ئایا نەتەوەی کورد خاوەنی پەیوەندیی فەرمی دیپڵۆماتیکە؟

کەیوان فەرامەرزی


ناوەڕۆکی دیپڵۆماسی ڕاوێژە لە نێوان دوو یا چەند لایەن لە سەر بابەتگەلێک کە دەیانهەوێت بە ئەنجامی بگەیەنن بۆ نموونە گفتوگۆ  لە سەر ئاشتی نێوان دوو وڵات یا دانوستاندن لە سەر کڕین و دروست کردنی مێتڕۆی کرماشان لە تەک کۆمپانیایەکی ژاپۆنی.

ڕاوێژی دیپڵۆماتیک بە بەشداریی دوو یا چەند لایەنێک کە بە یەکەوە گڕێ نەدراون و جیاوازییان هەیە ئەنجام دەدرێت، هەروەها هەردوو لایەن یا خوازیاری چارەسەری گرفتی خۆیانن یا بۆ مەبەستی بەرژەوەندی خۆیانە، ئەگەر بەرژەوەند و گرفت نەبێ دیپڵۆماسیش پێویست نییە کەواتە دیپڵۆماسی بۆ لە ناوبردنی جیاوازییەکان و بەرژەوەندییە.

هاتوچۆی نوێنەرانی ئەیالەتەکان لە دەورانی باستانەوە هەبوە تەنانەت ناردنی نوێنەران نێوان یونان و ئیمپڕاتوری ئێران لە پەرتوکە مێژووییەکاندا هەیە، ئەسکەندەری گەورە یەکێک لەو پادشایانە بوە کە لە دیپڵۆماتەکانی کەڵکی وەرگرتوە. دوای روخانی ئیپڕاتوری ڕۆمی رۆژئاوا پاشاکانی ژێرمەن لە ئاڵوگۆری نۆێنەران کەڵکیان وەرگرتوە.

لە سەدەی دوازدەدا دیپڵۆماسی بە شێوەی فەرمی لە ئوروپا خۆی دەرخستوە لە ساڵی ١٤٥٥ فرانچسکۆ  سفۆرزا لە میلان بۆ یەکم جار یەک نوێنەری بۆ کاری دیپڵۆماتیک لە کۆماری چێنوا لە ڕۆژهەڵاتی ئیتالیا دامەزراندوە. شێوازی کاری دیپڵۆماتێک لە سەدەی هەژدە پەرەی گرتوە تا گەیشتۆتە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان.

لەم سەردەمدا دیپڵۆماسی زیاتر بە پەیوەندیی نوێنەری دیاریکراوی وڵات یا نەتەوەیەک لە تەک  وڵاتێکی دیکە دەوترێ. نوێنەر دەکڕێت بە فەرمی لە لایەن بەشی فەرهەنگی، ئابوری، نیزامی، زانستی یا سیاسی لە گەڵ نوێنەری هەمان بەش یا بەشەکانی دیکەی وڵاتانی دەرەوە تا بە ئەنجام  گەیاندنی بابەت دانیشتن و گفتوگۆ بکات.  بە گشتی دیپڵۆمات بەو کەسە دەڵێن کە نوێنەری حکومەتە و گەورەترینیان سەفیرە. لە وڵاتانی پێشکەوتو هەر کەس ناتوانێ دیپڵۆماتکار بێ گرنگترین مەرج شارەزاییە لەم بوارەدا دیپڵۆماتکار دەبێ خوێندنی باڵای لەم بوارەدا هەبێ و جیا لەمانە ئەزمونی باشی بەدەست هێنابێ

کورد لە بەر نەبوونی حکومەت ناتوانی چالاکی فەرمی دیپڵۆماتیک بکات، هەروەها کۆنوانسیۆنی شاری وێن لە ئوتریش کە ساڵی ١٩٦١ کە لە لایەن ٦٠ وڵاتەوە لە سەر پەیوەندیی دیپڵۆماتیکی نێونەتەوەیی واژۆ کرا بە ٥٢ بڕگەوە کورد لە خۆ ناگرێ.

ئایا بە بێ پەیوەندی نێونەتەویی کورد دەتوانێ ببێتە خاوەن کیانی خۆی؟ ئایا کورد بەو هەموو خەباتەوە بەو هەموو لۆبییەوە دۆستی دەسەڵاتداری هەیە؟ بەداخەوە بەهانا نەهاتن و بێدەنگ بوونی دنیا لە هەمبەر ئەنجامی ڕیفڕاندۆمی باشوری کوردستان وڵامی شیاوی ئەم پرسیارانەیە.

گومان لەوەدا نییە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت کۆمەڵەی شۆڕشگێر هەموو هەوڵی خۆیان داوە لە پێناو گەیاندنی دەنگی کپ کراوی نەتەوەی کورد روو بە دەرەوە تەنانەت کۆمەڵە ئەندامی چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتییە، گۆمان لەوەشدا نییە کەسایەتییەکانی شارەزا و سەربەخۆی کورد باشترین هەوڵی خۆیان داوە، بەڵام مەخابن تا ئێستاکە هێج کام لە هەوڵەکان بۆ  کورد نەبوونەتە بەری دارێ.  

لە چەند دەیەی ڕابردوودا هەلومەرجی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوخێکی خۆڵقاند کە کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیتوانی کاری پەیوەندیی نێونەتەوەیی وەک بەشێک لە خەباتی خۆی گەشە پێ بدات، دەکرا ئێستاکە کورد خاوەن دوستی دەسەڵاتدار بوایە، هەروەها  بە هۆی کاریگەریی کورد لە سەر ئاڵوگۆرەکان و ڕۆڵی لە بەرچاوی لە پێناو پیادەکردنی دێموکڕاسی، نەک هەر  خاوەن بریاردەرانی دەوڵەتان بەڵکو دەسەڵادارانی زلهێزی بەڕێوەبەری دنیاش دەبوایە لە دەرگای کورد›یان دابا.

راستە کورد لە هەموو ئەو پرۆتۆکۆڵە نیونەتەوەییانە بێ بەشە، هیچ کەسیش ناڵێ ببین بە ئیسڕائیل و لە ٢٠٥ وڵات بنکەی ئیسڕائیل ناسینمان هەبێ، لە پەناشی جیا لە سەفارەت و نوێنەرایەتی بەشی یارەمەتی ئابوریمان هەبێ، بەڵام هەق وایە لانی کەم  بە نافەرمیش نوێنەرایەتی ڕۆژهەڵاتی کورستان  لە یەکێتی ئوروپا، ئامریکا و روس  دابمەزرێن.

هەر کۆمەڵێک هەر تاکێک و بونەوەرێک بەدوای بەرژەوەندی خۆیەتی ئەگەر کورد زەلیلیش بێ کەس دڵی بۆی ناسوتێنێ، بۆیە دەبێ دۆستی هەبێ ئەگەریش نەبوو دەبی ڕوو لە یەک بکات و بەسەر هەموو چەڵەمەکاندا باز بدات وە دروشمی سەربەخۆیی بکاتە زنجیری دەوری  قەڵای ئاواتی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ سبەبێنێی کوردستان پڕە لە ئەزموون، ئاوڕدانەوە لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان کۆمەڵێک وانە دەخاتە بەردەست  بۆیە هیچ دوور نییە لە بەرامبەر داگیرکەری فارس›دا دروشمی سەربەخۆیی چی دیکە وەدوا نەخات، داگیرکەرێک کە بە حکومەت و خەڵکەکەیەوە  وا لە ئێران و تورانەوە شانازی دەکەن بە  دەستێوەردانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی  لە ناوچەکەدا وە وەک ئیمپڕاتوری پارسیان دەیبینن! بۆیە بەو حاڵەشەوە ئێستاش درەنگ نییە دامەزراندنی بنکەی لۆبی یا نوێنەرایەتی نافەرمی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە قسەی هەموو کورد بکات.

با نەیشارینەوە لە بواری زانستی کاری دیپڵۆماتێکدا کورد کەم و کۆڕی نییە بەڵام نوێنەرانی کورد لە وڵاتانی جۆراوجۆر حزب و ڕێکخراو پردی نێوانیانە واتە هەڵسوڕان لە پیناو داخوازییەکانی کورد لە ڕیگای حزبەوە ئەنجام دراوە،  باشتر وایە ببێ بە یەک نوێنەرایەتی تا وەک  پردێک نێوان  خەڵک و لایەنی بیانیی بەرامبەر پەیوەندی هەبێ، ئەویش دەکرێ   وتەبێژی دیاریکراوی کورد بێت لە لایەن ناوەند یا دەفتەری نوێنەرایەتی نەتەوەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات.

یەکەم قورسایی کورد زیاتر دەبیندرێ  

دووهەم پرشوبڵاویی هەوڵەکان لە یەک شوێن لە ژێر بانێک دەبێتە ئەنجامێک بۆ داهاتوی خواستەکانی کورد



PM:12:52:02/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 38 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌