و ماهییەتی ئەم شێوە لە خەبات، چالاکیەکە روو بە دەسەڵات نە خەڵک. ئاساییە کە کۆماری ئیسلامی کێشەی لە گەڵ چالاکیگەلێک کە پێوەندی بە وڵاتێکیتر (بۆ نموونە تورکیە، سوریە)وە هەبێت، یان ناوبژێوانی شاروومەندان لە کێشە ناوخۆیی و دۆسیە شەخسیەکانیان، نەبێت و تەنانەت هاوکاریشی بکات و تریبوونیشی بۆ تەرخان بکات. بەم کارەوە کۆمەڵگایەکی دیمۆکرات و سیستەم و دەسەڵاتێکی دیمۆکراتیک لە ئێران و کوردستانی رۆژهەڵات بە دونیای دەرەوە و نارازیانی ناوخۆیی پیشان دەدات.

لە لایەکیترەوە هەوڵی بە فەرمی و نەهادیزە کردنی چالاکان و کەمپەینە مەدەنیەکان هاوتەریب لەگەڵ ئەم پرۆژە و دیسانەوە لە رێگەی چالاکە مەدەنیە ساختە و دەسکردەکانی خۆیەوە کە هەنووکە رۆڵی سەرەکیان لە خەباتی مەدەنی وەکوو کەسانی بەرچاو بە دەستۆیە، کۆماری ئیسلامی بە تەواوەتی دەکات بە خاوەنی خەباتی مەدەنی و تەنانەت چالاکانی راستەقینەی مەدەنیش دەبن بە ئامرازی دەستی دەسەڵاتداران بۆ پێش بردنی بەرنامەکانیان بە بێ ئەوەی خۆشیان ئاگەدار بن. لە راستیدا پرۆژەی «رێکخستن و سازماندەهی چالاکانی مەدەنی کوردستان» چەند ساڵێکە بە دەستی ناوەندە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامیە و چالاکی چڕوپڕیشیان لە سەری کردووە و ئەمڕۆکە خۆیان لەو ئامانجەی کە بەدووایدا بوون زۆر نزیک دەبینن.

کۆتا وتە

ئەوەی ئەمڕۆ بەناو خەباتی مەدەنی لەکوردستان بەخەڵکی دەفرۆشنەوە لە ئەساسدا بوونی نیەو خاوەنی مێژوویەکی زۆر کەمە کە خۆی جێگەی باسێکی زۆرە و لە چووارچێوەی ئەم وتارەدا ناگونجێت، بەڵام لەئەگەری سەرهەڵدان یان رێکخستنی بزووتنەوەیەکی جەماوەری گشتیدا کە سەرجەم فاکتۆرەکانی بوونی هەیە، کورد دەتووانێت بە داهاتوویەکی گەش هیواداربێت. بزووتنەوەی جەماوەری هاوسەنگی هێز لە ئێران بەگشتی دەگۆڕیت و کورد دەباتە پێگەی هێزی نەگۆڕەوە ئەوەی بەناو خەباتی مەدەنی بەکوردی دەفرۆشنەوە چاڵێکە کەکوردی رۆژهەڵات بۆداهاتوو زۆرتر لە ئەمڕۆ کەم دەسەڵاتتر و لاوازتر دەکات و ئاسۆیەکی زۆر تاریکتری بەدوواوەیە.



AM:11:44:03/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 166 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌