پەرەسەندنی کۆرۆنا دەر ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی حاکمیەت لە ئێران

هێرش ڕەهنەوەرد


دوابەدوای بڵاو بونەوەی تووشبوونی چەندین کەس لە وڵاتی چین بە نەخۆشینی کۆرۆنا ئەگەرچی هەندێک لە وڵاتان شێوەی ئەمنیەتی بێهداشتی خۆیان لە ڕووبەڕو بوونەوە بەم نەخۆشینە گرتە بەر، بەڵام یەکێک لەو دەوڵەتانەی کە بە تەواوەتی لەم باریەوە کەمتەرخەم بوو و هیچ ئاگادارییەکی لەم باریەوە بە شارۆمەندانی وڵاتەکەی نەدا، کۆماری ئیسلامی ئێران بوو. ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی وتی: لە ٢٩ی مانگی ڕێبەندانی ٩٨ ڕاپۆرتی تووش بوونی  خەڵکی بە دەست گەیشتووە، ئەمە لە کاتێک دایە کە ئەو کۆمپانیایانەی سەر بە سپا کە داوای ژمارەیەکی زۆری دەسکێش و دەمامکیان لە چین کردووە، لە ناوەڕاستی مانگی سەرماوز دایە. 
چاودێرانی سیاسی لەو بڕوایەدان بە ئەنقەست بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بڵاوبوونەوەی ڤیرووسی کۆرۆنایان بە مەبەستی بەشداری پێدانی خەڵک لە ڕێپێوانە دەوڵەتییەکەی ٢٢ی ڕێبەندان و بە تایبەتی تر بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ٢ی ڕەشەممە  لە خەڵک شاردووەتەوە. 
  ماڵپەڕی "ئیلنا"ی سەر بە حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە وتووێژێکدا لەگەڵ یەکێک لە پەرەستارانی نەخۆشخانەی وەلایەتی شاری "قەزوێن" کە ٥ی خاکەلێوە بڵاو کرایەوەتەوە، دەڵێت: ئێمە ئێستا ٥١ ڕۆژ دەبێت کە تێکەڵی ئەم کێشانەین و لەگەڵ ئەم جەریانەدا دەستوپەنجە نەرم دەکەین". بەڵام دوای بڵاو بوونەوەی ئەم وتووێژە ئەو پەرستارەیان هێنایەوە بەر دوربین و بە پاساوێکی دروست کراو کە دیار بوو لە ڕاستیدا بە زەبر هێنرابویە بەر دوربین و پاساو دێنێتەوە کە گوایە ئەو مەبەستی کۆرۆنا ڤایرۆس نەبووە ئەمە لە حاڵێکدایە کە لەو کاتەدا کە سەبارەت بە کۆرۆنا ڤیرووس پرسیاریان لێ کردبوو ئەو وڵامەی دابوویەوە، لە  لایەکی دیکەوە ڕۆژی ٣٠ی ڕێبەندانی ٩٨ی هەتاویی هەواڵی مردنی ٣ کەس بە هۆی نەخۆشی کۆرۆنا بڵاو کرایەوە کە تا چەندین ڕۆژ دوای هەڵبژاردنی ٢ی ڕەشەممە سەرەڕای ئینکاری بەرپرسانی ورد و دروشتی کۆماری ئیسلامی لە بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە سەرەنجام تووشبوونی لە ڕادەبەدەری خەڵک بە کۆرۆنا ڤیرووس وای کرد کە ڕاستییەکان ئاشکرا بکات و ئینکاری بەرپرسانی ڕژیم، شاردنەوەی ڕاستییەکان و شەڕی  ئاشکرای تەبلیغاتی کۆماری ئیسلامی کە تا ئێستاش بەردەوامە بۆ خەڵکی جیهان ئاشکرا بکات.
چەند خاڵی دیکەی جێی سرنج ئەوەیە لە مانگی ڕێبەندانی ٩٨ی هەتاویی هاتوچۆی نێوانی چین و ئێرانیان ڕا نەگرت سەرەڕای ئەوەی کە ئاگاداری توشبوونی خەڵکی چین و ئێرانیش بە نەخۆشینی کۆرۆنا بوون، بەڵام لە ١٥ی ڕێبەندان تا ٥ی ڕەشەممە فڕۆکەکانی کۆمپانیای "ماهان" ٥١ سەفەری لە نێوان دو وڵاتی چین و ئێران ئەنجام داوە و ٥٠٠ تەلەبە (فەقێ)ی چینی بۆ شاری "قۆم"ی ئێران"گواستووتەوە..
"عەلی ئەکبەری حەق پەرەست" بەرپرسی کومیتەی ئپیدمیولوژی لە ستادی بەرەنگاربوونەی کۆرۆنا لە ئێران دەڵێت: ڤیرووسی کۆرۆنا لە یەکەم ڕۆژەکانی مانگی ڕێبەندانی ٩٨ لە ناو شارەکانی ئێران بوونی هەبووە، بەڵام سیستمی حکومەت توانایی ناسینی نەبووە. ئەمە لە حاڵێک دایە ئەگەر ئەم ویروسە بۆ بەرپرسانی پزیشکی نەناسراو بووە، پرسیار ئەوەیە چۆن بۆ عەلی خامنەیی ناسراو بووە کە ڕێک ٢ حەوتوو پێش مردنی یەکەمین توشبوو بە نەخۆشینی کۆرۆنا، لە دوای یەکێک لە کۆبونەوەکانی نەیهێشت بە نەریتی جاران دەستی  ماچ بکرێت لە لایەن ئامادەبووانی ئەو کۆبونەوەیەوە و مەودای خۆی لەگەڵ ئامادەبووانی کۆبونەوەکە چەندین بەرابەری جاران زیاتر کرد بوو؟ و یا چۆن بوو کە سەرەڕای هاواری هەندێک لە ڕاگەیاندنەکان ئەوان بێدەنگ بوون و مەبەستان لە شاردنەوە و دان پێدانەنان بە ڕاستییەکان چی بووە؟! 
بە بەرچاوی هەمووانەوە ولاتانی جیهان و دەوڵەتە بەرپرساکانیان بۆ پێشگرتن لە توشبوون و یا دەرمانی نەخۆشەکان لە هەموو ڕێگایەک کەڵک وەر دەگرن، چاکترین نەخۆشخانەکان و باشترین کادرە پزشکییەکان هەوڵی چارەسەری نەخۆشینەکانی دا، ئەگەر وڵاتێک بۆ خۆی ئامرازی و کەرەستەی پێویستی بۆ ئەم بابەتە نەبوو لە وڵاتێکی دیکەی کڕی و یا داوای هاوکاری لە وڵاتانی دیکە کردووە، بەڵام ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەوپەڕی نابەرپرسیارییەتییەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی نەخۆشینی کۆرۆنا هیچ هەوڵێک بۆ پێشگرتن بە تووشبوونی خەڵک نەدرا و بە پێچەوانە ڕێگە بۆ تووشبوونی خەڵک خۆش کرا و ئیستاش لە ئاشکرا کردنی ڕاستییەکان خۆیان دەبویرێن. لە لایەکی دیکەوە نەزانکارانە لە کاتێکدا کە سیستمی پزیشکی ئێران توانای خزمەتگوزاری پێویستی بۆ تووشبووانی ڤیرووسەکە نییە، پێشیان بە هاتنی یارمەتی و پزیشکانی ڕێکخراوەی پزیشکانی بێ سنوور گرتووە.
  سەربارەی ئەوەش، تەنانەت ئەو کەرەستە پزشکییانە کە لە ولاتانی دیکەوە کە بۆ خەڵکی ئێران دەنێردرێت بە خەڵکی وڵاتەکەی خۆی نادات و دەیانبەخشێت بە خەڵکی وڵاتانی سوریە، لوبنان، فەلەستین و... یان خود لە لایەن دەڵاڵەکانیانەوە لە بازاری ڕەش وڵاتەکەی  بازاڕ گەرمی پێ دەکات و بە نرخی چەندین بەرابەر بە خەڵکی خۆی دەفرۆشێتەوە. ئەمە  لە حاڵێکدایە کە نەخۆشخانە و دەرمانخانەکانی بە پێی پێویست ئامرازی پزیشکی لەبەر دەست دا نییە، نەک بۆ کۆی خەڵک، بەڵکوو تەنانەت بۆ پاراستنی کادرە دەرمانییەکانی. 
جێی ئاماژەیە کە گەندەڵکاری، لێنەوەشاوەیی، نەزانکاری و بێ بەرنامەیی کۆماری ئیسلامی، نەک هەر بووەتە مایەی مەترسییەکی گەورە بۆ سەر میلیۆنان خەڵکی وڵاتەکەی خۆی، بەڵکوو بووەتە هۆی گواستنەوەی ئەم ڤیرووسە بۆ پێنج وڵاتی دیکە. واتە ئێرانی کردە هەناردەکاری ڤیرووسی کوشەندەی کۆرۆنا.
  بە پێی نوێترین ئامارەکانی خودی کۆماری ئیسلامی تا ڕۆژی هەینی ١١ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاویی ٢٧٥٧ کەس لە ئێران بە هۆی نەخۆشینی کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە وئاماری توشبووان بە نەخۆشینی کۆرۆنا گەیشوەتە زیاتر لە ٤١ هەزار کەس، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ئامارە دروست نییە و تەنانەت سازمانی جیهانی بێهداشت بە تێگەیشتن لە درۆ و شاردنەوەی سیستماتیکی ژمارەی تووشبووان و قوربانیان دەڵێت؛ ئاماری ڕاستەقینە کۆرۆنا لە ئێران ٥ هێندەی ئەو ئامارانەیە کە لە لایەن سازمانی بێهداشتی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو دەکرێتەوە. 
لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هاوکات لەگەڵ باقی شارەکانی دیکەی ئێران ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی ئەو وڵاتە توشی کۆرۆنا ڤیرووس بوون بە شێوەیەک کە لە هەموو شارەکانی کوردستان ئەم نەخۆشینە کوشەندەیە قوربانی لێ کەوتووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان تا دێت ڕێژەی قوربانیانی زیاتر دەبێت و رژیم ڕێژەی قوربانیان هەم سانسۆری میدیایی دەکات هەم بە زەبری هێزە ئەمنیەتییەکان دەیشارێتەوە. سەرچاوەی هەوالەکانی ئاسۆی ڕۆژهەڵات باس لەوە دەکەن کە لە بۆکان ۹کەس گیانیان لە دەست داوەو ۹۲کەس گیرۆدەن، لە مەریوان ۱٦۰کەس لەماڵان قەرەنتینە کراوون و ۸کەس لە بیمارستانن. لەسەقز زیاتر لە ٤٠ کەس گیانیان لە دەست داوەو ١٢٢کەس گیرۆدەی کورۆنا بوون. لە بانە ۷۱کەس گیرۆدە بوون و زیاتر لە ۲۰کەس مردوون. لە کامێران ۲۷کەس گیرۆدەن و ۲کەس مردوون. لە قوروە ۲٥کەس گیرۆدەن و ۷کەس مردوون. لە بیجاڕ ۲۷کەس گیرۆدەن و ۳کەس مردوون. لە دیواندەرە ۱٥کەس ڤیرووسی کورۆنایان هەیە و ۱کەسیش مردووە.
جوانڕۆ ۷کەس، هەرسین ۳کەس مردوون، شارەکانی قەسر، داڵاهۆ، روانسەر تا ئێستا کەس ئاشکرا نەبووە کە گرتبێتی. کەنگاوەر ۷ کەس و سونقور کولیایی دۆخی خراپەو تا ئێستا لە ئۆستانی کرماشان ۲۱۰کەس کورۆنایان گرتووە، ۲۷ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.
جیا لە هەموو خەڵکی ئێران بە پلەی یەکەم قوربانی سیاسەتی نەزانکاری و دوژمنکاری کۆماری ئیسلامی بوو، زیندانیانی ئێرانش لە دۆخێکی مەترسیدار دان.  نەبوونی خزمەتگوزاری پزیشکی و پێڕاگەیشتن بە دۆخی سڵامەتی و ژیانیان، زیندانیانی تووشی دڵەڕاوکێیەکی زۆر کردووە. بە پێی ئامارەکان چەند کەس لە زیندانیان تووشی ڤیرووسی کۆرۆنا بوون و ١٢ کەسیش گیانیان لە دەست داوە. جێی ئاماژەیە کە بە پێی ئاماری سازمانی زیندانەکانی ئێران زیاتر لە ٢٤٠ هەزار کەس لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی دەست بە سەرن. دیارە گومانی جیددی لە دروستی ئەم ئامارەدا هەیە و ئەمەش تەنیا ژمارەی زیندانیانی زیندانە ڕەسمییەکانی ئێرانن، لە کاتێک دا کۆمەڵێک ڕاپۆرت هەن کە باس لە بوونی دەیان زیندانی نهێنی ڕژیم دەکات لە ئێراندا. 
کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە بە دانانی بارمتە ئیزنی داوە کە ٩٦هەزار زیندانی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراون، بەڵام ژمارەیەکی زۆری دیکە و بە تایبەتی زیندانیانی سیاسی ئەم بڕیارە نەیانی گرتووەتەوە.  ئەمە بووەتە هۆی ناڕەزایەتی زیندانییەکان و بە پێی ئامارەکان لە چەند شاری وەک، تەورەێز، ئیلام، عەلی گودەرز، هەمەدان، تاران، سەقز و مهاباد زیندانییەکان هەوڵیان داوە لە زیندان ڕا بکەن و جگە لە شاری مهاباد کە باس لە کوژرانی ٣ کەس دەکرێت، بەشێکی زۆری زیندانی ئەو زیندانانە توانیویانە لە زیندان ڕا بکەن. 
یەکێکی دیکە لە ڕەهەندەکانی ئەم نەخۆشییە لە ئێران ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پێشگیری کردن بووە لە شوێنە ئایینییەکان و پێشنیاری خوێندنی دۆعا بۆ چاک بوونەوە و ڕیکلام کردنی بوو لە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە ڕادەیەک کە دەرکەی هەندێک لە ئیمام زادەکان شکێنرا و خەڵکی خواروو کەوتنە لستنەوەی زەریحی ئیمام زادەکان و کارناسای پزیشکی ئەمەش بە یەکێک لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی ئەم ڤیرووسە لە ئێران  و بە تایبەتی کەرەنتین نەکردنی شاری ئایینی قوم کە گۆڕی حەزرەتی مەعسوومەی لێیە، بە هۆکاری سەرەکی پەرەسەندنی ڤیرووسی کۆرۆنا بوو. 
خاڵێکی دیکەی جێی سرنج دەربارەی بڵاوبوونەوەی ڤیرووسی کۆرۆنا لە ئێران دۆخی خەڵکی ئەو وڵاتەیە پاش قەدەغە بوونی هات و چۆ. پاش ئەوەی خامنەیی ئەرکی سەرپەرشتی بەرەنگاربوونەوەی سپارد بە سەرۆک کۆماری، ڕووحانی خۆی لێ دزییەوە و دواجار سپا ئەم ئەرکەی وەئەستۆ گرت. بە پێی  بڕیاری سپا خەڵک دەبێت لە ماڵ بمێننەوە، بەڵام لە ماڵ نەچوونە دەرەوە، ژیان و گوزەرانی زیاتر لە ٣٦ میلیۆن کەس لە خەڵکی ئێران کە بە پێی ئامارەکان لە ژێر هێڵی هەژاریدان و یان کرێکارن و ڕۆژانە کار دەکەن، دەکەوێتە مەترسی جیددیەوە. 
لە وڵاتانی جیهان، دەوڵەت لە دۆخی ئێستادا هەستاون بە دابین کردنی کەل و پەلی پێویستی ڕۆژانە بۆ خەڵکەکەی خۆیان، بەڵام لە ئێران کۆماری ئیسلامی خەڵکی ناردووەتەوە ماڵەوە، بەڵام هیچ بەرپرسیارییەتییەکی بۆ بەڕێ کردنی ژیانی میلیۆنان خەڵک کە لە ماڵەکانیان دەمێننەوە و دۆخی ئابوورییان خراپە، نەگرتووەتە ئەستۆ. 
چاودێرانی سیاسی و پزیشکی لەو بڕوایەدان کۆماری ئیسلامی بە ئاکارە نەشیاوەکانیان، ڕێگەی بۆ بوون بە کارەساتێکی مرۆیی لە ئێران خۆش کردووە. 


PM:10:47:31/03/2020




ئه‌م بابه‌ته 58 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌