گه‌یشتووینه‌ته‌ كوێ؟

خسرەو ئەڵماسی


- تا ئیستا هیچ ده‌رمانێك یان ڤاكسه‌نێكی پشتڕاستكراوه‌ - به‌ شێوازی زانستی - بۆ كۆرۆنا بوونی نییه‌، به‌ڵام تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌ دوو ده‌رمانی كلۆرۆكوین و هایدرۆكسیكلۆرۆكوین، كه‌ پێشتر بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشی ماڵاریا سوودیان لێوه‌رگیراوه‌، له‌ هه‌ر دوو وڵاتی فه‌ڕه‌نسا و چاینا، كاریگه‌ری و كارتێكه‌ری ئه‌رێنی له‌ سه‌ر تووشبووان به‌ كوڤید-١٩ هه‌بووه‌. هه‌ڵبه‌ت له‌ سه‌ر ژماره‌یه‌كی كه‌می نه‌خۆش تاقیكراوه‌ته‌وه‌. 
- دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی فه‌ڕه‌نسا له‌ لایه‌ن گۆڤارێكی زانستییه‌وه‌، به‌ فه‌رمانی دۆناڵد تڕامپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا، و رازیبوونی فه‌رمانداری نیۆیۆڕك، بۆ یه‌كه‌مجار، به‌ شێوه‌ی تاقیكاری كلینیكی، له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ نیۆیۆڕك ده‌ست ده‌كرێت به‌ به‌كارهێنانی هه‌مان تێكه‌ڵه‌. سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌بێژێت هه‌ستێكی باش و ئه‌رێنی بۆ ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ هه‌یه‌.
- هه‌موو رۆژێك تیمی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، كه‌ له‌ لایه‌ن مایك پێنسی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكاوه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و چه‌ندین زانا و كارناس و به‌رپرسی باڵای ته‌ندروستی و ئه‌منی له‌ خۆ ده‌گرێت، كۆنفڕانسی رۆژنامه‌وانی ده‌گرن. هه‌ڵبه‌ت له‌ كۆنفرانسه‌كاندا، دۆناڵد تڕامپ خۆی هه‌موو كات ئاماده‌ ده‌بێت و دوای ئه‌وه‌ی هه‌ر كام له‌ ئه‌ندامانی تیمه‌كه‌ راپۆڕتێكی كورت له‌ سه‌ر پێشڤه‌چوونه‌كان، به‌ باش و به‌ خراپه‌وه‌، ده‌ده‌ن، ده‌رفه‌ت به‌ رۆژنامه‌نووسان ده‌درێت پرسیاره‌كانیان ئاراسته‌ی سه‌رۆك یان ئه‌ندامانی تیمه‌كه‌ بكه‌ن. ئه‌وه‌ی من تێبینیم كردووه‌ تیمه‌كه‌ رۆژ به‌ رۆژ هیوای زیاتریان تێدا به‌دی ده‌كرێت و هه‌وڵ ده‌ده‌ن وزه‌ و وره‌ به‌ خه‌ڵك بده‌ن. هه‌ڵبه‌ت راستییه‌كانیش به‌ خه‌ڵك راده‌گه‌یه‌نن.
- جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ كه‌رتی ته‌ندروستی ئه‌مریكا ئاماده‌یی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانێكی له‌و شێوه‌یه‌ نه‌بوو و سه‌ره‌تا شپرزه‌یی پێوه‌ دیار بوو، به‌ڵام دوای وه‌گه‌ڕخستنی كۆمه‌لێك رێكار و سوودوه‌رگرتن له‌ هه‌موو تواناییه‌كانی حكومه‌ت و راگه‌یاندنی دۆخی نائاسایی نیشتمانی، هه‌موو تواناییه‌كانیان، به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریشه‌وه‌، خستۆته‌ گه‌ڕ بۆ هێوركردنه‌وه‌ی خێرایی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی تووشبووان تا ئه‌و كاته‌ی ڤاكسه‌نێك یان خود ده‌رمانێك بۆ په‌تاكه‌ ده‌دۆزرێته‌وه‌.
- له‌ كاتێكدا، خه‌می له‌پێشینه‌ی حكومه‌تی ئه‌مریكا پاراستنی گیانی هاووڵاتیانه‌ و رێنماییه‌كان داوا له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن له‌ ماڵه‌وه‌ بمێننه‌وه‌ و دووركه‌وتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ره‌چاو بكه‌ن، نیگه‌رانی داڕمانی ئابووری وڵاتیشن و له‌و پاكیجی یارمه‌تییه‌ داراییانه‌ی ئاماده‌ كراون، هه‌م یارمه‌تی خه‌ڵكی كه‌مداهات ده‌درێت و هه‌میش یارمه‌تی دارایی بۆ كۆمپانیا بازرگانییه‌ بچووك و گه‌وره‌كان ته‌رخان كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ كۆتاییهاتنی شه‌ڕی دژ به‌ په‌تاكه‌، دۆخی ئابووری وڵات بگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌مان دۆخی پێش بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌. سه‌دان میلیار دۆلار بۆ یارمه‌تی دارایی خه‌ڵك و كۆمپانیاكان ته‌رخان كراوه‌.
- چه‌ندین میلیار دۆلار ته‌رخان كراوه‌ بۆ كاری توێژینه‌وه‌ و دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسه‌ن و ده‌رمان بۆ په‌تاكه‌ و چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی توێژینه‌وه‌ و زانكۆ و كۆمپانیای ده‌رمانی ئه‌مریكی خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه‌ن كه‌ هه‌ر كامه‌یان له‌ قۆناغێكی جیاوازدایه‌. یه‌كه‌م ڤاكسه‌ن له‌ سه‌ر مرۆڤه‌كان له‌ ویلایه‌تی واشنگتۆن له‌ ژێر تاقیكاریدایه‌ و چاوه‌ڕوانی ده‌ره‌نجامه‌كان ده‌كرێت. یه‌كه‌م ده‌رمانیش رۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ نیۆیۆڕك تاقی ده‌كرێته‌وه‌. له‌ دۆخێكی ئاساییدا، دۆزینه‌وه‌ و تاقیكردنه‌وه‌ و خستنه‌ بازاڕی ڤاكسه‌ن یان ده‌رمانێك چه‌ند سالێك ده‌خایه‌نێت، به‌ڵام له‌ دۆخی ئێستادا به‌ هۆی باری له‌ناكاو و یارمه‌تی ته‌كنه‌لۆجیا، هه‌وڵ ده‌درێت ئه‌و ماوه‌یه‌ بۆ چه‌ند مانگێك كورت بكرێته‌وه‌. 
- جگه‌ له‌ چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی ئه‌مریكی، هه‌ندێك دامه‌زراوه‌ی توێژینه‌وه‌ی وڵاتانی دیكه‌ش خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه‌ و هه‌وڵدانن بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسه‌ن و ده‌رمان بۆ په‌تاكه‌. ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ تا ئێستا به‌ راده‌یه‌ك پێشڤه‌چوونیان وه‌ده‌ست هێناوه‌، فه‌ڕه‌نسا، چاینا، كه‌نه‌دا و ئه‌ڵمانیا و ژاپۆنن و هه‌ر كامه‌یان له‌ قۆناغێكی جیاواز دان. 
- زانیارییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ژماره‌ی تووشبووان له‌ ئه‌مریكا به‌ گشتی و له‌ ویلایه‌ته‌كان و شار و گه‌ڕه‌كه‌كان به‌ تایبه‌تی، بۆ رای گشتی، به‌رده‌سته‌ و رۆژانه‌ تازه‌ ده‌كرێته‌وه‌. بۆ نموونه‌، له‌ واشنگتۆن دیسی تا ئه‌م كاته‌ ١٢٢٩ كه‌س تێست كراون و ١١٦ كه‌س تووشبوو هه‌یه‌ و دوو كه‌سیش گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌. له‌ ویلایه‌تی ڤیرجینیا، ٣٣٣٧ كه‌س تێستی كردووه‌، ٢١٩ تووشبوو هه‌یه‌ و سێ كه‌س گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌. له‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی ئێمه‌ تا ئێستا ٥ تووشبوو تۆمار كراوه‌. 
- له‌ ئێستادا، دۆخی نیویۆڕك و كالیفۆڕنیا و ویلایه‌تی واشنگتۆن خراپن و هه‌وڵ ده‌درێت زۆرترین یارمه‌تی بۆ ئه‌و ویلایه‌تانه‌ وه‌كوو كه‌لوپه‌لی پزیشكی و خۆپاراستن و كیتی تێست و ده‌زگای هه‌ناسه‌ی ده‌ستكرد و ماسك و هتد دابین بكرێت. ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ به‌ به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌ ویلایه‌تی و خۆجێییه‌كان له‌ سه‌ر هێڵه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ سه‌رچاوه‌ دارایی و كه‌لوپه‌لییه‌كانی فیدڕاڵ یارمه‌تی ویلایه‌ته‌كان بدرێت و  پێداویستته‌كانیان بۆ دابین بكرێت. دوو كه‌شتی پزیشكیی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری، به‌ ناوه‌كانی مێرسی و كامفۆڕت، به‌ ته‌واوی پێداویستییه‌كان و توانایی دوو هه‌زار ته‌ختی بۆ هه‌ر دوو ویلایه‌تی نیویۆڕك و كالیفۆڕنیا ده‌گوازرێنه‌وه‌. 
- زانایانی ئه‌مریكا توانیویانه‌ كیتێكی تێستی نوێ دروست بكه‌ن كه‌ هه‌م كه‌سه‌كان ده‌توانن خۆیان له‌ ماڵه‌وه‌ بۆ تێستكردنی خۆیان به‌كاری بهێنن و هه‌میش خێرایی وه‌رگرتنی ده‌ره‌نجامه‌كان زێده‌ بكات. پێده‌چێت له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو ئه‌و كیته‌ تازه‌یه‌ بكه‌وێته‌ به‌رده‌ست. هه‌نووكه‌، له‌ چوارچێوه‌ی پاكیجی یارمه‌تییه‌كانی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ، تێستكردن و چاره‌سه‌روه‌رگرتن له‌ خه‌سته‌خانه‌كان به‌ بێ به‌رامبه‌ر ده‌كرێت و هه‌روه‌ها تووشبووان بۆ ماوه‌ی مۆڵه‌تی كه‌ره‌نتینكران، مووچه‌كه‌یان له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵه‌وه‌ دابین ده‌كرێت. 
- زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ هه‌ندێك سێكته‌ری وه‌كوو رێستۆڕانت و باڕ و هێڵه‌ ئاسمانییه‌كان و هۆتێل و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان و كۆمپانیا بچووكه‌كان كاریان ده‌كرد، خه‌ریكن كاره‌كه‌یان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن، به‌ڵام بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ش پاكێجێكی یارمه‌تی دارایی ئاماده‌ كراوه‌ و به‌ چه‌ك و به‌ پێی ژماره‌ی ئه‌ندامانی خێزان به‌ پۆست بۆیان بۆ ماڵه‌وه‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێت.
- رێنماییه‌كان داوا له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن له‌ ماڵه‌وه‌ بمێننه‌وه‌، ره‌چاوی دووركه‌وتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌ن، خه‌ڵك له‌ دووكان و بازاڕ ١.٥ بۆ ٢ مه‌تر دووری نێوانیان بپارێزن،  زوو زوو بۆ ماوه‌ی بیست چركه‌ ده‌ست بشۆن، پاكوخاوێنی ره‌چاو بكه‌ن و تووشبووان ماسك به‌ كار بهێنن. 
- تا ئێستا زۆربه‌ی كار و چالاكی و كۆبوونه‌وه‌ی رووبه‌ڕوو تا كۆتایی مانگی سێ و هه‌ندێكی دیكه‌ش تا كۆتایی مانگی چوار راگیڕاون، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌ و كار و چالاكییه‌ بازرگانییه‌كان له‌ رێگه‌ی ئینته‌رنێت و كۆنفڕانسی ته‌له‌فونی و ئیمه‌یڵه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ و رۆژانه‌ له‌ لایه‌ن ژووره‌ بازرگانییه‌كان له‌ دوایین گۆڕانكارییه‌كان ئاگادار ده‌كرێینه‌وه‌ و نوێنه‌ركان هه‌موو كات له‌ سه‌ر هێڵن بۆ یارمه‌تیدانمان بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌.  
به‌ هیوای سه‌رساخی بۆ هه‌مووان و تێپه‌ڕاندنی ئه‌م ره‌وشه‌ به‌ زووترین كات. 
#له‌ماڵه‌وه‌ده‌مێنینه‌وه‌بۆئه‌وه‌یژیانیخه‌ڵكبپارێزین
#stayhometoSAVElives


PM:11:01:31/03/2020




ئه‌م بابه‌ته 69 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌