کۆمەڵە و پێگەی بزووتنەوە جەماوەریەکان

عادڵ محەممەدی

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا باسێکی زۆر سەبارەت بە گرینگی بزووتنەوە جەماوەریەکان و پێگەی ئەم بزووتنەوانە لە سەرکەوتنی هەر شۆڕشێک و بە تایبەتی شۆڕشی گەلی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا کراوە. لە نووسراوە و وتەکاندا هەمووان بە باشی ئاگاداری رۆڵی تایبەت و هێزی حاشاهەڵنەگری ئەم بزووتنەوانە لە گەییشن بە ئاکامی هەر شۆڕشێک هەین بەڵام لە مەیدانی پراکتیکدا لە لایەن هێزە سیاسیەکانی کوردستانەوە گرینگی شیاو بەم بزووتنەوانە، کە یەکێک لە کۆڵەکە هەرە مەزنەکانی شۆڕشێکی کارامە و سەرکەوتوون، نەدراوە. بۆ باسکردنی روونتر لە سەر ئەم بابەتە پێویستە سەرەتا بزووتنەوە جەماوەریەکان لە روانگەی زانستیەوە چاوی لێبکرێت و بناسێندرێت.

لە روانگەی زانستی کۆمەڵناسیەوە، هەر جۆرە تێکۆشان و چالاکیەکی جەمعی و کۆیی بۆ گەییشتن بە ئاکامێکی هاوبەش یان دەستەبەرکردنی ئامانجێکی هاوبەش کە لە رێگەی سازمانگەلێکی نافەرمیەوە ببێت، بزووتنەوەیەکی جەماوەریە. بزووتنەوە جەماوەریەکان دەتوانن کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر گۆڕینی یاسا و چالاکی ئورگانە فەرمیەکانی حکومەتەکان هەبێت و ئەمەش بەپێی رێژەی بەشداربوانی کۆمەڵگا گۆڕینی بەسەردا دێت. بزووتنەوەیەکی جەماوەری کاتێک بوونی هەیە کە کۆمەڵێک لە تاکەکانی کۆمەڵگا لە رێگەی رێکخستنێک (نهێنی یان فەرمی)ەوە بیانەوێت گۆڕانکاری لە دۆخێکی تایبەتی کۆمەڵگادا درووستبکەن. بزووتنەوە جەماوەریەکان جیاوازیی تایبەتیان لەگەڵ کاردانەوەیەکی جەمعیدا ئەویە کە ماوەی چالاکیان کورت نیە و تەمەنێکی زۆرتریان ئەبێت و لەبەرئەوەی رێکخستنێکی بەرنامەداڕێژراوی لە پشتە، تایبەت بە بۆنەیەک یان کێشەیەکی تایبەت نیە. بۆنموونە ناڕەزایەتیەکانی پاش مەرگی هاوڵاتییەکی کورد لە مەهاباد لەبەرئەوەی کاردانەوەیەکی جەمعی بوو و رێکخستنێکی جەماوەریی لە پشت نەبوو تەمەنی لەچەند رۆژ تێنەپەڕی و زۆر زوو کۆتایی پێهات.

بزووتنەوە جەماوەریەکان دەتووانن لە دوو دەستەدا خۆیان ببیننەوە. 1- بزووتنەوەیەکی گۆڕانکار و ریفۆرمخواز کە بەتەمای گۆڕانکاریە لە دۆخێکی تایبەت و دیاریکراودا، 2- بزووتنەوەیەک کە دەیەوێت ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە سیستمی دەسەڵات و ئیدارەی کۆمەڵگادا بەدیبێنێت. بزووتنەوەی جەماوەری دەتووانێت هەرکام لە بزووتنەوەکانی؛ ژنان، خوێندکاران، لاوان، کرێکاران و هەر توێژێکی دیکەی کۆمەڵگا کە لە دەور بیرۆکەیەکی تایبەت و بۆ دەستەبەرکردنی مافێکی دیاریکراو چالاکن، لەخۆبگرێت.

 بیرۆکەیەکی ناڕەزایەتی جەمعی لە ٤ قۆناغدا دەتووانێت ببێت بە بزووتنەوەیەکی جەماوەری:

1-     قۆناغی ناڕەزایەتی؛ لەم قۆناغەدا کردەوەیەکی دەسەڵاتی ناوەند لەنێوان جەمعێکی تایبەتدا ناڕەزایەتی درووست دەکات.

2-     قۆناغی بزوێنەر؛ پاش درووستبوونی هەستی ناڕەزایەتی، دەستەیەک لە خەڵکی کۆمەڵگا لەدەوری یەک کۆدەبنەوە و باسی جێددیتر لە نێوانیان دێتە ئاراوە و کەس یان کەسانێک وەکوو رەهبەر یان رێکخەر، سەرهەڵدەدەن.

3-     قۆناغی قاڵبڕێژی؛ لەم قۆناغەدا سیستەمێکی بەرنامەداڕێژدراو و بە بوونی پەل و لقی دیار و دیاریکردنی ئەرکی تایبەت بۆ کۆمیتە و کەسەکان دێتە ئاراوە.

4-     قۆناغی بزووتنەوەیی؛ لەم قۆناغەدا و پاش پێوەستبوونی لایەنگران و هاوبیران و ناڕازیانی ناو کۆمەڵگا، رەهبەری ئەم ناڕەزایەتیە لە ئاماتۆرەوە بۆ شێوەیەکی ئیمڕۆیی و عەلەنیتر دەکەوێتە دەستی سازمان یان حیزبی سیاسی تایبەتەوە کە لە سەرەتاوە ئەم ناڕەزایەتیە جەمعیەی گۆڕیوە بۆ بزووتنەوەیەکی جەماوەری.

کۆمەڵە لە سەرەتای دەسپێکی چالاکی نهێنیەوە، ئەم 4 قۆناغەی تێپەڕکرد بەڵام نەک لە یەک جۆری بزووتنەوەیەکی جەماوەریدا. بۆنموونە کۆمەڵە لە بزووتنەوەی خۆێندکاری، کرێکاران، جۆتیاران و ژناندا تووانی ئەم قۆناغانە سەرکەوتووانە بباتە پێشەوە بەو جیاوازیەوە کە ئەوکات سازمانێکی سیاسی عەلەنی نەبوو و پاش دووایین قۆناغ بووبە حیزبێکی سیاسیی عەلەنی و رەسمی لە کۆمەڵگای کوردستان و ئێراندا. مێژووی کۆمەڵە باشتر لەهەر میژوویەکی سەردەم دەتووانێت پێگەی بزووتنەوە جەماوەریەکان و گرینگیی هێزی جەماوەریمان بۆ دەربخات لەبەرئەوەی مێژوویەکی زیندووە و لانیکەم نەسڵی یەکەم و دووهەمی کۆمەڵە لەگەڵی ژیاون و ئێمەی نەوەی نوێی کۆمەڵەش، بەو سیستمە لە خەبات، کە کۆمەڵەی وەکوو دەنگی دلێری هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا ناساندووە، پێوەست بووین بەم شۆڕشەوە. پێگەی بەهێزی کۆمەڵە لەناو سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگا بووە هۆی رۆڵێکی مەزن و حاشاهەڵنەگری ئەم حیزبە لە شۆڕشی 57ی ئێران لە کوردستاندا و دواتریش بەرەنگاریی بەشکۆی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات بەرانبەر بە دەسەڵاتی ملهوڕی کۆماری ئیسلامی لەچەند ساڵی سەرەتایی پاش ئەو شۆڕشەدا.

کۆمەڵە خاوەنی بیرۆکەیەکی چەپ و سەردەمیانە بوو کە تا ئەو کات لە کۆمەڵگای کوردستاندا هیچ خاوەنێکی نەبوو، بۆیە دەنگێکی نوێ بوو و خەڵکانێکی زۆری لە دەور خۆی کۆکردەوە. بەداخەوە کۆمەڵە پاش چەند ساڵ و درێژبوونەوەی خەباتی چەکداری و دوورکەوتنەوە لەناوخۆی کۆمەڵگای کوردستان تووشی کۆمەڵێک گرفت هات لە داڕشتنەوەی سەرلەنوێی خەباتدا و گەورەترین گرفتەکەشی دوورکەوتنەوە بوو لەهێزی بزووتنەوە جەماوەریەکان کە گەورەترین خاڵی بەهێزبوونی کۆمەڵە بووە لە مێژووی خەباتیدا. دابڕان نەبەو مانایەی پێوەندی لەگەڵ ئەو بزووتنەوانەدا نەمابێت لەبەرئەوەی ئێستاشی لەگەڵ بێت سەرچاوەی هێز و "وزەی مرۆڤی" کۆمەڵە هەر خەڵکی کۆمەڵگای ناوخۆی کوردستانە.

جیاوازی نێوان ساڵەکانی سەرەتایی چالاکی کۆمەڵە و ئەمڕۆ لەوەدایە ئەوکات تەشکیلات کۆمەڵە یەک بەش بوو و کۆمەڵە بەگشتی لەناوخۆی کوردستاندا سازمان درابوو بەڵام لە ئەمڕۆدا لانیکەم بەسەر سێ بەشدا دابەشکراوە کە بریتین لە تەشکیلات عەلەنی کوردستان، کە لە باشور سازمان دەدرێت، تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات کە وڵاتانی رۆژیاوایی سازمان دراوە و، تەشکیلاتی نهێنی کە لە ناوخۆی کوردستان رێکخراوە. بەهۆی بەرینتربوونەوەی پانتایی چالاکیەکانی کۆمەڵە لە رێکخراوەیەکی شۆڕشگێڕەوە کە لەناو خەڵکەکەیدا خەباتی دەکرد هەنووکە گۆڕاوە بۆ حیزبێکی تاراوگەنشین و ناچارە کەڵک لە سیاسەتی دیپلۆماسی، حیزبداریەکی بنکەیی نیوە سەربازی و کارکردنی ڕێکخراوانەی نهێنی وەربگرێت و ئەو پێویستیەی وەکوو پێشوو دەبووا بدرێت بە رێکخستنە ناوخۆیەکانی و بزووتنەوە جەماوەریەکان، نادرێت یان ئەگەری ئەنجامدانی نیە. راستە تاراوگەنشینی و ئامادەیی راستەوخۆی کادری رەهبەری لەناو کۆمەڵگای کوردستاندا بەربەستێکی گەورە و رێگرە بۆ رێکخستنێکی بەرینی وەک ئەوکات، بەڵام پێگەی کۆمەڵە لەناو خەڵک و خۆشەویستیی ئەو حیزبە بەهۆی شێوەی بیرکردنەوەیەوە ئێستاش ئەو ماجەلەمان بۆ دەخولقێنێت لە قەوارەیەکی گەورەتردا تەنانەت ڕێبەرایەتیی بزووتنەوە جەماوەریەکان بکەین لە کوردستاندا.

هێزی ناوخۆیی کە بریتیە لە بزووتنەوە جەماوەریەکان و رێکخستنەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، هێزی پێشمەرگە و کادری رێبەریی سیاسی، هێزی دیپلۆماتیک و سێ هێزی تەواوکەری یەکترن کە دەتوانێت خەباتێکی کارامەتر لە سەرجەم شۆڕشەکانی مێژووی کوردستانی رۆژهەڵاتدا بخولقێنێت. کۆمەڵە خاوەنی ئەم سێ هێزەیە و تەنیا پێویستی بە داڕشتنی پرۆگرامێکی نوێ بۆ رێبەریی سەرلەرنوێی ئەم شۆڕشە هەیە. داخوازیەکانی ژنان، لاوان، خوێندکاران، کرێکاران، بازاریەکان، پەراوێزنشینەکان، هەژارەکان و سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگا تەنیا کاتێک لەلایەن دەسەڵاتەوە بە جیدی وەردەگیردرێت ئەم بزووتنەوانە راستەوخۆ بەرانبەر دەسەڵاتداران بوەستنەوە. کۆمەڵە دەبێت بە پرۆگراێکی زانستیەوە سەرلەنوێ ئەم بزووتنەوانە لە رێکخستنە ناوخۆییەکانی خۆیدا ئەکتیڤ و چالاک بکاتەوە. بۆنموونە لە سەرژمێری سەرجەم شارە گەورەکانی کوردستانی رۆژهەڵاتدا لەلایەن خودی کۆماری ئیسلامیەوە رێژەی پەراوێزنشینی لە سەرووی ٤٠% راگەیەندراوە و بە دڵنیاییەوە هەمووان ئاگادارین کە ڕێژەکەی لەوە زۆرترە. ئەم رێژە لە پەراوێزنشین دەتوانێت کارەساتێکی گەورە بێت بۆ کۆماری ئیسلامی ئەگەر ئێمەی ئاڵاهەڵگری خەباتی چینی کرێکار و هەژارانی کوردستان بتووانین رێبەریی ئەم رێژەی زۆری ناڕازیە لە دۆخی ژیانیان وە ئەستۆبگرین.

کۆمەڵە لە ساڵەکانی شۆڕشی 57دا بە دروشمگەلێکی وەک "دابەشکردنی سەرلەنوێی داهات و سەرمایە" کە دروشمێکی چەپ و سەردەمیانە بوو توانی بە هێزترین رێکخستنی لە بەشێکی زۆر لە شارەکانی کوردستاندا ببێت. ئێستا کاتی ئەوەیە کۆمەڵە ئاوڕێک لە مێژووی خۆی و خەباتی ئەو ساڵانەی خۆی بداتەوە و بە پرۆگرامێکی هەمەلایەنە ئەو هێزەی لەناوخۆی کوردستان هەیەتی بجووڵێنێت. کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردستان زۆرتر لە ٧٠% خەڵکەکەی لە هەژاری و کەمداهاتی و نەداریدا ئازار دەبینن و لە دۆخی هەبوو ناڕازین بەڵام بەهۆی نەبوونی رێخستنێکی بەهێز و بەڕۆژ، کە بە دڵنیاییەوە تەنیا کۆمەڵە خاوەنیەتی. بەرەو ناڕەزایەتیەکی بەرین ئاراستە ناکرێت. لەساڵانی رابردوودا لایەنگەلێک هەوڵی ئەوەیاندا لەڕێگەی چەک یان هێزێکی تایبەتەوە خەباتێکی چالاکتر بێننە ئاراوە بەڵام بەهۆی نەبوونی پشتیوانیی هێزی بزووتنەوە جەماوەریەکانەوە ئەم جووڵانەوانەوە تووشیشکست هاتن. کۆمەڵە خاوەنی هێزێکی مەزنی جەماوەریە لەناوخۆی کوردستان و پێویستی بە بەرنامەیەکی نوێ بۆ رێبەرایەتیی ئەم هێزە هەیە.


PM:09:53:06/02/2017




ئه‌م بابه‌ته 800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌