خەڵکی کوردستان و زۆرترین قوربانیانی نژادپەرستی

خەڵکی کوردستان و زۆرترین قوربانیانی نژادپەرستی

کەیوان فەرامەرزی


لە ئێراندا سیستمی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی، جگە لە سەرکوت و تاڵان کردن و ئەو توندوتیژییانەی کە دەیکات بەرامبەر بە خەڵکەکەی و لە هەناوی کۆمەڵگادا جێگیر بووە کە لە هەمان کاتیشدا سەرەکیترین هۆکارە بۆ توشبوونی نەخۆشی فەرهەنگی کۆمەڵگا، گەورەترین بەربەستە بۆ کەم کردەنەوەی دیاردەی ڕاسیستی، و نابەرابەری چونکە لە بەرژەوەندیی مانەوەی دەسەڵاتدایە «. ڕۆڵە هەوا تاریکە زوو وەرەوە ناو ماڵ دەنا کوردە دێت سەرت دەبڕێ ها!» ئەوە رستەیەکە کە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، ڕۆژانە دایک و باوکان لە شیراز و ئیسفەهان بە منداڵەکانیان دەوت تەنانەت ئێستاکەش هەر ماوە!، یا بۆچی ئەنجامت نەداوە هەر دەڵێی کوردەکەیئەگەر فڵان و بێهمانیشی بکەین خۆ هەر لە پردەکە تێپەڕ نابێ، ئەوش قسەیەکە لە بەرامبەر لەج بوونی کەسێک کە فارسەکان بەکاری دەهێنن، هەروەها بە هەزاران جۆک بۆ سوکایەتی بەرامبەر بە نەتەوەی لوڕ و تورک و هتد...

هەر لە مانگی ڕابردوودا کە تێپەڕمان کرد چەندین تاوانی نامرۆڤانە دژی کورد ئەنجام دران، چالاکوانی مەدەنی ‹زارا محەمەدی› بەتاوانی وتنەوەی زمانی کوردی بە مناڵان، حوکمی ناڕەوای دە ساڵ بەندیخانەی بە سەردا دەسەپێنن، لە لایەکی دیکەوە دوو لاوی خوێندکاری بێتاوانی مەهابادی بە ناوەکانی «سابیر شێخ عەبدوڵڵا» و «دیاکۆ ڕەسوڵزادە» بە تاوانی موحارەبە لە سێدارە دەدرێن. هەم ماف خوراوە هەم مافی ناڕەزایەتیش نییە! بینیمان جگە لە کورد کەسی دیکە خەمخۆری نەکرد!

لە دژی کوشتی جۆرج فلوریدی ٤٦ ساڵە، لە ٢٥ی مانگی مەی ٢٠٢٠دا کە لە شاری مینیاپولیسی ئەیالەتی مینەسوتای ئەمریکا لە لایەن پولیسەوە کوژرا ناڕەزایەتی بەرین لە لایەن زۆربەی خەڵکەوە بەتایبەت ڕەشپێستەکانەوە لە دژی توندوتیژی پولیس و نیژادپەرەستی بیندرا.

ناڕەزایەتییەکان وڵاتانی دیکەشی گرتەوە. لەو ناوەدا کوردەکانیش پشتیوانی خۆیان لە ناڕازیاننیشاندا، بەتایبەت لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا!.

بەدڵنیایەوە هیچ مرۆڤێکی کورد پشتیوانی لە توندو تیژی و کوشتنی هیچ مرۆڤێک لە لایەن پۆلیسی ئەمریکا یا دەستگا ئەمنییەتییەکانی وڵاتانی دیکە ناکات.بەڵام جێگای خۆیەتی دوور نەڕۆین و لە پەنا خۆمان ڕاسیزم ببینین، لە سەر سنوورە دەستکردەکانی کوردستانەوە لە قوتابخانەکانی کوردستانەوە لەو کێژوڵانەی کە بە زۆر لە ژێر چادری ڕەشن و شەو و ڕۆژ لەجیاتی لەبەرکردنی شێعری شاعیرانی نیشتمان، خەریکی بەزۆر لەبەر کردنی شێعری حافز و سەعدین. ڕۆژ نییە هەواڵی ئەو کۆڵبەرانەی وا لە پێناو نانێک شەڵاڵی خوێن دەکرێن نەبیسترێ. ئەوانە و هەزاران نابەرابەری بەرامبەر بە هاووڵاتیانی کوردستان هاوار دەکەن تا ماڵ بیهەوێ بۆ مزگەوتی ئەمریکا حەرامە.

لە بواری تێئۆری و زانستییەوە وشەی نیژادی باشتر، بێ ناوەڕۆکە یانی نیژادی جیاواز لە بەشەردا بوونی نییە واتە مرۆڤ لە سەر زەوی یەک نیژادە یەک ژێنی هاوبەشی هەیە وە نیژادی باشتر کە لە ناو ئێران دا باوە بۆچونێکی هەڵە و نادروستە. یەک نیژاد هەیە ئەویش نیژادی ئینسانییە. لەبواری کردەوەدا بە پێی مێژووی ئێران، نیژادپەرستی دەوڵەتی و پەرەستاندنی نابرابەری و سوکایەتی بەرامبەر بە یەکتر لە کۆمەڵگادا دەگەڕێتەوە بۆ زەمانی پاشایەتی فەتحعەلی شای قاجار کە گۆیا لاوانی ناردوە بۆ وڵاتانی ئوروپایی بۆ خوێندن و خولی ڕاهێنان. هەر لە زەمانی قاجاردا ناسرەدین شاە جیا لە ناردنی ئێرانی بۆ فەڕەنگ خۆیشی خەڵکی بیانی هێناوەتە ناو ئێران بۆ وانە وتنەوە. هەر لەو کاتەوە ئێرانیەکان بە تێکەڵاو بوون لە گەڵ فەرهەنگی دەرەوە وە بینینی نیژادپەرەستی لە ئوروپاییەکان ئەوانیش پاش گەڕانەو و کار کردن و بەدەست گرتنی پۆست هەمان فەرهەنگی نیژادپەرستی و سوکایەتییان لە ئێران پەرە پێداوە. ئەو ڕەوتە بەرداوام بوە تا گەیشتۆتە پەهلەوی کە دروشمی فارس و ئاریا بۆتە کلیلی نەتەوەسازی بۆ فارسەکان، هەوڵدان بۆ نەتەوەسازی و جەخت لە سەر ئاریایی بوون ڕەزای شای کردۆتە دۆستی هیتلێری ڕەگەزپەرست و ڕاسیست تا ئەو جێگایەی کە هیتلێر نامەی پیرۆزبایی سەری ساڵ لە لایەن ڕەزاشاوە بۆ قەومی فارس دەنێرێ، هەر ئەو رەگەزپەرستییەی رەزا شا وای کرد تا لە شەری جیهانی ئێران دوستی هیتلێر بێ و ئێران زیاترین ڕێژەی قوربانیانی شەڕ بدات. دواتر محەممەد رەزا شا لە باوکی خرابتر کرد ناسناوی ئاریای بە خۆی زیاد کرد. حزبی بە ڕواڵەت مۆدێڕنی پان ئێرانیستی هێنا ئاراوە کە گۆیا قەومی فارس باشترینن و فەردۆسی ئولگوی و ڕچەی زمانی ئێرانە وە بوو بە سیاسەتی پەهلەوەی. هەر لەم سەردەمەدا قازی محەمەد و سەدان کەس یاسێدارە و یا بێ سەروشوێن کران. ئەگەر شای ئێران باسی لە ماد کردوە و وتویە ماد کورد بوون! بۆ بەرژەوەندیی یەکپارچەبوون و باڵادەست بوونی فارس بوە و هێچی دیکە.

لە دوای هاتنە سەرکاری خومەینی هەموو بینیمان چۆن هەڵسوکەوت کە گەڵ نەتەوەی کورد کراوە. کورد هێندە سەرکوت کراوە دەتوانین بە ئاشکرا بڵێن خەڵکی کوردستان زۆرترین قوربانیانی نیژادپەرەستین.

حکومەتەکانی ئێران بە درێژایی دەسەڵاتدارییان تەنانەت قاشولکە شکاوی نەتەوەی باڵادەستیان کردۆتە ڕەمزی شارستانییەتی ناوەندنشین، لە حاڵێکدا ئاسەوارە مێژوییەکانی کورد خاپوور کراون، هێندەیان کێوی مەڕمەڕ و هێندێک جار ئاڵتوون لە کوردستان هەڵکۆڵی تا بونە ویشکە چاڵاو، هەموومان بینیمان دروست کردنی باشتیرین بینا حکومییەکان لە باشترین ناوەندی شارەکانی کوردستان لە پێناودامەزرانی بنکەی چەپۆکە و سەرکوت ئەنجام دران، دەستڕێژی بە کۆمەڵ لە سەرکیژانی زیندانی و خوێندکاری زانکۆکان لە لایەن حەراسەت و دەستگاە ئەمنییەکان لە هێچمان شاراوە نییە. سەرجەم نەوەی تازە پێگەشتوو بە خویندەوار و نەخوێندەوار شەو و ڕۆژ لە سەر شەقامەکان سەرگەردانە و لە مافی کار بێ بەشە. لە کوردستان لە ڕادیو، تلویزیۆن و گۆڤارە کوردییەکان دەنگ و وشە و ماناکان لە وەتا هەین لە ترسان خۆ حەشار دەدەن. بیستنی هەواڵی سێدارەیان وەک فەرهەنگ داسەپاندوە. لە هەمووی گرنگتر بندەستی و ڕێگەگری لە سەرەتایترین داخوازییەکان.هەموو ئەوانە و ستەمی چینایەتی کە ڕۆژانە دەیبینین گرێدراوی ستەمی نەتوایەتین لە سەر کورد کە لە زەمانی ناسرەدین شاوە سەری هەڵداوە.

ئەوانە و بە هەزاران نابەرابەری و کردەوەی راسیستی لە سەر کورد لە ئێران بوونی هەیە و نەکۆڵی لێ ناکرێ کە بەزۆری بە سەر کورد›دا، داسەپاون. گەڵۆ پرسیار ئەوەیە ئەی بۆ ئامریکایی و ئوروپایی ناتوانن داکۆکیمان لێ بکەن ئەی بۆ ئێمە دەبێ سینگی خۆمان دابدڕین بۆ ڕاسیسم لە ئەمریکا؟ گەلۆ چما ئێمە دەرەجە دوو لە دایک بوین؟

مەبەست لە هێنانە گۆڕێی ئەو بابەتە و ئاماژە بەو نمونانە ئەویە کە، ڕاستە ڕاسیسم و نابەرابەری لە زۆربەی وڵاتاندا هەیە، هەروەها ڕاستە ئەگەر لە هەر شوێنێکی ئەو دنیایە راسیسم و نابەرابەری بن بڕ بکردرێ یا کەم ببێتەوە وە دان بە مافی کەمینەکان دابندرێ، کاریگەری باشی لە سەر وڵاتانی دیکەش دەبێ بەتایبەت ئێران، بەڵام بە پێی هەموو بەراوەردەکان لە بەر ئەوەی کورد ستەمی نەتەوایەتی لەسەرە و بێدەسەڵاتە وە ساڵەهایە راسیسمی دەوڵەتی و نایەکسانی بەسەری داسەپاوە. تەنها ڕێگاچارەی کەم کردنەوە و پێشگیری لە خوڵقانی هەموو ئەو تاوانانە، پشت بەستن و پشتیوانی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵکی کورستانی ڕۆژهەڵاتە تا گەیشتن بە مافی چارەی خۆنوسین و سەربەستی.


PM:03:12:02/08/2020




ئه‌م بابه‌ته 71 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌