ئەو لەرزینەوەی زەوی کوردەی، بوومەلەرزەی بیری کوردی لێکەوتەوە!

لە ساڵیادی بوومەلەرزەکەی کرماشان

لەرزینەوەی زەوی کورد، بوومەلەرزەی بیری کوردی لێکەوتەوە

هێرش ڕەهنەوەرد

لە شەوێکی ساردی پاییزیدا و ڕێک لە یەکشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی کاتژمێر ٩:٤٨ ، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی  ٧.٣ ئوستانی کرماشان و ناوچەجیاجیاکانی ئەو ئوستانەی هەژاند.

ئەم بوومەلەرزەیە شارەکانی "سەرپێڵ زەهاو_قەسر شیرین و سەلاس باوەجانی و ناوچە و ئاواییەکانی دەورووبەری هەژاند و زەرەر و زیانی زۆری گیانی و ماڵی بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچە کوردستانیانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات لێکەوتەوە.

گۆڕی ئەم بوومەلەرزەیە بە ئاستێک بوو لە زۆر شارەکانی کوردستانی باشوور لە کەلار و کفری و سلێمانی و ناوچەکانی دەورووبەریشی هەست پێکراو و لەم بەشەی کوردستانیش زیانی زۆری ماڵی لێکەوتەوە.

 بە پێی ئامارە رەسمییەکانی خودی کۆماری ئیسلامی ٦٣٨ کەس کوژراو و ٩،٣٨٨ کەس بریندار و وێرانی هەزاران خانوو و بینای خەڵکی ئەو ناوچانە یان وێران بوون یان زیانی جیددیان بەرکەوت. ئەوە جیا لەو هەزاران سەر ئاژەڵانە بوو کە سەرمایەی خاوەنەکانیان بوون فەوتان.

بوومەلەرزەی کرماشان لە کاتێکدا ڕووی دا کە وەرزی سەرما و سۆڵی بوو. نەبوونی خزمەت گوزاری و کاریگەریەکانی دوای ئەو بوومەلەرزەیە وای کردبوو کە ڕۆژانە هەواڵی خۆکوژی خەڵکی بوومەلەرزە لێدراوو یا ئاور گرتنی چادرەکانی خەڵکی بوومەلەرزە لێدراو و کۆمەڵێک بەڵای دیکەی بە دواوە بێت و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ جۆرە خزمەت گوزاریەکی لەم بارەیەوە بە خەڵک نەدەدا.

بە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەو بوومەلەرزە ماڵوێرانکەرە هەستێکی هاوسۆزی خەڵکی ئێران و بە تایبەتی ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی ئێرانی لێ کەوتەوە.

ڕوودانی ئەو کارەساتە لە وەرزی سەرما ئەوندەی دیکە ئازاری ئەو کارەساتەی تاڵتر و قورستر کردەوە. خزمەتگوزارییەکانی دەسەڵات و دەوڵەت بۆ ئەو ناوچانە زۆر کەم و بێ بەها بوو. کۆمەڵگای مەدەنی ئێران و بەشە ڕێکخراو و بە ئەزموونەکەی کە لە کوردستان بوو، بۆ پشتیوانی لە لێقەوماوانی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان کەوتنە گەڕە.

خامنەیی و ڕووحانی بە شێوەیەکی تەشریفاتی سەردانێکی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانیان کرد. زۆرتر بۆ چاوترسێن کردنی خەڵکی ئەو ناوچەیە بوو. ئامادەیی خامنەیی و ڕووحانی لە کۆبوونەوەی بەرنامەبۆدارێژراوەکان بۆ چاوسوور کردنەوە لە خەڵکی کارەساتباری ناوچەکە بوو، بۆ ئەوەی ئەو پەیامەیان پێ بدەن کە مەبادا بەرامبەر بە دۆخی نالەباری ژیانیان ناڕەزایەتییەک دەرببڕن.

گەیاندنی یارمەتییە دەوڵەتییەکان لە ڕێگەی ئۆرگانە سەرکوتگەرەکان بە ئاستێکی ئەوندە نزم بوو، کە بە بەراورد لەگەڵ یارمەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ گرووپ و وڵاتە دەستەمۆکانی غەزە و لوبنان بە هیچ ئەژمار دەکرا.

ئەم پشت گوێ خستنەی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشان لە لایەن دەسەڵات و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، ناڕەزایەتی خەڵکی باقی ناوچە کوردستانییەکان و بە تایبەتی ناوچە باکوورییەکانی لێ کەوتەوە. وەک ڕاسپاردەیەکی ئەخلاقی و نەتەوەیی هەموو کەس، بە ژن و پیاو و پیر و گەنج و منداڵ و ئیختیارەوە  سەیر کرا. هەڵمەت و شەپۆلێکی بەرفراوانی هاوسۆزی و هاوچارەنووسی لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە بۆ خوشک و براکانیان لە ناوچە باشوورییەکانی کوردستانی ئێران وەڕێ کەوت.

هەزاران ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بە ڕێخستنی کاراوان، دامەزراندن و ئیدارەدانی سەدان ئەنبار و مەخزەن، کۆکردنەوەی میلیۆنان یارمەتی تاک تاکی کۆمەڵگای کوردستان ڕەوانەی خوشک و برا لێقەوماوەکان کران. بە دەیان و سەدان چالاکی مەدەنی، کولتوری و نەتەوەیی، پزیشک و دکتۆر، دەروونناس، بەنا و خۆبەخش و یارمەتی دەر ڕوویان کردە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان. دیمەنی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی ئەو کارەساتە و بەهاناچوونی بوومەلەرزە لێدراوەکان لە شار و گوند و ناوچە کوردستانییەکان شکۆی نەتەوەیەکی وریا و بەرپرسیاری دەدەخست.

ئەو دیمەنانە، چەندە بۆ خەڵکی بەهەست و بەرپرسیاری خەڵکی کورد و باقی ناوچەکانی دیکەی ئێران و هەر مرۆڤێکی، مرۆڤ دۆست دڵخۆشکەر و شادی بەخش بوو، دە ئەوندە بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ترسناک و تۆقێنەر بوو. ئەم ڕژیمە نابەرپرسیارە لە هەموو شێوازێکی بۆ پێشگرتن لەو شەپۆلە کەڵکی وەر دەگرت. حیسابی بانکی پیاو و ژن ماقووڵانی دادەخست و یان سنوورداری دەکردنەوە کە بە سەرقاڵی کۆکردنەوەی یارمەتی بوون بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە، چالاکانی یارمەتی دەری دەستگیر و بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی دەکردن، هەڕەشەی دەکرد و چاوی لێ سوور دەکردنەوە.... بەڵام شەپۆلی ورەی مرۆڤ دۆستی و هەستی نەتەوایەتی تاکی کوردی ڕۆژهەڵات زۆر لەوە بەهێزتر بوو بەم کارانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بوەستێت.

ڕێ و ڕەسمی گەڕانەوەی تەرمی کاک "ئەبووبەکر مەعروفی" ئەو شۆفیرەی بە ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەکەی وەک پێشمەرگەیەکی خاک و نیشتمانی کوردستان لە خزمەت گەلەکەی دابوو، ڕاستی ئەم ئیدیعایە دەردەخات. بە میلیۆن خەڵکی کورد لە شار و گوند و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان تەرمی کاک ئەبووبەکریان لە کرماشانەوە بەرەو بۆکان بەڕێ کرد.

شانۆی هاوپشتی و هاوسۆزی خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لە لێقەوماو و بوومەلەرزە لێدراوی کرماشان و ناوچەکانی دەورووبەری، شانۆی پرۆسەی "نەتەوە سازی" کورد بوو لە ئێران کە سەرەڕای جیاکاری و فەرق خستنی دوژمنکارانەی ڕژیمە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران هەولیان بۆ دەدات. کارەساتی بوومەلەرزەکەی کرماشان ئەگەرچی تاڵ و غەمگین بوو، بەڵام جارێکی تر هەستی کوردانەی خوشک و برایانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ئێرانی لێک هەڵپێکاوە.

گەورەترین دەسکەوتی ئەو هاوپشتی و هاوخەمییە سەرەڕای کارەساتباربوونی ئەو بوومەلەرزەیە، وەگەڕ کەوتنی پرۆسەی "نەتەوەسازی" کورد بوو لە ئێران.

ئەمڕۆکە پاش دوو ساڵ لە ڕوودانی ئەو کارەساتە زیاتر لە هەمیشە ناکارامەیی و ڕەوشتی دوژمنکارانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دژ بە خەڵکی کوردستان و ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان زەق و ئاشکرا دەبێتەوە. پاش دوو ساڵ لە تێپەڕینی ئەو کارەساتە هێشتا خەڵکی ئەو ناوچانە لە ژێر چادر و کانێکسدا دەژین. منداڵان لە قوتابخانە کانێکسییەکان دەرس دەخوێنن. لە سەرما و گەرما و بە بوونی دووپشک و مار و هەموو جڕ و جانەوەرێک خەڵکانێک لەو ناوچەیە لە دۆخێکی نالەبار دا دەژین. سەرەڕای هەموو بەڵێنی زریقە و بریقەداری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، ژیان و گوزەران لەو ناوچانە ئەستەمە. خەڵک ناچار زێد و نیشتمانی خۆیان بەرەو ناوچەکانی دیکە جێ بێڵن کە تەنانەت توانای ڕێکخستنەوەی ژیانێکی ئاساییشان نییە.

دەسەڵاتی هەر وڵاتێکی ئەرکی سەرەکی و یەکەمی بریتییە لە دابین کردنی ئەمنییەت و ئاسایش بۆ دانیشتوانی وڵاتەکەی، پرسێکی کە لە لای بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کەمترین نرخ و بەهای نییە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە پلان و بە بەرنامە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران تاڵان و تاراج دەکات و تەخشان و پەخشانی پێوە دەکات و دەیکات بە یارمەتی بۆ گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە خۆی لە ناوچەکە و لە هەموو جیهان و دەیکات بە دەستمایەی شەڕ و ئاژاوەنانەوە لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕژیمێکی نابەرپرسیارە لە هەموو شتێک و لە سەروو هەموویانەوە ژیان و گوزەرانی خەڵکی وڵاتەکەی خۆی.

لە ساڵیادی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە جارێکی دیکە ئەم ڕاستییە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە خۆی دەردەخات کە ڕیگەی بەختەوەری و ئاسوودەیی و ئاسایش و خوشگوزەرانی خەڵکی ئێران، بە تێپەڕینی لەم ڕژیمەوە دەستەبەر دەبێت.


PM:03:24:08/11/2019




ئه‌م بابه‌ته 64 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌