ئایا «پەنابەران» یەکەمین قوربانیانی ڤیرووسی کۆرۆنان؟

ئاوارە بوون و ڕاکردنی خەڵکی ئێران بە هۆی ئەو هەموو گوشارانەی کۆماری ئیسلامییە کە بەدرێژایی تەمەنی خۆی بە زۆر بە سەر خەڵکی داسەپاندوە، پێویست ناکات ئاماژە بکردرێت بە ناوی یەکە بە یەکەی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، چونکە هەر دوێنێ بوو بە یەکشەوە بڕیاری حوکمی سێدارەی دوو دیلی کوردی داو و هەر دەستبەجێ بەڕێوەی برد. هەر ئێستاکە لە هەمبەر ڤیرووسی کۆرۆنادا کەم کاری کۆماری سێدارە بەرامبەر بە خەڵک ڕوون و ئاشکرایە، ئەگەر بۆ بەرەنگاریی لە ڤیرووسی کۆرۆنا خەڵک خۆبەخشانە و بە شێوەی مەدەنییەت لە پێناو پێشگیری لە پەرەستاندنی ڤیرووسی کۆرۆنا و هەروەها یارمەتیدانی هاوڵاتیانی کەم داهات و هەژار، دەستیان نەدابایە شۆڕشێکی هاوکاری، کارەساتێکی مرۆڤایەتی زۆر گەورەتر لە کوردستان ڕووی دەدا. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ دژایەتی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتیانەش تەنانەت گوشار دەخەنە سەر ئەندامانی شۆڕا سەربەخۆکان، یا هەڕەشەیان لێ دەکەن یا بە بەهانەی پارێزگاری لە ئاسایشی نەتەوەیی ڕەوانەی بەندیخانەکانیان دەکەن.

لە پاڵ کۆماری سێدارە کە هۆکاری سەرەکی ئاوارەبوونی میلیۆنان مرۆڤە، دەیان هۆکارگەلیش بەیەکەوە بوونەتە چەڵەمە لە هەمبەر مافە ڕەواکانی پەنابەران و خۆڵقانی ئەم دۆخەی ئەمڕۆکە کە لە مێدیاکاندا دەیبینین.

لە هەمبەر ئەو دۆخەی ئێستای پەناخواز کە بەشێکیشی هاوڵاتیانی کوردن، هیچم لە دەست نایە! ئەوە وتەی میلیۆنان نیشتەجێبوی وڵاتانی ئوروپا، ئەمریکا و سەرجەم وڵاتانی خاوەن ئاسایشی دنیایە.

بە گشتی هەڵسوکەوتی وڵاتانی زلهێزی خوڵقێنەری ئەم دیاردەیە بە ڕوانینی ئەوە کە پەنابەران پاشماوەی کەرەسە و هێزی بەرهەمهێنانن، ڕۆژانە لەگرێبەستەکانی وڵاتاندا لە سەر پەنابەر دەبێندری! پرۆتۆکۆڵی یەکێتی ئوروپا و تورکیە لە ساڵی ٢٠١٦.

چاوپۆشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتۆکان لە دروستکردنی پەرژین بۆ ڕێگری لە کۆچبەران! لە وڵاتانی جوراوجۆر لە وانە هەنگاریا (لەهێستان)، تورکیە و یونان.

کێبڕکێی ڕیبەرانی وڵاتانی ئوروپایی بۆ گرێبەستی نوێی ژێر بە ژێر لە گەڵ ئێران و چاوپۆشی لە هەموو بەها مرۆییەکان لە پێناو بەرژەوەندیی ئابووری! گڕێبەستە نوێیەکانی ئاڵمان و فەرانسە و وڵاتانی دیکە ئوروپا.

بەشێک لەڕاستڕەوە سیاسییەکانی ئوروپایی بێشەرمانە بڵاوبونەوەی ڤیرووسی کۆرۆنایان گرێداوە بە پەنابەران سەرۆک وەزیرانی مەجارستان ویکتۆر ئوربان دەڵێ: بەینی کۆچبەران و ڤیرووسی کۆرۆنا پەیوەندی دیاریکراو هەیە! یا سیاسەتمەداری ئیتالیایی ماتئۆ ساڵوینی دەڵێ: بڵاو بوونەوەی ڤیرووسی کۆرۆنا پەیوەندی هەیە بە بەلەمی پەناخوازانی ئافریقایی لە سیسیل!

بە پێی یاسای نێودەوڵەتی ئەوەی ئێستاکە دەیبینین پێشێلکاری نێودەوڵەتی مافی پەناخوازانە، لە بەندی ١٤ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافی مرۆڤ، کە پەیمانێکی نێونەتەوەییە و دوای شەڕی دووهەمی جیهانی لە ١٠ی دیسامبری ساڵی ١٩٤٨ی زایینی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە (https://ckb.wikipedia.org/wiki/%25D9%2586%25DB%2595%25D8%25AA%25DB%2595%25D9%2588%25DB%2595_%25DB%258C%25DB%2595%25DA%25A9%25DA%25AF%25D8%25B1%25D8%25AA%25D9%2588%25D9%2588%25DB%2595%25DA%25A9%25D8%25A7%25D9%2586)سەبارەت بە مافە بنەڕەتییەکانی ھەر مرۆڤێک پەسەند کرا، هاتووە کە ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە لە وەڵاتی دیکە ھەم داوای پەنابەری بکات و ھەم پەنای بدرێ بۆ ڕزگاربوون لە دەست ستەمکاری.

میدیاکان، شارەزایان و زۆربەی ڕۆشنبیران لە سەر ئەم کەیسە دواون. وڵاتانی وەرگری پەناخوازیش ئاگاداری دۆخی پەنابەرانن، پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەو وڵاتانە بە هاوبەش بە ئەنجام ناگەن تا چارەسەری بۆ کەیسی پەنابەر بدۆزنەوە؟

هەروەک ئاماژەی پێ کرا، ڕاستە کێشە هاوبەشەکانی پەنابەران له زۆر وڵات دەگەڕێتەوە سەر، دەسەڵاتدارنی دیکتاتور، شەڕ، نەداری و برسێتی، له ناوچوونی هەزاران مرۆڤی

بێ تاوان کە زیاتر ژن و مندالی بێ داکۆکن وە بە دیان کێشەی سیاسی، ئابوری کۆمەڵایەتی دیکە بەڵام مەخابن بەشێکی زۆری هۆی ئەم کێشانە وڵاتە زلهێزەکانی بەڕێوەبەری دنیان.

ئەمڕۆکە دۆخی پانابەرانی کورد لە وڵاتی تورکییە زیاتر کەش و هەوای بەندیخانەکانی ئەوینی تاران و دەریای ورمێی هەیە، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ‹یو.ئێن› لە تورکیە بە تەواوی چوتە ژێر دەستی میتی حکومەت. بە پێی ڕاپۆڕتی independent قەیرانی وڵاتانی دنیا بە هۆی کڕۆنا نیگەرانییەکانی لە هەمبەر دۆخی پەنابەران زیاتر کردوە، هەر لە وڵاتی تورکیە بەشێوەیەکی چاوەڕوانکراو لە هەوەڵی مانگی فوریەی ٢٠٢٠ بیمەی دەرمانی ٣٩ هەزار پەناخواز کە زۆرینە ئێرانی بوون ڕاگیرا، هەروەها ڕۆژانە پەنابەر ڕەوانەی دەستی جەلادانی کۆماری ئیسلامی دەکرێنەوە، لێدان و ڕاونانی پەنابەران لە یونان تاوانێکی مەزنی دیکەیە لە یەکێک لە وڵاتانی ئوروپایی وا بنکەی دێمۆکڕاسی و مافی مرۆڤە. وێنە و دیمەنە تۆمارکراوەکانی چەند هەفتە لەمەوبەر بڵگەن بۆ ئەو کارەساتە. هەرچەند کورد لە ساڵانی ڕابردودا لە پێناو ئاسایشی ناوچەکە و دونیا بە هۆی بەرەنگار بوونەوە لە گەڵ دڕەندەترین و وەدواکەوتوترین بزووتنەوەی ترۆڕیستی ‹داعش› کە هەرەشە بوو بۆ دنیا، لە جیبهەی یەکەم بوە و بە هەزاران قوربانی داوە، بەداخەوە لە جیاتی کردنەوەی باوەشی ئاواڵەی وڵاتان بۆ پەناخوازانی کورد بە پێچەوانە کوردەکان لە تورکییە و یونان مەترسیدارترین کارەسات چاوەڕوانیان دەکات،ئێستاکە لەم دوو وڵاتە کورد بوون و ناو هێنانی کورد یانی

بێ بەش بوون لە مافە نێودوڵەتییەکانی پەنابەری.

ئێستاکە لە زۆربەی وڵاتان دۆخی کەمپی پەنابەران مەترسیدارتر لە هەموو کاتێکە، بە ساڵیان چاوەڕوانی، توشبوون بە نەخۆشی دەرونی، خۆکوشتن و زۆر جار ڕادەست کردنەوەیان بۆ شوێنی لە دایک بون، ئەوانە هەموو تاوانن دژی مافی پەنابەران کە هەروەها ئیپێدێمی ڤایرۆسی کڕۆناش دوخەکەی کردۆتە دۆزەخی ناو کتێبەکان.

لە ڕاپۆڕتێکی نوێدا ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پەنابەران لە ‹یو.ئێن› دەڵێ ئەمڕۆکە ٧٠ میلیون مرۆڤی بێ تاوان ئاوارە بوون کە ٢٥ میلیون لە وانە پەناخوازن هەر بە پێی ڕێکخراوی save the chideren ١٢ میلیون کەس لەو پەناخوازانە منداڵن و جێگای نیگەرانییە.

پشتیوانی وڵاتانی پارێزەری مافی مرۆڤ لە دیکتاتۆڕەکان ئەوە دەیسەلمێنێ کە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن حکومەتانی داسەپاو بە سەر خەڵکدا چاوپوشی

لێدەکردرێت وە تەنانەت ئەوانەی بە ڕاکردن هەل بۆ ڕزگاربوونی خۆیان دەدۆزنەوە و ڕیگای پەنابەری دەکەنە ئاسۆی ڕزگاربونیان، دەبیتە قوربانیی بەرژەوەندیی ئابوریی وڵاتانی بەڕوالەت لانکی دێموکڕاسی.

بەڵێ ڕاستە بۆ کەم کردنەوەی پەناخوازانی ئێرانی بەتایبەت کورد، هەروەها بناغەی سەرەتایی بۆ بن بڕ کردنی ئەم دیارەدەیە لە پەنا هەموو بەها ستانداردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەیە کە خەباتکاران و ناڕازییانی دژ بە حکومەت تا ئەو جێگایە دەرفەت مەودا دەدات خۆ بپارێزن لە هەڵبژاردنی ڕێگای کۆچ بەری و پەنابەری، وە پەیوەست بن بە بزوتنەوە جەماوەرییەکان و ئوپۆزیسونە کوردستانییەکان تا لە ناو بردنی سێبەری ڕەشی ستمکارانی زۆردار.

بۆ پشتیوانی لە مافی کۆچبەران، جگە لە هەوڵدان بۆ ڕاونانی دەسەڵاتدارانی حکومەتی سێدارەی ئێران، لە قاودانی هاوکاریی و هاوپەیمانیی وڵاتانی دەرەکی لە گەڵ حکومەتی دیکتاتۆڕی ئێران لە لایەن خەڵکی ناو خۆ و دەرەوە دەتوانێ کاریگەر بێت. هەر وەک سەرۆکی شوڕای پەنابەرانی نوڕوێژ NRC ‹ئیگڵێند› دەڵێ: ئەگەر ئێستا وەخۆ نەکەوین کارەساتی گەورە بۆ پەنابەران دێتە پێش ئەگەر کڕۆنا بکاتە ئەو شوێنانە کە شەڕ و ماڵوێرانی لێبوە پەنابەران هەوەڵین کەسانێکن کە دەبنە قوربانی.

سەرەڕای هەموو ئەو گردەلولانە وا ئەمڕۆکە پەناخوازی پێچاوەتەوە بێدەنگی یانی خۆبەدەستەوەدان. زۆربەی ئەوانە وا ئێستاکە نیشتەجێی وڵاتانی هەندەرانن ڕۆژێک یا خۆیان یا بنەماڵەیان پەناخواز بوون، بۆ لە قاودانی دەنگی کپی پەناخوازانی بێ پەنای ئەمڕۆکە، وتەی»من هیچم پێ ناکرێ» شان سوک کردنە لە ئەرکی ئینسانی، دەنا هەر کەسێک لە ئاستی خۆی دەتوانێ دەنگێک بێت بۆ بە هانا چوونی دۆخی پەناخوازانی لێقەوماو. لە دنیای ئەمڕۆکە دا کێ هەیە نەتوانێ نامەیەک بۆ بەرپرسانی حکومی لە نیزیک خۆی بنووسێ؟ لەوانە سەرۆکی شارەوانی یا شوڕای شارەکەی. کێ دەتوانێ بڵێ کە ناردنی زانیاری بۆ ڕۆژنامە و مێدیاکانی دیکەی شارەکەی خۆی حاستەمە؟ با لە کاناڵی خۆیەوە هەوڵ بدرێت بۆ داوا کردنی دابەشکردنی دادپەروەری کەلوپەلی پاکوخاوێنی، داهات، بیمە و شوێنی حاوانەوەی پەنابەران لە تورکیە و یونان تا دوور کردنەوەی گیرۆدەبوون بە ڤایرۆسی کڕۆنا.

ڕاستە گۆڕینی کایەی دەسەڵاتی زلهێزانی دنیا لە دەست ئێمەماناندا نییە بەڵام ڕێگای هەوڵ و خەبات بە شێوازی جۆراوجۆر هەر هەیە. دەکرێ هەوڵی ئەوە بدرێت کە حکومەتانی دوور و نیزیک بە ئێران، وەڵامدەرەوە بن بەرامبەر بە مافخوران و پێشێلکارییەکانی کە دەرهەق بە پەناخوازانی ئێرانی بەتایبەت کورد دەکردرێت. ڕێکخستنی ئاکسیۆنگەلی سەراسەری تەنها ئەرکی ڕێکخراوە سەربەخۆکان نییە، بەڵکو ئەرکی هەر تاکێکە کە لە ژێر چەتری ئەو پرۆتۆکۆڵە نێودەوڵەتییەوە ئێستاکە لە ئاسایش دایە، تێوەگلاندنی پاڕڵمانتارانی یەکێتی ئوروپا و سیاسەتوانانی حکومەتانی ئوروپایی و وڵاتانی دیکە دەتوانێ ئەم تاوانە کەمڕەنگتر بکاتەوە، بێدەنگی تاکی کورد و ئێرانی لە هەمبەر ئەم تاوانە ڕێگە خۆشکەرییە بۆ کپ کردنی هاواری پەناخوازان لە تورکییە و یونان وە ئەو وڵاتانە کە پێشێلکاری مافی پەنابەران دەکەن. باشتر وایە هەموومان هەوڵ بدەین بۆ بزووتنەیەکی سەراسەری داکۆکی لە پەنابەران، تا ڕێکخراوە نێوەدەڵەتییەکان هان بدرێن بە هاوئاهەنگی ببنە پشتیوانی مافی پەنابەران.

کەیوان فەرامەرزی و میلاد عەزیزی



AM:08:40:12/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌