پێگەی هەنووكەیی كورد لە ئۆپۆزیسیۆنی كۆماری ئیسلامیدا

عادڵ محەممەدی

بە چاوخشاندنێك بەسەر دۆخی هەنووكەیی كۆمەڵگای ئێران و ڕێژەی ئازادیی تاك و بە كۆمەڵ و بە لەبەرچاو گرتنی چۆنییەتیی هەڵسوكەوتی دەسەڵات لەگەڵ خەڵك و هەروەها ڕووداوەكانی چەند دەیەی پێشووی ئێران لە لایەك و ناڕەزاییەكانی ئەم دواییە و بەشداریی بەرینی خەڵك و گۆڕینی درووشم پاش چەند ڕۆژ ڕوولە دەسەڵات و گەیشتنی ئەم شەپۆلە ناڕەزاییە بە زۆربەی شارەكانی ئێران لەلایەكیترەوە، پرسیارێك دێنێتە ئاراوە كە هۆكاری درێژەدارنەبوونی ناڕەزاییەكان لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ چی؟ نەبوونی مەشرووعیەتی دەسەڵات و دەسەڵاتداران بە ڕووداوەكانی ئەم چەند ساڵە و ناڕەزاییەكانی سەرشەقامی كۆمەڵانی خەڵك، بۆ هەمووان و كۆمەڵگای نێونەتەوەیی ئاشكرایە بەڵام كاتی بوون و درێژەدارنەبوونی ناڕەزاییەكان بووتە یەكێك لە ئامرازەكانی دەستی كۆماری ئیسلامی بۆ وەڕێخستنی شانۆی جۆراوجۆری ناوخۆیی و نێونەتەوەیی. كۆماری ئیسلامی بەباشی مەترسی دەگۆڕێت بۆ دەرفەت و كەڵكی تەواوی لێوەردەگرێت و ناڕەزایی و جووڵانەوەكان بە پیلانی دەرەكی و بەرچەسپی جۆراوجۆر ماكدار دەكات و هەرجارەش سەركوتێكی باشی دەكات كە بۆ ماوەیەك خەڵك چاوترسێن بن.
ئۆپۆزیسیۆن لە زانستی سیاسیدا بەكۆی كەسگەل، ڕێكخراو و لایەنگەلێك دەوترێت كە دژ بە حكومەت و چوارچێوەی سیاسیی دەسەڵاتدا بن و لە ڕێگەی ئەم دژایەتیەوە دەیانەوێت حكومەت بڕووخێنن و سیستم و دەسەڵاتێكی نوێ بنیاد بنێن. بوونی ئۆپۆزیسیۆن پێویستیی گۆڕینی هەر دەسەڵاتێكە بەڵام بە تەنیایی ناتوانێت بەس بێت. گرووپ و لایەنە دژبەرەكان بۆ ڕاگەیاندنی ناڕەزایەتیی خۆیان، جووڵە و چالاكی دژبەرانە وەڕێ دەخەن و هەرچەندە ئەم لایەنانە ڕێژەیان زۆرتر بێت چالاكیەكانیش زۆرتر دەبێت. حیزبەكان و لایەنە سیاسیەكانی ئێران لانیكەم لەسەر لاپەڕە ڕێژەیان زۆرە و دەبوا دەربڕینی ناڕەزاییش لەم ساڵانەدا بەردەوام لە ئێران بوونی هەبوایەت. بە شەهادەتی مێژوو و ئەوی خۆمان دەینبینین، هەر لە سەرەتای دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی تا ئەمڕۆ ناڕەزایی و بزووتنەوەی مافخواز تەنیا لە كوردستان بوونی هەبووە. لە شوێن و ناوچەكانیتری ئێران ئەوەی بوونی هەبوو بێت لەبەر ڕووداوێكی تایبەت بووە و بۆ ماوەیەكی كاتی و دواتر حكوومەت دەستی بەسەردا گرتووە.
بۆ درێژەداربوون و نەكوژانەوەی ئاگری هەر ناڕەزاییەك بوونی ئۆپۆزیسیۆن بۆ ڕابەری و بە دەستەوەگرتنی شەپۆلی مافخوازیی خەڵك، پێویستیەكی حاشاهەڵنەگرە. لە كوردستان زیندوو مانەوەی بزووتنەوەی ئازادیخوازی بەهۆی بوونی پێگە و ڕیشەی حیزبەكان لە ناو كۆمەڵانی خەڵك و ڕابەریكردنی خەباتەكەیانە. بەڵام لە ئێران جگە لە ڕووداوە تایبەتەكان نەبێت ناڕەزاییەكی بەردەوام و بزووتنەوەیەكی بەرچاو بوونی نەبووە و ئەمەش دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی كە ئۆپۆزیسیۆنێكی ڕاستەقینە و واقیعی بوونی نیە یان نەبووە. لە ڕاستیدا بزووتنەوەی سەراسەری لەبەر نەبوونی ڕێبەری بوونی نییە. ئۆپۆزیسیۆنی كوردی خاوەنی پێگەن و توانای ڕێخستنی جەماوەریان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی هەیە و ئەمەش لەم ساڵانەی دوواییدا لە چەندین بۆنە و ڕووداوی تایبەتدا، كۆماری ئیسلامی و لایەنە ناكوردەكانی دژبەری دەسەڵات ئەمەیان بۆ ڕوون بووتەوە. حیزبە كوردستانییەكان بە لەبەرچاو گرتنی نەبوونی فیزیكی لە ناوخۆی كۆمەڵگا (مەبەست بنكە و بارەكە و توانای چالاكیی ئاشكرا و عەلەنیە)، دیسانەوە خاوەن هێز و لایەنگر و پێگەی تایبەت لە كۆمەڵگای كوردستانن. ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات كە بزووتنەوەی كوردستان خاوەنی ڕێبەری و ستراتێژە بەڵام بۆ ئێران نە ڕێبەری و نە ئۆپۆزیسیۆن و تەنانەت نە بزووتنەوەیەكی بە پلان و برنامەدار بوونی هەیە.
لە وڵاتانی پێشكەوتوو كە سیستمی دێمۆكراتیك زاڵ و باڵادەستە ئۆپۆزیسیۆن حیزب یان حیزبە دژبەرەكان حیزبی حاكمن و بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو خۆیان ئامادە دەكەن و لە ڕاستیدا لەگەڵ سیستم یان شێوەی بەڕێوبەریی وڵات و دەسەڵاتدا كێشەیان نییە. بەڵام بەرانبەر بە حكوومەتە دیكتاتۆرەكان ئۆپۆزیسیۆن خوازیاری ڕووخانی دەسەڵات و گۆڕینی سیستمی سیاسیە وەكوو ستراتێژی و بەرنامەشی بۆ گەییشتن بە ئامانجەكەی هەیە و ڕێكخستن و هێزی مرۆییشی بۆی ئامادە كردووە. لە ساڵانی سەرەتایی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیدا لایەنگەلێكی وەك "موجاهیدینی خەلق" خاوەنی ئەم فاكتانەی سەرەوە بوون كە وەكوو ئۆپۆزیسیۆنێكی ئەوتۆ و جیددی پێناسە دەكران. هەنووكە لەناو دژبەرانی غەیرەكوردی كۆماری ئیسلامیدا هێچ لایەنێك كە ستراتێژی ڕووخان، بەرنامە و پلان بۆ ڕووخاندن، ڕێكخستنی ناوخۆیی و هێزی مرۆیی بۆ بەرەوپێش بردن و لە كاتی پێویستدا بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی وەكوو چوار خاڵی پێویست بەیەكەوە هەبێت، نابیندرێت. لە ڕاستیدا دژبەرانی كۆماری ئیسلامی جگە لە كوردەكان هیچیان خاوەنی هێز و ڕێكخستنی بەرچاو نین و توانای بەڕێوەبردنی هیچ ناڕەزاییەكی بچووكشیان نیە.
بزووتنەوەی كوردستان خاوەنی هێزی سیاسیە كە پلان و بەرنامەی تایبەتیان هەم بۆ خەبات دژبە كۆماری ئیسلامی هەیە و هەم سیستم و شێوەی ئیدارەی خوازراوی خۆشیان بۆ دوا ڕۆژی پاش ڕووخانی دەسەڵاتی مەلاكان ئامادەیە. ئەم هێزە سیاسیە تەنیا لە چوارچێوەی ناوێك و دەركردنی بەیانیە و فەزای دیپلۆماسیدا نییە و خاوەنی ئۆرگانگەلی جۆراوجۆرە و كەم یان زۆر ئەركی خۆی بەڕێوە دەبات. خاڵی سەرەكیی داخوازیەكانی كۆردستان گۆڕینی دەسەڵات و دامەزراندنی سیستمی دێمۆكراتیكە كە لەناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا ئەمە بە پێی دۆخی سەردەم گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. جگە لە هێزی سیاسی هێزی چەكدار و پارێزەری بزووتنەوەكەش لە كوردستان هەر لە سەرەتاوە بوونی هەبووە سەرەڕای هەوڵی زۆری كۆماری ئیسلامی بەڵام بەخۆششحاڵیەوە ئەمڕۆكەش پێشمەرگە ئومێد و هیوای خەڵكی كوردستانە. لە بزووتنەوەی ئێراندا جگە لە موجاهیدین كە بۆ ماوەی چەند ساڵ خاوەنی هێزی چەكداربوو و خەباتی چەكداری وەكوو بژاردەیەك لەسەر مێزی بڕیاریاندا بوو، هەنووكە هیچ هێزێكی چەكدار بوونی نیە و كۆماری ئیسلامی توانیی مەترسیەكی گەورە لەسەر خۆی لاببات.
ناڕەزاییەكان لە كوردستان بە پێشەنگیی هێزە سیاسیەكان و ڕێكخستنەكانیان لە ناوخۆ ڕێكدەخرێت و بۆ هەر ڕووداو و بۆنەیەكی تایبەت لە ماوەیەكی زۆر كورتدا چالاكیی مەزن دەكرێت. لە شوێنەكانیتری ئێراندا تەنیا لە ڕووداوگەلێكی تایبەت ناڕەزایی بەبێ ڕێكخستن و بەشێوەی كاتی سەرهەڵدەدات و ئەمەش لەبەر نەبوونی ڕێكخستنی لایەنە ئێرانیەكانە لە ناوخۆ و هەر بۆیەش دەسەڵات بە ئاسانی و لە ماوەیەكی كورتدا دەستی بەسەردا دەگرێت.  لە ڕاستیدا رێكخستنی جەماوەری بۆ هەر حیزب و ڕێكخراوەیەك پێویستی بە پێگە و نفوزی جەماوەری هەیە. ئەمڕۆكە جگە لە كوردستان لە هیچ شوێنێكی ئێران لایەنێك ناتوانێت ئیدعای ئەوەی هەبێت كە میتینگ یان مانگرتن یان جووڵەیەكی مەدەنی پێ ڕێك دەخرێت. لایەنە سەراسەریەكانی ئێران هەر لە سەڵتەنەت تەڵەب و موجاهیدینەوە تا ئایینی و چەپ، ڕێژەی بەڕێوەبەرانیان زۆرترە لە لایەنگرانیان.
ئەم فاكترانەی سەرەوە كە باسمان لێكرد دەتوانن هۆكارێكی باش بن بۆ پێداچوونەوەیەك لە هەڵسووكەوتمان بەرانبەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەری و ناوچەكانیتری ئێران. كورد پێویستە بە باوەڕبەخۆ بوونێكی زۆر بەهێزتر و جیدیتری پێشوەختە، بەرانبەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەریی ئێران هەڵسوكەوت بكات. بە بڕیاری درووست و ناسینی هێزی واقیعیی خۆمان توانای ئەوەمان هەیە تەنانەت ڕێبەریی بزووتنەوەی ئازادیخوازی ئێران بگرینە دەست ئەمەش گەورەترین گەرەنتیە بۆ گەییشتن بە مافەكانمان لە دوا ڕۆژی ئێران پاش كۆماری ئیسلامیدا. بەشداریمان لە جووڵانەوەكانی ئۆپۆزیسیۆن بە تەنیا ناتوانێت دوا ڕۆژیش لە دەسەڵات یان گەیشتن بە مافەكانماندا یاریدەدەرمان بێت. پێویستە هەنگاوێكی مەزنتر لە هەر كات هەڵێنین و ئەو هەنگاوەش سەرەتا باوەڕی قووڵە بە هێزی خۆمان و دواتر گێڕانی ڕۆڵی سەرەكی لە بزووتنەوەی گشتیی ئێراندا.
بۆ ئەوەیكە جگە لە هێزمان وتاریشمان حیسابی بۆ بكرێت پێویستە كە سەرەتا هاودەنگ و تەنانەت یەكدەنگ بین. نەبوونی هاودەنگی و هاوئاهەنگی لە نێوان هێزە كوردیەكان لاوازترین خاڵێ چالاكییەكان ٤ دەیەی پێشوومان بووە كە بە داخەوە هەم كۆماری ئیسلامی و هەم لایەنە سەراسەریەكانی ئۆپۆزیسیۆن بە باشترین شێوە بۆ وەپەراوێز خستنمان كەڵكیان لێ وەرگرتووە. ستراتێژی و بەرنامە و پلانی سەرجەم لایەنە كوردستانیەكان بۆ ڕووخانی كۆماری ئیسلامیە و خاڵی هاوبەشی زۆریشی تێدایە و جیاوازی بیروڕا سەبارەت بە سیستمی سیاسی دوا ڕۆژی حكوومەتیش دیاردەیەكی زۆر ئاساییە و باشترین چارەسەریش باوەڕ بە دێمۆكراسی و گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵكە لە دوا ڕۆژدا. باشتر وایە لە ئەمڕۆدا لەسەر خاڵە هاوبەشەكان هاودەنگ بین و ڕێگە بدەین خەڵكی ئێران بە گشتی و كوردستان بەتایبەتی، پاش ڕووخانی كۆماری ئیسلامی بڕیار دەربن و ئێمە هەر لە ئێستاوە بە جێگەی ئەوان بڕیار بۆ چارەنووسیان نەدەین. هاودەنگ بوونمان لە ڕاستیدا بەجێهێنانی ئەركی ئەخلاقی و شۆڕشگێڕانەمانە بەرانبەر بە مێژوو و دەسكەوتێكی گەورەیە بۆ ڕێگەنەدان بە پێشێلكردنی مافەكانمان لەمڕۆ و داهاتووشدا.
سەرەڕای ئەوەیكە لەم ساڵانەدا هەنگاوگەلێكی جیددی بۆ لێكنزیكبوونەوە و هاودەنگیی لایەنە كوردستانیەكان هەڵهێندراوە و لەمەودواش ناوەندێك بۆ ئەم مەبەستە پێكهێندرا، لەڕاستیدا ئەمڕۆكە ئیتر وەكوو تاكتیك نیە و پێویستی و زەروورەتە بۆ گێڕانی ڕۆڵی باش و كارا و گەیشتن بە پێگەی شیاوی خۆمان لە بزووتنەوەی سەراسەریی ئێراندا. باشتر وایە سەرجەم هەنگاوەكان بە عەلەنی و میدیایی بێت با پاوانخوازی یان بیركردنەوەی هەڵەی لایەنەكانیش دەربكەوێ و خەڵكی كوردستانیش بیبینن و بڕیاری لەسەر بدەن.


PM:10:06:07/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 517 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌